کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو لە بۆتەی گۆڕانی فیکریدا

22:45 - 4 خەرمانان 2717

لە ساڵی ١٩٧٠ دا دوکتور قاسملوو بە ڕەسمی حیزبی توودەی ئێران بەجێ دێڵێ و دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە کۆنفڕانسی سێی حیزب و دواتر لە کۆنگرەی سێهەمدا دەبێ بە سکرتێری ئەو حیزبە. سرووشتییە ئەتۆ ببی بە سکرتێری حیزبێکی نەتەوەیی یانی لەوە بەدواوە مەسەلەی کورد بۆ تۆ مەسەلەی ئەساسییە و چارەسەری پرسی کورد بۆ تۆ لە سەرەووی هەموو پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگەیە. هەر لە ئەساسدا پێویستیی دروستبوونی حیزبی دێموکرات چییە؟ فەلسەفەی وجوودییەکەی چییە؟ هەموو حیزبێک لە ئاکامی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست نابن، جا ئەو کەلێنانە یا چینایەتییە یا مەزهەبییە یان نەتەوەییە. حیزبی دێموکراتیش زەروورەتی پێکهاتنەکەی لە سەر ئەو ئەساسە درووست بووە کە کەلێنی نەتەوەیی هەبوو لە ئێراندا و چارەسەری مەسەلەی میللی زەروورەتی دروستبوونی حیزبی دێموکراتی پێک هێناوە. ئێستا ئەو پرسیارەش لە جێی خۆی دایە کە ئایا دوکتور قاسملوو ئەو ئاڵوگۆرە کە دوای ٢٣ساڵ لەودا دروست دەبێ کتوپڕە؟ نا ئەمە شتێکی مێژووکردە و بە زەمان هاتووە و وردە وردە ئەو گۆڕانکارییەی تێدا دروست کردوە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر چییەتی ئەو ئاڵۆگۆڕەی لە ئەندێشەی سیاسیی د. قاسملوودا دروست بووە و هۆکارەکانی، با باسێک لەوە بکەین کە ئایا دوکتور قاسملوو کەسێکی نەتەوەیی بووە یا نەتەوەیی نەبووە؟ بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە لەو باسەدا دراوەتەوە، بەڵام زۆر کەس دەڵێن چونکی قاسملوو خودموختاری ویستووە کەوابوو نەتەوەیی نەبووە. ئەم باسە هەیە و ئێستا هەندێ ئینترناسیونالیستی دۆینێ و ناسیونالیستی ئەمڕۆ ئەو قسانە دەکەن، دیارە خۆ ئەوە باشە و ئێمەش پێشوازی دەکەین لەو گۆڕانەی لەواندا دروست بووە و لە ئینترناسیونالیستەوە بوون بوونە ناسیونالیست، دیارە لە بنەڕەتدا هەر باسەکە ئەوەیە و پێشوازی لە گۆڕان دەکەین و دەڵێین کە ئینسان دەبێ بگۆڕدرێ و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ، بەڵام ئەوان دەڵێن لەبەر ئەوەی لە بەرنامە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و لە یەکەم بەرنامه‌‌دا لە ساڵی 1971 حیزب باسی لە خودموختاری کردووە نەتەوەیی نەبووە، یا لەو وتووێژەی کە چەند ساڵ لەوە پێش لە تەلەڤیزیۆنی بی بی سی بڵاو بۆوە _ دیارە ئەو وتووێژە 25 ساڵ لەوە پێش «عینایەت فانی» لەگەڵ دوکتور قاسملوو کردبووی و لەوێدا باس لە ئێرانی بوون دەکا و لەسەر ئەوە زۆر باس کرا کە ئەوەتا خۆی پێ ئێرانییە. ئەمن دەمەوێ وەڵامی ئەوانە بدەمەوە و لەسەر ئەو باسانە تۆزێک ڕاوەستم. یەکەم : لە ستراتژیی دوکتور