کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوا و ڕەخنە، یا هەڵوێست

19:13 - 4 خەرمانان 2717

یەکێک لە پێش مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەر هەڵبژاردنێکدا، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک لە ویست و داخوازییەکانی دانیشتووانی وڵات. ئەو کەسانەی کە بە پێی پێگەی خۆیان و هەڵسەنگاندنیان لەو بەرنامانەی بۆ هەڵبژاردن بڵاو دەکرێنەوە بڕیار دەدەن چ بکەن و چۆن بکەن. لە ئێرانیش سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپ و بەندوبەستانەی لە سەر ڕێی هەڵبژاردن دروست دەکرێ، دیسانیش بەشێک لەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگەکانیان بە و کەسەی ئومێدی پێدەبەستن دەدەن. لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا دیسان بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بەو ئومێدەی ئەگەر لە چوار ساڵی ڕابردوودا ڕووحانی نەیتوانیبوو بەڵێنەکانی بەجێ بگەیەنێ و، بەڵکوو ئەمجارەیان وەک لە قسەکانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیکردن  ئازاتر و بە بەرنامەتر بێتە پێشەوە و وڵامدەری پشتگیری و پشتیوانی لاینگران و دەنگدەرانی بێ، دەنگی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ناوبراو خستە سندووقەوە سێ مانگ تێپەڕی و ڕووحانی لە جێی خۆی دانیشتەوە و دەوڵەتی نوێی ناساند و سیاسەتەکانی دەوڵەتی بە گوێی هەمواندا دایەوە. هەر زۆر زوو بۆ هەمووان بە تایبەت ئەوانەی کە خۆیان بە هۆکاری سەرکەوتنی ئەو دەزانی و چاویان لەوەبوو لە دەوڵەتی نوێدا جێگەی تایبەتیان بۆ دابندرێ دەرکەوت کە، هیچ گۆڕانێک لە ئارادا نیە و فارس گوتەنی « آش همان آش و کاسە همان کاسە». هەتا ئێرەی لانیکەم بۆ ئەوانەی دژبەری نیزامن شتێکی زۆر ئاساییە. بۆ ئەوانەش کە ئومێدێکیان بە ڕووحانی بەستبوو ئازارێکە، کە بۆ دیسان قارەمانەکەیان بێ وەفا دەرچوو. ئەوان ئیستا زۆرجار بە ئاشکرا ڕەخنە لە ڕووحانی دەگرن و یارمەتی و پشتیوانیی خۆیانیان بەچاودا دەدەنەوە، بەڵام ئەم ڕخنانە زۆرتر وەک گلەییەک دەچن هەتا ئەوەی وا نیشان بدەن کە دەیانەوێ بیکەنە بنەمایەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا. ئەم بەشە زۆرتر ئەوانە لەخۆ دەگرێ کە چاویان لە گۆڕانکارییەکانی نێو دەسەڵاتە. بەڵام داخۆ ئەوان توانای هێنانە ئارای داواکاری جێبەجێکردنی وادە پێدراوەکانیان نیە و ناتوانن کۆمەڵگەی ئێران وەجووڵە بخەن؟ ئایا ژنانی ئێرانی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، کۆڵەکەی هەیکەلی تەبلیغاتی ڕووحانی بوون ئیستا کە تەنانەت پۆستە وەزارییەکانی پێشوشیان پێ ڕەوا نەدیتنەوە و دەرکەوت فەلسەفەی نیزام لەسەر ژنان نەگۆڕە، بێدەنگ دەمێننەوە یا تەنیا بە گلەییەکانیان قەناعەت دەکەن؟ ڕووحانی چوار ساڵ لەمەوبەر و ئەمساڵیش زۆر توندتر لە بەرنامە تەبلیغاتییەکانیدا قسەی لەسەر ماف و ئازادیی خەڵک دەکرد. ئەویش وەک هەموو هاوبیرەکانی دەیانزانی خەڵکی ئێران چۆن دەڕواننە نیزامی کۆماری ئیسلامی و چۆن دەبێ بیرکردنەوەکانی خەڵک بخەنە چوارچێوەی قسەو باسەکانی خۆیان. هەر ئەمەش وایکرد جارێکی دیکە ئەو خەڵکە بکەونە بەرەی ڕووحانی، بەڵکوو ئارەزووەکانیان وەدی بێ. بەڵام ڕووحانی لە پاڵ باس لە ئازادی تاکەکان زۆرتر سەرنجی دەدایە کێشەی ئابووری و هەوڵەکانی بۆ چارەسەری ئابووری داڕماوی وڵات. ئەو مژدەی چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی وڵاتی بەو خەڵکە دا، بە بێ ئەوەی سەرنج بداتە داخوازییەکانی دیکەی ئەو خەڵکە، کە لە کێشە ئابوورییەکان بە لایانەوە