کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند سرنجێک بۆسەر حیزبی دیموکراتی کوردستان لە یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانیدا

07:33 - 16 خەرمانان 2717

لەسەر شێوەی دامەزران و مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەلایەن نووسەران و لێکۆلەرانی کورد و بیانی گەلێک کتێب و بابەت لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییە نووسراوە و تیشک خراوەتە سەر گۆشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبە بە تایبەتیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتیی. لێرەدا بە کورتی چەند خاڵی مێژوویی و سەرەکیی ئەم حیزبە گەڵاڵە دەکرێ. * حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویی لەسەر قەوارە و بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف پێک هات ‌و  بووە درێژدەری خەباتی ئەم ڕێکخراوەیە بە چەشنێکی ئاشکرا، بەڵام بە پاشگەزبوونەوەی کاتی لە چەند خاڵێک هەتا ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان. بە پێی ئەوەی کە پێشەوا قازی محەممەد وەکوو کەسایەتییەکی ئایینی لە کاتی ئەندام بوونی لە کۆمەڵی ژێکاف وەکو تەواوی ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە نهێنییە سوێندی خواردبوو کە بێجگە لە کۆمەڵەی ژێکاف نەبێتە ئەندامی هیچ ڕێکخراوەیەکی دیکە و وەفادار بە ڕێگا و خەباتی ئەم حیزبە بمێنێتەوە، ئەستەمە بیر لەوە بکرێتەوە ئامادە بووبێ بە پێچەوانەی سوێندەکەی ڕەفتاری کردبێ. لە لایەکی دیکەشەوە ٢٥ی گەڵاوێژ ڕۆژی دامەزرانی «کۆمەڵەی ژێکاف»‌یشە و ئەمە لەوە ناچێ بە هەڵکەوت بووبێ. بەم پێیە دەکرێ ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات نەک ٧٢ بەڵکوو ٧٥ ساڵ لە قەڵەم بدرێ. * حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرێنەری یەکەمین کۆماری کوردستانە. کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو شانازییەی بە کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەخشی هەتا لە پێکهێنانی یەکەمین دەستەڵاتی کوردستاندا بەشدار بن. * لە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەریی ئەم حیزبە، توانایی ئەوان بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەوەڵین دەرفەت، بێ فەوتاندنی کات بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانە، ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم فەرمانە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەڵویست و ویستی یەکیەتیی سۆڤییەت و وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، هەروەها دەوڵەتی ئێران و فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان نەبووە. ئەمە نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە بۆ پێشەوا و ڕێبەرانی حیزب سەربەخۆیی ئامانجی سەرەکی بووە و بە پشتبەستن بە خەڵک، لە یەکەمین دەرفەتدا کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاندوە. * دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو بە بەستێنێک بۆ پێکهاتنی حیزبگەڵی هاوچەشن لە بەشەکانی دیکەی کوردستانی دابەشکراودا. بەم پێیە دەکرێ حیزبی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو کۆڵەکەی بیر و هزری خەباتێکی هاوچەشن بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش لەبەر چاو بگیرێ. * ستراتێژی حیزبی دیموکرات وەکو درێژەدەری کۆمەڵەی ژێکاف بە پێی بارودۆخ و هاوسەنگی و لاسەنگی هێزەکانی ژوورەکی و دەرەکی و کۆمەڵگای جیهانی دووجەمسەریی، لە سەربەخۆییەوە، هەتا خودموختاری‌ و فیدرالیسمی لە خۆ گرتوە. بەڵام سەرنجراکێش ئەوەیە کە لە هەر حاڵەتێکدا بۆ دەستەڵاتدارانی تاران وەکو جیاییخواز‌ ناسراوە و بەچەشنی