کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی سووریە و پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتەدا

00:00 - 2 رەزبەر 2717

هەرچەند ناکرێ بڵێین قەیرانی سووریە و شەڕی ماڵوێرانکەری ئەو وڵاتە کە هەتا ئێستا نەک هەر بە میلیۆن کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە، بەڵکوو زۆر لەوە زیاتریش لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و سەدان کارەساتی بەدواوە بووە بەم زووانە تەواو دەبێ؛ بەڵام دەکرێ بڵێین ئەوەی لە ئێستاوە دیارە ئەوەیە کە شەڕ لەگەڵ داعش، بە شکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆڕیستییە بەرەو کۆتایی دەڕوا. داعش لە دواپێگەی لە پارێزگای دێرەلزوور هەم لەلایەن هێزەکانی سووریەی دێمۆکراتەوە کە زۆرینەی پێکهاتەکەی لە شەڕوانانی سەربە «پەیەدە»ن و هەم لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی بەشارئەسەدەوە گەمارۆ دراوە و وێدەچی لەماوەیەکی نییزیکدا بە هاوکاریی فڕۆکە شەرکەرەکانی ڕووسیە و ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو ناوچەیەش لەچنگ داعش بێتە دەرێ. لە شاری ڕەققەش، داعش، سەرەڕای بەرگریی زۆر سەخت، لەبەرانبەر هێزەکانی سووریەی دێموکرات، زۆربەی شارەکەی لەدەست داوە و چاوڕوان دەکرێ لەوێش بەو نیزیکانە تووشی شکان بێ. دیارە شک لەوەدا نییە بە شکانی داعش لە سووریە، قەیرانی ئەو وڵاتە کۆتایی نایە و دەبێ چاوەڕوانی کۆنفڕانسەکانی ئاشتی «ئاستانە» لە قەزاقستان و خۆلیکی دیکەی کۆنفڕانسی «ژنێڤ» بین کە لە نێوان دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزێسیۆنی سووریە لەژێر چاوەدێری ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بەڕێوە دەچێ. ئەوەی لەو نێوەدا گرینگە و دەتوانێ کاریگەریی هەبێ لەسەر داهاتووی سیاسیی ئەم وڵاتە، ڕۆڵی دوو زلهێزی سەرەکی، واتە ڕووسیە و ئامریکایە. ئەو دوو زلهێزە دەتوانن بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتری و وەلانانی کێبەرکێیەکان و تێوەرنەدانی کێشەکانی دیکەیان لە گێژاوی سووریەدا قەیرانی قووڵی ئەو وڵاتە یەکلایی بکەنەوە. دیارە هەم ڕووسەکان و هەم ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ڕایانگەیاندووە، مەبەستی سەرەکییان لە سووریەدا شەڕ بە دژی تێرۆڕیزمە؛ بەڵام چەمکی تێرۆڕیزم و ئەو گرووپانەی کە لە خانەی تێرۆردا خۆدەبیننەوە_جگە لە داعش_ لە ڕوانگەی ئەو دوو زلهێزە و هاوپەیمانەکانیانەوە جێی ناکۆکین. واتە هەر وەک دیتمان ئامریکا بە ناوی شەڕی دژی تێڕور هەر جارناجارێک هێزەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد وەبەر زەبری خۆی دەدا و ڕووسەکانیش بەهەمان شێوە لە وەشاندنی زەبر لە هێزەکانی سپای ئازادی سووریە کە هەتا ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانییەوە تەیار دەکران دەست ناپارێزن. بەو حاڵەش ئامریکاییەکان نەیانشاردوەتەوە کە مەبەستی سەرەکییان لە سووریە لەنێوبردنی داعشە و ئامادەن لەسەر داهاتووی سووریە لەگەڵ ڕووسەکان دانووستان بکەن و لە هەڵوێستەکانی پێشوویان، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی سیاسی بەشارئەسەد لە دەورەی «ئاڵووگۆر»ی دەسەڵاتدا هەتا ڕادەیەک نەرمی بنوێنن. لەولاشەوە ڕووسەکانیش کە بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو نیشانیان داوە، لەگەڵ ساتوسەودا و «دانووستان»ن و نە لە دۆستایەتیدا و نە لە دژایەتیدا، پێداگر نین و ئەوەی بۆیان گرینگە تەنیا