کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سۆنگەی ڕووداوەکانی بانەوە، ئاگاداری پیلانەکانی رێژیم بین

06:45 - 15 خەرمانان 2717

زیاتر لە یەک ساڵە کە لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ناڕەزاییەتییەک دژ بە ڕەفتاری نامرۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ئارادایە. لەو ماوەیەدا بە دەیان جار چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە دانانی کەمپەینی جۆراوجۆر و هەروەها بنەماڵەی قوربانیان لە رێگای جۆراوجۆری وەک نارەزایەتی دەربڕین و هانابردن بۆ کاربەدەستانی رێژیم لە کوردستان، داوایان کردوە کە کۆتایی بە پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر کۆڵبەرانی بێ‌دەرەتان و تەقە لێ‌کردنیان و کوشتنیان بهێندرێ. بەڵام بەداخەوە نە تەنیا ئەم هەوڵانە هیچ وڵامێکیان نەدرایەوە، بەڵکوو رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر پەلاماری کۆڵبەران درا و گیانیان لێ ئەستێندرا. لە تازەترین نموونەدا هەر رۆژی دووشەممە، رێکەوتی١٣ی خەرمانان دوو کۆڵبەری بێدەرەتانی بێ‌تاوان لە ناوچەی بانە بە تەقەی هێزەکانی رێژیم گیانیان لێ‌ئەستێندرا. لە بەرانبەردا خەڵکی ئەم شارە کە چەندین جار نارەزایەتییەکانیان لە لایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی رێژیمەوە بێ‌وڵام مایەوە، ڕۆژێک دواتر بە داخستنی دوکان و بازار و کۆبوونەوەیان لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە بۆ جارێکی دیکە دەستیان دایە نارەزایەتی دەربڕین. ئەوان لە گەڵ ئەوەدا خەڵکیان لێ کوژرابوو و رقێکی پەنگخواردوو ئەوکی گرتبوون، بەڵام دیسانیش بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی داوایان لە فەرماندار و باقی کاربەدەستانی دیکەی شارەکەیان کرد کە تاوانباران سزا بدرێن و وڵامی ناڕەزایەتییەکانیان بدرێتەوە، ئەوان داوایان لە فەرماندار کرد کە لە ژوورەکەی بێتە دەر و ڕاستەوخۆ لە سەر ئەم تاوانەی هێزە سەرکوتکەرەکان قسەیان لە گەڵ بکا و گوێ بۆ داخوازییەکانیان شل بکا، ئەوان هێمنانە و مەدەنیانە چووبوون بە کاربەدەستانی رێژیم لە شارەکەیان بڵێن کە بۆچی هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکانتان بەرداوەتە گیانی کۆڵبەرانی بێدەرەتانی ناوچەکەیان و بە بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ بکەن ئیزنیان دەدەن کە سێرەگرتن لە کاسبکارانی کورد بکەنە تاقیکردنەوەی چەکەکانیان. کەچی وڵامی ئەم داواکارییە ڕەوا و هێمنانەیە، دیسان بە تەقە و ڕژانی خوێنی خەڵک درایەوە. کاربەدەستانی رێژیم لە شاری بانە، بەتایبەت فەرماندار و نوێنەری شار لە پارلمان نە تەنیا ئامادە نەبوون خەڵک ببینن و گوێ لە داواکانیان ڕابگرن، بەڵکوو زۆر بێشەرمانە کەوتنە خۆدزینەوە لە خەڵک و دەرگا لەسەرداخستن و لۆمەکردنی خۆپێشاندەران و، تۆمەتبارکردنی خەڵکی ئەم شارە بە ئاژاوەنانەوە و سەربزێوی! بەمەیشەوە نەوەستان و لە بەرانبەر پێداگریی خەڵکی مافخوازی ئەم شارەدا هێزە سەرکوتکەرەکانیان بەردایە گیانیان و بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکرێژ، گرتن و تەقەکردن، هەوڵی سەرکوتی حەرەکەتی هێمنانە و مەدەنیی شاریان‌ دا. بەداخەوە وەک تا ئێستا باس دەکرێ زیاتر لە ١٠ کەس لە خۆپێشاندەران بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بریندار کراون کە بارودۆخی چەند کەسێکیان