کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماندووبوونێکی زۆر بۆ ئەزموونێکی بەنرخ

00:03 - 2 رەزبەر 2717

پێشمەرگە چۆن پێدەگا و چۆن لە کڵ دێتە دەرێ. ئەوە ڕه‌وتی ڕووداوه سەختەکان و شەڕ و بەرگرییە خوێناوییەکان لە پێناو سەرخستنی خەباتی نەتەوەیە پێشمەرگە لەو مەیدانەدا تاقی دەکاتەوە و کەرامەت و کەسایەتیی دەداتێ. پێشمەرگە کارەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانی خەباتی مافخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەکانی شەست و حەفتای هەتاوییە. له‌ لایه‌ک ئاشی له‌ش هاڕین ‌و خوێنڕشتنی ده‌زگای سه‌رکوت لە لایەکی دیکه‌ش هێزی به‌ره‌نگاریی کوردە کە رێکخراوتر و به‌ به‌رنامه‌تر مه‌یدانداریی ده‌کا. لە نێوەڕاستی دەیەی 1360دا هیزی پێشمـەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەزموونێکی نوێی لە دژی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی وەسەریەک نا، ئەزموونێك کە لەراستیدا بەرهەمی کار و چالاکیی سیاسی ‌‌و نیزامیی بەرچاوی ئەم حیزبە بوو.  ئەم ئەزموونە، ئەزموونێک بوو کە دوای وەشاندنی زەبری کاریگەر لە هێزی دوژمن، لە هەلومەرجی ئەوکاتی خەبات و تێکۆشاندا ‌بایەخی خۆی زیاتر دەرخستبوو ‌و لە راستیدا زەروورەتی لە مەیداندا بوون و مەیدانداریی ئەوکاتی هێزی پێشمەرگە بوو کە ئەزموونێکی لەو چەشنەی بۆ ڕۆڵەکانی دیمۆکرات دەستەبەرکردبوو. ناوچەی سندووسی نەغەدە ماوەیەک بوو پێشمەرگە ڕووی تێنەکردبوو، هەر بۆیەش هێزەکانی کۆماری ئیسلامی جۆرێک هەستیان بە دڵنیایی و غەڕرەبوون دەکرد و ئەوە دەرفەتێکی باش بوو بۆ زەبر وەشاندنیان. بەرنامەی عەمەلیاتەکە لەلایەن فەرماندەرانی دوو هێزی دمدم و کێلەشین داڕێژرا و تیمێکی تایبەتی شناسایی سەردانی ناوچە و شوێنەکەی کرد و دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێی هەموو لایەنەکانی عەمەلیاتەکە کات و شوێنی زەبروەشاندن لە ڕێژیم دیاری کرا. هەمیشە کاتێک دوو هێزی پێشمەرگەی دوو ناوچە یەکیان دەگرت بزە دەکەوتە سەر لێوی هەموو پێشمەرگەکان. ئەوان پۆل پۆل لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە و بە قسە و جەفەنگ و گیرانەوەی بیرەوەریی خۆش و ناخۆشی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی، کۆڕی باسیان هەتا دەسپێکی عەمەلیات گەرم دادێنا. پێشمەرگەکان هەستیان کردبوو کە یەکگرتنیان دەکرێ ئامانجێک و عەمەلیاتێکی نیزامیی لە پشت بێ، بەڵام ئەوە تەنیا فەرماندەرانی هێزەکە بوون کە بە ئامانج و شوێنی مەبەستیان دەزانی. هێزەکان کەوتنە جووڵە و رۆژێک پێش عەمەلیات لە شوێنێکی نەهێنی مانەوە و فەرماندەری عەمەلیات دیاری کرا و ئەرک و بەرپرسایەتییەکان لە سەرەوە تا خوارێ دیاری کران و تیمەکانی هێرش، کەمین، گواستنەوەی بریندار، کۆکردنەوەی دەسکەوت، لێدان لە هێزی یارمەتیدەری دوژمن و .... دەستنیشان کران. وردەکاریی عەمەلیاتەکە لەلایەن فەرماندەران بۆ پێشمەرگەکان باس کران و پێشمەرگە بە ورەی بەرز و هەستێکی پڕ خۆشی و شادی کەوتنە ڕێ. پێشمەرگە بە سەفەێکی دوور و درێژ ڕێگەیان دەبری و کاتێک چاویان هەڵبڕی بینییان لە نزیک گوندی مەحمەشەش. ئەگەرچی کاروباری عەمەلیاتە زۆر بە وردی پلانی بۆ داندرابوو، بەڵام فەرماندەرانی بە زیبک‌وزاکوونی پێشمەرگە دەیانزانی کە دەبێ باش جارێکی دیکە چاو لە شوێنی عەمەلیاتە بکەنەوە. کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان تیمی شناسایی بۆ چاوخستنەوە سەر جموجۆڵی هێزەکانی دوژمن و ئاگاداربوون لە ئەگەری هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لە شوێن و جووڵەی هێزەکانی ڕێژیم چوونەوە شوێنی عەمەلیاتەکە و پاش تاوتوێی هەموو وردەکارییەکانی لێدان و کشانەوە  هەر کام لە تیم و دەستەکان لە شوێنی خۆیان دامەزران و چاوەڕوانی دەسپێکی عەمەلیات بە بڕیاری فەرماندە بوون. لە کات و ساتی بەڕێوەچوونی ئەم عەمەلیاتەدا لە ساڵی ١٣٦٤، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە٣٠٠ هەزار هێزی چەکداری لە کوردستاندا جێگیر کردبوو، بە هەزاران مۆڵگەی لە بەرزاییەکان چێ کردبوو و بۆ دژکردەوەی خێراش سەدان گرووپی زەربەتی لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا پێک هێنابوو. سەرباقی ئەوە رۆژانەش لە کاتژمێری ٨ی بەیانییەوە تا ٣ی ئێوارێ ڕێگرەکانی لەسەر جادە ئەسلییەکان لە ترسی کەمینی پێشمەرگە بڵاو دەکردەوە. ئەو ڕۆژەش کاتێک دوژمن ڕێگرەکانی _ کە بە تەئمینی جادە ناوی دەبردن_ لەسەر جادە کۆ دەکردنەوە، هەڵۆ تیژباڵەکانی شنۆ و نەغەدە لێیان ڕاسان و وەبەر ڕێژنەی فیشەکیان دان. لە چاو تروکاندنێکدا ماشێنی ڕێگرەکان سووتێندرا و هەموو هێزەکانی دوژمن کە لە شوێنەکە بوون کوژران و وەک گەڵای پاییز هەڵوەرین، بەڵام ئەوە کۆتایی عەمەلیاتەکە نەبوو. مەبەستی سەرەکیی عەمەلیاتەکە لەداوخستنی هێزی یارمەتیدەری ڕێژیم بوو کە خۆیان دەگەیاندە شوێنی ڕووداوەکە. زۆری پێنەچوو کە سێ ماشێنی پڕ لە هێزی دوژمن بۆ ڕزگارکردنی لەداوکەوتووەکان کەوتنە ڕێ، بەڵام فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەش خەم و مشووری پێویستیان خواردبوو. چەند کیلۆمیتر دوورتر لە شوێنی ڕووداوەکە و لەسەر ڕێی هاتنی هێزەکانی ڕێژیم پێشمەرگەکان لە قەراغ جادە کەمینیان نابۆوە و چاوەڕوان بوون. ئەوان پێیان گوترابوو کە هەتا بە تەواوی نەیەنە بازنەی بۆسەکە لێیان وەدەست نەیەن. بۆیە دەست لەسەر پەلاپیتکە و لە کاتێکدا هەناسەکانیان لە سینگدا خواردبۆوە، خۆیان بۆ قۆناغی دووهەمی عەمەلیات ئامادە دەکرد. هێزی دوژمن کە هەر پێی وانەبوو لە شوێنێکی وا زەبری لێ دەدرێ، بە پڕتاو لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە خۆیان بگەیەننە شەڕگە. ماشێنەکان گەیشتنە نێو ئاڵقەی کەمینی هەڵۆکانی دێموکرات و درانە بەر دەستڕێژ. هێزی دەستەوەستانی ڕێژیم ئەوەی دەیدی هەر ئەوە بوو کە لە عەرز و ئاسمان ئاوری لەسەر پشتی کراوەتەوە. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەر سێ ماشین لێک هەڵتەکان‌، ئاگریان تێبەردرا و ئەوەی هاتبوو نەگەڕاوە. موڵگەی مەحمەشە کە لەو عەمەلیاتە و لەو دوو بڕگەیەدا بەشیکی زۆر لە ‌‌هێزەکەی بە دەستی پێشمەرگە تێداچوبوو، هانای بۆ سەرووی خۆی برد و داوای هێزی ئاسمانیی کرد. پاش ماوەیەک سێ هێلیکۆپتێری سپای پاسداران گەیشتنە ئاسمانی شەڕگە، بەڵام ئەوەی دەیاندی تەنیا دووکەڵی ماشینە سووتاوەکان و کەلاکی هێزە کوژراوەکانیان بوو. بۆیە تەقەی کوێرانە و بێ ئامانجیان نەیتوانی هیچ زەبرێک لە هێزی پێشمەرگە بدا کە دوای عەمەلیاتەکە بە بەرنامە و وردبینیی تەواوەوە شوێنەکەیان جێ هێشتبوو. بەمجۆرە هەڵۆ تیژباڵەکانی دیموکرات زەبرێکی وەها گاریگەریان لە هێزی دوژمن دا کە تا ئێستاش لە بیر و یادەوەریی هەم خەڵکی ناوچە و هەم دوژمندا ماوەتەوە و دەشمێنێ. ئەو عەمەلیاتە سەرکەوتووانە لە کات ‌و شوینێکی ئاوادا بە رێژیمی سەلماند کە کوردستان ناتوانێ جێی  تەڕاتێنی وان بێ و کورد گوتەنی: « دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ، هەڵۆ لە شاخە سەربەرزانە نەبڕێ.» (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)