گرینگترە. بێگومان ڕووحانی دەزانێ خەڵک چیان دەوێ، و دەشزانێ پێشکەوتن و گەشەی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا پێش هەموو شتێک پێویستی بە ئیسلاحات و کرانەوەی فەزای سیاسییە و ئەگەر هاوتەریب ئەم دووە بەیەکەوە نەچنە پێش، ئیمکانی سەرکەوتنی نیە. ئەگەر لە چوار ساڵی داهاتووشدا وەک چاوەڕوان دەکرێ، دیسانیش تەنیا تەمەرکوزی دەوڵەتی ڕووحانی لەسەر سیاسەتی دەرەکی و هەوڵدان بۆ لابردنی تەحریمەکان بێ، ئەوا ناتوانێ وڵامدەری داخوازییەکانی خەڵک بێ. ئەوەی ئیستا لە ئێراندا بەرچاوە، بەهێزبوونی بەرەی خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی وڵاتە لە بەرامبەر دەسەڵاتی مەزهەبی و دژی گەلی کۆماری ئیسلامیدا. هەرچەند ڕووحانی هەوڵ دەدا بە تانە و گلەییەکانی لە پاوانخوازەکان دڵی خەڵک خۆش بکا و هاوسەنگی ئەم دووبەرەیە بپارێزێ، بەڵام خەڵک بە دیتنی پێکهاتەی دەوڵەتەکەی و بە سەرنجدان بە قسەکانی، باش تێدەگەن کە ئەو نەیتوانیوە و نایهەوێ دەست لە بەرەی دژ بە بۆچوون و داخوازییەکانی خەڵک هەڵبگرێ. ئەو هەوڵ دەدا بە سەرقاڵکردنی خەڵک بە کێشە لاوەکییەکانەوە، بیرکردنەوە سیاسییەکانی خەڵک بەرامبەر بە شێوازی دەسەڵاتداری، مافی شارۆمەندی و ئازادییەکانیان لە بیر بباتەوە. چونکە باش دەزانێ ئەگەر کۆمەڵگە خەڵکێکی چالاکی سیاسی تێدابێ و بتوانن خۆیان رێکخەن و چالاکییەکانیان بە ڕێکخراو بکەن، ئیتر کۆمەڵانی خەڵکی ناهومێد لە جیاتی ئەوەی وەدوای دروشمی فریودەرانەی کەسانی وەک ڕووحانی بکەون، بیر لە ڕێگەی دیکە دەکەنەوە بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگ زوڵم و زۆرداری هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی. بێ گومان خەڵک زیاتر لەوە تێگەیشتوون کە ناکرێ لەم هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردن و چاوەڕوان مانەوەی وادەوبەڵێنییەکان زەمان تێپەڕ بکەن. هەر بۆیە ئیستا کاتی ئەوەیە، ئەو ڕێکخراو و NGOیانەی زۆرجار بە مەبەستی گۆڕانخوازی پشتیوانی لە کەسایەتییە ئیسڵاح‌تەڵەب یا میانڕەوەکانی نێو دەسەڵات دەکەن، ببنە هۆکاری فشارهێنان بۆ سەر دەوڵەت بۆ وەبیرهێنانەوە و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان. ئەوان دەبێ وەبیر خەڵک بێننەوە کە چاوەڕوانییەکانیان لە کاتی هەڵبژاردندا چی بووە و چۆن دەوڵەت مەجبوور بە هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بکەن. دەبێ لەوە تێبگەیێندرێن کە نابێ ڕێگە خۆشکەر بن بۆ ئەوەی نیزام عادتیان بدا بە قبووڵی بەرنامە داڕێژراوەکانی. دەربڕینی ناڕەزایەتی چالاکانی مەدەنی و هەڵوێستی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەرامبەر بە بەرنامە و سیاسەتەکانی دەوڵەت ئەگەر کاریگەریشی لەسەر ئەوان نەبێ ئەوە دەردەخا کە خەڵکێکی هوشیار و زیندوو چاوەدێری هەڵسوکەوتەکانیان دەکا و کۆمەڵگە ڕادێنێ کە بەرامبەر چارەنووسی داهاتوویان بێدەنگ نەبن. NGOکان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک ژینگەپارێزان، پاراستنی زمان و خوێندن بە زمانی دایک، پشتیوانانی تەرکی ئێعتیاد وچالاکانی مافی مرۆڤ و...... کە خۆبەخشانە بۆ ئەو کارانە زۆریان هەوڵ داوە و هەموو هەزینەیەکیان لە ئەستۆگرتوە، دەبێ بە بەرزکردنەوەی داواکاری و پێکهێنانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی، دەوڵەت ناچار بە پاشەکشە بکەن و وا بکەن کە ئەرکەکانی جێبەجێ بکا. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە هەڵوێستی کاتی هەڵبژاردنیان بۆ پشتیوانی لە نیزام نیە بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.