کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی بەرپرسانە و نەتەوەیی و ئەخلاقی لەم دۆخەی دەڤەری باڵەکایەتی‌دا

05:41 - 5 خەرمانان 2717

دەڤەری باڵەکایەتی لە شێستەکانی زایینییەوە بەردەوام مەکۆی گیرسانەوەی هێزە خەباتکارەکانی کوردستان و ناوچەی جێگیربوونی سەرکردایەتی و بنکە و بارەگای هێزی پێشمەرگە بووە. نەک هەر هێزەکانی باشووری کوردستان بەڵکوو هێزی پێشمەرگە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەتی حیزبی دیموکرات، لە باوەشی خەڵکی ئەم دەڤەرە دا حاواونەتەوە. ئەوا چەندین ساڵە هێزەکانی پارتی کرێکارانیش لەم دەڤەرە هەبوون و ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان چاکە و دڵسۆزییان لەم خەڵکە دیوە. کە وایە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و شۆڕشپارێزیی خەڵکی ئەو دەڤەرە، هیچ قسەی تێدا نیە و هەموو لایەکمان پێیان قەرزدارین. ڕووداوێکیش کە ئەمڕۆ ئێوارە هەینی لە دەوروبەری گوندەژۆر ڕووی داوە، بەرهەمی هەڵە و نەزانیی کەسێک یا دوو کەسە و دڵنیام لە هەموو لا زیاتر ئەو حیزبەی ڕووداوەکە لە دەستی پێشمەرگەکانی قەوماوە(کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ)، بەم رووداوە ناڕەحەتە، چونکە بەرپرسیارەتی لە پلەی یەکەم دا بۆ ئەوان دروست بووە. هەمیشە هەر وایە هەڵە و نەزانیی یەک یا دوو کەس دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێک. بەڵام لە بارودۆخی ئێستا دا، ئەرکی بەرپرسانە و نەتەوەیی و ئەخلاقی هەموو لایەک لە دام و دەزگای حکوومەتیەوە بگرە تا یەکە یەکەی حیزبەکان و خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە، ڕێگە نەدرێ کارەساتی دیکە بخوڵقێ. خەڵکی باڵەکایەتی کە ناوچەکەیان پڕە لە کەسایەتی بە ئەزموون و خاوەن نفووز، لێیان چاوەڕوان دەکرێ، پێش بە تەقینەوەی زیاتری توورەیی دانیشتوانی گوندەژۆر و خزم و کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو رووداوە بگرن و پێشی کەس و لایەنی هەلپەرست بگرن و نەهێڵن بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان دەست بخەنە نێو رووداوەکە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش دڵنیام دەرکی مەینەت و ناسۆر و ناڕەحەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی دانیشتوانی گۆندە‌ژۆر دەکەن هەر بۆیە هەوڵیان داوە لە شوێنی ڕووداوەکە و رووبەڕووبوون لە گەڵ تووڕەیی خەڵکەکە دوور بکەونەوە. ئەم خەڵکە و ئەم حیزبانە دوژمن و نەیاری یەک نەبوون و نابن و ئەوانەی هەوڵی دروستکردنی دوژمنایەتی دەدەن، دڵسۆزی نەتەوەکەیان نین. بە سەرنجدان بە بارودۆخی ناسکی هەرێم و هەستیار بوونی ناوچەکە، بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە، پێویستی بە حیکمەت و دووربینی وهەنگاوی بەرپرسانە هەیە نەک دنەدانی هەستی تۆڵە و خۆشکردنی ئاگرەکە. لە قووڵایی دلەوە سەرەخۆشی لە بنەمالەی قوربانییەکان، خەڵکی گوندەژۆر و ناوچەکە دەکەم. زۆر بە داخم کە کردەوەیەکی نەزانانە، بووە بە هۆی ئەو کارەساتە و دووکەلەکەشی چووەتە چاوی سەرجەم هێزەکانی ڕۆژهەڵات. هیوادارم بەپشوودرێژی و سینگفرەوانی و هەوڵی بەرپرسانەی هەموو لایەک پێشی قووڵبوونەوەی کارەساتەکە بگیرێ. ٢٦/٠٨/٢٠١٧