کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤێک ئاوێتەی خۆر و خاک

04:58 - 21 خەرمانان 2717

لە یادی دە ساڵەی کۆچی هەمیشەیی کاک عوسمانی ڕەحیمی‌دا دە ساڵ لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی‌‌دا وەک ساتەوەختێک و چاوترووکاندنێک و بگرە کەمتریش وایە، بەڵام بۆ مرۆڤەکان کە تەمەنیان هەر چەند دەهەیەکە، دە ساڵ تەمەنێکی کەم نییە. بۆ مەگەر مرۆڤ چەند دەیە دەژی کە دە ساڵ بە کەم بزانێ!؟ لە ژیاندا زۆر هۆکاری تایبەت بە کەسایەتیی تاکەکان‌ هەن کە دەتوانن لەسەر چۆنیەتی ژیانی مرۆڤەکان‌، بە خۆشیی و نەهامەتییەکانیشیەەوە شوێن‌دانەر بن. بەو حاڵەش بێگومان کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، ئازاد و بەدوور لە دواکەوتوویی لە هەموو بوارەکان‌دا دەتوانێ بەستێنێکی باش و لەبار بێ بۆ گەشەکردنی تاکەکان و ئاسوودەیی و تام و چێژ وەرگرتن لە سات بە ساتەکانی ئەو تەمەنە کورتە کە بە دیاری دراوە بە مرۆڤەکان؛ بەڵام ئەگەر کۆمەڵگاکە نەک هەر دواکەوتوو، بگرە ژێردەستە و داگیرکراویش بێ، دەکرێ تاکەکان هەست بە خۆشبەختی و ئاسوودەیی بکەن؟ لە ڕاستی‌دا مرۆڤ تەنیا گیانلەبەرێکە کە پاش گەیشتن بە قۆناغەکانی خۆناسێن، دەزانێ ژیان بە هەموو خۆشی و تاڵی و سوێرییەکانییەوە، بە هەموو سەرکەوتن و کێشە و نەهامەتیەکانییەوە، کاتییە و وەک چۆن رۆژێک لەدایک بووە و پێی ناوەتە سەر ئەو پیرە زەوییە، رۆژێکیش دەبێ بگەڕێتەوە نێو ناخی خاک و ماڵاوایی لە هەموو خۆشی و ناخۆشیی و نەهامەتی و هیوا و خۆشەویستانی بکات. ئەو کەسانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر خۆشبەختی و ئاسوودەبوونی مرۆڤەکان ئامانج بن، خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، کوێرەوەری و دەربەدەری و تەنانەت سەر و گیان و ماڵ دانان لە پێناو ئەو ئامانجەدا، واتە بەختەوەریی مرۆڤەکان و رزگاریی کۆمەڵگا، خۆی لە خۆی‌دا بەختەوەرییە. خەبات لەپێناو چەوساوەکان، بەدژی داگیرکەران و دیکتاتۆڕەکان و ملهوڕانی مێژوو و تێکۆشان بۆ سازدانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر کە لەودا چەوسانەوە لە هەموو شێوەکانی‌دا خاشەبڕ بکرێ، ئاواتێکی ئینسانی و خەباتێکی پیرۆزە لە پێناو چەمکی "بەختەوەری"دا. کاک عوسمانی ڕەحیمی یەکێک لەو کەسانە بوو کە بێوچان هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی، لە خەبات بۆ بەختەوەریی نەتەوە ستەملێکراوەکەی نەوەستاو سەربەرزانە سەری نایەوە. کاک عوسمان باوەڕی وابوو خەبات بۆ ئازادی و بەختەوەریی نەتەوەکەی هاوتەریبە لەگەڵ ئەو چەمکە و ئەگەر رزگاری و بەختەوەریی نەتەوەکەشی نەبینێ، ئەوا ئەو، دەستەو ئەژنۆ و بێ‌لایەن دانەنیشتووە، بەڵکوو هەڵوێستی هەبووە و لە پێناو بەختەوەری و سەربەرزی و ئازادیی‌ مرۆڤەکان‌دا هەنگاوی هەڵێناوە. کاک عوسمان باش دەیزانی دەتوانێ وەک زۆربەی خەڵکی دیکە بێ‌لایەن بێ، گوێی خۆی کپ کا و چاوی لە زوڵم و زۆری و زۆردار و داگیرکەرانی وڵاتەکەی‌دا بنووقێنی و بڵێ، بۆ هەر ئەمن؟! بۆ ئەمن ئەو تەمەنە کورتەم بە شاخ و داخانەوە بە فیڕۆ بدەم و هەمیشە گیانم لە مەترسی‌دا بێ، ئەدی بۆ خەڵکی دیکە خەمی بەختەوەریی نەتەوەکەیان بەکۆڵ‌دا نادەن و نایەنە مەیدانی خەبات؟ بەڵام ئەو پرسیارانە نەک هەر کاک عوسمانی لە ڕێبازە پیرۆزەکەی دوور نەکردەوە، بەڵکوو ئەوی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە هەمیشە دەبێ کەسانێک وەک ئەو هەبن ببن بە سووتمانی ئازادی و رێ‌نیشاندەری گەلەکەیان. کاک عوسمان خۆی بە بەختەوەر دەزانی کە رێگاو رێبازی شەهیدانی رزگاری نەتەوەکەمان، بەتایبەت پێشەوای حیزبی دێمۆکرات کوردستان و نەتەوەی کوردی گرتۆتە بەر. کاک عوسمان لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە داوێنی بنەماڵەیەکی مامناوەندی خۆش‌نێو و کوردپەروەر لە شارە جوانەکەی بانە لە دایک بوو. باوکی بەرێزی، کاک حەمە ساڵە لە پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان بوو و پاشانیش بەهۆی پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە چەند جاران لە لایەن ساواکەوە زیندانی کرا. هەر بۆیەش کاک عوسمان هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دیکتاتۆڕی و زەبروزەنگی دەسەڵاتی ئەوکات ئاشنا بوو. کاک عوسمان هێشتا مێرمنداڵێک بوو کە لە لایەک شۆڕشی رزگاریخوازانەی کوردستانی عێراق لە ئارا دابوو و لە لایەکی دیکەش جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧ــ٤٦ لەلایەن تێکۆشەرانی دێمۆکرات گۆمی مەندی ئێرانی سەردەمی پاشایەتی شڵەژاند و ئەو هەستەی لە دڵ و دەروونی‌دا بەهێز کرد کە ئەو وەک کوردێک، جیاوازیی لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست‌ لە ئێران‌دا هەیە و کورد نەتەوەیەکی جیاواز و زوڵم‌لێکراو و ژێردەستەیە و ئەو مێرمنداڵەی تووشی خەم و خەفەتێکی تاقەت‌پڕووکێن و لەهەمان کات‌دا رق و تووڕەییەکی لەبن‌نەهاتوو لە دەسەڵاتی ڕەشی پاشایەتی کردبوو. بە دوا ئەوەدا خەلیفە حەمەساڵحی باوکی لەلایەن ساواکەوە گیرا. کاک عوسمان، لە ساڵانێکی وا هەستیاردا، کە شارەکەی و بنەماڵەکەی لە گێژاوی سیاسەت و زەبروزەنگی ساواک‌دا، زەمانیان تێپەڕ دەکرد، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی لە شاری بانە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ‌هێنا. ئەو کە یەکێک لە خوێندکارە سەرکەوتووەکانی بانە بوو، دوای بەشداری کردن لە کۆنکووری سەراسەری لە ڕشتەی پزیشکیی زانکۆی شیراز وەرگیراو پاییزی ساڵی ١٣٥٣ بۆ درێژەی خوێندن بەرەو شیراز وەڕێکەوت. بەڵام هۆگریی ئەو بە سیاسەت و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆڕی خەباتگێڕانی بزووتنەوەی خوێندکاریی، هانی دا کە ساڵی دواتر واتە ساڵی ١٣٥٤ بۆ ئەوەی بتوانێ بگەڕێتەوە تاران، بۆ درێژەی خوێندن خۆی گواستەوە بۆ دانشکەدەی دامپزیشکیی تاران. ئەوەش سەرەتایەکی باش بوو بۆ ئەوەیکە بتوانێ مەیدانێکی ئاوەڵاتر بۆ کارێکی جیددیتر لەپێناو خەبات بۆ فکر و ئامانجەکانی ببینێتەوە. هاوڕێ کاک عوسمان هەر