کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆر، چەکی ده‌سته‌وه‌ستانی و داماوی له‌ به‌رامبه‌ر تیشکی باوه‌ڕدا

07:12 - 1 رەزبەر 2717

بەدرێژایی میژووی خەباتی نەتەوەکەمان بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و ژێردەستەیی و ڕاماڵینی نیری یەخسیریدا، دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیان و بەچۆکداهێنانی خەباتکارانی کورد لە هیچ پیلان و فرت و فێل و دوژمنکارییەک، تەنانەت لە دزێوترین شێوەکانیدا، دەستیان نەپاراستووە. تێڕۆر یەکێک لەو پیلانە دزێوانەیە کە لەمێژ ساڵە دوژمنان، بۆ قەڵاچۆکردنی خەباتی کورد، هانایان بۆ بردووە و وەک چەکێکی «چەپەڵ» بە باشی و زۆری کەڵکی لێ وەردەگرن. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە تاڵە پێویست ناکا باس لە تێڕوری «باپیر ئاغا» و «هەمزە ئاغا»ی مەنگوور و «سمکۆی شکاک» و زۆر ڕێبەر و کەسایەتیی دیکەی کورد بکەین کە لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا بە غەدر و خەیانەت تێرۆر کراون، تەنیا ئەوە بەسە بڵێین کە هەر لە کەمتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا دوو سەرکردەی مەزنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی سێ ساڵاندا بە دەستی ڕەشی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵات و لە نیو دڵی وڵاتانی دێموکراتی ئورووپادا تێڕۆر و شەهید کران. ئەوە جگە لە سەدان کادر و ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە دەرەوەی ئێران تێڕۆر کراون. کۆماری ئیسلامی وەک رێژیمێکی جینایەتکار و کوردکوژ، سەرەڕای ئەوەی خۆی بە دەوڵەتێکی مۆدێرن و ئەمرۆیی دادەنێ، دەستی بۆ ئەو چەکە چەپەڵە درێژ کردوە و بێ گوێدانە یاسا و ریسا نێودەوڵەتییەکان کەڵکی لێ وەرگرتووە. ئەو ڕێژیمە رێکخراوێکی تێرۆریستی، وەک زۆربەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئێستا و ڕابردووی جیهان کە لە ڕێگەی تێرۆرەوە تێ دەکۆشن نەیارەکانیان لەنێو بەرن، نییە؛ تەنانەت ناکرێ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ رێکخراوە تێرۆڕیستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و شێوە دەوڵەتی «داعش»یش لە گرووپێکدا پۆلین بکەین، چونکە ئەو دوو «جمکە» تێرۆڕیستییە، واتە ئەلقاعیدە و داعش، نەیانشاردۆتەوە کە دژی هەموو یاسا و پەسندکراوەکانی کۆمەڵگای جیهانیین و لە ڕاستیدا بە ڕاشکاوی و بە کردەوە جینایەتکارەکانیان نیشانیان داوە چین و چ دەکەن و ئاوات و ئامانجەکانیان لە داهاتوودا چییە. بەڵام کۆماری ئیسلامی، دەسەڵات و ڕێژیمێکی تێرۆریستییە کە ئەوە بۆ چوار دەیە دەچێ سەرەڕای بوونی وەک حکوومەتێکی بە ڕواڵەت سەردەمیانە لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، کەچی بۆ لە نێوبردنی نەیارە سیاسییەکانی دەستی لە هیچ چەکێک، بە چەکی چەپەڵی تێرۆریشەوە نەپاراستوە. ڕەنگە زۆر لە دەسەڵات و حکوومەتە سەرەڕۆ و سەرکوتکەرەکان لە جیهاندا بۆ لە نێوبردنی نەیارە سیاسییەکانی خۆیان دەستیان بۆ تێڕۆر درێژ کردبێ ، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا دەوڵەت و دەسەڵاتێکە کە لە تەواوەتیی خۆیدا بە تاوانی تێرۆر و کوشتنی نەیارە سیاسییەکانی خۆی دادگایی کراوە و رێبەرە هەرە پلەبەرزەکانی، بە خامنەیی و باقی دەمراستەکانی ئەو ڕێژیمە لە مەحکەمەیەکی نێودەوڵەتیدا مەحکووم کراوە. بەکرێگیراوان و تێرۆریستانی ئەو رێژیمە بە تاوانی تێرۆری دوکتوور سادقی شەرەفکەندی، سکرتێری حیزبی دێموکرات و هاورێیانی لە دادگایەکی نێو دەوڵەتی لە وڵاتی ئاڵماندا دادگایی