کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی چالاکانی مەدەنی لە سەر ڕەفتارەکانی رێژیم

23:40 - 22 خەرمانان 2717

جووڵەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بڕینی چەند قۆناغێکی گرینگ و پڕ لە کێشەی رێکخراوەیی، بە خۆشییەوە ئێستا لە بارودۆخێکی باش دایە. کە دەڵێین "باش"، مەبەست ئەوە نیە کە بمانهەوێ بڵێین بێ کەم‌وکوڕییە و هیچ کەمایەسییەکی نیە، بەڵکوو تەنیا بەراوەردێکی کارکردیی ئەم بزاڤەیە لە سەر کۆمەڵگا و هەروەها رەفتارە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە کوردستان. کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ئەم رۆژانە چ لە ڕووی رێکخراوەییەوە چ لە رووی کارکرد و شوێندانەرییەوە لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون و بەرفراوانبوون ‌دایە، کە ئەمە بە سەرنجدان بە ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و خودی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستان، هەروا ئاسان بە دەست نەهاتووە. ڕێژیمی بە ماهییەت نادێموکراتیک و دژی گەلی و دژ بە کۆمەڵگای مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بواری هەر جۆرە جووڵەیەکی مەدەنی و چالاکییەکی رێکخراوی خەڵکیی لەوان بەربەست کردوە و هەموو حەرەکەتێک بە چاوی ئەمنیەتی لێک دەداتەوە و رێکاری ئەمنیەتی بۆ دەگرێتە پێش، گەورەترین کۆسپی بەردەم کۆمەڵگای مەدەنییە. بارودۆخی کۆمەڵگای کوردستانیش کە تاڕادەیەک بە فەرهەنگی ئەم جۆرە لە خەبات نامۆ و ناڕێکخراوە، تا ڕادەیەکی بەرچاو سستی بەم بزاڤە بەخشیوە. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە بە هەوڵی چالاکانی نێوخۆی وڵات و هەستکردن بە زەروورەتی ئەم جۆرە لە تێکۆشان و چالاکی، ئەم بزاڤە نەتەنیا توانیویەتی ڕەوتێکی بەرەو پێش هەڵکشان بپێوێ، بەڵکوو لە زۆر بواردا توانیویەتی پاشەکشە بە ڕێژیم و سیاسەتەکانی لە کوردستان بکا. هەر ئەوەیکە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری کوردستان بە دەیان فێرگەی نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی لە زۆرێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن و ساڵانە بە هەزاران کەس ئاشنا بە نووسین و خوێندن بە زمانی دایکیی خۆیان دەکرێن، ڕاست جۆرێکە لە پاشەکشەکردن بە ڕێژێمێک کە لە تەواوی تەمەنی خۆیدا هەوڵێ سڕینەوەی ئەم زمانەی داوە. چالاکانی ژینگەپارێزی وڵات کە بە درووستکردنی رێکخراوە ژینگەپارێزییەکان لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و پارێزگاری لە ژینگەی نیشتمانەکەیان دەکەن، ڕاست بەربەرەکانییەکی راستەوخۆیە دژ بە رێژیمێک کە ساڵانە هەوڵ دەدا بە سووتاندنی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان عەرزی سووتاو پاش خۆیان بەجێبێڵن. هەر ئەوەیکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەوڵی چالاکانی فەرهەنگی بە بەشداریی نزیک بە ١٠ وڵاتی جیهان، شانۆی سەرشەقام لە شاری مەریوان بەرێوە دەچێ، راست راوەستان بەرانبەر بە سیاسەتی دژی فەرهەنگیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە کوردستان کە دەیهەوێ ئەم میللەتە لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دابماڵێ. کۆمەڵگای مەدەنی لە زۆر بواری دیکەدا بە یەکگرتوویی و بە دوور لە توندوتیژی و بە شیوازی مەدەنی هەوڵی داوە پاشەکشە بە رێژیم و سیاسەتەکانی لە کوردستان بکا کە دەکرێ وەک تازەترین نموونە ئاماژە بە هەڵوێستی خەڵکی شارەکانی بانە و سنەوە بکەین کە بەرانبەر بە کوشتنی کۆڵبەرانی بێ‌دەرەتان ڕژانە سەر شەقامەکان و نارەزایەتییان دژ بە بەرخودی هێزە ئەمنیەتییەکانی ریژیم بەرانبەر بە کۆڵبەران دەربڕی. کاریگەریی ئەم بزاڤە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان لە رووی هوشیاری و ریکخراوەییەوە ئەوەندە کاریگەر و شوێندانەرە کە دەکرێ لە رەفتاری رێژیم بەرانبەر بە چالاکانی مەدەنی هەر لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، هەست بە گرینگییەکەی بکرێ. دوابەدوای رووداوەکانی شاری بانە و هەڵوێستی خەڵک بەرانبەر بە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە، یەکەم هەنگاوێک کە رێژیم بۆ پێشگیریی لەم حەرەکەتە هەڵیهێنایەوە، گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی ئەم شارە بوو. هەروەها بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندی ئەم حەرەکەتانە بۆ شارەکانی دێکەی کوردستان، ریژیم یەکەم کاردانەوەی ئەوە بوو کە دەستی دایە گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە شارەکان و تۆمەتباری کردن بە هاندانی خەڵک بۆ نارەزایەتی دەربڕین. گرتنی ٥ کەس لە چالاکانی مەدەنی لە شاری کرماشان و ٧ کەس لە شاری مهاباد بەرچاوترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە. کەوابوو پێویستە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گرینگیییەوە سەیری کۆمەڵگای مەدەنی و ئەم بزاڤە بکرێ و، بە ئاماژەدان بە کەمایەسییەکانی - کە بێگومان هەیەتی - هەوڵی تەقوییەتکردن و گەشەسەندنی بدرێ.