کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان (2)

19:31 - 4 خەرمانان 2717

ئۆکتۆبر و كورد ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبر و ھیوای کورد بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی بە تایبەتی پاش خەرمانانی ١٣٢٠ی ھەتاوی لە نێو ڕووناکبیرانی ئەو کاتە، یەک لەوان پێشەوا قازی محەممەد دەبیندرێ. هاتنی سپای سۆڤییەت و ئینگلیس لە خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی واتە ئاگوستی ١٩٤١ زایینی بۆ ئێران، خۆبەدەستەوەدانی سپای شایی لە شەڕێکی سێ ڕۆژەدا، دەسهەڵگرتنی ڕەزاشا لە تاج ‌و تەختی پاشایەتی لە ٢٥ خەرمانان و دوورخستنەوەی ئەو بۆ دوڕگەی موریس‌ و پاشان ژوهانسبوورگ، هەروەها هەڵاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی شایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ لەنێوچوونی دەسەڵاتی ناوەندی لەو بەشەی کوردستان، کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیە لە لایەن کوردەکانەوە، هەروەها سەرهەڵدانەوەی هیوای دێرینەی یارمەتی ڕووسیە بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد. بەم پێیە، «دەستدرێژی سپای سوور بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لەکردەوەدا بوو بە هۆی گەشەسەندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەشێکی بەرچاو لە باکوور و باشووری کوردستان و چوونەسەرەوەی هەستی لایەنگریی لە سۆڤییەت. لەم پێوەندییەدا عەلی گەڵاوێژ لە بابەتێکدا بەم چەشنە باسی دوو کۆبوونەوەی مێژوویی لە ٨ی بەفرانباری ١٣٢٠ و ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٢١ لە بینای ناسراو بە ‹دادگای قازی› و کاریگەریی ‌سۆڤییەت لە سەر بزووتنەوەی کورد دەکا: «لەم کۆبوونەوانەدا کە نوێنەرانی تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان و یەک لەوان نوێنەرانی عەشیرەتەکان بەشدارییان کردبوو، پرسی ژیانی سیاسیی کوردستان لەسەر بنەمایەکی تازە شی کرایەوە. لە کۆبوونەوەی یەکەمدا قازی محەممەد لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی کرد «بە‌دوای سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر لە ڕووسیە و دامەزرانی ئەوەڵین دەوڵەتی سۆسیالیستی، خەباتی گەلی کوردیش لە بنەڕەتەوە گۆڕدراو و نووری شۆڕشی ئۆکتۆبر ئاسمانی کوردستانیشی ڕووناک کردەوە. ئیستێعمار ھەوڵێکی زۆری داوە تا گەلی ئێمە لەم ڕووناکاییە دوور کاتەوە، بەڵام توانایی وەدیھێنانی ئەم ئامانجەی نەبووە». لە کۆبوونەوەی دووھەمدا بریارێک بە ‌ڕای ‌گشتی پەسەندکرا کە لە ڕاستیدا بوو بە ڕێپیشاندەری ژیانی سیاسیی کوردستانی ئەو سەردەمە، ھەروەھا بەرنامەی کاری ھێزە پێشکەوتنخواز و نیشتمانپەرەوەرەکانی گەلی کورد. لەم بڕیارنامەیەدا هاتووە:   ١.‌ گەلی کورد بە تێکڕایی یەکیەتیی سۆڤییەت بە پشتیوانی خۆی دەزانێ و بۆ یاریدەدان و ھاوکاری لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت لە شەڕی دژی فاشیستی ئەڵمان ئامادەی ھەر چەشنە خەبات و فیداکارییە. ٢.‌ تەواوی عەشیرەتەکان لەم کاتەوە ناکۆکیی خۆیان وەلادەنێن و لەھەر ئاکارێک کە ببێتە ھۆی دووبەرەکی خۆ دەپارێزن. ٣. تەواوی بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە قین‌ و بێزاریی خۆیان دژی سەربزێوی و ڕێگری و تاڵانکەری ڕادەگەیەنن. ٤.