کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە بێ ناوەکانی نیشتمان

20:19 - 4 خەرمانان 2717

زۆر جار لە زمان رێبەرانی حیزبەوە گوێبیستی ئەوە بووین کە، "لە گەڵ ئەوەیکە بەشی ئاشکراو رێبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام هێزی ئەسڵیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوخۆی وڵاتە دایە." ئەم قسەیە دوو لایەنی هەیە کە یەکیان راستەوخۆ پێوەندیی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە بە پشتیوانی راستەقینەی خۆی، وەک رێبەری جوڵانەوەی میللی – دێموکراتی خەڵکی کوردستان زانیوەو پشتی پێ بەستووە. بەشێکی دیکەیشی پێوەندی بە ئەندامان و تێکۆشەرانی خۆدی ئەم حیزبلە ناوخۆی وڵاتەوەهەیە کە وەک شەهیدی نەمر، دوکتور قاسملوو دەڵێ، "گرینگترینی چەکی حیزبی دێموکراتە"،کە ئەویش هێزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبە لە ناوخۆی وڵات. ئەندامان و تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزب لە ناوخۆی وڵات لە راستی‌دا بە پێی ئەو ئەرک و وەزیفانەی بۆیان دیاری دەکرێ، زمان و چاو و دەستی حیزبەکەیانن و، ئەگەر جەریانێکی سیاسیی  یاساغکراوی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە مەجالی تێکۆشانی راستەوخۆ و مەیدانی و ئاشکرای لە نێو ژینگەی ئەسلێی خۆی‌دا نەبێ، بە بێ بوونی تەشکیلات لە نێوخۆی وڵات‌دا ناتوانێ رۆڵ و دەوری چاوەڕوان لێ‌کراوی خۆی بگێڕێ. بەسەرنجدان بە سەرکوتکارییەکانی دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و خوێندنەوەی دژی گەلیانەی ناوەندە قەزاییەکانی رێژیم بۆ چالاکیی تێکۆشەرانی سیاسی و داسەپاندنی حوکمی قورس و گران بەسەر گیراوانی سیاسی‌دا، لەوانەیە دەرکەوتەی کاری ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب لە ناوخۆی وڵات بارتەقای ئەو چاوەڕوانییە نەبێ کە لە حیزبێکی گەورەو خاوەن پێگەی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکرێ، بەڵام هیچ گومان لەوەدا نیە کە لە درووستبوونی ئەم پێگە جەماوەرییە بۆ حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەو چاوەڕوانیەی لە حیزبی دێموکرات دەکرێ بۆ چالاکی و تێکۆشان، بەشێکی هەرە بەرچاوی پێوەندیی راستەوخۆی بەچالاکبوونی ئەندامانی دەروەستی حیزب و ئەو فیداکاری و هەزینانەوە هەیە کە ئەوان بە بیرو باوەڕەوە  ئەنجامی دەدەن. ئەگەر بۆ ساڵانی رابردوویش نەگەڕێینەوەو تەنیا ئاماژە بە دوو بۆنەی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستان (٢٢ی پووشپەڕ، ساڵرۆژی ٢٨ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و، ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٢ساڵەی یادی دامەزرانی حیزب) لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بکەین، دەبینین کە لە چ شەرایەتێ دژواری ئەمنیەتی‌دا تێکۆشەرانی حیزب لە ناوخۆی وڵات فیداکارییان لە خۆ نیشانداوەو ئەرکە پێ‌ئەسپێردراوەکانیان ڕاپەڕاندووە. هەر لە ماوەی ئە دوو مانگەدا لە گەڵ ئەوەیەکە ڕۆژانە بە دەیان ڕاپۆرت، هەواڵ، زانیاری، تێبینی و خوێندنەوەی جۆراوجۆریان لە سەر سەرجەم شارو ناوچەکانی کوردستان بۆ ئۆڕگانی پێوەندیدارو رێبەریی حیزب ناردوە، لە زۆربەی نزیک بە تەواوی شارو ناوچەکانی ناوخۆی وڵات، چالاکانەو فیداکارانە بە چالاکییە سیاسی و تەبلیغاتییەکانیان پەیامی حیزبەکەیان بە گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیاندوە. چالاکیی و تێکۆشانەکانی ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب لە ناوخۆی وڵات لەو ماوەیەدا لە کاتێک‌دا بوون کە رێژیم دوای تەقینەوەکانی تاران لە ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بە پیلانی بەدناوکردنی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی و بە تێرۆریست وەسفکردنی کورد و خەباتە مافخوازانەکانی، هێزێکی زیاتر لە هەمیشەی رژاندە کوردستان و بە تەواوەتی جموجۆڵی خەڵکی  خستبووە ژێر چاودێری‌یەوە. بەتایبەت لە دوو مانگی پووشپەڕو و گەلاوێژدا لە وەک هەموو دەزانن بۆ خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان تایبەت و خاوەن پەیامی جیاوازن. رێژیم لەم دوو مانگەدا بە بەکارهێنانی هێزێکی زۆری سەرکوتکەر لە کوردستان و کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتێکی زۆری کۆنتڕۆڵ و چاودێری، هەوڵی دا کە پێش بە تێکۆشانی تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب بگرێ. بەڵام وەک دەرکەوت و خەڵکی کوردستانیش لە نزیکترەوە بەچاوی خۆیان دیتیان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوخۆی وڵات بەوپەڕی فیداکارییەوە ئازایانە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بەجێ گەیاندو دوو پەیامی سەرەکی و ئاشکرایان بڵاو کردوە: یەکەمیان رووی لە خەڵکی کوردستان، پشتیوانانی راستەقینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. بۆ جارێکی دیکە پێیان راگەیاندن کە حیزبەکەیان وەک هەمیشە لە حزووری هەیەو هیچ کەندوکۆسپ و بەربەستێک ناتوانێ پێش بە زیندوویەتی و بەردەوامی و لەنێوخەڵکبوونی‌دا‌ بگرێ. ئەوان بە چالاکییەکانیان بە خەڵکیان سەلماندەوە کە حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵک دایە بە هیچ نرخێک ئەم سەرمایە مێژوویی و مەعنەوییە لە دەست خۆی نادات و وەک هەمیشە خۆی بە پشت و پشتیوانیان دەزانێ، هەروەک چۆن هەمیشە ئەوان(خەڵک)ی بە پشتیوانی راستەقینەی خۆی زانیوە و دەزانێ. پەیامەی دیکەیشیان رووی لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە کوردستان بوو. ئەوان بەم چالاکی و دەرکەوتنانەیان، بە رێژیم و هێزەئەمنیەتی‌یەکانیان وت کە هیچ هێزێک ناتوانێ پێش بە ئیرادەی خەباتکارانەی ئەوان بگرێ. پێیان سەلماندن کە هێزی زۆری سەرکوتکەر و دژی گەلیی ئەوان لە بەرانبەر ئیرادەی گەل‌دا بێ‌هێزو دەستەوەستانە. بە رێژیمیان سەلماند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ناو و ناتۆری ئەوان لە خۆ ناکرێت و مادام خەڵکی لە پشتە خاوەندراێتی بزووتنەوەیەکی رەوای مافخوازانە دەکات. تێکۆشەران و ئەندامانی سەر بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا لەوانەیە زیاتر لە هەمیشە هەم ئەرکی زیاتریان بکەوێتە سەر شان و هەم لە رووی ئەمنیەتی‌یەوە زیاتر لە بەردەم هەڕەشەدا بن. بەڵام لە هەر حاڵ‌دا بوونیان هەر وەک هەمیشە بۆ حیزبی دێموکرات "چەکێکی گرینگە". سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.