بەرژەوەندییەکانیانە؛ ئامادەن بە وەرگرتنی چەند ئیمتیاز و وەلانانی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی کە لەدوای داگیرکردنی شێوە دووڕگەی کرێمە و شەڕ و ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین بەسەریاندا سەپاوە، واز لە زۆر دۆستی وەک بەشار ئەسەد بێنن کە هەتا ئێستا لە پشتی بوون و بەڵانسی هێزیان بەلایدا شکاندووەتەوە. بۆیەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە و مەترسییەکانی بەردەوامیی قەیرانی سووریە و هەروەها تێچووی ئەو شەڕە بۆ ڕووسەکان و ئەو تراژیدییە ئینسانییەی کە هەر ئێستا لەئارادایە، ئەگەری زۆر هەیە لە پاش شکانی داعش لەو وڵاتە، ئامریکا و ڕووسەکان لەسەر خاڵە سەرەکییەکان ڕێککەون و پاشانیش ڕۆڵگێرە ناوچەییەکانی وەک تورکیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بکەن مل بۆ ئەو ڕێککەوتنە دانوێنن. ئەوەی دیار و ئاشکرایە لەدانووستانی ئاستانە و ژنێڤدا تا ئێستا پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی دێمۆکراتی سووریە و دەوڵەتی بەشار ئەسەددا نەهاتوەتە ئاراوە، بەڵام هەردوو لایەن بەو ئاکامە گەیشتوون کە لە کورتخایەندا تەنانەت ئەگەریش بیانەوێ یەکتر لەنێو بەرن، ناتوانن؛ چونکە هەردوو لایەنی شەڕ لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لێدەکرێ و باڵانسیی شەڕ بە شێوەیەک نییە کە بە تەواوی بەلای لایەنێکدا و بە زیانی لایەنەکەی دیکەدا بشکێتەوە. بەوحاڵەش هەروەک دیارە، دەوڵەتی بەشار ئەسەد، چ لە نێو ڕیزە نێوخۆییەکانی‌ و چ لەڕووی ئەو پانتاییە لە خاکی سووریە کە ئێستا لەدەستی دایە و هەروەها لە ئاستی پشتیوانییە دەرەکییەکانیشی( ڕووسەکان، کۆماری ئیسلامی و حیزبوللای لوبنان) ستاتویەکی بەهێزتری هەیە. ئەو بەشار ئەسەدەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی، بەشی هەرەزۆری خاکی سووریەی لەدەستدا بوو، لەپاش هاتنەکایەی ڕووسەکان، بەتەواوی لە حاڵەتی بەرگری هاتەدەرێ و توانی زۆرێک لە شار و ناوچە گرینگەکانی وەک حەڵەب و دەورووبەری دەمێشق و... چەند شاری دیکە بگرێتەوە و ئێستاش لە دێرئەلزوور خەریکی پێشڕەوییە. لەبەرانبەردا ئۆپۆزسیۆنی سووریەی دێمۆکرات کە لە چەند دەستە و تاقمی جیاواز و بگرە دژ بەیەک پێکهاتووە، لەلایەک بە شێوەی کردەیی تەنیا لەلایەن تورکیەوە پشتیوانیی لێدەکرێ و ئامریکا و هاوپەیمانەکانیشی ماوەیەکە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە ئەو هێزانە نەزۆر جێی متمانە و دێمۆکراتن و نە ئەوەندە یەکگرتوو بەهێزن کە زیاتر لەوە یارمەتییان بدرێ؛ هەربۆیەش سێناریۆی ڕووخانی بەشار ئەسەد بە شەڕ و بە پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیونی سووریە، لەلایەن ئامریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانییەوە، وادیارە بێدەنگەی لێکراوە و تەنانەت تورکیەش کە هەرلەسەرەتاوە شیروو تیری لە بەشار هەڵدەکێشا و بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە بە بوونی بەشارئەسەد لە سووریەی داهاتوودا نەبوو، ئیدی هێور بووەتەوە و دەزانێ، لە ململانی و  لەهەمانکاتدا لە سازانی زلهێزەکاندا، دەبێ واز لە مەزنخوازییەکانی بێنێ. تورکیە لەپاش لەشکرکێشی بۆسەر شاری جرابلۆس و باب، نەیشاردووەتەوە کە مەبەستی سەرەکی، ئەگەر لە سەرەتادا، بەچۆکداهێنانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بووە، ئێستا زۆرتر مەبەستییەتی بەر بە لکاندنەوەی ناوچەی کوردستانیی ‹›عەفرین» بە «کۆبانی» و جەزیرەوە  