کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باڵەکایەتی

07:52 - 16 خەرمانان 2717

ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانان بەرامبەر ٢٥ی ئووتی ٢٠١٧، بە هۆی دروستبوونی کێشەیەک لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و چوار برا لە بنەماڵەی حاجی عومەرئاغای گوندەژوور لە ناوچەی باڵەکایەتیی سەر بە چۆمان، و بەدوای تەقەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و کوژرانی دووکەس بە ناوەکانی لوقمان ئەسکەندەر و فەرحان ئەسکەندەر، گرژی و ئاڵۆزییەکی چاوەڕواننەکراو ئەو ناوچەی داگرت. ئاڵۆزییەک کە بەداخەوە سنوورەکانی کولتووری کوردانەی بەزاند و خراپتر لەوە لە جیاتی هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی داوای سزادانی یەک دوو تۆمەتبار، کورد گوتەنی تەڕ و وشکی بە یەکەوە سووتاند و هێندێک بە ئیحساس و هێندێک لایەن مەبەستدار، ئەو ڕووداوەیان کردە بیانوو و ڕق و ژاری خۆیان بەسەر هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەیاندا دابەشی. لەو نێوەدا بەیاننامەی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و قسەی بەرپرسەکانیان لەو ناوچە و وتارەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ جێگەی سەرنج بوون کە بە دوور لە چاوەڕوانی، لە جیاتی هەوڵدان بۆ ئارام کردنەوەی دۆخەکە، کەوتبوونە پێش ئەو دەنگە ناسازانەی کە دیار نەبوو لە کوێوە هان دەدرێن و بە بێ ئاگاداریی ئەوان و بنەماڵەی قوربانییەکان هاتبوونە مەیدان، بۆ ئەوەی شەڕوبراکوژی جێگەی برایەتی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی بگرێتەوە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا هاتەپێش کە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچانە جێگیرببوون و بەردەوام کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هێنانی هێزی سەربازی بۆ سەر سنوور و تۆپباران و هەڕەشەی هێرش بۆ ناوچەکە هەوڵی دەدا ناڕەزایەتییەک لە نێو خەڵکی ناوچەکە لە دژی پێشمەرگەکانی دێموکرات وەگەڕبخا. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەرکی هەموو حەساسییەتەکانی ناوچە و ئاگاداربوون لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام لە ڕێگەی بە هێزکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ خەڵکی تێکۆشەری ئەو ناوچانە و بە لەبەرچاو گرتنی ڕوانگەی کولتووری و کۆمەڵایەتی خەڵک لەو ناوچە، پێشی بە تێکچوونی پێوەندیی دەیان ساڵەی تێکۆشەرانی ئەم دیواودیوی ئەو سنوورە گرت و لەم ڕێگەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو پیلانێکی کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی بەستێنی لە باری مانەوە و چالاکیی پێشمەرگەکانی لەو سنوورە هەوڵی داوە. هەربۆیە ئەم ڕووداوە نەخوازراوە دڵتەزێنە کە بە هۆی کەمتەرخەمی، بەداخەوە دوو کوڕی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری بە ڕابردووی ئەو ناوچەیەی کردە قوربانی، بۆ حیزبی ئێمە هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو. هەر بە دوای بیستنی ئەو هەواڵە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەست بە بەرپرسایەتییەوە، لە ٤ی خەرماناندا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕوانگەکانی خۆی، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوە و ئاسەوارە زیانبارەکانی درێژەکێشانی گرژییەکانی لە ناوچەدا خستە ڕوو. حیزبی دێموکرات لەو بەیاننامەدا کە بە هۆی گرینگیدانی پێویست بەو ڕووداوە بڵاوکرایەوە، لەگەڵ دەربڕینی هەستی خۆی بۆ ئازارەکانی وەها ڕووداوێک، داوای بەدواداچوونی چۆنیەتیی ڕووداوەکە بە مەبەستی پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەو چەشنە دەکا. هەر لەو