کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشبەڵەکی فرمێسکه‌کان

18:51 - 4 خەرمانان 2717

لەمێژ بوو دەستی دابوە چەک. بڕیاری دابوو کە لەگەڵ گەلەکەی بژی‌ چونکی باش لە دەرد و مەرگی گەلەکەی حاڵی بوو. ئەو لە گوندێک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان لەدایک ببوو کە کۆمەڵێک کوڕی ڕۆژی تەنگانەی لێ کەوتبۆوە و وێڕای ئەوان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا شانی وەبەر دابوو. بە پێی ئەو پلە تەشکیلاتییەی کە لە نێو حیزبدا پێی درابوو وەک کادرێکی بەتوانا لە نێو خەڵکدا کاری دەکرد. ئه‌و، لاوێکی بەتوانا و بەبڕیار، ده‌م بەپێکەنین، هه‌ڵسووڕ و چالاک، دڵگەورە، خه‌ڵکدۆست و ڕاستگۆ بوو. عەوڵای حاجی عەوڵا ناسراو بە عەوڵا سوور هەموو ئاواتی گه‌یشتن به‌ ئازادی و ڕزگاریی گه‌له‌کەی بوو. عەوڵا سوور دەزگیراندار بوو. ئەو لەگەڵ کچێکی ڕووسوور بە خۆشەویستی ‌و ئەوینی پێشمەرگانەوە پەیمانی ژیانی هاوبەشیان بە یەکتر دابوو. ئەوینی دەسگیران و ئەوینداریی نیشتمان وەها کاریان کردبووە سەر ناخ و دەروونی عەوڵا کە ماندوویی نەناسێ و شەو و ڕۆژی بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی لە یەکتر گرێ بدا. ئەو لە بەفرانباری 1364 بووکەکەی گوێستەوە. لەو ڕۆژەدا بووک بە نهێنی لە مڵی باوکی لە مەهاباد ڕا گەیشتە قەرەگۆل. ماڵی زاوا ڕوون نەبوو کوێیە، چونکی زاوا پێشمەرگە و هەر دەمەوە و لە شوێنی بوو. بەڵام بۆ ئەوانەی دڵیان پڕە لە گڕی ئەوین هەر بستەخاکێکی بن میچی ئاسمان کە بە سەربەستی تێیدا بژی، نیشتمانێکە پڕ بەختەوەری. عەوڵا سوور وێڕای چەند هاوسەنگەری لەشوێنێکی ئاستەم خۆیان مەڵاس دابوو بەڵکوو زوو ئێوارێ بێ ‌و بە نێو خێڵی جاسووس و موڵگەکانی دوژمندا خۆیان بگەیەننە ئاوایی. عەوڵا چاوی لە خۆر بڕیبوو و دەیدواند. دەیگوت چییە چاوت بەرایی دیتنی زاوایەتیم نادا، باشە بەو ساردە زستانە لەو سەرە چیدەکەی و بۆ ناچیتەوە کەلاوەکەی خۆت. دە بڕۆ با منیش بچم تاوێ لای نازدار حەیرانەکەم وەحەسێم... زەردایی ڕۆژ بەرەبەرە بارگە و بنەی تێکەوە پێچا و شەوی قەڵای مەردان جێگای پێ لێژ کرد. عەوڵاسوور ڕەخت‌ و تفەنگ لەقەد لەهەموو ڕۆژەکانی دیکە بە قەڵافەتتر و رێکوپێکتر لە پێشەوە ملی رێگەی بەرەو قەرەگۆل دەبڕی. بیر و خەیاڵ هەموو شتێکی لەبیر بردبۆوە و هەموو خەیاڵی لای بنەماڵەکەی و خاتوونەکەی دڵی بوو کە ئەمشەو هاتبوو پەیمانی هەمیشەیی لەگەڵ ببەستێ. هاتبوو هەتا لە گرمەی شەڕ و خەباتە خوێناوییەکەدا مەسیحا نەفەس هەناسەیەک بە بەری ژیانی عەوڵادا بکاتەوە و بڵێ وەک ئەو ئامادەیە بۆ ژیان بمرێ نەوەکوو بۆ مردن بژی... نیزیک بەرەبەیان خۆیان بە ئاواییدا کرد. سەگوەڕ و دەنگی کەڵەشێر بێدەنگیی ئاواییان دەشکاند. هاوڕێکانی عەوڵا لە چەند شوێنێک جێگیر بوون و ئەویش ڕووی کردە ماڵی خۆیان، دەیزانی کە هەموو چاوەڕوانی چوونەوەی ئەون. لەگەڵ سەگوەڕەکە باوکی عەوڵا هاتبووە کۆڵان هەتا بە دەنگی کوڕە پێشمەرگەکەیەوە بچێ و یەکەم کەس بێ قەڵافەتی میرانەی لە ئامێز دەگرێ... خۆشی گەڕابووە هەناوی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی و لێو بەبزە دەهاتن و دەچوون و بە دەوری عەوڵادا دەهاتن. عەوڵا چاوی پڕ حەز و هیوای جارجارە دەبڕییە بووکەکەی و بە شەرمەوە چەند قسەیەکیان لەگەڵ یەکتر دەکرد. کەس نەیزانی کات بۆ هیندە تیژ تێپەڕی و بەیان بۆ هیندە زوو ئەنگوت. خه‌ڵكی ئاوایی که‌وتبوونه‌ جموجۆڵ. ماڵی باوکی عەوڵا که ‌له ‌ده‌وری دێ بوون بۆ ڕەواندنەوەی گومان هه‌رکه‌س به‌لایه‌کدا بڵاوه‌ی کرد، عه‌وڵاسوور له‌بەر ئەوەی ئاشکرا نەبێ خۆی خزاندبووە حەشارگەیەکی دوو میتری کە لە که‌لێنێکی چووکه‌‌وە لێی وه‌ژوور ده‌که‌وت و به‌ فانووسیکی نه‌فتینە ڕووناک دەبۆوە. ئه‌م‌ شوێنە ئاسوودە نەبوو، بەڵام زۆر جار ئه‌وی له ‌مه‌ترسی ڕزگار کردبوو. زاوا لە فیکری تێپه‌ڕینی رۆژ وه‌ک ڕۆژانی دی بوو، به‌ڵام بووک خه‌م‌ و خه‌فه‌تێکی قورستر دایگرتبوو، خەمی ئەوە نا کە هێشتا لەگەڵ دڵدارەکەی تێرقسە نەبووە و لێی هەڵبڕاوە، خەفەتێکی بە ژانتر. خورپەیەک کەوتبووە دڵی کە نەکا چاوی دوژمن پێی زانیبن. نەکا نەیاری بەدکار پیلانی بەدەستەوە بن و بیانەوێ گراوەکەی لێ بستێنن. دڵی ئەو لە خۆڕا غایلەی نەکربوو، چونکی هێشتا سیوادی بەیانیی نەدابوو کە فڕکەفڕکی ماشینی جاش و پاسداران هەموو ئاوایی قەرەگۆلی نوقمی تەپوتۆز و بێدەنگییەکی سامناک کرد. هێزەکانی دوژمن هەتا بەر دەرگای ماڵی عەوڵا گیر نەبوون و یەکجێ لە دەورووبەری ئەوێ دامەزران. دایک و خوشکی عەوڵا هەرچی گوتیان کە کەسمان لە ماڵ نییە و کوڕمان نەهاتۆتەوە کەس نەیبیست. سەرەتا کادێن‌ و ته‌ویلەی ماڵێیان ئاگردا. عه‌وڵا کە هەموو شتێکی دەدی و دەیزانی کە ڕۆژ ڕۆژی چارەنووسە. عەوڵا وادە و بەڵێنەکانی بیر دەهاتنەوە کە بە هاوسەنگەرانی دابوون، بە شەهیدانی دابوون و لەگەڵیان ژیابوو. دەیزانی کە چاوی مێژوو بەسەریەوەتی. دەیزانی ئەو چرکەساتانە دەبنە ئەفسانە و منداڵانی داهاتووی کوردی پێ گۆش دەکرێن، دەیزانی کە کاتی خوڵقاندنی حەماسەیەکی دی هاتووە. عەوڵا چاوەڕوانی ئەو نەما کە بگەنە سەری، بۆ خۆی لە حەشارگە دەرپەڕی و ئاگری لەسەر پشتی جاش و پاسداران کردەوە. ئەو پەیتا پەیتا سەنگەری دەگواستەوە و لەگەڵ هەر شوێنەگۆڕکێیەک ڕێژنەی فیشەکی بەسەر دوژمندا دەباراند و لە خوێن و تۆزی وەردەدان. دوژمن ئەوەی هەیبوو لە کاری کرد، شوێنی