‌ ھیچ کام لە بەشدارانی ئەم کۆبووونەوەیە نابێ بە جیا یان بێ‌ ڕاوێژکردن، پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی تاران بگرن.» ئەم کاریگەرییە ھەروەھا لە نووسراوەی ڕووناکبیرانی کۆمەڵە وەکو م. فەرووخ یان بیژەن و ھتد [...] لە بابەتگەلێک وەکوو «پەلامارەکەی ئەوسالی ئەلەمان لە رووسیا»، «انقلابی گەورەی اوکتوبر لە ٣ ژمارەدا و ئیمە و مەردم» لە نیشتمان بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک دەبیندرێ. تەنانەت لە ژێر وێنەیەکی لێنین کە لە ژمارەی ٦ی نیشتمان بڵاوبۆتەوە ئەم شێعرە نووسراوە: «باقیە ناووت ئەتو، گەرچی دەمیکە مردووی نا، لەنین! ماوی ھەتا روژی قیامەت زیندووی». لە کتێبی «دیاردەی کۆمەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد - ١٣٢٢» لە بەشێک لە نامیلکەی «دیاری مەلا محمدی کویی بو ھەلساندنی آغاوات و سەردار عەشیرەتەکانی کورد لە خەوی نەفامی» لە ھۆنراوەکانی بیژن[ مامۆستا زەبیحی] کەڵک وەرگیراوە:   «سەیاحەت کەن بچن بو سووەتەستان بزانن چون بە خێرائی ھەلستان لە قەومی روس چە ظلمیکی ئەکرد(چار) ھەموی ژەھری ئەخوارد ملت بە ناچار لە پر (لەنین) ھەلستا وەک دلیران بناغەی ظلمی چاری کرد ویران بنای‌نا دەولەتیکی سۆسیالیست لەناوی برد بە جاریک ایمپریالیست، لەناو کومەل بە زوری دەرکرا (خان) بە تیلا (بەگ) خرایە بەندو زیندان بە مەحزی ھەل‌کرانی بەیرەقی سوور لەناو خەلکا نەما فیتنەو شەرو شوور ئەلەرزیت کاکی(آغا) وەک بنی آو کە آلای سوور و آلی دیتە بەر چاو تەماشا کەن لە مەیدانی ھەراوشەر چلون سەربازی سوور، آزاو دلاوەر شەوو روژ بی ووچان واتی ئەکوشن لە جەبھەی شەر ئەلەی شەربەت ئەنوشن بە فەرمانی ستالین: پیاوی شەرکەر ئەدەن بەربا ھەمو نەیروی ھیتلەر»   ئەم ڕەوتە ھەروەھا لە بابەتەکانی «کوردستان» بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئەو سەردەمە پاش پێکھاتنی کۆماری کوردستان بەردەوام مایەوە. شێعرەکانی ھەژار، ھێمن و وردی و نووسراوە سیاسی و مێژووییەکان و ھتد [...] پڕن لە ھیوا بە یەکیەتیی سۆڤییەت، ستالین و سپای سوور بۆ ڕزگاریی گەلی کورد. بۆ وێنە ھەژار لە ڕۆژی ھەڵکردنی ئالای کوردستان لە بۆکان لە بەشێک لەو شێعرەی کە دێخوێنێتەوە دەڵێ: «ریی نەجاتمانە پەنا بو اتحادی شورەوی سورمە بو چاوی ایمە خاکوخولی مەسکەوی ربی(ایستالین) بژی بولاگری مظلومان تا زەمانە خول دەدا و روزدە بەخشی پورتەوی»   مامۆستا ھێمن‌_یش لە شێعری «آوونگی سوور» کە بە بۆنەی ڕۆینی لەشکری  سوور لە «مجلس شعرای» تەورێز خوێندیەوە، دەڵێ:   «ئەی لەشکری سوور ئەی اوردووی ظفەر ایستا کە دەروی لیرە دەچیە دەر خودات دەگەل بی و ئەوەی بزانە جێی تو ھەمیشە دلی کوردانە ئەی ئەو فریشتە کوردت کرد آزاد لە ژیر پەنجەی دیوی استبداد»   تا ئەو کاتە ئەگەر ڕووناکبیری کورد ڕێبازی چەپیشی ھەڵبژاردبێ یان پشتیوانی لە حکوومەتی سۆڤێیەتی کردبێ لە ڕاستی‌دا بەو ھیوایە بووە تا لە ژێر چەتری کۆمۆنیسم و پشتیوانیی یەکیەتیی سۆڤییەت بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بگا. لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کەسایەتی و ڕێکخراوە سەربەخۆیی‌خوازەکانی کورد بۆ ڕاکێشانی سەرنج و یاریدەی یەکیەتیی سۆڤییەت کە بەڵێنی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوە چەوساوەکانی جیهانی دابوو کەوتبوونە گەڕ و پێوەندییان لەگەڵ نوێنەرانی ئەم وڵاتە گرتبوو. بۆ وێنە لە ساڵی ١٩٢٢ زایینی «کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردستان (ئەرزروم)» بریاری دا بە یارمەتی و لە ژێر سەرپەرشتیی سیاسیی ڕووسیەی سۆڤییەتی بە مافی خۆی بگا. سەرھەنگ خالید بەگ جبرنلی سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە لە سەرەتای دەستپێکی کۆنفرانسی لۆزاندا لە نامەیەکدا کە بۆ نوێنەری حکومەتی سۆڤییەتی نووسی «[...] دڵساردە لە یاریدەی ڕاستگۆیانەی ئینگلیس بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ. ھەروھا بۆ وەدیھێنانی ئەو ئامانجە، چاوەڕوانی پشتیوانی ڕووسیەی سۆڤییەتییە بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە ژێر سەرپەرشتی ڕووسەکاندا. کریس کوچراش