کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکام زرێبار: موعتادکردنی لاوانی کورد و ئێعتیاد لە کوردستان پیلانی حکومەتە

04:17 - 18 خەرمانان 2717

خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران کە جاری وایە دەکەونە بن سێبەری پرسە سیاسی و ئەمنیەتییەکان، وەک ئاگری بن خۆڵەمیشن کە هەر ئان و ساتێک مەترسیی تەقینەوەیان لێدەکرێ. ئیعتیاد بە ماددەی هۆشبەر یەک لەو خەسارە کۆمەڵایەتییانەیە کە تێچوویەکی زۆری خستۆتە سەر کۆمەڵگادا و نیزامی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵاتیش بە شێوەی دووفاقە مامەڵەی لەگەڵ ئەو دیاردەیە کردوە. دیاردەی ئیعتیاد لە کوردستان ڕوخسارێکی سیاسی و ئەمنیەتیشی هەیە و زۆربەی خاوەن‌ڕایان کۆکن لە سەر ئەوەی پەرەسەندنی ئیعتیاد لە کوردستان پیلانی حکومەتی لە پشتە و دەوڵەت کەمترین بەرنامەی بەرەنگاریی بووە و ئەو کەسانەش کە لە سێدارە دەدرێن، تەنیا کەسانێکن کە لە خوارترین ئاستی بڵاوکردنەوەی مادده هۆشبەرەکانن؛ چونکە لە ڕاستیدا، سپای پاسداران، گەورەترین مافیای ماددە هۆشبەرەکانە لە ئێراندا و خۆیان بە سەدان بارهەڵگر، مادده هۆشبەرەکان لە سنوورەکانەوە دێننە نێو ئێرانەوە. «کوردستان» بۆ تاوتوێی زیاتری ئەو بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ ئاکام زرێبار، چالاکی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە: کێشەی ئێعتیاد لە چ دەرەجەیەکدا بە گرفتی کۆمەڵگای کوردستان دادەنرێ. ئایا ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردستانە یان کێشەیەکی بەلاوەترە؟ لە مێژە ئێعتیاد ئیتر کێشە نییە و لە ڕاستیدا بووەتە قەیرانێکی زۆر گەورە؛ هەروەها لە ئێستادا، ئێعتیاد نەک لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ئێراندا، حەشیمەتێکی زۆری گرتۆتەوە و دەتوانین بڵێین ڕەنگە کوردستان لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە دۆخێکی تا ڕادەیەک باشتردا بێ. ئەڵبەت ئەم دۆخەش لە شارە جیاجیاکانی کوردستان پێکەوە جیاوازە؛ بۆ نموونە لە کرماشان، تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر زۆر دەبینرێ، بۆیە پێم وایە ئێعتیاد لە قەیرانە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردستانە و شان بە شانی بێکاری لە پەرەسەندنی زیاتر دایە و لە ئاستێکی بەرزدا بە گرفتێکی گەورەی کوردستان دادەنرێ، چونکە تایبەتی وەک گەڵاڵەیەک کاری لەسەر دەکرێ.   ئامارەکان لە کوردستان دەڵێن چی؟ ئایا ئامارێکی دەقیق و بڕواپێکراو هەیە کە دەریبخات کۆمەڵگای کوردستان چەندە دەرگیری ئەو کێشە و قەیرانەیە؟ بەداخەوە ئامار و ڕێژەیەکی دروست و بڕواپێکراومان نییە، نەتەنیا لە بواری ڕێژەی موعتادانی ئێران و کوردستان، بەڵکوو لە هەر بوارێکی دیکەدا. هەموو کاتیش ئامارێکی درۆ لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەخرێتە ڕوو کە هەموویان هەڵەن. حکومەت دەیەوێ بڵێت دۆخەکە باشە و خەریکی چەواشەکارییە و ڕووخسارێکی ئارایشکراو دەخاتە بەرچاو خەڵکی جیهان، بەڵام بەداخەوە بەگشتی لە ئێراندا زیاتر لە شەش ملیۆن کەس موعتاد هەیە، کە ئێران خۆی دەڵێ نزیک سێ ملیۆن کەس! لە کوردستانیش ( پارێزگاکانی سنە، ورمێ، کرماشان و ئیلام)، بەپێی ئامارەکان ئێران نیزیک ١٣٦ هەزار کەس موعتادن.   ئێعتیاد لە کوردستان دیاردەیەکی پیاوانەیە یان ژنانیشی تێوەگلاون؟ ژنان لە کوێی ئەو خەسارەن و چەندی و چۆنیی تووشبوونی ژنان بە ماددەی هۆشبەر چییە؟ پێشتر ئێعتیاد دیاردەیەکی پیاوانە بوو و زۆر بە دەگمەن ژنانی موعتاد دەبینران، بەڵام ئێستا دۆخ زۆر گۆڕاوە و ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکەش خراپتر دەبێ و ژنان و کچانێکی زۆرتر دەکەونە داوی ئێعتیادەوە. لە ئێستادا بەهۆی خراپیی باری ئابووری کە بووەتە هۆی تێکچوونی بنەماڵەکان؛ کچان و ژنانیش بوونەتە نێچیری باندە مەترسیدارەکانی بڵاوکەرەوی ماددە هۆشبەرەکان. واتە لە ژنانی تایبەت کەڵک وەردەگرن و جگە لەوەی موعتادیان دەکەن، ماددەشیان پێ ڕادەگوێزن و  بۆ ڕاکێشانی گەنجەکانیش کەڵکیان لێ وەردەگرن. لە پاڵ ئەم کەڵکوەرگرتنە ئامرازییە لە ژنان، دەستدرێژی و لەشفرۆشیش زۆر بووە و ئەوانە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە.   پێوەندیی ئابووری، پێوەندیی تۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندیی سیاسەت بە ئێعتیاد و ماددەی هۆشبەر لە چی دایە؟ ئەو گرێدراوییە لە چیدا و چۆنی دەبینن؟ حاشاهەڵنەگرە کە باسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسەت، پێوەندییەکی زۆری بە ئێعتیادەوە هەیە. هەروەک ئاماژەم پێکرد، دۆخی ئابووریی ئێران و کوردستان بەتایبەتی زۆر خراپە و بێکاری یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئێعتیادە. بۆ نموونە ئەو لاوانەی بێکارن، یان ئەوانەی زانکۆیان تەواو کردووە و ئێستا بێکارن، زۆرێکیان تووشی خەمۆکی دەبن و هەندێک جار بۆ حەشاردانی ئەو ڕاستییە تاڵە، ڕوو دەکەنە مادده هۆشبەرەکان؛ لە پاڵ ئەوەشدا بۆ بەدەستهێنانی تێچووەکەی، ڕەنگە ڕوو بکەنە فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی مەواددیش؛ بۆیە دۆخی ئابووری، پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێعتیادە و سەرجەم خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا هەیە. دیارە کۆمەڵگا لەم نێوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ و دەتوانێ پێش بە پەرەسەندنی ئێعتیاد بگرێ یان زۆرتر پەرەی پێ بدا؛ بەڵام لێرەشدا دۆخی ئابووری لەسەر کۆمەڵگا کاریگەرە و بنەماڵەیەک کە لەژێر گوشاری ئابووری دایە، زۆرتر لە مەترسی دایە و سەرنجەکان لەسەر منداڵان و تازەلاوان کەمتر دەکاتەوە و ئەو تازەلاوانەش کە پشتگوێ دەخرێن، ئەگەری زۆر هەیە بکەونە داوی باندە مەوادفرۆشەکان. سیاسەتی وڵاتانیش  جیاوازە و لێرەش کە باس لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەهەمبەر کوردستان زۆر جیاوازترە! واتە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە کە حکومەتی ئێران بەڕێوەی دەبا، ئامانج ئەوەیە کە لاوانی کورد بەرەو ئێعتیاد ببا تاکوو کاتی بیرکردنەوەیان لێ بسێنێ و بەم جۆرە کۆڵەکەی کورد لاواز بکا.   یانی پێوندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان حکومەت و پەرەسەندنی ئیعتیاد لە کوردستاندا هەیە؟ پێوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی حکومەت و مەوادفرۆشان زۆر ڕوونە؛ بەتایبەت لە کوردستان، جاشمان هەیە مەوادفرۆش نەبێ، بەڵام مەوادفرۆشمان نییە کە جاش نەبێ. مەوادفرۆشە گەورەکانی کوردستانیش ڕاستەوخۆ لە لایەن سپا و ئیتلاعاتەوە پشتیوانی دەکرێن. بۆ نموونە، «هیوا تاب»، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی مەریوان، یەکێک لە گەورەترین مەوادفرۆش و مافیاکانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان بوو! هەروها تا کاتێک کە ئەم حکومەتە بە سەر ئێران و کوردستاندا زاڵ بێ، ئەم قەیرانە هەر پەرەدەسێنێ، چونکە هۆکاری سەرەکی خۆیانن.   