کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردی ڕۆژهەڵات و یەکیەتیی سۆڤییەت

07:55 - 16 خەرمانان 2717

لە سەرەتای دەیەی ١٩٤٠دا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش کۆمەڵەی ژ. ک ھەوڵی خۆی ‌دا بەڵکوو بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد سەرنج و پشتیوانی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ بەرەو خۆی ڕاکێشێ بەڵام یەکیەتیی سۆڤییەت بەپێی ئەم بیرۆکەیە کە سەربەرخۆیی کوردستان لە ژێر سەری ئەمپیریالیسمی ئینگلیس ‌دایە و کۆمەڵەی ژ. ک نوێنەری دەربەگەکانی کوردستان و سەر بە ئینگلیسە، لە ھاوکاری یان پشتیوانی لەم ھێزە خۆی پاراست و تەواوی فاکت و بەڵگەکان دەیسەلمێنێن کە یەکیەتیی سۆڤیەت نە تەنیا پشتیوانی لە کۆمەڵەی ژ. ک نەکرد بەڵکوو «بەرپرسانی سۆڤییەت لە ‌ئێران، کوردەکانیان لە ئەندامەتیی کۆمەڵەی ژ. ک دەپرینگاندەوە و تێدەکۆشان چالاکیی ئەم ڕێکخراوەیە بەرتەسک کەنەوە . ھەروەھا لە یادداشتەکانی ھاشمۆڤ، سەرکونسولی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ورمێ لە یەکی ژانویەی ١٩٤٥ سەبارەت بە نەبوونی پێوەندیی دەگەڵ کۆمەڵەی ژ. ک ھاتووە: «ئەمن بە ‌چاوی خۆم ھەستم کردوە بەبوونی پارتی (ژ.ک) و، زۆربەی خەڵک پارتی (ژ.ک) بە (کۆمەڵە) ناو دەبەن. زۆربەی کوردەکان و پیاوە ‌بەناوبانگەکانیان لایەنگری لە سۆڤیەت دەکەن و کۆمیتەی کوردی (ژ.ک) خەلک دڵنیا دەکا کە ‌لە ئیش و کارەکانی خۆیدا پێوەندی دەکا لەگەڵ یەکێەتی سۆڤیەت. بەڵام لە نیوان ئێمە و (ژ.ک)دا ھیچ پەیوەندییەک نیە» . مۆلۆتۆڤ وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی سۆڤییەت لەگەرماوگەرمیی شەری دووھەمی جیهانیدا ڕق ‌و بێزاری خۆی و دەوڵەتەکەی لە کورد دەردەبڕی و «رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد بە دەرەبەگ» ناو دەبا.  یەکیەتیی سۆڤییەت پاش دامەزرانی کۆماری کورستان کە ھاوکات بوو لەگەڵ پێکهاتنی حکوومەتی ئازەربایجان سەرەڕای پشتیوانییەکی قورس و قایم لە حکوومەتی پیشەوەری نیسبەت بە کوردستان بە پارێزەوە دەجووڵایەوە و بە شێوەی ڕەسمی قەت پشتیوانی ‌لێ ‌نەکرد، لە باشترین حاڵەتدا وەکو بەشێکی ئازەربایجان سەیری دەکرد. بە گشتی، بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت کە خوازیاری دوورخستنەوەی خۆی لە هەر چەشنە کێشەیەک لەگەڵ تاران و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بوو، ڕاگەیەندنی کۆماری کوردستان و بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستان کارێکی شیاو و پەسەندکراو نەبوو. لە لایەکی دیکەوە، کەسایەتیی سەربەخۆ و ئایینی قازی محەممەد، پێکهاتەی چینایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی «کۆماری کوردستان» کە نوێنەرانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای وەکوو سەرۆک عەشیرە و  خاوەن ‌مڵکە گەورە ‌و نێونجیەکان، وەرزێران، کرێکاران، وردەبۆرژوازیی شاری، هەروەها ڕووناکبیرانی ناسراوی کوردی لە خۆ کۆکردبۆوە، هەروەها پراگماتیسم و سیاسەت و هەلسوکەوتە ڕاستبینانەکەی قازی محەممەد لەبەرامبەر حکومەتی تاران و تەورێز و نوێنەرانی