جیاواز سەرکوتی فیزیکی و فیکری و تەبلیغاتی کراوە. کورد بە گشتی بۆ دەستەڵاتدارانی ئێرانی و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی باوەڕمەند بە یەکیەتیی ئەرزیی ئێران وەک جیاییخواز چاوی لێکراوە و هەر واش چاوی لێ دەکرێ. بە باوەڕی من لە مێژە کاتی ئەوەی هاتوە دروشمی سەرەکیی حیزبە کوردستانییەکان و یەک لەوان حیزبی دیموکراتی کوردستان مافی چارەنووسی کورد بە شێوەی پێکهێنانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بێ، نەک دێموکراسی بۆ ئێران یان کۆماری کوردستان لە ئێرانی فیدراڵدا. دەکرێ خودموختاری و فیدرالیسم تەنیا وەکو قۆناخێک بۆ گەیشتن بەم ئاواتە لەبەر چاو بگیرێ نەک وەکو ئامانجی سەرەکی. لەم حاڵەتەدا دەکرێ و دەبێ هەوڵ بدرێ سەربەخۆیی نەتەوەیی وەکو دیاردەیەکی بەرچاو بخرێتە نێو مێشک و ڕەوانی تاکی کوردەوە و هەتا ڕۆڵەی کورد بۆ پێکهێنانی کیانێکی نەتەوەیی تێبکۆشێ. گرێدانی خەباتی نەتەوەیی لەگەڵ بیری سۆسیالیستی و دادپەروەرانە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حیزبی دیموکراتە کە لە پرۆگرامەکانیشیدا ڕەنگی داوەتەوە. حیزب لە ژێر کاریگەریی باڵی چەپ و کاتێک کە پێی وابوو یەکیەتیی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا لە جیهانی دوو جەمسەریی دەتوانن یاریدەدەری حیزب و بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بن بە شوێن راکێشانی ڕای ئەوان بوو. ڕووداوەکانی پاش شۆرشی ڕێبەندانی ٥٧ لە ئێران و ئاوڕنەدانەوەی ئەم وڵاتانە لە کێشەی نەتەوەیی لە کوردستان بوو بە هۆی پێداچوونەوەی حیزب بەم بیرۆکەیە و دیتنەوەی دۆست لە نێوان سوسیال دیموکراتەکان و لە کۆتاییدا بوون بە ئەندامی سوسیال ئەنترناسیۆنالیستەکان. سەرەرای ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی خاوەن ئارمان و ئیدەی سۆسیالیستی بووە، هەمیشە باری نەتەوەییەکەی زاڵتر بووە. حیزبی دیموکرات وەکوو حیزبێکی جەماوەری توانیویەتی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و نیشتمانپەروەرانی کورد بە بیری جیاوازەوە لە دەوری خۆی کۆکاتەوە. * ژیانی سیاسی ئەم حیزبە پڕە لە هەوراز و نشیو و کارەساتی جۆراوجۆار، چوار کەسی یەکەمی ئەم حیزبە لە لایەن نەیاران و دوژمنانی کوردەوە کوژراون، شتێک کە لە نێو حیزبەکانی دیکەی کوردستانی کەمتر بیندراوە، قازی محەمەد پێشەوای ئەم حیزبە بە دەست کاربەدەستانی حکوومەتی پەهلەوی، ئەحمەد تۆفیق پاش پتر لە ١٠ ساڵ بەرێوبەردنی ئەم حیزبە و کاتێک ئیتر وەکو سکرتێری حیزب نەمابوو لە لایەن بەعسیەکانەوە، پاشان نەمر دکتور قاسملوو و شەرفکەندی لە ڤیەن و بەرلین بە دەستی تێرۆریستەکانی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێرانەوە شەهید کران. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای گەیشتن بە ویست و ئاواتەکانی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلێک قوربانی داوە و باشترین ڕۆڵەکانی خۆی پێشکەشی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردی کردوە. * بە داخەوە لە درێژایی خەباتی سیاسی ئەم حیزبە وەکو زۆرینەی حیزبەکانی دیکە دابڕان و جیابوونەوە بە هۆی جۆڕاوجۆر کەم نەبووە. دواین لێکدابڕان، دابەشبوونی ئەو حیزبە بە سەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتەوە. لێرەدا جێگای ئەوەی نییە باس لەوەی بکرێ پێکهاتنی حدک تا چ ڕادەیەک وڵامدەری پێداویستییەکانی بزووتنەوەی کورد لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بوو، شتێک کە بێگومان پێویستە بە وردی باسی لێبکرێ، بەڵام ئێستا پاش ماوەی ١٠ ساڵ، جێی خۆشحاڵییە کە پێوەندییەکانی هەر دوو لا تا ڕادەیەکی زۆر ئاسایی کراوەتەوە و باس لە یەکگرتنەوەش دەکرێ.   سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.