ئامارەکان دەڵێن ئێعتیاد لە ئێران ساڵ بە ساڵ زیاتر بووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵدا سەدان و بگرە هەزاران کەس بە تاوانی بازرگانی و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە دار دەدرێن و هەزاران کەسیش دەگیرێن و حوکمی دیکە دەدرێن، هۆکار یان هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەو قەیرانە چین؟ ساڵانە لە ئێران و کوردستان، کەسانێکی زۆر لەم پێوەندییەدا دەگیرێن و بەند دەکرێن و لە سێدارەش دەدرێن، بەڵام پەرەسەندنی ئەم قەیرانە حاشاهەڵنەگرە. ئەو کەسانەش کە  لە سێدارە دەدرێن، تەنیا کەسانێکن کە لە خوارترین ئاستی بڵاوکردنەوەی مادده هۆشبەرەکانن؛ چونکە لە ڕاستیدا، سپای پاسداران، گەورەترین مافیای ماددە هۆشبەرەکانە لە ئێراندا و خۆیان بە تڕانزیت مادده هۆشبەرەکان لە سنوورەکانەوە دێننە نێو ئێرانەوە. هەروەها زۆر لەو کەسانەی کە بە هۆکاری پێوەندی لەگەڵ مادده هۆشبەرەکان لە سێدارە دەدرێن، بازرگانی مادەی هۆشبەر نین و زۆر جار کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانیش هەر بەم ناوە ئێعدام دەکەن. پێوەندیی سەرکردە باڵاکانی سپای پاسداران لەگەڵ قاچاخچییە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر، ڕوون و ئاشکرایە و هەروەها سپا خۆی دەستی هەیە لەو کارگە سەنعەتییانەی ماددەی هۆشبەر کە لە نێوخۆی ئێراندا ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان وەک «شیشە»، دروست دەکەن.   وەک دەگوترێ جیا لە هێزە ئینتزامییەکان و ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر دەیان ناوەند و ڕێکخراوی دیکە هەن کە لە ڕواڵەتدا ئەرکی بەربەرەکانی لەگەڵ پەرەسەندنی ئێعتیاد لە ئێرانیان لە ئەستۆیە و بودجەی زۆریشیان دەخرێتە بەر دەست. بەو پێیە هۆکاری شکستی دەوڵەت و حکومەت لەو مەیدانەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ قسەیەکی نەستەق هەیە کە دەڵێ: «تەور کلکی خۆی نابڕێتەوە». لە ئێران، هەر چی هەی، ببە، بەڵام سیاسی و دژبەری حکومەت مەبە. ئەم هەموو دەزگا و هێزە، جگە لە شانۆیەک هیچی دیکە نیە، چونکە ئێران وەکوو حکومەتێکی دیکتاتۆر، پەرەسەندنی ماددەی هۆشبەر لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ، بە تایبەت لە کوردستاندا. زۆرێکیش لەو کەسانەی کە لە نێو ئەو هێزانەدان، خۆیان مەواد دەکێشن و جگە لەوەی لەگەڵ قاچاخچییەکان دەستیان لە یەک کاسەدایە، پارەشیان لێ وەردەگرن هەتا ئێسکۆرتییان بکەن. بۆ نموونە هەر لە شارەکانی سنە و مەریواندا، مەوادفرۆشەکان بۆ خەڵک و حکومەتیش ئاشکرا و ناسیاون، بەڵام هەر بە ئاشکراش مەواد دەفرۆشن و حکومەتیش کاری پێیان نییە. دەمەوێ حکومەت شکستی نەخواردوە، بەڵکوو خەریکی بارهێنانی کۆیلەیە و تا ئێستایش زۆر بەهێز ئەو کارەی بۆ خۆی کردووە.   وەک دەزانین لە زۆربەی وڵاتان، کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر، ناوەند و شوێنی چارەسەرییان لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە بۆ دەکرێتەوە؛ ئایا لە کوردستان لەو ناوەندانە هەن؟ ئەی ڕۆڵی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان لەو پێوەندییەدا چۆن دەبینیت؟ لە کوردستان ژمارە و کارکردی ئەو ڕێکخراوانە چەندە و چۆنە؟ بەڵێ لەو ناوەندانە هەن، بەڵام زۆر جیاواز و ڕێژەیان زۆر کەمە. واتە خزمەتگوزاری لە ئاستێکی زۆر نزم دایە و زۆرتر ڕواڵەتییە و ئەوەی کە پێویستە بکرێ بۆ چارەسەری تووشبوان لەو ناوەندانەدا زۆر لە ئاستێکی نزم دایە. سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکان بە دڵنیاییەوە، ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوە خەڵکییانە زۆر گرینگە و کاریگەرە. لە کوردستانیش لە زۆربەی شارەکان ئەنجومەنی خەڵکی لەمبارەوە لە لایەن دڵسۆزانەوە پێکهاتووە کە لەگەل ئەوەی دەسەلاتێکی کەمیان هەیە و یان زۆرجار ڕێگرییان دەکرێ بەڵام زۆر چالاکن، بەڵام حکومەت لە نزمترین ئاستدا پشتیوانیانە و کۆسپیش دەخاتە بەردەمیان؛ چونکە ئەم ئەنجومەنانە خوانی کاسپیی حکومەتیان لە کوردستان تێک داوە و بوونەتە کۆسپێک لەبەردەم چوونەپێشەوەی گەڵاڵەکەیان. ئەم ئەنجومەنانە بەداخەوە بەبۆنەی کەم‌ دەسەڵاتییان زۆرتر لە بواری ڕێگری لە توشبوونی گەنجان بە ئێعتیادەوە چالاکن و لە بواری دوای ئێعتیادەوە بۆ چارەسەریی موعتادەکان زۆربە توانا نین و حکومەتیش پشتگیرییان ناکا.   ئەدی هەرزانیی ماددەی هۆشبەر و لەبەردەستدابوونی چییە؟ ماددەی هۆشبەر دوو دەستەن: سوننەتی و سەنعەتی. سوننەتی نرخی گرانە و زۆرتر دەوڵەمەندەکان کەڵکی لێ وەردەگرن؛ بەڵام سەنعەتی، نرخی هەرزانە و زۆریش بە ئاسانی بەدەست دێ. لە ئێستادا، زۆرینەی لاوەکان بەبۆنەی بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بێ پارەیی، ڕوویان کردووەتە ماددە سەنعەتییەکان، کە هەم هەرزانترە و هەم ئاسانتر دەستیان دەکەوێ. هەرزانبوونی ماددەی سەنعەتیش، دەگەڕێتەوە بۆ گەڵاڵەکەی حکومەت و ڕاکێشانی لاوانی زۆرتر بۆ تووشبوون بە ئێعتیاد. لاوانی بێکار و تووشبوو، بۆ وەدەستهێنانی مەواد، هەر کارێک دەکەن کە پێیان ڕادەسپێردرێ و ئەمە هەر ئەو کۆیلەدارییەیە کە حکومەت دەیەوێ. هەروەها سەنعەتییەکان وەک شیشە، هەر لە ئێراندا دروست دەکرێ و وەک پێشتریش باسم کرد سپا خۆی یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانیەتی و دوو سەرە قازانجی لێدەکا.   کارە نەکراوەکان، پرسە لەبیر کراوەکان لەو پێوەندییەدا چین؟ ئەرکە دواخراوەکان کامانەن و لەسەر شانی کێن؟ کارە نەکراوەکان زۆرن و پرسە لەبیر کراوەکانیش هەروەها. خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش هیچ متمانە و بڕوایان بە حکومەت نییە و زۆر شتیان لا ڕوونە و دەزانن کە حکومەت نەک پێش بە پەرەسەندنی ئێعتیاد ناگرێ، تەنانەت ڕێگەخۆشکەرە بۆ مەوادفرۆشەکان و خۆیشیان بەڕێوەبەری ئەم گەڵاڵەیەن. ئەوەی ئێستا بە ئەرکە دواخراوەکانی دەزانم ئەرکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە کە زیاتر لەم پەیوەندییەدا هەول بدەن. جاران ئەگەر کەسێک مەوادی فرۆشتبا، لە ترسی حیزبەکان لە هەزار کوندا خۆیان دەشاردەوە، بەڵام ئێستا لە ڕۆژی ڕووناکدا بڵاوی دەکەنەوە. بۆیە پێویستە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش لە حیزبەکانیان چاوەڕوانییان هەیە کە وەک جاران ڕۆژی ڕووناکیان لێ بکەنە جەهەندەم و ئەوە بزانن کە لەلایەن خەڵکیشەوە ئەو شەرعییەتە بە حیزبەکان دراوە کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر سزا بدەن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.