کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو، ناسیونالیزم و ئەندێشەی چەپ (٤-٤) دوا مه‌نزڵگه‌ی فیکریی دوکتور قاسملوو

07:24 - 1 رەزبەر 2717

دوامه‌نزڵگه‌ی فکریی دوکتور قاسملوو له‌ ڕاستیدا وه‌کوو به‌ڵگه‌ و وه‌کوو دیکۆمێنت هیچمان نییه‌. زۆر که‌س ده‌ڵێن سوسیال دێموکرات بوو، بەڵام به‌ڵگه‌مان نییه‌ بۆ ئەوه‌. هه‌م ئه‌وانه‌ی لایەنگر ‌و هه‌م ئه‌وانه‌ی دژی «کورتەباس»ن، ده‌ڵین کورته‌ باس تەعبیر لە سۆسیال دێموکراسی دەکا. هێندێک که‌س کە سیمپاتی سۆسیال دێموکراسین دەڵێن کورتە باس گوزارشت لە سۆسیال دێموکراسی دەکا و ئەوانەش کە چه‌پی ڕادیکاڵن ده‌ڵێن بەڵێ تەواو سۆسیال دێموکراسییە. بەڵام هیچیان وا نین، چونکی له‌ کورتەباس‌دا بۆ خۆی بە ڕوونی مەرزبەندی له‌گه‌ڵ سۆسیال دێموکراسی دەکا، بەڵام لە کرده‌وه‌‌دا دوکتور قاسملوو له‌ سالی 1365 بەو لاوە بە چوونی بۆ نێو رێکخراوی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیت به‌ره‌و سۆسیال دێموکراسی هەنگاو دەنێ. لەوێڕا نامیلکەیەک لەگەڵ خۆی دێنێتەوە، کە میشێل ڕۆکار، سەرۆکی ئەو کاتی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست نووسیبووی. ئەو نامیلکەیە لە نیو حیزبدا دەکرێتە کوردی و بڵاو دەکرێتەوە و نیشانەکان هەموو ئاماژە بۆ ئەوەن کە به‌ره‌و چی و بەرەو کوێ ده‌ڕۆین، واتە به‌ره‌و سوسیال دێموکراسی. دوکتور قاسملوو بە کردەوە هەنگاوەکانی بەرەو سۆسیال دێموکراسی بوو، به‌ڵام مه‌رگ مه‌جالی ئەوەی پی نه‌دا که‌ به‌ بەڵگە یا بە نووسراوە ئەو بەشە لە ژیان و تێفکرینەکانی بە دێکۆمێنت بکا. دەرەنجام ئه‌من باسم له‌ گۆڕان و ئاڵوگۆڕ کرد. با قسەیەک لە نیچه‌ بێنینەوە، نیچە ده‌ڵی مار ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵێک پێستی فڕێ‌ نه‌دا ده‌مرێ، ئەدی ئینسان چۆن نابێ بگۆڕدرێ؟ به‌ڵام ئه‌و ئاڵوگۆڕانە لە دوکتور قاسملوودا له‌ چه‌پی کوردەوە بۆ کوردیکی چه‌پ و لە چه‌پێکی ڕادیکاڵەوە بۆچه‌پێکی میانه‌ و دێموکرات به‌رهه‌می شناختی ئەو له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی و بارودۆخی جیهان و ناوچە بوو. ئه‌مه‌ جیاوازیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تێکه‌وتن له‌ ته‌نگه‌ژه ‌و وه‌رته‌ی ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسی. ئه‌وه‌مان لێ تێک نه‌چێ ئه‌م ئاڵۆگۆڕ و گۆڕانکارییانە به‌رهه‌می شناخت بوون و له‌گه‌ڵ فورسه‌ت‌ته‌ڵه‌بیی سیاسیی فه‌رقیان زۆره.‌ دواتر له‌و سه‌فه‌ره‌ سیاسییەی که‌ دوکتور ده‌ستی پێکرد له‌ ساڵی 1326 کە 41 ساڵی خایاند و لەم قۆناغەدا هیندیک شت قەت لە بیری نەچوون و قەت گۆڕان و ئاڵوگۆر نەیگرتنەوە، واتە دوکتور قاسملوو هه‌ر وه‌ک پره‌نسیپ هەمیشە پێیان وه‌فادار مایەوە. یانی له‌ ویستگه‌ جۆراوجۆرەکانی ژیانی دوکتور قاسملوو‌دا هێندێک پره‌نسیب ئاڵۆگۆڕیان به‌ سه‌ردا نه‌هات. ئه‌مانه‌ خه‌تی سوور بوون. یه‌کەمیان چاره‌نووسی میلله‌ته‌که‌ی. دەبینین‌ ئه‌و کات کە تووده‌ییە هه‌میشه‌ پرسی کوردی بۆ گرینگه و قه‌ت وه‌لای نانی. سارمه‌ددین سادق وه‌زیری لەو بارەوە نایشارێتەوە و دەڵێ ئه‌و کات که‌ ئەندامی حیزبی تووده‌یه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ عه‌تفی بۆ‌ مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه‌ و هەمیشە بەو پرسەوە خەریکە و وەلای نانێ و لەگەڵی دەڕوا. دوای پرسی کورد پره‌نسیپێکی دیکه‌ کە قەت لای ئەو نەگۆڕا، ئەویش دابینکردنی عەداڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییە. ‌ هه‌میشه بۆ دوکتور قاسملوو فیکری یەکسانی و بەرابەری و فیکری عداڵه‌ت و دادپەروەری وه‌کوو ئه‌ستێره‌یه‌کی قووتبی بوو کە هیدایەتی دەکرد و ڕێنوێنیی دەدایە. دوکتور قاسملوو له‌ دوایین ساته‌کانی ژیانیدا ئیدی کۆمۆنیست نه‌مابوو، به‌ڵام هه‌ر سۆسیالیست بوو. یان ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌قیقتر بیڵێم سۆسیال دێموکرات بوو. پڕه‌نسیپی سێهه‌م یان خه‌تی سووری سێهه‌م لای دوکتور قاسملوو چاره‌نووسی حیزبه‌که‌ی بوو کە هه‌میشه‌ بۆی گرینگ بوو. با به‌ ئاوڕیک له‌ ویستگه‌کانی ژیانی دوکتور قاسملوو چەند نموونەیەک بێنینەوە و بزانین حیزبی دێموکراتی چه‌نده‌ بە لای ئەو گرینگ بووە. دوکتور قاسملوو ساڵی ١٣٢٦ ده‌چێ بۆ خوێندن و ساڵی١٣٣١ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئۆڕووپا و خێزانەکەی به‌ جێ دێڵێ. ئەو لیسانسی وه‌رگرتووه‌ و دێته‌وه‌ کوردستان و دەست بە چالاکییە سیاسییەکانی دەکاتەوە. ماوه‌یک پێناچێ کوودێتای 28ی گەلاوێژی بەسەردا دێ و ژیانی حیزب ده‌چێته خانەی چالاکیی‌ نهێنی و ژێر زه‌مینییەوە و هەتا ساڵی ١٣٣٦_١٣٣٧ دوکتور قاسملوو لە چالاکیی نه‌هێنی بەردەوامە و له‌ نێوان خانه‌ تیمییه‌کان له‌ تاران و شاخه‌کانی کو‌ردستان لە هاتوچۆ دایە. دوکتور قاسملوو ساڵی ١٣٣٧ کوردستان به‌ جێ دێڵێ و ده‌ڕاتەوه‌ بۆ ئوڕووپا، به‌ڵام ساڵێک دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وە، کەی؟ کاتێک دەبینێ لە عێڕاق کوودێتاکه‌ی عه‌بدۆلکه‌ریم قاسم له‌ دژی سیستمی پاشایەتی و لە دژی مه‌لێک فه‌یسه‌ل سەرکەوتووە. دوکتور قاسملوو ئەمە بە هه‌ل دەزانێ، رێژیمی پاشایەتی ڕووخاوە، مه‌لا مسته‌فای بارزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه،‌ ڕیژمی پاشایه‌تی نه‌ماوه‌ و له‌ عیراقێ مه‌جال هه‌یه‌ و هەڵ بۆ کورد رەخساوە و قاسملوو گەڕاوەتەوە. پاش ماوەیەک دوکتور قاسملوو له‌ ململانێی حیزبیدا تووشی کێشه‌ ده‌بێ و ده‌ری ده‌که‌ن. هەم لە حیزبی دێموکرات و هەم له‌ عیراقیشی ده‌ر ده‌که‌ن، ئەو کە لە دەرگا دەردەکرێ پاش ماوەیەک دیسان بە پەنجەرەدا دێتەوە ژوورێ. سێ ساڵ دواتر ڕاپەڕینی چه‌کداریی ٤٦_٤٧ سەر هەڵدەدا و سه‌ر له‌ نوێ دێته‌وه‌ مەیدان. دێته‌وه‌ و دانیشتنیان له‌گه‌ڵ ده‌کا و ته‌نانه‌ت له‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگیڕی‌دا کاندیدی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببێتە ئەندامی ڕێبه‌ری و‌ به‌رپرساتیەتیشی پێ ده‌ده‌ن و وه‌ک وتەبێژیان لە دەرەوەی وڵات دیاریی دەکەن. هەروەها ئەرکی بارهێنان و په‌روه‌رده‌کردنی کادره‌کان له‌ کوردستانی پێ دەسپێرن، بەڵام به‌ داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ زۆر کورت بوو و مه‌جالی ئه‌وه‌ نەڕەخسا زیاتر لەوەندە دەوری هەبێ. دوکتور قاسملوو سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٧٠دا دیسان دەگەڕێتەوە کوردستان، ئەو کاتەی کورد لە عێڕاق له‌گه‌ل حکوومه‌تی