کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەزموونێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی جەماوەری

07:49 - 1 رەزبەر 2717

حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری بانە بەرانبەر بە کوشتنی کۆڵبەران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە نیوەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا ڕوویان دا، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی تایبەت بوون کە پێویستە لە ڕوانگە و گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێ. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لە سۆنگەی پەیامەکانی ئەم حەرەکەتە و، چاوەڕوانییەکان لە جۆری پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان تا ڕادەیەک قسە لە کەمایەسییەکانی ئەم حەرەکەتانە لە ڕووی مودیرییەتەوە بکەین. سەرەتا بۆ ئەوەی قسە لە چۆنیەتیی مودیرییەتی ئەم حەرەکەتانە بکەین و دەست لە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکان دابنێین، پێویستە بزانین کە ئەم جۆرە لە رەفتاری خەڵک (نارەزایەتی بەرانبەر بە پرسێکی دیار بۆ نموونە کوشتنی کۆڵبەران)، لە کوێی بزووتنەوە سەرانسەرییەکەدا جێ دەگرێ و دەکرێ لە کام گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ. گومان لەوەدا نیە کە ئەم ناڕەزایەتییانە کە داینامۆکەی بۆ کۆمەڵێک لە ڕەفتاری مەدەنیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات دەگەڕێتەوە، دەکرێ بە حوکمی دیاربوونی بەرچاوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم حەرەکەتانەدا، لە خانەی بەرەنگاری مەدەنیدا ببیندرێ و وەک بەشێک لە «بزاڤی مەدەنی»ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی بۆ بکرێ. ئەگەر ئەم پێناسەیەمان قبووڵ بێ کە شارەزایانی بواری کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی مەدەنیش ڕاوبۆچوونێکی یەکدەست و هاوبەشیان لە سەری نیە، پێویستە هەر لە چوارچێوەی خەسارناسیی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو جووڵە و حەرەکەتانەدا شیکردنەوەی بۆ بکرێ کە ئەم ڕۆژانە لە ئەدەبیاتی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە «خەباتی مەدەنی» ناو دهبرێ. ئەگەر لێرەدا بە چاوپۆشی کردن لەوەیکە ئەم حەرەکەتانە تا چەندە دەکرێ وەک «بزاڤ» یان «بزووتنەوە» پێناسە بکرێن، قسە لە جموجۆڵی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین و وەک دوایین نموونە پشت بە ناڕەزایەتییەکانی «بانە» ببەستین، دەکرێ جۆری کەمایەسییەکانی ئەم حەڕەکەتانە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا پۆلینبەندی بکەین و دواتر بە کورتی قسە لە سەر چەند پێشنیارێک بۆ کەمکردنەوەی ئەم خەسارانە بکرێ. لەم حەرەکەتانەدا ئەوەی دەکرێ وەک خاڵی ئەرێنی قسەیان لە سەر بکرێ و لە خانەی رێکخراوەییدا باسی لە سەر بکەین، بوونی جۆرێک لە «هەمگەرایی کۆمەڵایەتی«یە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە دوو دەهەیە خەریکە بە شێوەی جۆراوجۆر تاقیکاری لەسەر دەکا. ئەم دیاردەیە کە بێگومان بەرهەمی کۆمەڵێک زەروورەتی سەردەم و بە سەرنجدان بە ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، بەرهەمی ئازایەتیی کۆمەڵێک لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی و لە کۆتاییدا کۆمەڵگەی مەدەنییە، توانیویەتی لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تا ڕادەیەک ئاراستەیەکی دیاریکراودا به ڕەفتاری خەڵک بدا و ناکرێ لە ئاستی جووڵەی مەدەنیی رێکخراودا ئەم دیاردەیە بە کەم بگرین و سەرنجی نەدەینێ. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم جۆرە لە حەرەکەت و جووڵانە درێژەیان هەبێ و لە کۆتاییدا لە قەوارەی بزووتنەوەیەکی گشتگیر و خاوەن تایبەتمەنیی دیاردا بە ئاکامی دڵخواز بگەن و ئاکامێکی ئەرێنییان لێ بکەوەێتە، هەر بەتەنیا ئەم دیاردەیەی باسمان کرد بەس نیە وکۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیکە هەن کە پێویستە لەبەرچاو ون نەبن. لە سەر ئاستی «فرەڕەهەندی»ی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باسکردن لەم خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، ئەگەر مێژوویەکی کورتیشی نەبێ، لانی کەم دەتوانین بڵێین زۆر کەم بە جیدی و پلانمەند ئاوڕی لێ دراوەتە و و هەر بۆ خودی «کۆمەڵانی خەڵک»، زۆر ئاشنا و ناسراو نیە. کەوابوو یەکێک لە کەمایەسییەکانی ئەم حەرەکەتانە «گشتگیرنەبوون»یەتی. هەر بزووتنەوە یان هەر حەرەکەتێک کە لە ئاستی کۆمەڵگەدا نەیتوانی خاوەنی «ئەرزش» و «بەها» بێ، ئەو حەرەکەتە ناتوانێ وەک پێویست ئامانجەکانی بپێکێ. ئەم ئەرزش و بەهایە کاتێک دروست دەبێ کە