قاسملوودا لە ئاسۆی دووری ئەودا، هەمیشە کوردستانی سەربەخۆ بوونی هەبووە. بۆ ئەوە بەڵگە زۆرە کە دەیانهێنمەوە. با بچن بەرهەمەکانی بخوێننەوە و وتوێژەکانی ببینن تا بزانن کە لە ئاسۆی دووری ئەودا  هەمیشە کوردستانی سەربەخۆ و کوردستانی یەکپارچە هەیە و هەمیشەش بووە. با باس لە چەند نموونەیەک بکەین. لە پێشدا با بە ئیرەجی کەشکوولی دەست پێبکەین، ئیرەج کەشکوڵی ئەندامێکی سازمانی ئینقلابی حیزبی توودە بوو کە ساڵەکانی ١٣٤٧_1348دا  لە باشووری کوردستان بوون و دەیانویست لە ڕێگای باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرنامەکانیان و چالاکیی خۆیان لە ئێراندا پەرە پێبدەن. ئەو دەڵێ: ئەو کات کە دوکتور قاسملوو چاوی بە ئێمە کەوت لە بوونی ئێمە لە کوردستانی عێڕاقدا ڕازی نەبو. ئەو پێی خۆش نەبوو کە مارکسیستەکانی ئێرانی لە کوردستان لاوانی کورد بۆ لای کۆمۆنیزم ڕاکێشن. کەشکوڵی دەڵێ دوکتور قاسملوو لە بوونی چەپی سەراسەری لە کوردستان ناڕازییە و نەیدەویست لاوی کورد بۆ لای ڕێکخراوێکی چەپی سەراسەری بڕوا. بەڵگەی دیکە با بێنینەوە، برنامەی حیزبی دێمکرات کوردستان کە سەرەتا لە کۆنفڕانسی سێ و دواتر لە کۆنگرەی سێ دا پەسند کرا، لە فەسڵی یەکەم و لە ئامانجە گشتییەکاندا، لە خاڵی دووهەمدا دڵێ: ئامانجی دۆاڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنانی کۆمەڵێکی سۆسیالیستیی دادپەروەرانەیە. لە کوێ ئەو کۆمەڵگەیە پێکدێ، خۆ ناڵێ لە ئێرانێ. نا ڕوونە ئەوە بۆ کوردستانە، ئەوەیە کە دەڵێین لە ئاسۆی دووروی ئەو‌دا، کوردستانی سەربەخۆ هەیە. سەرنج بدەنە ئەوە کە هەر لە خودی برنامەکەدا وا دەڵێ. ئەو پێکهێنانی کۆمەڵێکی سۆسیالیستیی بۆ ئێران ناوێ ئەوەی بۆ کوردستان دەوێ. خۆ ناکرێ لە کوردستان ئابووریی سۆسیالیستی پیادە بکرێ و لە شوێنەکانی دیکەی ئێران ئابووریی بازاڕی ئازاد (سەرمایەداری) بەڕێوەبچێ. دوکتور قاسملوو دواتر لە ساڵی 1362دا ڕاشکاوانەتر لە «کورتەباس»‌دا، باس لەوە دەکا کە ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو سۆسیالیزمەی بۆ کوێ دەوێ. لەوێ بە ڕوونی دەڵێ کە ئەو ئامانجەی بۆ کوردستان دەوێ. هەر لەوێ دوکتور قاسملوو پرسیارێک دەکا و بۆخۆیشی وڵام دەداتەوە. دەپرسێ ئەو سووسیالیزمەێ دمانەوێ دایبمەزرێنین چ جۆرە سووسیالیزمێکە و ئایا بە تەواوی عەینی ئەوە دەبێ کە لە وڵاتە سۆسیالیستییەکان دامەزراوە؟ دوایە لە وەڵامدا دەڵێ نا، «سۆسیالیزمێک کە لەگەڵ وەزعی وڵاتەکەمان بێتەوە، چوونکی ڕاستە کۆمەڵی کوردەواری پێی ناوەتە قۆناغی سەرمایەداری بەڵام هێشتا خۆی بە تەواوی لە پێوندییەکانی سەردەمی درەبەگایەتی ڕزگار نەکردووە.» دیقەت بکەن دەڵێ کۆمەڵی کوردەواری، واتە وڵاتەکەمان، یانی کۆمەڵی کوردەواری نەک ئێران. لەسەر یک پارچەیی کوردستان و لە سەر ئەوێ هەر چوارپارچەی کوردستان لە داهاتوودا دەبێ یەک بگرێتەوە. دوکتور قاسملوو لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێ: «کوردیش وەک  هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی  چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە. سرووشتێکی تایبەت کە لە مەسەلەی کورددا هەیە ئەوەیە کە مەسەلەکە بۆ کورد تەنیا جیابوونەوە نییە، بۆ کورد تەنیا ئەوە نییە جیابێتەوە لە ئێران، لە عێڕاق یا لە تورکیە؛ بەڵکوو پێش هەموو شتێک یکگرتنەوەیە، یانی پێش جیابوونەوە بۆ کورد پرسێکی سەرەکی یەکگرتنەوەی ئەو چوار پارچەیەی کوردستانە.» د. قاسملوو ئەو کات کە مارکسیستیشە و دەبێ بەپێی بیردۆزەکانی ئەو مەکتەبە پرسی نەتەوەیی ببەسرێتەوە بە سەرکەوتنی چینی کرێکار، بەڵام ئەو سەربەخۆیی کوردستان نابەستێتەوە بەو ڕۆژەی کە چینی کرێکار بێتە سەر دەسەڵات و جا ئەو پرسە بێتە گۆڕێ. ئاخر کۆمۆنیستەکان و جەپی ڕادیکاڵ دەڵێن هەتا چینی کرێکار نەیەتە سەر دەسەڵات، نابی ئەتۆ گرینگی بە پرسی نەتەوەیی، بە پرسی ژنان و پرسی کولتوری و هیچ کام لەو شتانە بدەی؛ کەچی دەڵێ نا ئەوە پێوەندی بەوەوە نییە و تەنانەت ئەگەر نیزامەکە سەرمایەداریش بێ، وڵاتێک دەتوانێ بەخۆی جیا بێتەوە و نابی ڕابوەستێ لەسەر ئەوەی کە کەی و چ کاتێک چینێ کرێکار دێتە سەر دەسەڵات. ئەوە کە سەربەخۆیی نەتەوەیەک لە سێبەری ڕێژیمی سەرمایەداریدا جێبەجێ دەبێ یا تەنیا لە ڕێژیمی سووسیالیستیدا، دوکتور قاسملوو دەڵێ: هیچ کام لەوانە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی کە حاشا لەوە بکرێ کە هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی، خۆی هەیە. مافی یەکگرتنەوە تەنانەت لە مافی جودابوونەوە زیاترە، کە وابوو ئێمە ئەو مافەمان هەیە، چوونکە دابەشبوونی کوردستان لە ڕاستیدا دابەشبوونێکی دەستکردە. ئاخۆ ئەمانە ناتوانن بەڵگە بن بۆ نەتەویی بوونی ئەو؟ لە وتووێژ لەگەڵ «عینایەتی فانی‌« لە «بی بی سی»دا دەڵێ چی؟ باسی ئەوەی کردوە کە ئێمە ئێرانین. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ. ئەرێ ئەو باسی ئەوەی کردوە و گوتویەتی «نەتەوەی ئێران»؟ با برۆن هەموو وتووێژەکە ببینن و ئەگەر گوتبێتی نەتەوی ئێران قەبوولمانە. کێشەی ئیمە لەگەڵ ناسیونالیستەکانی ئێرانی لەسەر «نەتەوەی ئێران»ە، لەبەر ئەوەیە کە ئێمە باوڕمان بە نەتەوەی ئێران نییە و پێمانوایە نەتەوەی ئێران شتێکی دەستکردە و هەر بوونی نییە. دوکتور قاسملووش قەت باسی نەتەوەی ئێرانی لە هیچ جێیەک و لەو وتووێژەشدا نەکردوە. دوای ئەوە ئێران وەک چی؟ ڕوونە ئێران وک یەکەیەکی جوغڕافی هەیە و حاشای لێ ‌ناکرێ، بەڵام ئەگە لە هەموو وتارکان، نووسراوەکان و وتووێژەکانی دوکتور قاسملوودا لە شوێنێک باسی لە نەتەوەی ئێران کردبێ، ئێمە قسەمان نامێنێ، کە دەشزانین قەتی نەکردوە. با نموونەیەکی دیکە بێنینەوە لە سەر خودموختاری، ئەوەی کە دەڵێن چونکی خودموختاریی ویستوە نەتەوەیی نەبووە. باشە مەلا مستەفای بارزانی مەگەر یەکێک لە سیمبولەکانی کوردایەتی نییە؟ کێ شکی لەوەیە کە مەلا مستەفای بارزانی نوێنگەی هەرە ڕوونی  کوردایەتی نەبووە، بەڵام ئاخۆ مەلا مستەفا لە تەواوی سەردەمی ژیانی سیاسیی خۆیدا شتێک زیاتر لە خودموختاریی ویستوە ،ئەوەی بۆخۆیان پێی دەڵێن حوکمی زاتی؟ با نموونەیەکی دی لە ئێستادا بێنینەوە، خۆ ئیدی ئێستا گومان لەوە‌دا نییە کە ڕێبەرانی باشووری کوردستان نەتەوەیین و ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە دۆڵەتێکی سەربەخۆی کوردی پێکبێنن و هیوادارین بەم ئاوات و ئارەزوویەش بگەن؛ بەڵام دەبینین کە لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا، باشووری کوردستان نیزیک بە چل و حەوت ساڵ خودموختاریی ویستووە، بیست ساڵیش داوای فێدڕاڵی کردوە، خۆ ئەگەر وابێ دەبێ بگوترێ ئەوان لە ڕابردوودا نەتەوەیی نەبوون و هەر ئەو سێ _ چوار ساڵە نەتەوەیی کە داوای سەربەخۆیی دەکەن؟ ئەم ئیستدلال و بەڵگانەی ئەوان دەیهێننەوە بە قەولی مەولەوی «پایەکەیان چووبین»ە و، زۆر زەعیفە. ئێستا با باس لەوە بکەین کە ئەم ئاڵوگۆرە فیکرییە چۆن لە د.قاسملوودا پێک هات، واتە لە چەپێکی کوردەوە بوو بە کوردێکی چەپ؟ باکگڕاوەندی ئەم گۆڕانکارییانە چین و لە کوێ‌وە کاریگەرییان کردە سەری و لە کامە بەستێندا دروست بوون؟ دوکتور قاسملوو کتێبەکەی لە ساڵی  دا١٩٦٢ تەواو دەکا. ئەو لە ساڵی ١٩٥٨ەوە دەستی بە نووسینی ئەو کتێبە کردوە کە تێزی دوکتوڕاکەیەتی، بەڵام سەرنج بدەنە عینوانی کتێبەکەی. ئەوکات کە ئەو مارکسیست_لێنینیستە، ئەوکات کە ئەو ئەندامێکی حیزبی تودەیە، «کوردستان و کورد» دەنووسێ. یانی بۆ یەکەم جار کوردێک بە شێوازی ئاکادمیک لە سەر پرسی کورد و لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان دەنووسێ. خۆ ئەگەر شوێنپێی ئەنگیزەی ئەو کتێبەی هەڵبگری، بە بڕوای من دەگەڕیتەوە بۆ ئەو شەش_حەوت ساڵ پێش لە دەسپێکی نووسینی ئەو کتێبە، ئەو کاتەی دوای کودیتاکەی 28ی گەلاوێژی ١٣٣٢ بەنەهێنی و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵی پێشوا قازی محەممەد ماوەتەوە. وەک بۆ خۆی دەڵێ لەو ماوەیەدا دەڵێ ئیستفادەیەکی زۆری لە کتێبخانەکەی پێشوا کردوە و هەر لەوێ هەست بەوەی دەکا کە کەلێنێک هەیە لە کتێبخانەی کوردیدا و دەبێ کتێبێک بەشێوەی ئاکادمیک لە سەر کوردستان و کورد، واتە هەر چوارپارچەی کوردستان بنووسرێ. خراپ نییە هەر لەو پێوەندییەدا باس لە فاکتێرێکی دیکەش بکەین. ئەو گۆڕانکارییەی دەکرێ لە هەموو ئەوانەی دیکە شوێنکاری زیاتری لەسەر دوکتور قاسملوو دانابێ و وایکردووە لە باری فیکرییە ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵەی بەسەردا بێ. ئەویش ئەو ماوەیە و ئەو کاتانەی کە ئەو له نێو حیزبی