کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی داهاتوو لە خۆرهەڵاتی ناوین

20:25 - 4 خەرمانان 2717

پرۆجێکت سیندیکات_ یوشکا فیشێر و: کەماڵ حەسەن‌پوور لەگەڵ ئازادکردنی موسڵ لە باکووری عێڕاق، دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) بەو زووانە کۆتایی دێ. بەڵام شکستی داعش و نەمانی خەلافەتی عێڕاق_شام بە مانای ئاشتی بۆ خۆرهەڵاتی ناوین و تەنانەت کۆتایی تراژێدیی سووریەش نییە. لەجیاتان وێدەچێ کە ئەوە سەرەتای بڕگەیەکی نوێ لە مێژووی خوێناوی و بشێویی ناوچەکە بێ، بڕگەیەک کە لە بڕگەکانی دی لە دوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریی عوسمانی پاش شەڕی یەکەمی جیهانیی کەمتر مەترسیدار نەبێ. درێژە کێشانی ئەو شێوە ڕەفتارە پڕ لە توندوتیژییە شتێکی مسۆگەرە، چونکە ناوچەکە توانای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان یا دروستکردنی هەر شتێک کە وەک چوارچێوەیەک بۆ ئاشتیی بچێ نییە. لەجیاتیان لە شوێنێک لە نێوان سەدەکانی نۆزدە و بیستدا گیری کردوە. دەسەڵاتە خۆرئاواییەکان لە مەینەتباریی خۆرهەڵاتی ناوین بێتاوان نین. هەر ئاماژەیەک بە رێککەوتننامەی سایکس_پیکۆ، کە لەودا بریتانیای مەزن و فەڕانسە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانییان دابەش کرد، ئێستاش دەبێتە هۆی وەها تووڕەییەک لە جیهانی عەڕەب کە وێدەچێ وەک ئەو نەخشەیە، کە بە نهێنیی لە ١٩١٦ داڕێژرا، دوێنێ داڕێژراوە. نابێ دەوری ڕوسیەی تێزاریشمان لە ناوچەکەدا لەبیر بچێ. پاش شەڕی دووهەمی جیهانیی، جێگەرەوەی ئەو، یەکیەتیی سۆڤیەت و دژبەرەکەی لە شەڕی سارد واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەست تێوەردانە یەک لە دوای یەکەکانیان دەست پێکرد. بێگومان ویلایەتە یەکگرتووەکان یاریدەدەری سەرەکیی پێکهاتنی بشێویی ئەوڕۆ لە ناوچە دایە. بەرژەوەندیی ئامریکا لە خۆرهەڵاتی ناوین لەسەرەتادا بە نەوت بەسرابۆوە. بەڵام لە دەستپێکی شەڕی سارددا، بەرژەوەندیی ئابووریی خێرا، بوون بە بەرژەوەندیی ستراتێژیکی بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی دەوڵەتانی دژە خۆرئاوا و دۆستی سۆڤیەت. هەوڵی ئامریکا بۆ نفوزی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا بە هاوپەیمانیی نزیکی ئەمنییەتی لەگەڵ ئیسڕائیل و لە کۆتاییدا دوو دەستوەردانی سەربازیی لە دوو شەڕی کەنداو لە دژی عێڕاقی سەددام حوسێن تەکمیل کرا. تێوەگلانی ئامریکا لە ئەفغانستانیش کاریگەریی قووڵی لە سەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە. سەرهەڵدانی هەشتاکان کە ئامریکا پشتیوانیی دەکرد و بە ناوی جیهاد دژی یەکیەتیی سۆڤیەتی داگیرکەر دەستی پێکرد، دوو هاوپەیمانی نزیکی ئامریکا واتە پاکستان و عەڕەبستانی سعوودیی کردنە هەڕەشەی ستراتێژیکی. ئەوە لە سێپتامبری ٢٠١١ ئاشکرا بوو کاتێک دەرکەوت کە ١٥ لە ١٩ هێرشبەر کە ئەلقاعیدە ناردبوونی، هاووڵاتیی عەڕەبستان بوون. هەروەها ئەوە پاکستان بوو کە تاڵەبانی دروست کرد کە پەنایان بە ئەلقاعیدە دا تا نەخشەکانیان لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و خۆرئاوا داڕێژن. سەرکەوتنی شەڕی یەکەمی کەنداو لە ١٩٩١ لەسەر دەستی جۆرج بوشی باوک و، ١٢ ساڵ دواتر شەڕی دووهەمی کەنداو ئەمجارەیان لەسەر دەستی بوشی کوڕ کە بووە هۆی کارەساتێکی ناوچەیی کە ئێستاش درێژەی هەیە، مایەپووچ بۆتەوە. لە کاتێکدا کە بوشی باوک ئامانجی سنورداری وەک ئازادکردنی کووەیت و نەک گۆڕینی رێژیمی عێڕاقی هەبوو، کوڕەکەی ئامانجی بەرزەفڕانەتری هەبوون. بیرۆکەکە ئەوە بوو کە سەددام لابەن و عێڕاقێکی دێموکراتیک دروست بکەن کە ئەوە خۆی دەبوو بە کاتلیزۆرێک بۆ ئاڵوگۆڕی بەربڵاو لە گشت خۆرهەڵاتی ناوین و گوڕینی بۆ ناوچەیەکی دێموکراتیک و دۆستی خۆرئاوا. لە ئیدارەکەی بوشی لاوتر ئایدیالیزمی ئیمپڕاتۆرییەتی بە سەر