کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕگرتنی ئێرانییەکان لە پای چ خۆفێکە؟

20:36 - 29 خەرمانان 2717

لەم ماوەیەدا کە باسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی باشووری کوردستان لە ئارا دایە ئێرانییەکان و بەتایبەت کاربەدەستانی ئێستا و پێشووتری کۆماری ئیسلامی بە تێكڕا شڵەژاوی و نیگەرانییەکیان پێوە دیارە. ڕۆژ نیە لێدوانێکی هەڕەشە ئامێز لەسەر زاری کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە بە ورد و درشتیان بڵاو نەبێتەوە، بە جۆرێک کە بەڕاستی ئینسان سەری لەم هەموو لێدوان و قسانە سوڕ دەمێنێ، ئاخر ڕەنگە تەنیا بەخشداری هەندێک لە شارۆچکەکانی ئێران مابن لەو بارەوە قسەیان نەکردبێ و هەڕەشەیان لە کورد نەکردبێ. هەر لە سەرتای هاتنە ئارای باسی ڕیفراندوم لە باشووری کوردستان بەرپرسانی ئێرانی و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناڕەزایەتی خۆی لەو بڕیارە راگەیاند و دواتر سەردان و کۆبوونەوە و ڕاوێژی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی ئێرانی بە ئاشکرا و بە نهێنی بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە مەبەستی پێشگرتن لە ریفراندوم لەو هەرێمە دەستی پێکرد، کە دواترینیان سەردانی شاهردوودی بۆ بەغدا و دانیشتن لەگەڵ حەیدەر عیبادی؛ تەوەری سەرەکییەی هەر پرسی ڕیفراندۆم بوو. لە تازەترین کاردانەوە و لێدوانیشدا عەلی شەمعخانی، دەبیری"شورای عالی امنیت ملی ایران" هەڕەشەی ئەوەی کردوە کە سنوورەکانی ئێران بە ڕووی هەرێمدا دادەخەن و هەموو ڕێککەوتنە ئەمنیەتی و نیزامییەکانیان لەگەڵ هەڕێمی کوردستان هەڵدەوەشێننەوە، بەجۆرێکیش هەڕەشەی ئەوە دەکا کە بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانیش لە هەرێم دەکرێنە ئامانج. جیا لە لێدوانی کاربەدەستانی نێو دەسەڵات کە زۆربەیان لە باڵی ئوسووڵگەرا و دەسەڵاتداری نێو حکوومەتن قسە و پەیامەکانی هەندێ لە کەسە دیارەکانی قۆڵی ئیسڵاحتەڵەبی حکوومەت وەکوو حەمیدرەزا جەلایی پوور، فەرماندارە ئیعدامچییەکەی سەرەتای ساڵانی ٦٠ی ئێران لە مهاباد و موهاجرانی، وەزیری پێشووی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە دەوڵەتی محەمەدی خاتەمی جێی تێڕامانن کە نیشاندەری ئەوپەڕی بێشەرمی، بەرچاوتەنگی و بوختانە سواوەکانی پێشووی ئەوان بەرانبەر بە بزووتنەوەی حەقخوازانەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە. موهاجرانی وەک زۆربەی هاوقەتارەکانی کە نیشتەجێی وڵاتانی ڕۆژاوایین و هەر لەوێشەوە لە سایەی نیعمەت و ئاسایش و ژیانی ئەو وڵاتانەوە نوسخە بۆ خەڵکی دیکە دەپێچن، لە کورتە نووسینێکدا دەڵێ دوای دە ساڵ لە موسیبەتی ئەلقاعیدە و داعش ئەوجار ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دە ساڵی دیکە و بگرە زیاتریش تووشی موسیبەتی کورد دەبێ، ئەویش بەفیتی ئیسرائیل و ئامریکا. وەک باس کرا ئەو جۆرە قسانە جگە لە بوختان و بێشەرمی و بەرچاو تەنگی دەکرێ ناکرێ هیچ ناوێکی دیکەی لەسەر دابنێی. کێ هەیە لەوڕۆدا نەزانێ کە کورد بۆ خۆی هەم بوو بە یەکەم قوربانیی جینایەتەکانی داعش و هەمیش ئەوە هێزی پێشمەرگە و شەرڤانی کورد بوون کە بەرەنگاری ئەو هێزە جینایەتکارە لە عێراق و سووریە بوونەوە و بە هەزاران شەهید و بریندار و قوربانییان لەو پێناوەدا پێشکەش کرد. هەر ئەوانیشن کە پشکی شێریان لە تێکشکاندنی داعش و پاشەکشەپێکردن بەو گرووپە تێرۆریستییە پێ دەبڕێ. پرسیارێک کە بە مێشکی ئینساندا دێ ئەوەیە کە ئەرێ بەڕاستی ئێرانییەکان کە لەم دوو سێ دەیەی ڕابردوودا لافی دۆستایەتییان نەک لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات بەڵکوو لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەش لێدەدا، بۆچی ئێستا بەرانبەر بەم ڕیفراندومەی باشوور گڕیان گرتوە و بۆ ئەوەندە زراویان لێی چووە؟ بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارە و دیتنەوەی سەرەداوی ئەو شڵەژاوییەی ئێرانییەکان ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە ڕۆژنامەکانی ئەم ماوەیەی تاراندا بخشێنین. بۆ وێنە رۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سپای پاسداران لە سەروتاری چوارشەممەی ڕابردوودا دەنووسێ: "ڕۆژاواییەکان پێیان وایە کە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق ڕێگا بۆ لێکهەڵوەشانی ئێران، تورکیە و سووریە و وڵاتانی تری ناوچە خۆش دەکا..." ئەو ڕۆژنامەیە لە درێژەدا ئیدیعای ئەوە دەکا کە هەموو کوردەکان خۆیان بە ئێرانی دەزانن و تەنانەت توندوتیژترین گرووپە چەکدارەکانی کوردستانی ئێرانیش هیچکات داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئێرانیان نەکردوە و هەڵوەشاندنی ئێران لە بەرنامەیاندا نەبوە. لێرەدایە کە هۆکاری ئەو هەموو شڵەژان و گڕگرتووییەی ئێرانییەکانمان بۆ دەردەکەوێ، ئەوان باش دەزانن کە بە درێژایی چوار دەیە لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش هەموو شێوە جینایەتێکیان لە سەرکوت و ئیعدام و وێرانکردنی کوردستان تاقی کردەوە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنەبڕ بکەن، ئێستاش لەوە تۆقیون کە ئەم شنەبای مافخوازییەی خەڵکی باشووری کوردستان زیاتر بڵێسەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەشێنێتەوە و ئەو جوغرافیا دەسکرد و بە زۆر پێکەوە لکێنراوەی ئێرانیان لێکهەڵوەشێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئێرانییەکانیش چاکیان خوێندۆتەوە، چونکە ڕاستە خەباتی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە بەڵام چارەنووسی هەر هەموویان لە ئەنجامدا وەکوو یەکە و دەبێ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا رزگار ببێ و بە مافەکانی خۆی بگا و تروپکی ئەو مافەش هەر ئەوەیە کە ئێستا لە باشوور هەنگاوەکان بۆی دەچن. بەشێکی دیکەی سەروتارەکەی رۆژنامەی جەوان کە دەکرێ بە تەنزێکی تاڵیشی ناوبەرین ئەوەیە کە، ئەگەر کوردانی بندەستی ئێران بە جیاییخواز نازانن ئەی بۆ بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە جیاییخوازیتان کردە بیانوویەک بۆ پەلاماری کوردستان و ئەو هەموو جینایەتەتان خوڵقاند و ئەو هەموو لاوەی کوردتان بە تۆمەتی جیاییخوازی دەسبەسەر و ئیعدام کرد؟ ئەگەر کوردستان بەبەشێک لە ئێران دەزانن، چۆنە ئەو بەشە لە ئێران بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو ڕوانگەی ئەمنیەتی و کەشوهەوای پۆلیسیی بەسەردا زاڵ کراوە و لە هەموو پێوەرەکانی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وەپاش دراوە؟ پشکی کوردستان وەک بەشێک لە ئێران لە حەوزەکانی سیاسەت و مودیرییەت و بەڕیوەبەریی وڵات چەندە؟ بەڵام، پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان نەک هەڕەشە بۆ ئێران، بەڵکوو دەکرێ بە دەرفەتێکش دابندرێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران، ئەگەر ئێرانییەکان بە خۆیاندا بچنەوە و ڕوانگە و سیاسەتیان بە نیسبەتی کورد و کوردستان بگۆڕن.