کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەزموونێک و دەرفەتێک بۆ بەخۆداهاتنەوە

08:09 - 1 رەزبەر 2717

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان هەر بۆ ئەو وڵاتە مێژوویی و چارەنووسساز نین، بەڵکوو شوێنکاری ئەم ئاڵوگۆڕانە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەش دەگرێتەوە. کورد لە عێڕاق بە تەمای گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لەو وڵاتە. بۆ؟ چونکی وەک بۆ خۆیان دەڵێن ئەزموونی هاوبەشیی سیاسییان لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ بنیاتنانەوەی عێڕاقێکی نوێی دێموکرات کە ئی هەموو لایەک بێ، شکستی خواردوە. لەوە بترازێ کە کورد لە عێڕاق سەرباقی نیزیک 9 دەیە خەباتی خوێناویی بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە دوای شەڕی دووهەمی کەنداو و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، هەلی لەباری بۆ جیابوونەوە لە عێڕاقی وێران و کاولکراوی ڕووخاو بۆ هەڵکەوت، بەڵام بڕیاری سەرکردایەتیی کورد هاوبەشییان لە دروستکردنەوەی عێڕاقێکی فیدرال، بە لەبەرچاوگرتنی دابینبوونی مافی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئەو وڵاتە بوو. ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە ساتەوەختێکی هەستیار بۆ بڕیارێکی مێژووییە، سووچی ئەو ناکامییە لە درێژەدانی ژیانی پێکەوەیی بێگومان لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندییە کە بە پڕکێشیی خۆی هەرێمی کوردستانی خستە پەراوێزەوە و وەک هاوبەشێکی سیاسی لە ئیدارەکردنی وڵات و بەکردەیی کردنی زۆر لە بەندەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتە حسێبی بۆ نەکرد و وەلای نا. بێشک ئێستا کە چارەسەری قەیرانی سیاسی لە عێڕاق لە شێوەی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیشتراکی و هاوپەیمانی بە ئاراستەی دەربازبوون لە ناکۆکییەکانی نێوان پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە زەحمەت و دوورەدەستە، هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لە سنوورە جوغرافیاییەکانی عێڕاق و ئاڵوگۆرە سیاسییەکان لەو وڵاتە و ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی وڵاتانی ناوچە بەتایبەت دراوسێکانی ئەو وڵاتە دەبێ، پرسیار ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە و یەک لەوان بەڕوونی ئێران ئەمە بە دەرفەت دەبینێ یان هەڕەشە؟ وەڵامەکەش روونە کە بەندە بە شێوەی ڕەفتار و سیاسەت و ڕووبەڕووبوونەوەی کاربەدەستانی سەرووی ئەو وڵاتە. هەڵوێستە بەراییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچنە خانەی دژایەتیی بڕیارەکەی هەرێمی کوردستان. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاری لە تەواوەتیی خاکی عێڕاق بە هێڵی سوور دەزانن و لێدوان و قسەی زاری بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی ئەو وڵاتە لە دوو مانگی ڕابردووشدا هەر لەسەر ئەم تەوەرەیە. بەڵام بێگومان ناکرێ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەلەبەرچاوگرتنی واقعە سیاسییەکان _ بۆ نموونە سەختی و تەنانەت نامومکینبوونی چارەسەری قەیرانی سیاسیی نێوان هەرێم بەغدا، قورسایی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، ئەزموونی تا ڕادەیەکی زۆر دێموکراتیک و سەرکەوتوو لە ئیدارە و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان و گرتنەبەری سیاسەتی دوور لە چڕژی و گرژی لەگەڵ دراوسێکانی، ئاوێتەبوونی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنیەتییەکانیان لەگەڵ هەرێم _ خۆیان بۆ ئەگەرەکانی دیکە دانەنابێ و بە لەبەرچاوگرتنی زۆر فاکتۆری دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی وەک ڕکەبەریی مێژوویی ئێران و عێڕاق، پرسی وزە لە ناوچەی ژئوستراتیژیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هەڤڕکێی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان ناکرێ لە خانەی دژبەرایەتیدا جێ بگرێ. بەڵام پڕدیارە کە ئەم گۆڕانکارییانە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان شوێنکاری قووڵیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی کورد لەو وڵاتە دەبێ و پەرە بە مافخوازی و خواستی شوناسخوازیی کورد لە ئێران دەدا. کەوابوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەمەیان چی دەکا؟ پرسی کورد لە ئێران سەرەڕای زۆر تایبەتمەندیی خۆی، هاوچارەنووسی و خاڵی هاوبەشی زۆریشی لەگەڵ پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە. بزووتنەوەیەکی مافخوازی نەتەوەیی بە مێژووی زیاتر لە حەوت دەیە کە لە هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا ڕەگاژۆی کردوە، بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی لە دوو رێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی ئەو داخوازە سیاسی و مەدنییانەدا کە بە درێژایی ئەو حەوت دەیە لە شێوەی مافی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی ئێرانی دێموکرات بۆ هەموواندا بووە، هەموو کاتێ حاشا و سەرکوت و زەبروزەنگ بووە. جێکردنەوەی پرسی کوردی لە خانەی ئەمنیەتیدا و سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان و پاشان پەراوێزخستنی کورد و ڕاگرتنی کوردستان لە پاشکەوتوویی ئابووری و وەبەرهێناندا و، بێبەشکردنی کۆمەڵگای کوردی لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی و سیستماتیک کردنی سیاسەتی هەڵاواردنی کورد لە ئێران ڕەفتاری ڕەسمی و شێوەی مامەڵەی تاران لەگەڵ پرسی کورد بووە، بەڵام تا کوێی بڕ کردوە؟ مافخوازی و خەباتی کورد بۆ داوا ڕەواکانی سەرباری تێچووی زۆری هەر لەجێی خۆیەتی. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دنیای پڕ گۆڕانکاریی ئێستا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ناتوانن خۆیان لەو ئاڵوگۆرانە و کارلێکییان لەسەر یەکتر بدزنەوە، بۆیە ئەزموونی باشووری کوردستان و رەوتی ڕووداوەکان لە عێڕاق و ناوچە دەتوانن بۆ ئێران هەل و دەرفەتێکی لەبار بن. دەرفەت بۆ ڕزگارکردنی ئەو وڵاتە لەو چارەنووس و داهاتووەی زراویان لێی چووە. ئەمەش بەندە بەوەی چەندە خۆیان لەگەڵ ئەم هەلومەرجە نوێیە دەگونجێنن و چۆن گۆڕان لە سیاسەتی تا ئێستای خۆیان لە هەمبەر کوردستان_ کە تەنیا هەڵاواردن و پەراوێزخستن و سەرکوتی ماف و داواکانی خەڵک بووە_ دەهێنن. پێچەوانەی کورد لە عێڕاق، کورد لە ئێران هاوبەشیی مێژوویی زۆر و دوور و درێژی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە هەیە. هەر لەجێدا خەباتێکی ڕەوا و بە پڕستیژی بۆ گەیشتن بە مافەکانی کردوە و بە درێژایی حەوت دەیەی ڕابردووش بە دوای چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسە لە چوارچێوەی ئێراندا بووە. هەموو ئەوانە ئەگەر بۆ کورد سامانێکی مەعنەویی بەبایەخن، دەتوانن بۆ دەسەڵات لە تاران دەرفەتێکیش بن تا بە سەرنجدان بۆ شەپۆلی خێرای گۆڕانکارییەکان لە ناوچە و تۆخبوونەوەی مافخوازی و خەباتی شوناسخوازیی کورد لە ئێران، بە گۆڕان لە سیاسەت و بیرکردنەوە و شێوەی روانینیان بۆ پرسی کورد، هەلی چارەسەری مەدەنیانە و ئاشتییانەی ئەو پرسە لە کیس خۆیان نەدەن. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)