عەوڵایان گەمارۆ دا و داوایان لێکرد خۆی بەدەستەوە بدا، بەڵام نەعرەتەی مەردانەیان لێ بیست کە یان مەردانە مردن یان ئازاد ژیان.... هێزی دوژمن دایکی عەوڵا دێنێتە گۆڕەپانی شەڕەکە و ئەو دەکەنە تکاکار بۆوەی خۆی بەدەستەوە بدا، خافڵ لەوەی عەوڵای قارەمان بە شیری ئەو دایکە و لاواندنەوەی ئەم شێرەژنە گۆش کراوە. دایک و کوڕ لە ئامێزی یەکدا، دایک بۆ کوڕی بە مراد نەگەیشتووی دەگری و ئاگری لە هەناو بەربووە و کوڕ گەردەن ئازایی ئەوە لە دایکی دەکا کە نەیتوانیوە وەک شایانی خۆیەتی خزمەتی بکا. عەوڵا شێعرەکەی «گۆران» دەچرپێنێتە گوێی دایکی: «پێی بڵێن بە بووکی تازەی یەکشەوەم گەر هاتە سەر نەعشم نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا وەزیفەم بوو سەرم بەخشم لە پێناوی وڵاتێکدا ئەوی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا» هێزی دوژمن چەندی کرد و هێنای و بردی نەیتوانی عەوڵا بە چۆکدا بێنێ، ئەوەی بڕستی لە عەوڵا بڕی هێزی زۆری دوژمن نەبوو بەڵکوو بڕانی فیشەک و تەقەمەنی بوو. عەوڵا کە لە کازیوەی بەیانەوە تا نیوەڕۆ شەڕی کردبوو، دەیزانی هەر فیشەکێک بۆ ئەو چەندەی بایەخ هەیە. ئەوەی پێی بوو بە پێخۆر بە دوژمنەوەی نابوو و تاقە فیشەکێکی ڕاگرتبوو کە ئەگەر نەگەیشتە شەو، نەیەڵێ بە زیندوویی بکەوێتە بەر دەستی ناحەزانی گەل. دەنگی دوافیشەکی عەوڵا کە لە خۆی دا، بێدەنگییەکی سامناکی بەسەر ئاوایی و شەڕگەدا ساز کرد، بەو حاڵەش هێزەکانی دوژمن ورەی چوونە پێشی بۆ لای سەنگەری عەوڵایان نەبوو. چەند کەس لە بنەماڵەی عەوڵایان ناردە شوێنەکە و بە شین و ڕۆڕۆی ئەوان زانییان کە ئەمجار دەتوانن زەفەر بە تەرمی بێ گیانی ئەو پاڵەوانە بەرن، میرخاسێک کە زیاتر لە شەش سەعات بە تاقی تەنێ لە بەرامبەر هەموویان وەستابوو... رۆژی 11ی به‌فرانبار بوو. رۆژی شایی و ڕەشبەڵەکی فرمێسکی چاوان بوو کە به‌لێزمه‌ ده‌هاتنه‌خوار و به‌دوای یه‌کدا سه‌ره‌و خوار ده‌بوونه‌وه و یه‌کیان ده‌گرت و تێکه‌ڵاو به ‌یه‌کتری ده‌بوون و ده‌بوونه‌ یه‌ک و له‌ نێو خوێنی خۆشه‌ویستێکدا سه‌مایان ده‌کرد. ئه‌وان بۆ مه‌رگێک هه‌ڵده‌په‌ڕین که‌ هه‌ر ئه‌و ژیانه‌ بووبڕانەوەی نەبوو شیوەن و گریان. لیزمەی فەرمێسکەکان هەر لە زیاد بوون دابوون. فەرماندەی هێزی زەبوونی دوژمن کە لە بەیانییەوە سەری لە ئازایەتی و دلێریی عەوڵا سووڕمابوو، کاتێ لەشی بێ گیان و ساردەوەبووی عەوڵای دی، نەیتوانی ددان بە جەرگیدا بگرێ و هیچ نەڵێ... لە نێو شەپۆر و شین و لاواندنەوەی بنەماڵەی عەوڵادا ئەو دەنگەش تێکەڵ بوو: «ئافەرین پیاو بۆ ئازایەتیت... بەڵام حەیف کە ئاوای لێهات...» سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.