بگرێ و پێش بە ئەگەری دروستبوونی هەرچەشنە قەوارەیەکی سیاسیی «دیفاکتۆ»ی وەک باشووری کوردستان لە سووریە بگرێ. بەتایبەت کە سوور دەزانێ لە لایەک کورد وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو بەسەر چوار پارچەدا بە خەبات و تێکۆشانی خۆی عەوداڵی وەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی خوی واتە سەربەخۆیی کوردستانە و لە لایەکی دیکەش نەک هەر تورکیە، بگرە دەوڵاتانی دیکەی ناوچەش ناتوانن خۆ لە تەوژمی مافخوازی و دێمۆکراسیخوازی بشارنەوە. لایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کەهەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی لە سووریەشێلگیرانە و بە هەموو شێوەیەک دیفاعی لە رێژیمی کەمینەی «عەلەوی»ی بەشار ئەسەد کردووە و نەیشاردووەتەوە کە مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بۆ ئەو ڕێژیمە هێڵی سوورە و بەرگری لە سووریە بە قسەی یەکێک لە فەرماندەرەکانی سپای پاسدارانی رێژیم لە بەرگریکردن لە پارێزگای خۆزستان گرینگترە. بەوحاڵەش ڕەوتی ڕووداوەکان و ئەو چاوەڕوانییەی لە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ڕووسەکان لە لایەکی دیکە دەکرێ ئەوەیە کە ئەگەر تەنانەت بەشار ئەسەد لە داهاتووی سووریەدا ڕۆڵێکیشی هەبێ، ئەو بەشار ئەسەدەی شەش ساڵ لەمەوبەر و پێش سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی نابێ و لە باشترین حاڵەتدا هەتا هەڵبژاردنێک لە ژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێ. هەربۆیە دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین سووریەی داهاتوو، ئەگەر لێکهەڵنەوەشێتەوە، کەئەوەش ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە، وڵاتێک دەبێ کە دەسەڵاتەکەی لەسەر ئەساس و بنەمای لامەرکەزی و بەدوور لە کەڵەکەبوونی دەسەڵات لەلایەن کەس و تاقم و پێکهاتەیەکەوە دادەمەزرێ، وڵاتێک دەبێ کە لانیکەمی مەترسیی بۆ دەرو و دراوسێی وەک ئۆردۆن و ئیسرائیل دەبێ و لە هەموو گرینگتر، وڵاتێک دەبێ کە ئیدی نابێتە مەیدانی تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی، چونکە نە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت تورکیە بەوە ڕازی دەبن و نە ئەسەد و کەمینەی عەلویی ئەو هێزەیان دەمێنێ کە بتوانن ئەو بەستێنە بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبار بکەن. جگە لەوەش ئامریکا باش دەزانێ لەدوای ڕووخانی سەددام حوسێن لە عێڕاق و دەسپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە و پاشان یەمەن و هەروەها لە دوای مۆرکردنی ڕێککەوتنی ناوکی «بەرجام»، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک لە ئاستی ناوچەدا بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێشوو بەرینتر و بەربڵاوتر هاتووەتە مەیدانی قەیرانەکان و وەک زلهێزێکی ناوچەیی، بووەتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و لەلایەکی دیکەش بە هەموو توانایەوە خەریکە پەرە بە پرۆژە مووشەکییەکانی دەدا کە نەک هەر جێی نیگەرانیی ئامریکا و هاوپەیمانەکانییەتی، بگرە نیشاندەر و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو ڕێژیمە ئەگەر ئێستاش نا، لەداهاتوودا دەتوانێ کێشەی گەورە لە ناوچەدا بنێتەوە. هەر بۆیەش چاوەڕوان ناکرێ ئامریکا لە سووریەی داهاتوودا ڕازی بێ کۆماری ئیسلامیی ئێران جێ پێیەکی وەک سەردەمی پێشووی لەو وڵاتەدا هەبێ. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)