کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ی خەرمانان و گلانی دوو شۆڕەسوار

07:36 - 16 خەرمانان 2717

١٦ی خەرمانان ساڵێک بە سەر ڕووداوەکەی نیزیک گوندی کانی زەرد لە ناوچەی سەردەشتدا تێپەڕێ کە لەودا پۆلێک پێشمەرگەی دیموکرات بە سەر کەمینێکی پلان بۆ داڕێژراوی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەوتن و بەداخەوە دوو کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی دیموکرات بە ناوەکانی ئازادی ئاڵی و ئەمیری قادری (نستانی) تێیدا شەهید بوون. دوانیوەڕۆیەکی درەنگی ئەوڕۆژە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بۆ جەولەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕین بە سەر کەمینێکدا کەوتن کە لانیکەم لە دوو دەیەی رابردوودا بێ وێنە بووە، ئەویش ئەوە بوو کە بە پێی پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو کە بە هاودەستیی خۆفرۆشێکەوە بەڕێوەچوو ڕێگای پێشمەرگەکان بە چەند جۆری مادەی تەقینەوەی بە هێز تەنرابوو. پیلانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و جاشەکانی هاودەستیان ئەوە بوو کە هەموو پێشمەرگەکان بکەونە نێو داوەکەوە و دواتر بە هەموو چەکێک تەقەیان لێبکەن و لەنێویان بەرن. ڕاستە کە بەشێک لە پیلانەکەیان سەری گرت و بە داخەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون بەڵام لە لایەکی دیکەوە بەخۆشییەوە ئەوەی کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خەویان بۆ دیبوو کە ئەو دەستە پێشمەرگەیە بە تەواوی لە نێو بەرن وەدی نەهات و دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز پێشمەرگەکان لەو شوێنە دوور کەوتنەوە. یەکێک لەو خاڵانەی کە لەم شەڕەدا جێی بیرلێکردنەوەیە ئەوەیە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی پەنای بۆ دانانی تەڵەیەکی ئینفجاری وا بە هێز بردبوو کە لانیکەم لە دوو دەیەی رابردوودا بێ وێنە بوو. یا ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆچێ ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دابوو کە بەڵکوو بتوانێ هەموو پێشمەرگەکان لە نێو ببا؟ ڕەنگە وڵامی ئەم پرسیارە و پرسیارەکانی هاوشێوە زۆر ئەستەم نەبێ، ئەویش ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، هێزی پیشمەرگەی کوردستان بۆ دیفاع لە خاک و خەڵکەکەیان وەها بەرنگاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە کە چیرۆکی حەماسەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر جار سەر لە ئەفسانە دەدا و قارەمانی ئەو حەماسەتانەش هەتا ئێستاش هەر پێشمەرگەیە و پێشمەرگە، بە جۆرێک کە پێشمەرگە لە نێو خەڵکی  کوردستاندا بوو بە سیمبولێک لە ئازایەتی و قارەمانەتی، و جێی خۆیەتی ئەگەر بوترێ کە مان و مەوجوودیەتی خەڵکی کوردستان دوای چل ساڵ لە زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی مەدیوونی پێشمەرگە و تەقەی چەکی پێشمەرگەیە. بە جۆرێک کە کۆماری ئیسلامی دوای نزیک بە چوار دەیە لە دەسەڵاتداری و کۆنترۆڵی بە زەبر و زەنگی کوردستان نەیتوانیوە ئەو سیمبولە لە پێش چاوی خەڵک بشکێنێ بۆیە دەست بردن بۆ داوێکی وەها و  تەقینەوەی ئاوا و دواتر کەڵکوەرگرتن لە زۆر شێوازی دیکە بۆ زەربە لێدان لە پێشمەرگە بەردەوام لە بەرنامەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەبوە و هەیە. هەر لەم ڕووداوەی کانی زەردیشدا کۆماری ئیسلامی و دەزگای سەرکوتی ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی لەو ناوچەیە بۆ شکانی ورەی خەڵک و هەروەها لێدان لە هەیمەنەی پێشمەرگە کە هەموو کاتێ وەک سەنگەری لەشکاننەهاتوو و باوەڕی خەڵک وێنا کراوە، هەوڵیان دا کە بە درۆ وا لە خەڵک بگەیینن کە ئەو هێزە بە تەواوی لە نێو چووە بەڵام ئەو پیلانەشیان هەر زوو لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە و راستی ڕووداوەکە بۆ خەڵک روون بوویەوە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنجی رووداوەکەی کانی زەرد و چەند رووداوێک لەم چەند ساڵەی دواییدا  کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە جاش و سیخوڕەکانی خۆیەتی کە پێویستە هێزی پێشمەرگە لەو بوارەدا وریاتر لە جاران هەڵسوکەوت بکا. لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ئەم چوار دەهەیە بە کەڵکوەرگرتن لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتی کە تێدا چالاکییە چەکدارییەکانی هێزی پێشمەرگە کەمڕەنگتر لە جاران بوویەوە هەوڵی ئەوەیان داوە کە پێشمەرگە لە  خەڵک داببڕن بەڵام ڕووداوەکانی ئەو هەموو ساڵە شایەتی ئەوە دەدەن کە ئەگەرچی چالاکی و جموجووڵی پێشمەرگەکانی دیموکرات وەکوو دەیەی ٦٠ و ٧٠ نەبووە بەڵام  لەوەدا هیچکات سەرکەوتوو نەبوون و پێشمەرگە پێی لە وڵاتی خۆی نەبڕا. چالاکیەکانی ئەم چەند ساڵەی هێزی پێشمەرگەی دیموکرات بۆ حزوور لە نێو خەڵکدا دوای ئەوە هات کە حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا سەرەڕای کەڵکوەرگرتن و ڕەوایی دان بە شێوازەکانی دیکەی خەبات حوزووری پێشمەرگەکانی خۆی لە نێو خەڵکا زیاتر بکا و لە ماوەی ئەم دە ساڵەشدا سەرەڕای تێچووی قورس لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا حوزووری هەبووە و حیزبی دیموکراتی کوردستان جەخت لە سەر پێویستیی ئەو حوزوورە دەکاتەوە. لە یادی یەک ساڵەی شەهیدانی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٥دا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئەو رۆڵە هەڵکەوتوانەی گەلەکەمان کە بە قیمەتی شیرینترین سەرمایەی ژیانی خۆیان نەیانهێشتوە کە وجاخی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکوژێتەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.