توودەدا بەجیدی لەگەڵ شوینیزمی فارس بەرەڕوو دەبێ. ئەو کاتەی د. قاسملوو لە ئورووپایە و لە دەیەی 60 دا بە هەموو وجوودەوە هەست بە شوینیزمی فارس لە نێو حیزبێکی کۆمۆنیست(تودە)دا دەکا ئەویش لە رێکخڕاوێکی چەپ‌دا کە ئوسوولەن نابێ رێکخڕاوێکی چەپ تێڕوانینی شوینیستیی هەبێ. بەڵام ئەو زۆر بە باشی هەستی پێدەکا و به بڕوای ئەمن ئەمە فاکتێریکی سەرەکییە بۆ بیچمگرتنی ئەو گۆڕانکارییە لە دوکتور قاسملوودا، لەوەی کە لە چەپێکی کورد ڕا بۆ کوردێکی چەپ بگۆڕدرێ. بۆ ئەوەش بەڵگەمان زۆرن کە ئاماژە بە هیندێکیان دەکەین. سەرەتا با بزانین دوکتور سارمەدیین سادق‌وەزیری لەسەر دوکتور قاسملوو دەڵێ چی؟ ئەوکات کە دوکتور قاسملوو کادری حیزبی توودەیە بەڵام پرسی کوردی نەخستۆتە پراوێزەوە و هەموو کاتێ دەغدەغەی ئەو بووە. ئەو دەڵێ قاسملوو بە درێژایی ئەو ساڵانەی ئەندامی حیزبی توودە بوو، هەمیشە هۆگرییەکی زۆری بۆ کورد و خوێندنەوە لەسەر ئەو بابەتە هەبوو. یانی کاتێک کە ئەو کومۆنیستێکە و بۆ کۆمۆنیستەکان پرسی نەتەواییەتی پلە دوو و پلە سێیە، بەڵام ئەو قەت پرسی کوردی نەخستە پەراوێزەوە. با نموونە لەو ململانێیانە بێنینەوە کە دوکتور قاسملوو لە ئورووپای شەرقی لەگەڵ شوینیستە فارسەکانی نێو حیزبی توودە بوویەتی. دوکتور قاسملوو ئەو کات کە بە خۆی کادری حیزبی تودەیە لە نامەیەکدا کە بۆ کاک کەریمی حیسامی نوسیویەتی و ئەو نامانە ئێستا هەن؛ دەڵێ: «بە نەزەری من بۆ ئەوانە _ یانی بۆ ڕێبەڕانی حیزبی توودە- پرسی کورد و هەروەها ڕۆژنامەی کوردستان وەک شتێکی دەرەجە چوار و دەرەجە پێنجە و لە هەموو لایه‌کیش بە ناسیۆنالیست و مونحەریفمان دەزانن؛ بە تایبەتی ئەمن. وەک دەبینین دوکتور قاسملوو لەو نامەیەدا گلەیی دەکا و بۆ کاک کەریمی حیسامیی نووسیوە و دەڵێ» «ئەوانە بە ناسیۆنالیست و مونحەریفمان دەزانن و کورد و ڕۆژنامەی کوردستان بۆ ئەوانە بایەخی نییە و ئاخریش ڕوژنامەی کوردستانی لە دەستیان دەرهێنا. وەک دەزانین دەوری دووهەمی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵانی 1964 تا 1966 لە ئورووپای شەرقی دەرچوو و بیست و پێنج ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆوە. کێشەکە لێرەدا دابوو کە ڕێبەڕانی حیزبی توودە دەیانگووت دەبێ ناوی ڕۆژنامەکە بنێن «نامەی مردم» و دەبێ ئۆرگانی حیزبی توودەش بێ و گرینگ نییە ئەگەر به کوردی وتاری تێدا بنووسن. دوکتور قاسملووش کێشەی ئەوەیان لەگەڵ دەکا کە دەبێ ناوی کوردستان و ئۆڕگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بێ. کوردستان، هەر ئەو کوردستانەی میراتی سەردەمی کۆمار و هەمان ناو و دوایەش لە بن دەستی دەرهێنان. ئێحسان تەبەری لە کتێبی «کژ راهە»دا دەڵێ: دوکتور قاسملوو بە «لطایف الحیل» ڕۆژنامەی کوردستانی لە دەست ئێمە دەرهێنا. بەڵێ لە دەستی دەرهێنان و بە ناوی