ناجێگیرە و هەروەها نزیک بە ١٠ کەسیشیان دەستبەسەر و زیندانی کردوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا زیاتر لە هەموو شتێک جێی گرینگی پێدان و ڕاوەستە لە سەر کردنە، پێداگریی خەڵکی شاری بانە لە سەر داواکارییەکانیان و یەکگرتوویی خەڵکی ئەم شارە لەم حەرەکەتە ئێعترازییەدا بوو. ئەوان کە هەستیان بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی شار بەرانبەر بە داواکارییەکانیان کرد، لە کردەوەیەکی یەکگرتووانەدا، بە هێرش بۆ سەر بینای فەرمانداری و فورمولەکردنی داواکانیان و یەک لەوان داوای دەست لە کار کێشانەوەی فەرماندار لە پۆستەکەی، نە تەنیا جەنابی فەرمانداریان ناچار بە هەڵاتن و خۆشاردنەوە کرد، بەڵکوو ترسێکی قوڵیان خستە دڵی رێژیم و یەکگرتووانە ئەو پەیامەیان بڵاوکردەوە کە، بەرانبەر بە پشتگوێخستن و کەمتەرخەمی و لە کۆتاییدا کوشتن و بڕینەکانتان بێ‌دەنگ نابین. لێبڕاویی خەڵک لە هەڵوێستگرتن و یەکگرتووانە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان ترسێکی وەهای خستە دڵی کاربەدەستانی رێژیم لەم شارە کە ناچار بوون بە هێنانی هێزی سەرکوتکەری زیاتر لە شارو پارێزگاکانی دیکە و هەستاندنی فڕۆکە بە سەر ئاسمانی شار و قەتعکردنی خەتی ئینترنێت و تەلەفوون، هەوڵی کۆنترۆڵی شار و دامرکاندنی ڕق و بێزاریی ئەم خەڵکە لە ڕێژیمەکەیان بدەن. ڕێژیم بەم کارەی هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ چاندنی ترس لە دڵی خەڵکی شاری بانە، بەجۆرێک دەیهەویست بە بەڕێوەبردنی سناریۆیەکی ئەمنیەتی کە بەشێکی هەر ئێوارەی ئەم ڕۆژە لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک بەم شارە - کە کوژرانی دوو چەکداری خۆی لێ‌کەوتەوە- بەجێ‌گەیاند، بیانوو بۆ سەرکوتی زیاتر و بەلاڕێدابردنی حەرەکەتی خەڵک ساز بکات. کە بە خۆشییەوە خەڵک و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ئەم شارە، هوشیارانە ئەم پیلانەی رێژیمیان پوچەڵ کردەوە. ئامانجی رێژیم لە بەڕیوەبردنی ئەم سناریۆ ئەمنیەتییانە و هێنانی لەشکرێک لە هێزی سەرکوتکەری خۆی بۆ عەرز و ئاسمانی "بانە"، بە ئەمنیەتی پێناسەکردنی حەرەکەتی خەڵک و هەروەها پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئەم حەرەکەتانە و بە جەماوەریبوونیەتی بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی. ئەوان کە هیچ وڵامێکی مەنتیقیان بەرانبەر بە داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵک پێ نیە و ناتوانن هیچ پاساوێک بۆ سەرکوتی جووڵەی مەدەنی و هێمنانە بهێننەوە، هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە جموجۆڵانەی خەڵک لە خانەی ئەمنیەتیدا ببینن و بە هاندانی بەرەو توندوتیژی و کاردانەوەی توند، مەجال بۆ بەرخوردی سەرکوتکەرانەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان بڕەخسێنن. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان و هێزە دەرەوەست و مەسئوولەکان کە خەڵک بێگومان لە سەر هەڵوێست و گوتاریان حیساب دەکات، لێزانانە، بە ئاگاهییەوە و حەکیمانە هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ بەجەماوەرییکردنی ئەم حەرەکەتانە و ڕاکێشانی پشتیوانیی زیاتری خەڵکی شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە پیلانەکانی رێژیم غافڵ نەبن و هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان بدەن.