کران و بە بەڵگە سەلمێندرا کە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە بڕیاردەر و جێبەجێکەری ئەم کردەوە تێرۆڕیستییە بوون. هەر بۆیەشە ناکرێ ئەو رێژیمە وەک رێکخراوێکی تێرۆڕیستی پێناسە بکرێ، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی دەبێ لە چوارچێوەی «تێرۆریزمی دەوڵەتی«دا ناوی ببرێ و پێشی بێ بگیردرێ و بەرهەڵستی ببنەوە. تێرۆری دوکتوور سەعید و هاورێیانی بەتایبەت پاش تێڕۆری ڕێبەری لێوەشاوە و زانای گەلەکەمان دوکتوور قاسملوو، زەبرێکی کاریگەر بوو کە لە جەستەی حیزبی دێموکرات و لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوت. بەڵام هەر وەک بوونی ڕێبەرانی وەک پێشەوا قازی محەممەد و قاسملوو و شەڕەفکەندی لە ریزەکانی پێشەوەی خەباتی نەتەوەکامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا گاریگەری حاشاهەڵنەگر و تایبەتی خۆی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشان نەتەوەی کورد؛ شەهید بوونیشیان، سەرەڕای ئەو زەبرە قورسەی کە لە شۆڕش و جووڵانەوەی نەتەوەکەمانی داوە، بێئاکام نەبووە و لەلایەک ریسوایی و ڕووڕەشیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خەڵات هێناوە و ئەو ڕێژیمەی هەتاهەتایە وەک جەمسەریی سەرەکیی تێرۆڕیسم لە کۆمەڵگای جیهانیدا ناساندووە، لەلایەکی دیکەش ڕوایی و حەققانییەتی داخوازییەکانی نەتەوەی کوردی وەک یەکێک لە هەرەگەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەریی کراوە سەلماندووە. چارەگە سەدەیەک لە شەهید بوونی دوکتوور سەعید و هاورێیانی بە دەستی کۆماری ئیسلامی و بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی چەپەڵی تیڕۆر تێدەپەڕێ. لەو ماوەیەدا و لە پاش بڕیاری دادگای میکونوس و مەحکوومکرانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەو تاوانە تێرۆریستییە، ئەو ڕێژیمە نەک هەر ناچار بوو دەزگای تێڕۆری خۆی لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت لە ئورووپادا ئەگەر بە شێوەی کاتیش بێ گاڵە بدا، بەڵکوو لە نێوخۆی وڵاتیشدا ئەو بریارە شوێنکاری لەسەر ململانێی دەسەڵات لە نێو باڵەکانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا هەبوو. پاش بریاری دادگای میکونوس لە ٢١ خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ و لە یەکەم کاردانەوەدا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری دووی جۆزەردانی ئەو ساڵەدا، باڵی زال بەسەر دەسەڵات، واتە خامنەیی و دەستو پێوەندەکانی بە پێچەوانەی پێشنینییەکانیان، تووشی شکان هاتن و زۆربەی دەنگدەران لەو هەڵبژاردنەدا دەنگیان بە کاندیدایەک دا کە جێی پەسندی خامنەیی نەبوو، خاتەمی کە سەرەرڕای دوو دەورە سەرکۆمار بوون ئێستا لە کۆڕو کۆبوونەوە سیاسییەکانی ڕێژیمدا ناو هێنانیشیی قەدەغە و بڤەیە. ئەو ڕێژیمە پاش چارەگە سەدەیەک لە شەهیدکرانی دوکتوور سەعید و هاورێیانی، نەک هەر گۆڕانی بەسەر سیاسەتە دژی گەلییەکانی لە نێو وڵات و کردەوە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی لە ئاست ڕوژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەهاتووە، بەڵکوو سەرەڕۆتر لە پێشوو هەڕەشەیەکە بۆ ئەمنییەتی جیهانی و بەدوور نییە وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا کەڵکی لە چەکی چەپەڵی تێرۆر بۆ لە نێوبردنی نەیارەکانی وەرگرتوە، لە داهاتوودا بۆ بەڕەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆی هانا بۆ زۆر چەکی «چەپەڵ»ی (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)