بەیاننامەیەدا لەگەڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان، چاوەڕوانییەکانی حیزبی دێموکرات لەو بنەماڵە و خەڵکی ئەو دەڤەرە بۆ پێشگرتن لە کەڵکوەرگرتنی خراپی دوژمنانی کورد بە مەبەستی درزخستنە نێو ڕیزەکانی نەتەوەکەمان دەخاتە بەر چاو. لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، بە گرینگیدان بە پێوەندیی لە مێژینەی خەڵکی هەردوو بەشی کوردستان لە باشوور و ڕوژهەڵات، حیزبی دێموکرات داوا دەکا، کە یارمەتی بدەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگە نەدەن بە هۆی درێژەکێشانی گرژییەکانەوە برایەتیی نێوان هەردوو بەشی کوردستان خەوشدار بێ. ئەم هەڵوێستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بیروباوەڕی قووڵ و لە مێژینەی ئەم حیزبەوە سەرچاوەی گرتووە کە، زیاتر لە ٧٠ ساڵە پێی گۆش کراوە. لەو دەمەوە کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوو بە نوێنگەی باڵانوێنی هاوپێوەندی ڕاستەقینەی کوردایەتی و بە باوەشی ئاواڵەوە یارمەتیی باشووری وەرگرت و وەک خاوەن قەزیەکە چاوی لێکردن. لە ماوەی ئەو ٧ دەهەیەدا، کوردانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەم نیشتمانە وەک بەشێک لە نەتەوەیەک چاویان لە خەبات و تێکۆشانی یەکتر کردوە و لە هەر لایەک خەبات بۆ ڕزگاری سەری هەڵدابێ، خۆیان بە خاوەن و پشتیوانی زانیوە. هەر ئەو ناوچەی باڵەکایەتییە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر مەکۆی حەوانەوەی تێکۆشەرانی دێموکرات بووە و لە ٣٠ ساڵی ڕابردووشدا خەڵکی تێکۆشەری ئەو ناوچەیە گەورەترین پشتیوانی تێکۆشەرانی دێموکرات بوون. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەو ناوچەیە و خەڵکەکەی بە بێ سەرنجدان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە دڵ گەورەییەوە ڕۆڵەکانی دێموکراتیان لە باوەش گرتووە و زۆریان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕییان یارمەتیدەریان بوون. بۆیە ئەگەر هاتنەپێشی ڕووداوێک و تووڕەبوونێکیش بۆ ماوەیەکی کورت هەلێک بۆ نەیارانی بزووتنەوەی کورد دەڕەخسێنێ هەتا لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن ئەوە وشیاری تێکۆشەرانی ئەو میللەتەیە کە بە زوویی زاڵ دەبن بەسەر گرژییەکانداو، دەرکە لەسەر هەوڵی دووبەرەکی نانەوە دادەخەن و ئازاری ڕووداوەکان تەحەمول دەکەن بۆ ئەوەی ئازارەکان گەورەتر نەبن. لەم پێوەندییەدا حیزبە سیاسییەکانی هەر دوو بەشی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوور، بە تایبەت لەم باروودۆخە ناسکەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، دەبێ بە هەست بە بەرپرسایەتیی زیاترەوە بۆ پێشگیری کە پیلانگێڕییەکانی دوژمنان و بە هێزکردنی هەرچی زیاتری بیری هاوپێوەندی نەتەوەیی لە نێو خەڵکی ئەم دوو بەشەی کوردستاندا هەنگاو بنێن و هێچ ڕووداوێک نابێ ببێتە هۆکاری کەڵکوەرگرتنی سیاسی و بە حیزبی کردنی کێشەکان. هەلومەرجی ئیستای کورد زیاتر لەوەمان لێدەخوازێ و ئەو زەروورەتمان لەبەر دەمدا زەق دەکاتەوە کە ئیستا زیاتر لە هەر زەمانێکی دی بە یەکەوەبوون و پاڵپشتی یەکترمان گەرەکە. لە کۆتاییدا پێویستە سپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەین، کە سەرەڕای هێرشی نابەرپرسانەی هێندێک لایەن و کەسی تایبەت، کە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژێر پەردەی تووڕەیی و دڵسۆزی بۆ قوربانیانی ئەو ڕووداوەدا شاردبوەوە و، لەگەڵ ئەوەی هەست و ڕۆحیان ئازار دەدرا، بە هەست بە بەرپرسایەتییەکی ئایەندەنگەرانەوە ڕووبەڕووی ئەو کێشە بوونەوە و بە بیری قوووڵی شۆڕشگێڕانە و دێمۆکراتییانەیان، لاپەڕەیەکی مێژوویی نوێیان بۆ خۆیان و حیزبەکەیان نەخشاند. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.