ڕێئالیزمی سەرسەختدا زاڵ بوو کە بووە هۆی ناسەقامگیریی بێ‌پسانەوە لە خۆرهەڵاتی ناوین بە گشتی و، ئێرانی گەیاندە دۆخێک و ئاستێک کە نفوزی خۆی پەرە پێ بدا. پاش هەرەسهێنانی داعش، بڕگەی داهاتوو لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوین لە ڕیگای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی عەڕەبستانی سعوودیی سوننی و ئێرانی شیعە بۆ باڵادەستی ناوچە بڕیاری لەسەر دەدرێ. تا ئێستا ئەو ناکۆکییە درێژخایەنە لەژێر پەردەدا و لە لایەن بەکرێگیراوانەوە بەڕێوە چووە. دوو زلهێزەکەی جیهان کە لە ناوچەدا چالاکن، هەر ئێستا بە ئاشکرا لایەنی خۆیان لە ناکۆکییەکەدا هەڵبژاردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەلای عەڕەبستانی سعودییە و ڕووسیەش لەگەڵ ئێرانە. «شەڕی دژی تێرۆر» کە ئێستا لە ئارا دایە وردە وردە جێی خۆی دەدا بە ناکۆکیی لە سەر هەژمۆنی. ئەوەی کە ئێستا عەڕەبستانی سعودی و چوار وڵاتی سوننیی هاوپەیمانی کە قەتەریان ئابلۆقەداوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نزیکی قەتەر لەگەڵ ئێران، ئەو ناکۆکییە گەیشتۆتە یەکەم خاڵی وەرچەرخان لە ناوەندی ناوچەکە واتە کەنداوی فارس. بێگومان هەر تێکهەڵچوونێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە گشت شەڕەکانی پێشوو لە خۆرهەڵاتی ناوین پتر ئاگر لە ناوچەکە بەردەدا. جگە لەوە، لە کاتێکدا کە ئاگری شەڕی سورییە ئێستا نەکوژاوەتەوە و عێڕاق بە هۆی کێبڕکێی تایفیی بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لاواز بووە، داعش یا جێگرەوەکەی هەروا بە چالاکیی دەمێنێتەوە. هۆکارێکی دی بۆ ناسەقامگیری سەرهەڵدانی دووبارەی «پرسی کوردە». کوردەکان، خەڵکێکی بێ دەوڵەت، نیشانیان داوە کە شەڕکەرێکی باوەڕپێکراو لە دژی داعشن و دەیانهەوێ کەڵک لە دەسەڵاتی نوێی سیاسیی و سەربازیی خۆیان بۆ گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەری و تەنانەت دەوڵەتی سەربەخۆ وەر بگرن. بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانگرێتەوە، لەپێش هەموواندا تورکیە و هەروەها سورییە، عێڕاق و ئێرانیش، ئەو پرسە بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕە؛ چونکە ئەوە کاریگەریی لەسەر تەواوەتیی خاکی ئەوان هەیە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو پرسیارانە و بەرزبوونەوەی ناکۆکیی هەژمۆنیی لە نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعودی، بڕگەی داهاتوو لە مێژووی ناوچەکە بەڵینیی هەموو شتێک دەدا جگە لە ئاشتی. بەڵێ، لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کارەساتی عێڕاق ئەو وانەیە فێر بووبێ کە ناتوانێ، سەرەڕای دەسەڵاتی زەبەلاحی سەربازیی، لە شەڕی سەر عەرز لە خۆرهەڵاتی ناوین سەرکەوتوو بێ. سەرکۆمار ئۆباما هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە ناوچە کێشایەوە، کە دەرکەوت ئەوە هەم لە بواری سەربازیی و هەمیش لەبواری سیاسییەوە کارێکی دژوارە. بۆیە ئەو لە شەڕی نێوخۆی سورییە، دەستوەردانی سەربازیی ڕەت کردەوە، تەنانەت لە ئاسمانیشەوە، کە بووە هۆی بۆشایی دەسەڵات کە ڕووسیە خێرا پڕی کردەوە، بە هەموو ئاسەوارەکانی کە بۆ هەمووان ئاشکرایە. جێگرەوەی ئۆباما، دۆناڵد ترامپ، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیی دا کە لە ناوچەکە بکشێتەوە. لەدوای هەڵبژاردنەوە، ئەو هێرشی مووشەکیی کردە سەر سورییە، هاوکارییەکانی لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانی چڕتر کردووە و هەڵوێستی سەختگیرانەی ئامریکای بەرامبەر بە ئێران تووندتر کردووە. وێدەچێ ترامپ تووشی هەورازی سەخت بۆ ناسینی خۆرهەڵاتی ناوین بێ، ناوچەیەک کە چاوەڕوانی ناکا تا ئەو بەسەریدا زاڵ بێ. هیچ هۆیەک بۆ گەشبین بوون نابینم. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.