کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوت، ماف و دێموکراسی

00:09 - 2 رەزبەر 2717

نەوت وەک مادەیەکی ژێر زەوی بە بەهایەکی بەرز، هێز و توانای زۆری داوە بەو دەوڵەت و وڵاتانەی هەیانە. نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی  نێوەڕاست بۆتە چەکێک بە دەستی زۆر لە دەوڵەتانی نادێموکراتیک بە دژی خەڵکی خۆیان و وڵاتانی دیکەش. بە وردبوونەوەش لە گۆڕانکارییەکان و ڕەوتی ئاڵوگۆڕ و کێشە و قەیرانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ فاکتەر و شوێنپێی نەوت لەو هەموو پێکدادانانەکان دیار و بەرچاوە. لە ئابووریدا چەمکێک هەیە بە ناوی نفرینی نەوت، بەڵام نفرینی نەوت چیە؟ لە نێوەراستی دەیەی ٩٠ی زایینیدا دوو مامۆستای زانکۆی هاروارد، دوای لێکۆلینەوەیەکی چڕ و پڕ لەسەر وڵاتانی جیهان،  بەو ئەنجامە گەیشتن کە ئەو وڵاتانەی هەناردەی مادەی خاویان هەیە، گەشەی ئابوورییان کەمترە لەو وڵاتانەیی کە مادەی خاویان نیە.  کەمی گەشەی ئابوووریش لەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە بۆ دەسکەوتنی ئاسانی داهات لە فرۆشی نەوت و سەرچاوە خاوەکانی دیکەیان و ئەوەش کاریگەریی داناوە لەسەر ڕیفۆرمێکی بنەڕەتی لە ئابووریدا هەروەها بووەتە هۆی دواکەوتووییان لە تەکنەلۆژیا و جۆرەکانی دیکەی پیشەسازییش دەخرێنە پەراوێزەوە و هەموو ئەوانە وادەکا گەشەیی ئابووری لەو ڵاتانەدا کەم بێ. هەڵبەت دامەزراندنی رێکخراوی نەوتی ئۆپێک لە ساڵی ١٩٦٠ کاریگەریی زۆری لەسەر وڵاتانی هەناردەکەری نەوت کەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانا. ئۆپێک وەک رێکخراوێکی بەهێز لە بواری وزەدا هەوڵی داوە رێکخستنێکی تەواو بدا بە بە بازاری نەوت لە جیهاندا و وەک فاکتەرێکی بەهێز دەرکەوێ، بەڵام بەهۆی تێکەڵیی سیاسەت و ئابووری لەو وڵاتانە و بەهێزبوونی ئابووریی سیاسی نەیتوانیوە ئەو قورساییەی هەبێ. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٧٢ ئێران مۆدێلێکی باشی گەشەیی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوین ئەزموون کرد و  کار گەیبووە جێیەک کە کۆرەی باشوور هەوڵی دا کەڵک لە بەرنامەی گەشەی ئێران وەربگرێ؛ بەڵام ساڵی ١٩٧٤ حەمە رەزا شا دەستی کرد بە بەرنامەی تۆکمەی ٤ ساڵەی ئابووری کە لەراستیدا جێبەجێکردنی کارێکی سەخت بوو، چونکە ئێران توانای وەرگرتنی ئەو بەرنامە و گەشە ئابوورییە خێرایەی نەبوو. شای لەخۆڕازی و لووتبەرز و غەڕرە لە پەرەسەندنی داهاتی نەوت ڕای ئابووریناس و شارەزایانی وەرنەگرت و هەر ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بێ. نەبوون یاخود کەمیی دێموکراسی لە وڵاتانی خاوەن نەوتدا، دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست،  بەتایبەتی  وڵاتانی هەناردەکەری نەوت بەستراوەیی زۆریان نیە بەداهاتی خەڵک و کەمتر لەسەر ماڵیاتی هاووڵاتیان حسیاب دەکەن. حکومەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ داهاتی نەوتی هەیە و داهاتی فرۆشتنی نەوتیش هێزێکی بەرچاوی ئابووری دەدا بە حکومەت