لەو سەروبەندەدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ و بیروبۆچوونە سیاسییەکانی ئەو کات کە زۆرتر لە چوارچێوەی مارکسیزم و بیروبۆچوونی چەپ‌دا پۆلین دەکران ئاشنا بوو و کەوتە ژێر کاریگەرییان. ئەو لە لایەک وەک لاوێکی کورد دژی رێژیمی کوردکوژیی حەمەڕەزا شادا بوو و لە لایەکی دیکەش باوەڕی بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لەنێوبردنی هەرچەشنە چەوسانەوەیەکی کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ بوو؛ هەر بۆیەش لەگەڵ دەسپێکردنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان لە تاران و باقی شارەکانی ئێران‌دا بە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی، کاک عوسمان هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، بەشداریی چالاکانەی لە خۆپێشاندانەکان‌دا کرد. لە دوای سەرکەوتنی شۆرش هەتا ساڵی ٦٠ کاک عوسمان وەک لاوێک کە باوەڕی بە مارکسیزم و بیروبۆچوونی "چەپ" هەبوو وەک ئەندامی رێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئیران درێژەی بە کار و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی لە کوردستان‌دا. لەو ماوەیەدا و بەتایبەت لە دوای هێرشی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کوردستان و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک لە شارو گوندەکانی وڵاتە ژێردەستەکەمان، بەرەبەرە بۆچوونی کاک عوسمانی ڕەحیمی گۆڕانی بەسەرداهات. کاک عوسمانی لاو کە لە دەلاقەی "چەپ"ەوە هاتبووە نێو دونیای سیاسەت و خەبات، بەو ئاکامە گەیشت کە سوسیالیزم و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەمانی چەوسانەوەی ئینسانە زەحمەتکێشەکان لە وڵاتەکەمان خاشەبڕ ناکرێ، ئەگەر نەتەوەی کورد هەروا لەژێر ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی‌دا بێ. ئەو بەدوای بەدیل و رێگە چارەیەک‌دا دەگەڕا کە هەم بتوانێ لە پێناو زەحمەتکێشان‌دا درێژە بە خەبات بدات و هەم تێ‌بکۆشێ مافی زەوتکراوی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکات، واتە تێکهەڵکێشێک لە خەباتی چینایەتی و خەباتی نەتەوایەتی؛ هەر بۆیەش پاش هەڵسەنگاندنێکی زۆر پێوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە گرت و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد. کاک عوسمان باش تێگەیشتبوو لە قۆناغی ئێستای خەبات‌دا کە بە قۆناغی خەباتی نەتەوەیی ‌ــ ‌دێمۆکراتیک (ملی ‌ــ‌ دمکراتیک) ناسرابوو، دەبێ نەتەوە بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانییەوە لە چنگ ستەمی نەتەوایەتی رزگاری بێ؛ لەهەمان کات‌دا دەبێ خەبات بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش لەبیر نەکرێتەوە و ئەو دوو شێوە خەباتە لێکگرێ بدرێن و ئەوەی لەو قۆناغەدا چارەنووس‌سازە و گرینگترە، خەباتە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان و رزگارکردنی وڵات و نەتەوەکەمان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیەتی. کاک