کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیری نەتەوەیی لە ئایدیا و ئەندێشەکانی دوکتور شەرەفکەندیدا

04:29 - 18 خەرمانان 2717

شەهید دوکتور شەرەفکەندی: «کێ دەتوانێ بڵێ کە هەستی میللی(نەتەوەیی)، یانی ئەو هەستە تەبیعی، ئینسانی و سەرەتاییەی کە هەر ئینسانێک هەیەتی_ کە ئەوەیش وەک ئینسانێک دەبێ ئازاد بێ_ هەستێکی پاشکەوتووانەیە؟ ئەوڕۆ لە دنیایەدا کەس ناتوانێ بڵێ کە هەستی میللی شتێکی پاشکەوتووانەیە، جا چ عەقیدەی پێ هەبێ چ عەقیدەی پێ نەبێ. لە شەرایەتی ئەوڕۆی دنیادا هەستی میللی و ئازادیخوازی بۆ هەر نەتەوەیەک وەکوو ئینسان لەم دونیایەدا، ئیدی کەس مونکیری پیرۆزی و موقەدەسبوونەکەی نیە.» *** ٢٥ ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستان - لەم مانگەدا- هاوکاتە لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم و گشتپرسی لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی. لەم سۆنگەوە جێی خۆیەتی باس لە لایەنێکی فکریی دوکتور شەرەفکەندی لە پێوەندی لە گەڵ «مافی دیاریکردنی چارەنووس» و « مافی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی کیانێکی سەربەخۆی کوردی»‌دا بکەین کە ناوبراو لە سەردەمێکی بڤەدا ئازایانە و بە ڕاشکاوی قسەیان لە سەر دەکا و، هیچ تەوژم و هێرشێکی فکریی بەرەکانی نەتەوەپەرەستی فارس و چەپی کلاسیکی دژ بە نیشتمانپەروەری ناتوانن لە باوەڕەکانی پاشگەزی بکەنەوە. دوکتور شەرەفکەندی هاوکات لەگەڵ ئاڵۆگۆڕەکانی باشووری کوردستان و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلی کورد لەم بەشە لە کوردستان بە سەر دەسەڵاتی بەعسی عێراقیدا(١٩٩١)، ڕوو بەو ئێرانییە شۆڤێنیستانەی کە هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی چڕ کردبۆوە، ڕاشکاوانە دێتە جواب و بە ئاماژەدان بە ستەمی لە مێژینەی نەتەوایەتی کە دەرحەق بە میللەتی کورد لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە لە شکڵی دەوڵەت و دەسەڵاتدا کراوە دەڵێ؛» لە واقعییەت‌دا ئێستا ئیدی کەس ناتوانێ حاشا لە کێشەیەک بە ناوی کێشەی نەتەوەی کورد لە ئێران‌ و وڵاتانی دیکە بکا. واقعییەت ئەوەیە کە ئێستا کوردەکان ئەگەر شتێکیان زیاتر  لە نەتەوەکانی دیکەی خاوەن ماف نەوێ، کەمتریان ناوێ. بۆ ئەم مەسەلەیەش لە ئێران‌ و ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە، دەبێ تەنیا پرس بە خودی کورد بکەن کە چیی دەوێ.» بیری نەتەوەیی لە بیروباوەڕی شەهید شەرەفکەندیدا ئەوەندە چەسپاو و جێگیر بوو کە، دەسکەوتەکانی خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەی لە هەر بەشێکی کوردستاندا با، بە هی خۆی و بە گشتی بە ئی میللەتەکەی دەزانی. لە گەڵ ئەوەدا کە سرووشتی خەباتی گەلی کورد لە ڕووی جوغرافیاییەوە وای دەخواست کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندیی لەگەڵ بۆ نموونە بە دەوڵەتی عێراقەوە هەبێ، بەڵام دیسانیش هیچ تێبینی و بۆچوونێکی سیاسی و حیزبی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوکتور شەرەفکەندی وەک سکرتێری ئەوکاتی حیزب ئەوەندە گرینگ نەبوو کە نەتوانن دەسکەوتێکی نەتەوەیی وەک ڕاپەڕینی کورد لە باشووری کوردستان و ئازادبوونی یەک لە دوای یەکی شار و ناوچەکانی ئەم بەشە لە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی بەعسی عێراقیدا نەبینن و پێی خۆشحاڵ نەبن و بە کردەوە لە پێناویدا هەڵوێست نەگرن. دوکتور شەرەفکەندی لە ڕێورەسمی پێشوازی لە جێژنی نەورۆز و سەر ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا لە بناری قەندیل کە هاوکات بووە لە گەڵ ئازادکردنی شاری کەرکووک، بە خۆشحاڵییەوە باس لە ئازادیی کەرکوک دەکا و بەم شێوەیە قسە لە مەسئولییەت و بەرپرسیاریەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرانبەر بە دەسکەوتە نەتەوەییەکانی ئەم بەشە لە خاکی نیشتمان دەکا: «نەورۆزی ئەوساڵمان بەڕاستی جێژنە، یان باشتر بڵێم دوو جێژنە و بە کەس وەسف ناکرێ. لە مێژووی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنەیە. بۆ هەموو کورد و بەتایبەت بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات کە لە گۆشەیەکی ئەسڵیی ئەم موبارزەیە داین ڕۆژێکی خۆش و مێژووییە. بارودۆخی کوردستانی عێراق و ئەو دەسکەوتە مێژووییە دوو مەسئولییەت دەخاتە سەر شانمان(وەک حیزبی دێموکرات) و، لە دوو مێحوەردا دوو مەسئولییەتی ئەسڵیمان لە بەر دایە. بۆ تەسبیتی ئەو دەسکەوتانەی کوردستانی عێراق دەبێ لە خۆبوردوو بین و دەسکەوتەکە بپارێزین. ئەوەی لەم پێوەندییەدا بۆ ئێمە گرینگە یەکەم؛ تەسبیت و تەعمیقی ئەو دەسکەوتانەیە و دووهەم؛ دەبێ ئەو دەسکەوتە بەربڵاوتر بکەین و بۆ لای خۆشمانی لە کوردستانی ئێران ڕابکێشین و، ئەوەیش ئەرکی حیزبی ئێمەیە. ئەو دوو ئەرکە لە ئەسڵدا یەک شتن. بەڵام لەوانەیە لە بە جێگەیاندندا تەعاروز بێتە پێش، لەوانەیە یەکیان پێشی ئەوی دیکە بگرێ. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دەبێ بە دڵگەرمییەوە ئەرکەکانمان بەڕێوەبەرین. لەوانەیە لە ڕواڵەتدا ئەو دوو ئەرکە یەکیان ئەوی دیکە وەدوا بخا، بەڵام لە نێوەرۆکدا هەر یەکن و حیزبی ئێمە لەو بارەوە مەسئولییەتی قورسی دەکەویتە سەر شان.» ڕووداوەکانی ساڵانی سەردەمی سکرتێریی دوکتور شەرەفکەندی کە بەداخەوە زۆریشی نەخایاند، بۆ نەتەوە بندەستەکان دڵخۆشکەر بوون. لانیکەم دوای لێکهەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤییەت و درووستبوونی چەند دەوڵەتێک بە خەسڵەتی نەتەوەیی، ڕووداوەکانی ١٩٩١ و ڕاپەڕینی کوردەکان لە باشووری کوردستان و، پاشەکشەی رێژیمی بەعس لەم بەشە لە کوردستان، بۆ نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دڵخۆشکەر بوون. لەم سۆنگەیەوە بیروبۆچوونی دژی‌ گەلییانەی سەر بە تەیفی نەتەوەی پاوانخواز و تەواویەتخوازی ئێرانی(فارس) ، بۆ دژایەتیکردنی مافی نەتەوە ماف ‌لێ ‌زەوتکراوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەخۆ کەوتن. هەر بۆیە کاتێک کە دوکتور شەرەفکەندی لە سەفەری بێ‌گەڕانەوەی خۆیدا لە بەهاری ساڵی ٧١ی هەتاوی گەیشتە دەرەوەی وڵات و ئەوەیش هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردن و دامەزرانی پارلمانی کورد لە باشووری کوردستان، لە ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ تەیفەجۆراوجۆرە سیاسییەکانی ئێرانیدا کە دەیانهەویست بزووتنەوەی کورد ببەنە ژێر پرسیار و بە زیادەڕەویی و «جیاییخوازی» تۆمەتباری بکەن، ئازایانە هاتە دەنگ و پێی وتن کە؛ «ئەگەر لە روانگەی مێژوویی و تیئۆریکەوە چاو لە مەسەلەکە بکەین دەبێ بڵێین کە ئەوە ڕاستە کە  زۆرێک لە وڵاتان و یەک لەوان ئێران، بە درێژایی مێژوو لە یەکگرتوویی نەتەوە جیاوازەکان پێک هاتووە، بەڵام هیچ شتێک هەتاهەتایی نیە، چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر چەند نەتەوە با ١٥٠٠ ساڵیش پێکەوە ژیاون، ئێستا ناتوانن لێک جیابنەوە و بەجیا بژین. مەسەلەکە هەلومەرجی ئەمرۆیە. ئەگەر دونیا لە حاڵی گۆڕان دایە، شتێکی سرووشتییە کە دۆستایەتییەکان و ڕێککەوتنەکان و پێکەوە ژیانەکان و ڕوانینەکانیش، هەر هەموویان دەگۆڕدرێن. جیا لە هەمووی ئەمانە هیچ واقعیەتێکی مێژوویی ناتوانێ ئەوە بسەلمێنێ کە هەمیشە نەتەوەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا پێکەوە ژیاون. هەر ئەو ئێرانە زۆر وڵاتی دیکەی وەک ئەفغانستان و ئازەربایجانی لێ دروست بوو و دونیاش نەڕووخا. پێکەوە ژیانی نەتەوەکان تەنیا لە ڕووی لێک‌حاڵیبوون  و یەکتری قبووڵکردنەوەیە و هیچ پێشینەیەکی سەد ساڵە یان هەزار ساڵە ناتوانێ پاساوی بدا.» ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە لە حیزبی دێموکراتدا تەنیا شەهید دوکتور سەعید نەبوو کە بە گوتار و بەکردوە بۆی تێ دەکۆشا، بەڵکوو بەشێک بوو لە ماهییەت و پێناسەی حیزبی دێموکرات و سەرجەم خەباتکارانی نێو ڕیزەکانی ئەم حیزبە کە دەکرێ هەر لە سۆنگەی رووداوەکانی باشووری کوردستانەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە هاوکاری و خەمخۆریی بەکردەوەی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بکرێ. لە سەرەتاکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی زایینی‌دا، لە دەیان شار و ناوچەی ئەم بەشە لە کوردستاندا، ئەوە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون کە شان بە شانی پێشمەرگەکانی باشوور، ڕۆڵی چالاکانە و لە هێندێک شوێندا یەکلاکەرەوەیان لە گرتنەوەی شوێنە گرینگەکانی ئەم بەشە لە کوردستان‌دا هەبوو. لە ئاستی گشتیدا هەر وەک دوکتور شەرەفکەندیی شەهید لە پەیامی نەرۆزیی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە بە بۆنەی ئازادیی شاری کەرکووک باسی دەکا، «حیزبی دێموکراتی کوردستان توانی بە مەسئولییەتەوە لە ڕاگرتن و پاراستن و قوڵکردنەوەی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستاندا، رۆڵی بەرچاوی هەبێ». هەرچەند بەجێگەیاندنی ئەم ئەرک و مەسئولییەتە بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان – هەر وەک شەهید شەرەفکەندی دەڵێ – «لەوانەیە لە رواڵەتیش‌دا لە تەزاد‌دا بووبێ». * سەرچاوەی قسەکانی د. شەرەفکەندی: ڕادیۆ دەنگی کوردستان سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.