و، حکومەتیش لەبەرامبەردا بەشێک لە پێداویستییەکانی خەڵک وەک خوێندن بە خۆرایی لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا دابین دەکا و کەمێک خزمەتگوزاریی گشتی دەخاتە بەردەستی خەڵک. لەوەها سیستەمێکدا حکومەت دەوری باوکسالاری دەبینێ و لەبەرامبەر داخوازییەکانی خەڵکدا هیچ بەرپرسیاریەتییە ناخاتە سەرشانی خۆی. بەراودێک لە نێوان ئێران و نۆروێژ وەک دوو وڵاتی هەناردەکەری نەوت بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەداتێ. وڵاتی نۆروێژ وڵاتێکە نەوتی هەیە و هەناردەشی دەکا، بەڵام نیزامێکی سیاسیی دێموکراتی هەیە. سندووقی پاشەکەوتی دراوی لە نۆروێژ  پتر لە ٧٠٠ میلیارد دۆلاری تێدایە، بەڵام سندووقی پاشکەوتی دراوی لە ئێران کەمتر لە ٥٠ میلیارد دۆلاری تێدا. نۆروێژییەکان کەمتر کەڵک لە داهاتی نەوت وەردەگرن و لە ساڵدا تەنیا سەدی ١٤ی داهاتی نەوتەکەیان خەرج دەکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بودجەی ساڵانەی ئێران زیاتر لە سەدی ٤٨ی لەسەر فرۆشی نەوت دەوەستێ. لە بەرامبەردا دەبینین ئابووریی نۆروێژ بەردەوام لە هەڵکشانە و ئابووریی ئێرانیش تا دێ بەرەو داکشانە. نەوت لە ئێران لە ڕووی داراییەوە حوکمی چەکی هەرە بەهێزی دەوڵەتە، بەڵام لە نۆروێژ حیسابی پلە چەندەمی بۆ دەکرێ.  لە ڕووی سیاسییشەوە لە نۆروێژ دیمۆکراسی لە ئاستی هەرە سەرێدا کار دەکا، بەڵام لە ئێرانی دەوڵەمەند بە نەوت دێموکراسی چ جێگایەکی نیە. پارە و داهاتی نەوتی ئێران ساڵانە دەدرێ بە چەک و چۆڵ بۆ هێزە چەکدارەکان و تێچووی شەڕی نیابەتی لە جیهان و ناوچە، بەڵام داهاتی نەوت لە نۆروێژ دەخرێتە بواری ئاوەدانی و پەروەردە و گەشەی وڵاتەوە. نموونەی دیکەی لەو چەشنە زۆر و بەرچاوە. کوردستان بە تایبەت باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندێکی بەهێزی دابینکردنی نەوت و وزەی جیهان دادەنرێ لە داهاتوودا. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ئێستادا تەنیا باشووری کورستان پاشکەوتی ٤٥ میلیارد بۆشکە نەوتی هەیە و ئەوە تا ئێستا هێز و توانایەکی ئابووریی بەهێزی داوەتە حکومەتی عێڕاق و ئەو سامانە زۆر و زەوەندە بۆ کورد جیا لە نەهامەتی دەسکەوتێکی دیی نەبووە. دەسەڵاتی دێفاکتۆی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نموویەکی باشی لە دەسەڵاتی قانوون، دێموکراسی و ئازادییەکان پێشکێش کردوە و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپە جیهانییەکان لە ئیدارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵات و شەڕی دژی تێرۆر و هەوڵدان بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئەمنیەت پڕستیژێکی تایبەتییان بە دەسەڵاتی کوردی بەخشیوە کە لە ئێستادا بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا. پێدەچێ بەو ئەزموونە چەکی نەوت بە دەستی کورد بتوانێ سەرچەشنیکی دی لە ڕیفاه و خۆشبژیوی بۆ خەڵک و مۆدێلێکی دی لە دەوڵەتداری پیشانی کۆمەڵگای جیهانی بدا. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)