عوسمانی ڕەحیمی هەر زۆر زوو بە هۆی لێهاتوویی و دلسۆزی و هەستی بێگەردی کوردانەی خۆی، توانی پلەکانی تەشکیلات بە سەرکەوتوویی ببڕێ. ئەو سەرەتا لە دەستەی زەربەتی هێزی ٨١ی شەهیدانی وێردی شاری بانە سازمان درا، پاشان بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی بانە. هەر لەو سەروبەندەدا واتە لە ساڵی ١٣٦٢ برا گەورەکەی کاک عوسمان، کاک عومری ڕەحیمی کە ئەو کات ئەندامی کۆمیتەی شارستان و ئەندامی لێژنەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی شارستانی بانە بوو، شەهید کرا. شەهید بوونی کاک عومەر سەرەڕای ئەوەی زۆر بەداخ و بەژان بوو، نەبوو بە هۆی دڵساردبوونەوەی کاک عوسمان لە خەبات و ئەو زۆر بە گوڕو‌تین‌تر لە پێشوو درێژەی بە خەبات بە دژی داگیرکەرانی کوردستان دا. کاک عوسمان لە کۆنگرەی حەوتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌دا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هەتا کۆنگرەی سێزدە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی درێژەی بە خەبات داو بەرپرسایەتی جۆراوجۆری وەک بەرپرسیی کۆمیتەی شارستانی بانە و بەرپرسی دەبیرخانە و بەرپرسی رادیۆ دەنگی کوردستانی پێئەسپێردرا. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کاک عوسمان بە لێهاتوویی خۆی توانی ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕێنێ. ڕەنگە یەکێک لە لاپەڕە زێڕینەکانی خەباتی کاک عوسمانی ڕەحیمی، بەشداربوونی بێ لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان‌دا. کاک عوسمان وێڕای پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب زۆر بە نهێنی بەشداری لە هێرش بۆ سەر بنکەو بنیاتەکانی رێژیمی سەددام حوسێن لە شاری هەولێر و دەسبەسەرداگرتنی پارێزگا و باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگادا دەکەن. کاک عوسمان لە ساڵی ١٣٧١ رووی لە هەندەران کرد و چووە وڵاتی ئاڵمان، بەڵام پاش دوو ساڵ مانەوە لەو وڵاتە، سەرەڕای وەرگرتنی مافی پەنابەری و لەگەڵ ئەوەی دەیتوانی بۆ هەمیشە لەوێ نیشتەجێ بێ، گەڕایەوە کوردستان و لە پێشوو بە گوڕوتین‌تر هاتەوە مەیدانی خەبات و درێژەی بە کار و چالاکییەکانی خۆی‌دا. نووسەری ئەو دێڕانە سەرەڕای ئەوەی ناوناوبانگی بەڕێز کاک عوسمانی ڕەحیمی زۆر لەمێژ بوو بیستبوو، بەڵام بۆ یەکەمجار پاش یەکگرتنەوەی بنەماڵەی دێمۆکرات لە ی١٩ بەفرانباری ساڵی ١٣٧٥ چاوی بە کاک عوسمان کەوت و پاشان لە کۆمیسیۆنی ڕادیۆ و لە دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی "کوردستان"دا شانازیی هاوکاربوونی لەگاڵ پێبڕا. کاک عوسمان لە کارەکانی‌دا زۆر جیددی و بە دیسیپلین بوو، لە نووسین و وەرگێڕان دا لەڕادەبەدەر وردبین و "خێرا‌نووس" و کارامە بوو. لە دۆستایەتی و هەڵسووکەوت لەگەڵ هاوڕێیانی و لە کۆڕو کۆبوونەوە نافەرمییەکان‌دا زۆر گەرموگوڕ و قسەخۆش و نوکتەزان و لەبەردڵان بوو. بەڕاستی هەر کەس کاک عوسمانی ڕەحیمی ناسیبا دەزانێ تەواوی تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانییەکان لەودا کۆبوونەتەوە. خەڵک‌خۆشەویست، خاکەڕایی و بە دوور لە خۆ بەزلزانی بوو. سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی بوارەکان‌دا بە چەند قات لە زۆربەی ئەوانەی کە تەنانەت پلەی تەشکیلاتیان لەوی لەسەرتر بوو زاناترو کارامەتر بوو، قەت خۆی لەسەر هاوڕێیانی نەدەگرت و ئەگەر شتێکی زانیبایە، یان هەڵەیەکی لە هاوڕێیەکی حیزبی دا دیبایە بەبێ ئەوەی بەرانبەرەکەی هەست بە خۆشکاندنەوە بکات، هەڵەکەی بۆ ڕاست دەکردەوە و ئەوەی دەیزانی فێری دەکرد. کاک عوسمان لە دوای کۆنگرەی ١٣ و لەت بوونی حیزبی دێمۆکرات، وێڕای بەداخ‌بوونی لەو ڕووداوە، هەمیشە ئاواتی یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی لەدڵی‌دا بوو، ئەوانەی لە نیزیکەوە کاک عوسمانیان دەناسی دەیانزانی کە ئەو مرۆڤە پاک و بێ‌گەردە ئەوەی مەبەستی نەبێ، پلە و پایەی حیزبییە، کاک عوسمان لە سەرووی پێگەی تەشکیلاتییەوە دەیڕوانییە خەبات و خزمەت بە حیزب و جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەی، هەر بۆیەش لە کۆنگرەی ١٣ی حیزب لەپاش ئەوەی بە هۆی دەستەبەندی جیناحییەوە لە دەوری یەکەمی هەڵبژاردنەکان دەنگی پێویستی نەهێنایەوە، سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکان، بۆ دەوری دووهەم خۆی کاندیدای کۆمیتەی ناوەندی نەکردەوە و پاش کۆتایی کۆنگرە وەک کادری حیزب درێژەی بە کار و خەبات دا و بوو بە بەرپرسیی "ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ". لە دوای لەتبوونی حیزبیش کاک عوسمان وەک ڕاوێژکاری دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەست‌نیشان کرا. زۆر بەداخەوە کاک عوسمان لە ٢٠ی خەرمانانی ١٣٨٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ١١ی سیپتامبری ٢٠٠٧ی زایینی لە تەمەنی ٥١ ساڵی‌دا بەهۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی‌دوایی لێکردین و حیزب و هاورێیانی و بنەماڵەی بەڕێزی، خاتوو پەخشان و جگەرگۆشەکانی سامان و سوورکێو و سنووری لە بوونی خۆی بێبەری کرد. مەرگی لەناکاوی کاک عوسمان نەک هەر دوست و هاوڕێیانی، بەڵکوو نەیارانی سیاسیشی تاسەبار کرد. ئەو بە ئارامی و ڕەنگە بەبێ ئێش و دەرد مەرگی لە ئامێز گرتبێ، بەڵام ئێش و دەرد و کەسەری مەرگی خۆی بۆ بنەماڵەی بەڕێزی و هاوڕێ و دۆستانی و هەموو ئۆگرانی حیزبی دێمۆکرات بەجێ هێشت. ئێمە لە کاتێک‌دا یادی دە ساڵەی کۆچی ناوادە و دڵتەزێنی کاک عوسمانی ڕەحیمی بەرز و بەڕێز ڕادەگرین کە لە ماوەی چەند ڕوژی ڕابردوودا شاری خۆڕاگری بانە، شارە جوانەکەی کاک عوسمان و شەهیدانی وێردی و دەیان شەهیدی سەربەرزی ئەو شارە، لە ئاست تاوانی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری پەت و سێدارە ڕاپەڕین و نیشانیان دا کوردستان و خەڵکی خۆڕاگری بانە لە ئاست کردەوە دژی گەلییەکانی ئەو ڕێژیمەدا بێ‌دەنگ نابن. یاد و ناو و رێبازە پیرۆزەکەت هەمیشە لە دڵمان دایە کاک عوسمان