کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سنوورەکان بە چ مەبەستێک؟

05:47 - 5 خەرمانان 2717

ناکرێ جووڵە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا تەنیا یەک مەبەستی لە پشت بێت. کۆمەڵە هۆکارو فاکتەرێکی ناوخۆیی، ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتی، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە زیاتر لە هەمیشە ناوچە سنوورییەکان میلیتاریزە بکەن و هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانیان لێ چڕ بکەنەوە. ئەوەندەی پێوەندی بە ناوخۆی ئەم وڵاتە(ئێران) و بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆرێک سیاسەتی "حزووری پێشمەرگایەنیان لە نێو خەڵک"دا پەێڕەو دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن؛ بۆ پێوەندی بە خەڵکی خۆیان و حزووریان  لەسەر خاکی خۆیان هێزی پێشمەرگەیان دەنێرنەوە نێو شارو ناوچەکانی کوردستان و ئامانجیشیان تەنیا جووڵەی سیاسی _ تەبلیغییە. بەڵام هێزەکانی رێژیم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بۆسەیان بۆ داناون و هێرشیان کردۆتە سەر هێزی پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا رووی داوە. لەم پێوەندییەدا رێژیمی ئێران، حزووری پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کردۆتە بیانوو بۆ پڕچەککردنی خەڵکی بەکرێگیراو و چڕکردنەوەی هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکان. گواستنەوەی بنکەو بارەگای حیزبەکان بۆ سەر سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری هەڵگوورد و، پەرەپێدان بە حزووری پێشمەرگانەیان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زیاتر لە جاران ترسی خستۆتە دڵی هێزەکانی رێژیم و بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار بەرپرسانی رێژیم هەڕەشەیان لە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە کە دەستیان لێ دەوەشێنن و، تەقینەوەکەی پارەکەی شەوی یەلدای بەردەم بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە ٧ پێشمەرگەی ئەم حیزبەی تێدا شەهیدبوون، سەلمێنەری ئەم راستی‌یەیە. بەڵام ئەمە هەمووی مەسەلەکە نیەو رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەستی بە نەخشە گەورەکە کردوە و بە خوێندنەوەی خۆی، مەترسیە گەورەکەی هەست پێ کردوە. سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە ئێستا خەڵکی باشووری کوردستان خۆی بۆ رێفراندۆمەکەی ئامادە دەکات، ئەو پرسەیە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران - بە غەڵەت - بە مەترسی بۆسەر خۆی دادەنێ. رێژیمی ئێران بە بۆچوونی خۆی بە چڕکردنەوەی زیاتری هێزەکانی لە سەر سنوورەکانی باشووری کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ پرسی سەربەخۆیی ئەم بەشە لە خاکی کوردستان‌دا، پێی وایە دەتوانێ دوو ئامانج بپێکێ: یەکەم ئەوەیکە، بە جۆرێک پەیامێکی پڕ لە هەڕەشە بنێرێ بۆ خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی‌دا هەڕەشەین بۆ سەرتان و هیچ بە قازانجتان نیە کە سەربەخۆ بن. دووهەم ئەوەیکە پێش بە هەر جۆرە جموجۆڵێکی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان دوا راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشوور بگرێ!! لایەنێکی دیکەی ترسی ئێران و چڕکردنەوەی هێزەکانی لە سنوورەکانی، پێوەندی بە مەوقعییەتی نیزامیی خودی کۆماری ئیسلامی ئیڕانەوە هەیە لە ناوچەکە و بە تایبەت لە سووریە. کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای نیزامیی هەردوو وڵاتی تورکیە و ئێران لەم ماوەیەدا و رێکەوتنیان لە سەر عەمەلیاتی هاوبەش، لە پرسی سووریەوە دەست پێ‌دەکات و مامەڵە و سات‌وسەودای ئەسڵیی ئەم دوو وڵاتە لە رێکەوتنەکەیان‌دا گومانی تێدا نیە کە کوردە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەتایبەت ئامریکاییەکان چەند جارێک بە ئاشکرا قسەیان لە پێشڕەوییەکانی ئێران لە سووریە کردوەو رایانگەیاندوە کە بۆیان قابیلی قبووڵ نیە کە بەرانبەر بەم زێدەڕەویانەی ئێران بێ‌دەنگ بن. لە گەڵ ئەوەیکە سووریشن لە سەر سڕکردنی رێژیمی بەشار ئەسەد. لەولایشەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گرینگییەوە دەڕوانێتە سووریەو بە حەوشەخەڵوەتی خۆی دادەنێ و لە هەمانکات‌دا هەزینەیەکی زۆری کردوە بۆ راگرتنی رێژیمی بەشار ئەسەد. بۆیە بۆ پێشگیریی لە دۆڕاندنی یەکجارەکی لەم مەیدانەدا، پێویستی بە تورکیەیە کە بە قایمی پشتی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی بەشار ئەسەدی گرتووە. ئێران بۆ رازیکردنی تورکیە کارتێکی لە بەر دەست دایە بە ناوی پەکەکە. بۆیە رێکەوتنەکە بەشێکی لە سەر لێدانی پەکەکەو لق و پۆپەکانیەتی. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گوایا ئێران بۆ بە عەمەلیکردنی ئەم رێکەوتنە چەند بنکەیەکی پەکەکەو پژاکی لە قەندیلی چووک و گردی کچان تۆپباران کردوە کە وەک زانیارییەکان باس دەکەن پێشتر هەر بە ئاگاداریی ئێران، چۆڵ کراون!!. ئەوەی لەم نێوەدا جێی سەرنج و تێڕامانە هەوڵدانی ئێرانە بۆ گەورە نیشاندانی ئەو مەترسیانەی کە لە سنوورەکانەوە رووی لە خۆیەتی. ئەگەر ئەمە بەشێکی بۆ چرترکردنەوەی زیاتری هێزەکانیەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سنوورەکانی لە گەڵ باشووری کوردستان، بەشێکیشی بە جۆرێک ترساندنی تورکیەیە لە مەترسییەکانی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و هێزەکانی پەکەکەیە بۆ ئەوەی لە قەزییەی سووریەدا بە جۆرێک تورکیە بەرانبەر بە داواکارییەکانی نەرمی بنوێنێ.