لە کتێبەکەیدا بەم چەشنە باسی ڕۆڵی سۆڤییەت لە شۆڕشی شێخ سەعید دەکا: «بەڵام بەپێی وتەی  ئینگلیسییەکان خالید بەگ جبرنلی پێوندیی لەگەڵ کۆنسولی ڕووس لە ورمێ گرت. بەڵام وڵامی کۆنسولی ڕووس نا بوو [...] ئەم وتەیە ڕاست یان ناڕاست تەنیا نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە: شۆڕشی شێخ سەعید لەو پەڕی سەرنجنەدانی ھێزەکانی ڕۆژئاوا پەرەی گرت و لەئاکامدا تێک‌ شکا، ئەویش لە حاڵێکدا کە یەکیەتیی سۆڤییەت بە چەشنێکی فرەڕەسمی لە زمانی: ئیزوئستیا»وە ئەوی وەکو شۆڕشیک لە لایەن ھێزەکانی فئودال و دژە شۆڕشی کورد کە بوونەتە ئامرازی دەستی ئینگلیس پێناسە کرد.  لە باشووری کوردستانیش شێخ مەحموود مەلیکی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ ژانویەی ١٩٢٣ ز. لە نامەیەکدا کە بۆ کۆنسولی سۆڤییەت لە تەورێز بۆ وەدەستھێنانی پشتیوانیی حکومەتی سۆڤییەت ناردی، ئاماژە بەوە دەکا کە «کاتێک تەواوی جیهان لە ساڵی ١٩١٧دا دەنگی ڕاستەقینەی ئازادی و ڕزگاری نەتەوەی ئێوەی لە چەنگی چەوسێنەر و جەنایەتکاری بەناوبانگ بیست، تەوای نەتەوە و گەڵانی چەوساوەی گۆی زەوی پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و بە ھیوای وەدی ھێنانی ویست و ئاواتەکانی خۆیان و بە ھیوای گەورەی و پشتیوانی نەتەوەی ڕووس شۆڕشیان کرد [...]. تەواوی خەلکی باشووری کوردستان مەیلێکی زۆریان بۆ دۆستایەتی لەگەڵ دەوڵەتی شکۆداری سۆڤییەتی ھەیە و ئامادەی ھەرچەشنە فیداکاری بۆ ئەم دۆستییەن و حازر بە پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لەوانن. ھاوکاتیش بە ڕەسمی ناسینی مافی یاسایی خۆمان وەک شەرتی ئەم دۆستایەتییە پێش‌ دەکێشین» . ئەم داواکارییە بێ وڵام مایەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە یەکیەتیی سۆڤییەت کاتی سەرھەڵدانی شۆڕشی ئارارات بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە ڕێبەریی کۆمیتەی نیزامی_سیاسی «خۆیبون» نەتەنیا پشتیوانییان لەم بزووتنەوەیە نەکرد بەڵکوو ھێزی سەرسنووری سۆڤییەت لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوەیەدا ناڕاستەوخۆ یارمەتیی تورکەکانی ‌دا.» *** سەرچاوەکان: 1)   اتحاد جماهیر شوروی سوسیالیستی و کردستان(سالهای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف، مترجم کامران امێن آوە 2)    یادی از جنبش بھمن « نظری بە پیدایش جنبش دمکراتیک در کردستان ایران» علی گلاویژ. نشریە دنیا، دی‌ماە ١٣٥٦، شمارە ١٠، سال چھارم، دورە سوم 3)    ژمارەی ٦ی نیشتمان، ڕەشەمەی ١٣٢٢ ، نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ.ک، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨ 4)    دیاردەی کومەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد، ١٣٢٢-١٩٤٣ لاپەرەکانی ١٤ و ١٥، پاشکۆی نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک لاپەرەی ٢٠٩ و ٢١٠، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨ 5)    روژنامەی کوردستان، ژمارە -١، لاپەرەی ٢، پێنج شەممو ٢٠-١٠-١٣٢٤ 6)    رۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٤٤، دووشەممو ١٦ بانەمەر ١٣٢٥ لاپەرەی ١ 7)    تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران ص ١٨١-١٨٢، ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان 8)    جنبش ملی کرد، کریس کوچرا، ترجمە ابراھیم یونسی، ص. ١٠٤ چاپ دوم ١٣٧٧ موسسە انتشارات نگاە، تھران 9)    سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ١٨٦ 10)  اتحاد جماھیر شوروی سوسیالیستی و کردستان(سالھای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف، مترجم کامران امین آوە سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.