ناوه‌ند پێک دێ و دیسان هەلێک بۆ کورد دەڕەخسێ و دوکتو قاسملوو گەڕاوەتەوە و دەیەوێ ئەم هەلە بقۆزێتەوە. لەو ساڵەدا دەبێتە ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێککەوتنی عێڕاق ئێران و پەیماننامەی ١٩٧٥ی ئەلجەزایر چیدی ئه‌و مه‌جاله‌ به‌ ڕێبه‌ریی حیزب نادا له‌ عێڕاق و باشووری کوردستان به‌ ئازادی تێکۆشانیان هەبێ، ته‌نانه‌ت ناچار ده‌بن پلینۆمی حیزب له‌ ده‌رەوەی وڵات بگرن، بۆیە ئەو دەرفەتە بۆ دوکتور قاسملوو نامێنێ لێرە بمێنی و جارێکی دیکەش دەچێتەوە دەرەوەی وڵات، بەڵام دوو ساڵ دواتر که‌ خۆپیشاندانەکان لە ئێران دەستیان پێکرد دەسبەجێ دەگەڕێتەوە کوردستان. دەبینین کە هێشتا حکومه‌تی پاشایەتی نه‌ڕووخاوه، ڕێبەریی حیزب چەند مانگ پێش ڕووخانی رێژیم کۆمیته‌ی زاگرۆس پێکدێنن و دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و لە تاران و مەهاباد بە شێوەی نهێنی دەست بە تێکۆشان دەکاتەوە و بە ناوی کاک شەریف ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و مودیرییەتی ئاڵوگۆرەکان دەکا. مەبەستم ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو هه‌تا هەلی بۆ هه‌ڵکه‌وتووه‌ هه‌موو جارێ گه‌ڕاوه‌ته‌وە کوردستان و ئه‌مه‌ ئێدی ئاخر جار بوو و هه‌تا ئەو کاته‌ی که‌ شه‌هید بوو. نموونەیەکی دیکە ئاماژەپێکردنی پێویستە. زۆر جار دوکتور قاسملوو لە پێناو حیزبه‌که‌یدا که‌وتۆ‌ته‌ سه‌ر دووڕێیانیش، به‌ڵام دەبینین کە واز ناهێنێ و هەمیشە حیزبەکەی و چارەنووسی حیزبەکەی بەلاوە گرینگتر بووە. ساڵی 1958 که‌ کودیتای 14ی تەمووز ڕووی داوە و ڕێژیمی پاشایەتی لە عێڕاق نەما، بە تەمایە لەگەڵ خێزانه‌که‌ی نه‌سرین خانم بگەڕێنەوە. لێرە لەگەڵ خێزانەکەی کێشەیەکی بۆ ساز دەبێ. با لە زمان نەسرین خانم و وەک خۆی باسی بکەین. نەسرین خانم دەڵێ: دوکتور قاسملوو گوتی ئەمن ده‌ڕۆمه‌وه‌ و ئێوه‌ش ده‌بی بێنه‌وه‌، کچه‌کانیش ده‌بێ بێنه‌وه‌ و هه‌لێک هه‌ڵکه‌وتووه و‌ئەمن ده‌ڕۆمه‌وە و هەتا ڕزگاریی کوردستانیش ناشگه‌ڕێمه‌وه. ئێوەش‌ ده‌بێ بێنەوە لەگەڵم. نه‌سرین خانم ده‌ڵی کچه‌کانی من ناتوانن له‌و ژینگه‌یه‌دا بژین و ئه‌وێ له‌مبارەوە گونجاو نییە و ئه‌وان به‌ کولتورێکی دی گه‌وره‌ بوون. بەڵام دوکتور قاسملوو ده‌ڵێ نا،‌ ئەگەر بێنه‌وه‌ ده‌بنە کورد و زمانی کوردی فێر دەبن، فێری زمانی عه‌ڕه‌بیش دەبن و ئەتۆش زمانی چێکی‌یان پێبڵێ. نەسرین خانم دەڵێ که‌وتینە سه‌ر دووڕێیانییەکی حەسساس. دوکتور قاسملوو دەڵێ بەڵام ئەوە بزانە کە ئەمن چیدیکه‌ ناگه‌ڕیمه‌وه‌ بۆ ئێره‌ و‌ هەتا ڕزگاریی کوردستان له‌وێ ده‌مێنمه‌وه‌. نه‌سرین خانم که‌وتبووه‌ سه‌ر دووڕێیانێک کە یان ده‌بوا لەگەڵ منداڵه‌کانی به‌ دوای عه‌بدۆڕه‌حمان بکه‌وێ یا لێی جودا بێته‌وه‌. دیارە دواتر منداڵەکان لەوێ بەجێ دێڵن و دوکتور قاسملوو و نەسرین خانم بۆ خۆیان دێنەوە. مەبەست لە گیڕانەوەی ئەمە بۆ ئەوە بوو کە بە ڕوونی بڵێین سێ شت له‌ دنیای فیکری دوکتور قاسملوودا قەت نەگۆڕان و قه‌ت شموولی ئاڵوگۆڕ نەبوون، ئەویش چاره‌نووسی میلله‌ته‌که‌ی، دابینکردنی عداڵه‌تی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لەگەڵ چاره‌نووسی حیزبه‌که‌ی. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)