کوردستان بڵاوی کردەوە. لە نامەیه‌کی دیکەدا دوکتور قاسملوو دەنووسێ کە چۆن کێشە و ململانێی هەیە لەگەڵ شوینیستە فارسەکانی نێو حیزبی توودە. ئەو دەڵێ: «چاوم بە ڕام کەوت و پێی گوتم ئێوە هەمووتان ناسیۆنالیستن و دەبێ خۆتان یەکلا بکەنەوە و دەست لە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵگرن. هەر لە ڕاستیدا هەموو هەوڵی حیزبی توودە ئەوە بوو. حیزبی توودە لە ساڵی ١٣٢٤بەولاوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە حیزبی دێموکراتیش بە فیڕقە بکا؛ یانی وەکوو فیڕقەی دێموکراتی ئازەربایجان ببێتە لقێکی ئەیالەتیی ئەو حیزبە. واتە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبێ، بەڵام لقی ئەیالەتی و لقی کوردستانیی حیزبی توودە بێ. بەڵام لە ڕاستیدا دوکتور قاسملوو نەیهێشت. با بۆ مێژوو بیڵێم کە دوو کەس نەیانهێشت حیزبی دێموکراتی کوردستان ببێ بە لقی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران. یەکەمیان ئەحمەد تەوفیق و پاشان دوکتور قاسملوو، هەڵبەت هەر کامەیان بە مێتۆدی خۆیان. ئەحمەد تەوفیق بە پێداگرییەکی توند لە سەر ناسیۆنالیسم، بەڵام دوکتور قاسملوو به خوێندنەوەیەکی دیکە له سۆسیالیسم، بە خۆیندنەوەیەکی جیا لە خوێندنەوەی حیزبی توودە بۆ سۆسیالیسم و بۆ چەپ. ئەوان هەر کام بە مێتۆدی خۆیان نەیانهێشت حیزبی توودە حیزبی دێموکراتی کوردستان قووت بدا. ئەو دەرگیری و ئەو کۆنتاکتەی دوکتور قاسملوو لە گەڵ ڕێبەڕانی حیزبی توودە لە ساڵانی دەیەی 60 دا هەیەتی، دەگاتە ئەو جێیەی کە چیدی ئیعتماد بە دوکتور قاسملوو ناکەن، با بزانین لەو پێوەندییەدا کاک کەریمی حیسامی دەڵێ چی؟ کەریم حیسامی خۆی یەکێک لە ڕەخنەگرانی دوکتور قاسملوویە، بەڵام ئەوە باشە کە بەڵگەکان لەوی بێنینەوە. کەریم حیسامی دەلێ: کاتێک ڕێبەرانی حیزبی توودە ئیجازەیان پێداین سەردانی عێڕاق بکەین، ئەو کاتەی ڕاپەڕینی چەکدارانەی 46-47 درووست دەبێ؛ حیزبی توودەی ئێران بۆ ئەوەی کایەکە بە سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودە نەدۆڕێنێ کە ڕەقیبی بوو، دواجار لەسەر هاندان و پێداگریی کاک کەریمی حیسامی و دوکتور قاسملوو سەردانێکیان دەکەین. ئەوان دێن لە بەغدا چاویان بە کاک سولەیمانی مۆعینی و کاک حەمەدەمینی سیڕاجی دەکەوێ. بۆ ئەو سەفەرە ڕادمەنیش بە کەریمی حیسامی گوتوە کە نابێ قاسملوو بزانێ کە ئێمە ئەو سەفەرەی دەکەین بو بەغدا. کەریم حیسامی دەڵێ لەبەرچی؟ بۆ نابێ دوکتور قاسملوو بزانێ؟  ئەویش دەڵێ : لە سەر قاسملوو ئەزموونمان هەیە، ئەو ئەندامی حیزبی تووده بوو و ئێمە ناردمانەوە کوردستان، کەچی بوو بە هۆی بنەڕەتیی لێکپچڕانی حیزبی توودە و حیزبی دێموکراتی کوردستان. ڕادمەنیش و حیزبی تودە ئیدی چیدی  متمانەیان بە د. قاسملوو نامێنێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.