وڵاتەداگیرگەرەکانی ئێران؛ هاوئاهەنگی لەگەڵ ویست و ئامانجەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت نەبوو. یەکیەتیی سۆڤییەت کە بە پێی ئامانج و بەرژوەندییەکانی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت پشتیوانی جیددیی حکوومەتی ئازەربایجان و تا ڕادەیەکی زۆر کەم کوردستان بوو، بە پێی پەرەگرتنی ناکۆکییەکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و وەرگرتنی سەرەتی(ئیمتیاز) لە حکوومەتی قوام و گوشاری ئینگلس و ئەمریکا، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی پاشەکشەی کرد لە ئێران و کوردستان و ئازەربایجانی لەبەرامبەر سپای ئێراندا بە تەنیا ھێشتەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٣٢٥ هەتاوی دەوڵەتی ئێران بە بیانووی بەرگری لە بەرژەوەندی و ئەمنییەتی شارۆمەندەکانی خۆی، نزیک بە ٢٠ گوردان سپای ئێرانی ڕەوانەی ئازەربایجان و کوردستان کرد و هەزاران ڕۆڵەی ئەم دوو نەتەویە بوونە قوربانیی سات و سەودای سیاسی تاران و مۆسکۆ. ڕێبەرانی سۆڤییەت لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری مۆسکۆ لە دێسامبری ١٩٤٥دا لە لێکدانەوەی کێشەی ئیران خۆیان پاراست و ڕایانگەیاند کە ڕووداوەکانی ئێران لە پەنا سنوورەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت مەسەلەیەکی نێوخۆیی ئێرانە و بەم پێیە دەوڵەتی سۆڤییەت دەست ناخاتە ئەو بابەتەوە». « لە ڕاستیدا «مۆسکۆ پاڵپشتگەیەکی جێ ‌متمانە نەبوو. ھۆی ئەو کارە بەر لەھەر شتێک ئەو داخوازانەی ئیمپراتۆریی ستالین بوو کە لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی کە لە ڕۆژھەڵات و ناوەندی ئورووپا ھەیبوو، پشتیوانیی نیزامی لەپشت نەبوو، ھەروەھا لە ڕوانگەی ماڤە سیاسی و نێو نەتەوەییەکانەوە، لە یالتا و پۆتسدام (ماڤێک بۆ ئەوان) لە ڕۆژھەڵاتی نزیک وەبەرچاو نەگیرابوو.  پاش ڕووخانی ڕێژێمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی و سەرھەڵدانی بزووتنەوەی جەماوەری لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھێرشی سپای ئیسلام بۆ کوردستان و ژێنۆسایدی نەتەوەی کورد، یەکیەتیی سۆڤییەت بە ھۆی پیوەندیی دۆستانە لەگەڵ کۆماری دژ بە ئەمپیریالیسمی ئێران، سەرەرای داواکاری حیزبی دیموکراتی کوردستان و نامەکانی دوکتور قاسملوو بۆ ڕێبەرانی حیزبی کمۆنیستی سۆڤییەت  پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد نەکرد. بە باوەڕی خاتون ژیگالینا کوردناسی ڕووس «ئاوڕنەدانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ سەر ڕووداوەکانی کوردستان ڕێبەرانی بزووتنەوەی میللی دیموکراتیکی کوردی ناچار کرد تا گۆڕانکاری لە بنەما سەرەتا‌ییەکانی خەباتیان بکەن و لەم پێناوەدا دوکتۆر ع. قاسملوو توانی پێوەندی       لەگەڵ حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ئورووپا بگرێ کە لە چوارچێوەی بەرنامەی مافی مرۆڤ یارمەتیی ماددی و مەعنەوی‌یان بە کوردکانی ئێران دەکرد.» ***   ١- کردستان اتحاد جماھیر شوروی سوسیالیستی و کردستان(سالھای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە ٢- ڕووداوەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە چەند بەڵگەنامەیەکی شورەویدا (١٩٤٥ ـ ١٩٤٧) ، ڵاپەرەی ١٤، د. ئەفراسیاو ھەورامی ٣- تاریخ ، مولفان: لازاریف، محوی، حسرتیان، ژیگالینا. واسیلیەواـ مترجمان: منصور صدقی، کامران امین آوە، ص ٢٢٧، انتشارات فروغ، آلمان، چاپ اول فروردین ١٣٨٦ ٤- لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دوهێر جێگری کونسوولی ئەمریکا بۆ وەزارتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێکەوتی ٢٦ی ئاوریلی ١٩٤٦ لە پێوەندیی لەگەڵ چاوپێکەوتنی بە پێشەوا قازی محەمەد و پێشوازی ئەو لە دەستەڵاتی ئەوان بۆ گۆڕینی ئێران بۆ دێموکراسییەکی ڕاستیی دەنووسێ: کاتێک کە ویستم هەستم و برۆم، قازی ئیشارەی کرد دانیشم و لە‌منی پرسی بۆچی دەوڵەتی ئەمریکا لە دەستەڵاتی خۆی بۆ گۆڕینی ئێران بۆ دێموکراسییەکی ڕاستیی کەڵک وەرناگرێ[...] پاشان ئەو بە چەشنێکی سەرسووڕێنەر کووتی کوردەکان لە خۆتێ‌هەڵقورتانی ئەمریکا پێشوازی دەکەن. دەوڵەتی ئەمریکا بە هەنگاو هەڵینانێک کە لە بەرژوەندی کەمینەکانی ئێران بێ،  وەج و ڕێزی خۆی دەباتە سەرێ. پاشان کووتی: دەوڵەتی ناوەندی پێشگیری لە پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە کردووە، بەڵام لەمەوە بەولا خەڵکی کورد دەیانەوێ خۆیان بە جیهانی دەرەوە بناسێنن. دوهێر لە ڕاپۆرتێکی دیکەش لە پازدەی ژانویە، واتە ١٥ی بەفرانباری ١٣٢٥ی هەتاوی دیسان ئاماژە بە ئەم مەسەڵەیە دەکات و دەنووسێ: کوردەکان لە هۆگریی ئەمریکاییەکان لە کار و باری خۆیان پێشوازی دەکەن. ئەوپەڕی دڵخوازی کوردەکان دێموکراسی لە چەشنی ئەمریکی‌یە، بەڵام بێ یارمەتی و ڕاوێژکاری حکومەتی ئەمریکا ناتوانن بە ئەم ئیدیالە بگەن. دوهێر هەروەها لە ڕاپۆرتێک لە ١١ ئۆکتۆبری ١٩٤٦ کە بۆ جۆرج وی ئالن، باڵوێزی ئەمریکا لە تاران ناردوە، لە پێوەندیی لەگەڵ گوماناوی بوونی بەرپرسانی سۆڤیەت بە قازی محەمەد دەنووسی: بەرپرسانی سۆڤییەت ئیستاکە بە هەڵسوکەوتی قازی محەمەد لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی زۆر گوماناوین و تەواوی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سۆڤییەتەکان لە پشتگیری خۆیان لە قازی پاشگەز بوونەتەوە و ڕوویان لە زرۆبەگ کردوە. سەرچاوە: کردها و فرقە دمکرات آدربایجان، گزارش‌های از کنسولگریی آمریکا در تبریز دی ١٣٢٣، اسفند ١٣٢٥، مترجم کاوە بیات، تهران ٥- سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٢٢٧- ٢٢٨ ٦- اتحاد جماھیر شوروی سوسیالیستی و کوردستان(سالھای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە ٧- ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیستی و کێشەی کورد و چەند بەڵگەنامە لە ئارشیڤەکانی سۆڤیەت(٢)، ف. یورتایف (وەرگێرانی: دوکتۆر ئەفراسیاو ھەورامی - موسکۆ) گۆڤاری ھاوار، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی، ساڵی چوارەم - ژمارە ١٦، خاکەلێوەی ٢٠٠٤ لاپەرەکانی ٣٣-٣٩ ٨- کوردستان معاصر، بخش چھارم: وضعیت کوردستان ایران در حکومت اسلامی، ژیگالینا، ص ٦٣ ترجمە کامران امین آوە، چاپ اول ١٩٩٩ سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.