کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی نارەزایەتی خەڵکی بانە

15:56 - 16 خەرمانان 2717

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە سێزدەی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سەر سنووری هەنگەژاڵیی بانە، تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێکی هەژاری کورد کرد و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر  بە ناوەکانی قادری بارامی ٤٥ ساڵە، خێزاندار و خەڵکی گوندی "وەزمەڵێ" و حەیدەری فەرەجی ٢١ساڵە و خەڵکی گوندی "شەشە"ی کوژران. کوژرانی بێبەزەیانەی ئەو دوو کۆڵبەرە هەژارە، ناڕەزایەتی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی شاری خۆڕاگری بانەی لێکەوتەوە. هەر چەند سەعات دوابەدوای ئەم ڕووداوە دڵتەزینە، بنەماڵەی قوربانیان و ژمارەیەک لە خەڵکی شاری بانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە کوشتنی بێ‌بەزەییانەی ئەو دوو کۆڵبەرە، لە بەر دەرگای فەرمانداری ئەو شارە کۆبوونەوە و داوای لێپێچینەوەیان لە بکووژانی ئەو دوو کۆڵبەرە بێتاوانە کرد، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم و کاربەدەستانی فەرمانداریی نەک هەر بە دەنگ خەڵکەوە نەهاتن، بەڵکوو هەڵیان‌کوتایە سەر خەڵکی ناڕازی و هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دان. دیارە هێرشی سەرکوتکەرانی ڕێژیم لەگەڵ بەربەرەکانی توندی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری بانە بەرەوڕوو بوو و ئەوانیش لەبەرانبەر ئەو هێرشەدا کە هاوڕێ لەگەڵ تەقە و هاویشتنی نارنجۆکی گازی فرمێسک‌ڕێژ بوو، پەلاماری بنکەی فەرماندارییان داو دەرگا و شووشە و پەنجێرەی ئەو شوێنەیان تێکشکاند. سەرکوتکەرانی ڕێژیم بەوەش ڕانەوەستان و دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونانی لاوانی خوێن‌گەرمی شاری بانەو چەند کەسێکیان قۆڵبەست کرد. کاربەدەستانێ رێژیم پێیان وابوو بە تەقە کردن و قۆڵبەست کردنی چەند لاوێکی خەڵکی شاری بانە دەتوانن، بەر بە پەرەسەندنی هەستی ڕق و قین و تووڕەیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری بانە بگرن، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتریش، واتە ڕۆژیی سێ‌شەممە بۆ جارێکی دیکەش خەڵکی بانە لە ئاست ئەم جینایەتەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هەڵوێستی نەرێنیی فەرمانداری و کاربەدەستان لەو شارەدا، وێڕای داخستنی دووکان و بازاڕەکان، بە شێوەیەکی زۆر هێمنانە و شارستانییانە دەستیان بە ڕێپێوان و پاشانیش گردبوونەوە لە بەرانبەر فەرمانداری ئەو شارە‌دا کرد و وەک کاردانەوەیە لە ئاست کوژرانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە  و کەمتەرخەمیی فەرماندار و باقی کاربەدەستانی دام و دەزگا حکومەییەکان، سێ داواکارییان بۆ کۆتایی‌هێنان بەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە خستەبەردەم کاربەدەستانی ڕێژیم کە بریتی بوون لە کۆتایی‌هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکوژانی ئەو دو کۆڵبەرە و دەست‌لەکار کێشانەوەی فەرمانداری شاری بانە لە کارەکەی. بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا نارەزایەتی ڕەوای خەڵکی بانە دیسان کەوتە بەر هێرش و پەلاماری هێزە چەکدارەکانی رێژیم کە لە شارەکانی دیکەش را هێزی یارمەتیدەریان بەهانایەوە هات. لە ئاکامی تێكهەڵچوون و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی، ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی بەهەستی ئەو شارە کە وەک باس دەکرێ زیاتر لە بیست کەس بوون قۆڵبەست کران کە لە نێویان‌دا  سێ کەس بە ناوەکانی " کوردۆ حوسێن‌پوور"، "جەلال ساوان" و "ئەحمەد شەفیعی" ناسێندراون. چەن کەسێکیش کەوتنە بەر دەسرێژی هێزەکانی ڕێژیم و زامدار بوون. هەر لەو بەینەدا بۆ چاوترساندنی خەڵکی خۆڕاگری شاری بانە، هێلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم بەسەر شارەکەدا دەسووڕانەوە و مانۆریان دەدا. ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە لە کوژرانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە هەمان ‌کات‌دا کە هەروا درێژەی هەیە و بارودۆخی شاری بانە شڵەژاوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەموو شوێنە گشتییەکان و شەقام و مەیدانەکانیان تەنیوە، شەپۆلێکی هاودەردی و پشتیوانی خەڵکی شارەکانی کوردستانی لێکەوتۆتەوە. چالاکوانانی مەدەنی لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد و سەردەشت و سنە و سەقز، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی خۆڕاگری بانە و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراوەکان، داوایان لە خەڵکی ئەو  شارانە کردووە بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکەی خەڵکی شار و گوندەکانی بانە، بەهەر شێوەیەکی گونجاو ناڕەزایەتی خۆیان لە سیاسەتی کوردقڕانی رێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرببڕن و بۆ جارێکیش یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بەگژ سەرکوتکەرانی رێژیم‌دا بچنەوە. شک لەوەدا نی‌یە هاوهەڵوێستی و هاوخەباتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە دەتوانی رێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، سەرەرای ڕابردوویەکی لێوڕێژ لە سەرکوت و زەبروزەنگ، لە ئاست ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ناچار بە پاشەکشە بکات و بەربەستێک بێ بۆ پەرەسەندنی هەرچی زیاتری ملهوڕی و سەرەڕۆیی کاربەدەستانی ئەو رێژیمە لە کوردستان و درێژە پێدانی کوشت و بڕی زەحمەتکێشانی کورد. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هەر دوێنێ سێ‌شەممە لە ڕاگەیاندراوێک لەو پێوەندی‌یەدا، وێرای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و پشتیوانی لە هەر چەشنە حەرەکەتێکی عادیلانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، داوای لە خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان کردوە بە دەنگ بانگی نارەزایەتی و بێزاری خەڵکی خۆڕاگری شاری بانەوە بچن و پشتیوانیان لێبکەن. دیاردەی کوشتاری بەئانقەستی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، دیاردەیەکی لەمێژینە و سیستماتیکە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بە ئاگاداری و رێنوێنی کاربەدەستانی پلەبەرزی ئەم ڕێژیمە بەڕێوەی دەبەن. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان کەس لە کۆڵبەران و زەحمەتکێشان شار و گوندەکانی کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری جینایەتکاری ئیسلامی کوژراو وبریندار و کەم‌ئەندام بوون. ئەو کردەوە نامرۆڤانە و دژی گەلەلییانەی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە خەباتی هەمەلایەنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە یەکگرتوویی و پشتیوانی لەهەر جوولانەوەیەکی مافخوازانە و بەشداربوونی بەربڵاوی خەڵکی لە خەبات لە هەموو چەشنەکان‌دا، بە خەباتی مەدەنی‌شەوە، دەتوانێ زامنی دەستەبەر کردنی ویست و داخوازەرەواکانی خەڵکی کوردستان بێو تەنگ بە سەرکوتکەرانی رێژیم هەڵچنێ.