کۆمەڵگە هەست بە بوونی ئەم حەرەکەتە بکا و پاشان لە هەمووی گرینگتر بە هی خۆی بزانێ و پشتیوانی لێ بکا. پشتیوانیی کۆمەڵگەیش کاتێک دروست دەبێ کە یەکەم؛ لە ئامانج و هەدەفەکانی ئەم بزاڤە بگا و، دووهەم؛ هەست بکا کە ئەم ئامانج و هەدەفە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئامانج و هەدەفی ئەویش. کەوابوو کەمایەسییەکی دیکەی ئەم حەرەکەتانە لە سەر ئاستی گشتیدا وەک بزووتنەوە، نەبوون یان باشتر بڵێین «ناڕوونی لە هەدەف و ئامانج» دایە. ئەم حەرەکەتە دەبێ خۆی بۆ کۆمەڵگە (کۆمەڵانی خەڵک) پێناسە بکا کە جیا لە ویست و داخوازە کورتخایەنەکانی، لە درێژخایەندا دەیهەوێ چ ئامانجێک بپێکێ و هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجانە رێکارە عەمەلییەکانی کامانەن. بۆ ئەوەی خەڵک بە وردبوونەوە لە ئامانجەکان و تێفکرین لە تواناییەکانی خۆی بەرانبەر بە رێکارەکان، هەڵوێستی هەبێ و بە کردەوە بۆ بە گشتگیرکردنی ئەوحەرەکەتە هەنگاو بنێ. دوای قسەکردن لە سەر کۆی هەموو ئەم زەروورەت و پێویستیانە، پرسیارێکی ئەساسی و بنەڕەتی دێتە ئاراوە کە سەرنجمان بۆ لای گەورەترین خاڵی لاوازی ئەم شێوە حەرەکەتانە ڕادەکێشی کە ئەویش ئەوەیە کە؛ کێ دەبێ هەوڵی ئامانجدارکردن، گشتگیرکردن و بەهادارکردنی ئەم حەرەکەتانە بدا و ئاراستەی دڵخوازی پێ ببەخشێ؟ لێرەدایە کە دەرککردن بە کەمایەسییەکی قوڵی ئەم بزاڤە بە ئاسانی هەست پێدەکرێ کە ئەویش «نەبوونی ڕێبەری»یە. ئەم حەرەکەت و جووڵە و چالاکیانەی کە تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەیە لە سەر ئاستی گشتیدا تا ڕادەیەکی بەرچاو «خۆڕسک»ن و لە مودیریەتێکی ئۆڕگانی بێبەش بوون. هەر بۆیە تا ئێستایش نەیانتوانیوە ببێتە بزووتنەوەیەکی گشتگیری ئامانجداری خاوەن بەها و تایبەتمەندی. ئەمە ئەگەر لە لایەک کەمایەسییەکی گەورەیە لە لایەکی دیکەیشەوە مەترسییەکی جیدییه بۆ سەر ئەم حەرەکەت و جووڵە و چالاکیانەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرچاو و دڵخۆشکەرن. بۆ دەرککردن بەم مەترسییە کە باسی لێدەکەین جیا لە پیلان و هەڕەشەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، پێویستە واقعبینانە باس لەوە بکەین کە ئەگەر قەرار بێ ڕێبەرییەک بۆ ئەم حەرەکەت و چالاکیانە دروست بێ، دەبێ لە کوێ و چ کەسانێک بن؟ لەم پێوەندییەدا بۆچوونی جۆراوجۆر و دژ بە یەک ههن. هێندێک پێیان وایە بە سەرنجدان بەوەیکە ئەم چالاکیانە بەشێکی دانەبڕاو لە پرسە گەورە نەتەوەییەکەن و بەشێکن لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، پێویستە لە لایەن حیزبە سیاسییەکانەوە رێبەری بکرێن، بەڵام کەسانێکیش هەن کە پێیان وایە؛ ڕاستە ئەم چالاکی و حەرەکەتانە بەشێکی دانەبڕاون لە بزووتنەوە گەورە نەتەوەیی و شوناسخوازەکە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر پێویستە هەر لە نێوخۆی وڵات و لە لایەن خودی چالاکانی نێوخۆوە رێبەریی و مودیرییەت بکرێ. بە سەرنجدان بە ماهییەتی ئەم حەرەکەتانە و قسەکردن لە سەر ئاستی هەزینەکان چ لە ڕووی ئینسانی و چ لە ڕووی ئەمنیەتییەوە، بیرکردنەوە لە ڕێبەریکردنی ئەم چالاکیانە لە دەرەوەی ژینگەی خۆی، نەتەنیا ناتوانێ هیچ قازانجێک بە پەرەسەندن و گەشەسەندنی بکا، بەڵکوو دەتوانێ هەر وەک باس کرا مەترسییەکی زۆر جیددی بێ بۆ سەر حەیاتیان و بەرەو لاوازییان بەرێ. بەڵام دابڕانی تێکۆشانی هێزە سیاسییەکان و ئەم جموجۆڵانەی نێوخۆی وڵاتیش نەتەنیا بە زیانی پرسە گەورە نەتەوەییەکەیە، بەڵکوو دەتوانێ پڕمەترسیداریش بێ. کەوابوو ئەم دوو باڵە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە لە ئاستی گوتاردا ببنەوە بە یەک و بە پێی زەروورەت و پێداویستییەکان کەلێن و کەلەبەرەکانی یەکتر پڕ بکەنەوە. ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە بە دەرکێکی دروست لەم چالاکیانە و ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر بە جووڵە و چالاکییەکانی نێوخۆی وڵات، مەسئولانە هەڵوێستی گرتووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاشکاوانە پشتیوانی خۆی لە چالاکانی نێوخۆی وڵات دەربڕیوە و بە گرینگیدان بە فڕەڕەهەندیی خەبات و هەمەلایەنەبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵیداوە لە ئاستی گوتار، ڕاگەیاندن و رێکخستندا پشتیوانی بێئەملاوئەولای خۆی لە چالاکی و چالاکانی نێوخۆی وەڵات دەرببڕێ و هەمیشە پەیامی بۆ چالاکان لە نێوخۆی وڵات ئەوە بووە کە؛ بە پاراستینی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان، هەوڵ بدەن ئەم حەرەکەتانە بە قازانجی ویست وداخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پەرە پێ بدەن. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)