کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژاوە و نەزم لە جیهانێکی هەردەم لەگۆڕاندا(٢ - ٢)

00:17 - 2 رەزبەر 2717

کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی   لە ئەوراسیا و لە سنوورەکانی ڕووسیە، نەزمی جیهانی بە هۆی ئاسەوارەکانی کێشمەکێشی دەسەڵات تووشی موشکیلە بووە. لە کەنارەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، بە هۆی ئاژاوەی لێکهەڵوەشان هەڕەشەی لێدەکردێ. سیستەمی نەزمی وێستفالیی کە لە خۆرهەڵاتی ناوین لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی هاتە ئاراوە وێران بووە. چوار وڵاتی ناوچە چیتر وەک وڵاتی سەربەخۆ نین. سورییە، عێراق، لیبی و یەمەن بوونەتە مەیدانی شەڕی ئەو تاقمانەی کە بەدوای سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیانەوەن. لە ڕووبەرێکی بەرچاو لە عێراق و سووریە، سوپایەکی ئایینی تووندئاژۆ، داعش، خۆی وەک دوژمنی دڵڕەقی شارستانییەتی مودێڕن پێناسە کردووە کە لە ڕێگای تووندوتیژیی دەیهەوێ سیستەمی ناونەتەوەیی چەند وڵاتان بۆ ئیمپراتوریەتێکی ئیسلامیی لە سەر بنەمای شەریعەت بگۆڕێ. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، پەندی پێشینیان کە دەڵێ دوژمنی دوژمنەکەت دەکرێ وەک دۆست سەیر بکرێ بڕ ناکا. لە خۆرهەڵاتی ناوینی ئێستا، دوژمنی دوژمنەکەت لەوانەیە دوژمنی تۆش بێ. خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە ئایدیۆلۆژییە هەمیشە لە گۆڕانەکانی و بە هەمان ڕێژە بە کردارە تایبەتییەکانی کاریگەریی لە سەر جیهان هەیە. شەڕی جیهانی دەرەوە لەگەڵ داعش دەتوانێ ئەو شتە نیشان بدا. زۆربەی دەسەڵاتە غەیری داعشییەکان، بە ئێرانی شیعە و وڵاتە سەرەکییە سوننییەکانەوە، لە سەر ئەوە هاوڕان کە دەبێ لەناوی بەرن. بەڵام کام لایەن قەرارە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بە میرات بگرێ؟ هاوپەیمانییەک لە سوننیەکان؟ یا تاقمێک کە لە ژێر نفوزی ئێران دایە؟ جوابەکەی ناڕوونە چونکە ڕووسیە و وڵاتانی ناتۆ هەرکامیان پشتیوانی لە لایەک دەکەن. ئەگەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە لایەن سوپای پاسدارانەوە یا ئەو هێزانەی کە لە لایەن ئەوانەوە ڕاهێنان و ڕێبەرییان دەکرێ داگیر بکرێ، ئاکامەکەی دەبێتە ناوچەیەک کە لە تاران تا بەیروتە، کە دەتوانێ دەستپێکی سەرهەڵدانی ئیمپراتوریی توندئاژۆی ئێران بێ. لێکدانەوەی خۆرئاوا بە ئاڵوگۆڕ لە تورکیە تێکچووە، وڵاتێک کە لە دەوڵەتێکی سێکولارەوە بۆ چەشنێک لە بواری ئایدیۆلۆژییەوە ئیسلامییە گۆڕاوە. لە یەک کاتدا ئەو کاریگەریی لەسەر ئووروپا لە ڕێگای کۆنترۆڵێ سەرڕێژەی پەنابەران لە خۆرهەڵاتی ناوینەوە هەیە و ئامریکای بە گواستنەوەی نەوت و کاڵای تر لە سنووری باشووریەوە تووڕە کردووە، پشتیوانیی تورکیە بۆ پرسی سوننی هاوتەریب لە گەڵ هەوڵەکانی بۆ لاوازکردنی خۆبەڕێوەبەریی کوردان، کە زۆرینەی تاقمەکانی تا ئێستا لە لایەن خۆرئاواوە پشتیوانیی دەکرێن، دەچێتە پێش. دەوری نوێی ڕووسیە کاریگەریی لە سەر شێوەی نەزمی داهاتوو دەبێ. ئامانجی ئەو، یارمەتیی بە شکست پێهێنانی داعش و پێشگرتن بە تاقمی هاوشێوەیە؟ یا هۆیەکەی نۆستالژیی گەڕانی مێژوویی بۆ دەسەڵاتی ستراتێژیکە؟ ئەگەر ئەوەی پێشدا بێ، سیاسەتی هاوکاریی خۆرئاوا لە گەڵ ڕووسیە شتێکی باش دەبێ. ئەگەر ئەوەی دواتر بێ، دووبارەبوونەوەی شەڕی سارد شتێکی چاوەڕوانکراوە. هەڵوێستی ڕووسیە لە بارەی کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، کە لەسەروە ئاماژەی پێ درا، کلیلی تاقیکردنەوەی دەبێ. هەمان بژاردە بەرەوڕووی خۆرئاوا دەبێتەوە. دەبێ بڕیار بدا کام سەرئەنجام لە گەڵ نەزمی نوێی جیهانیی تەبایە و پارێزگاری لێ بکا. ئەو ناتوانێ بە شێوەی گشتیی پشتیوانیی لە بژاردەیەک لەسەر بنەمای تاقمی ئایینی بکا چونکە ئەوان بۆخۆیان بەش بەشن. ئامانجی پشتیوانییەکەی دەبێ سەقامگیریی بێ و لە دژی هەر تاقمێک بێ کە هەڕەشە لە سەقامگیریی دەکا و لێکدانەوەکە دەبێ درێژ مەودا لەبەر چاو بگرێ و نابێ ئاکامی تاکتیکەکانی ئێستا بێ. ئەگەر خۆرئاوا درێژە بە بەشدارییەکەی بدا بێ ئەوەی کە پلانێکی ژێئۆستراتێژیکی هەبێ، ئاژاوە پەرە دەستێنێ. ئەگەر پاشەکشە بکا  لە تێئۆریدا یا بە کردەوە، هەر وەک لە ١٠ ساڵی ڕابردوو دا وەسوەسەی هەبووە، زلهێزێکی وەک چین و هیندوستان، کە ناتوانن قبووڵی ئاژاوە لە نزیک سنوورەکانیان یا پشێویی لە نێوخۆ بکەن، وردە وردە لە گەڵ ڕووسیە جێگای خۆرئاوا دەگرنەوە و شێوازی سیاسەتی جیهانیی ئەو سەدانەی دوایی دەڕووخێ.   پەیمانی ئاتلانتیک بەرەو کوێ؟ ئەم ڕووداوانە دوو دەرئەنجامی بۆ پەیمانی ئاتلانتیک دەبێ. تا ئەو جێیەی کە ئاڵوگۆڕەکانی دونیای دەرەوە هەڕەشە لە هاوسەنگیی دەسەڵات بکەن، ئەوان هەڕەشەن بۆ تەناهیی. بەڵام ئەوان خۆرئاواش بە چالش دەکێشن تا یارمەتیی بە دروستکردنی نەزمێکی نوێی جیهانیی بکا. بڕگەی ژمارە پێنجی پێڕەوی ناتۆ شیی کردۆتەوە کە چی دەبێ بپارێزرێ، ئەوە ناتوانێ بەرهەمی کۆتایی سیاسەتی ئاتلانتیک بێ. ناتۆ لە ١٩٤٩ بۆ پارێزگاری لە ئەندامەکانی دژی هێرشی یەکیەتیی سۆڤیەت دروست بوو. لەو کاتەوە بەرەو ڕایەڵەیەک لە نەتەوان بە قەبارەی جیاوازەوە گۆڕاوە تا دژی ناسەقامگیرکردنی نێونەتەوەیی بوەستێتەوە. بەڵام ناتۆ زۆرتر لە ئامانجە سەرەکییەکانیدا دەقیق بووە تا ئەو کامڵبوونەی کە بە خۆیەوە دیتووە، ئەو لەبارەی ئەرکە بەرگریکارانەکەیدا ئاشکراتر دواوە تا دەوری خۆی لە یارمەتییدان بە نەزمی جیهانیی. دڵنیا لە دەوری وریاکەرەوەی بەرامبەر بە هەڕەشەی یەکیەتیی سۆڤیەت لە پرۆسەی پەرەپێدانی جبەخانەی ئەتۆمی وەک تەواوکەریك بۆ باڵادەستی ڕێژەیی هێزە وشکانییەکەی، ناتۆ ئەرکێکی یاسایی و هەروەها نیشانەی باوەڕی هاوبەشی نەتەوە  ئازادەکانی خۆرئاوا بۆ بڕەودان بە بایخەکانیان بوو. نەریتی ڕیبەریی ئامریکا بووە هۆی ئەوەی کە جبەخانەی ئەتۆمی ئامریکا وەک ئەوپەڕی هاوسەنگی توانایی سەربازیی سۆڤیەت بووە. بە تێپەڕ بوونی دەیەکان، پەیمانەکە وەردە وردە وەک زەمانەتی یەکلایەنەی ئامریکای لێهات لە جیاتی ئەو چەمکە ستراتێژیکە کە لەسەری ساغ ببوینەوە بۆ گۆڕانی جیهان. ڕوانگەی خاتوو تاچێر لە بارەی پەیمانی ئاتڵانتیک زۆر لەگەڵ واقعییەتەکانی ئێستا جیاواز بوو. ئەو ئاوای باس دەکرد کە لە نێوەڕۆکدا پێکهاتوە لە «ئامریکا وەک دەسەڵاتی سەرەکیی لەگەڵ هاوپەیمانانێک کە بە شێوەی گشتیی لە ئەمری ئەو دان». ئێستا چیتر بەو شێوە نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر بەو شێوەیە کە تاچێر باسی دەکرد ڕێبەریی ناکا و ئاکاری ئوروپاییەکانیش ئەوەیە کە لە ئالترناتیوی دیکە دەکۆڵنەوە. بوونی خەڵک، سامان، تێکنۆلۆژی و سەرمایە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی جیهانیی بۆ ئامریکا و ئوروپای خاوەن توانایی سەربازیی دەستەبەر دەکا. بەڵام ئەوە بە بێ ستراتێژی دیاریکراو و ڕوانگەی سیاسیی نایەتە ئاراوە. لە ئاڵوگۆڕەکانی خێرای جیهانی ئەمڕۆ، ناتۆ دەبێ خەریکی پێداچوونەوەی هەمیشەیی بە ئامانج و تواناییەکانی بێ. ئاڵۆگۆڕەکان لە پێکهاتەی نەزمی ئەمڕۆیی جیهان، دەبێ ناتۆ و ئەندامەکانی بێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە لەخۆیان بپرسن: دەیانهەوێ پێش بە کام ئاڵوگۆڕ جگە لە کۆنتڕۆڵی خاکی وڵاتانی ئەندام بگرن و بە کام ئامراز؟ ئامانجە سیاسییەکان کامانەن و ئامادەن کام ئەمرازانە بەکار بێنن؟ کەوابوو ڕێگام بدەن بە دووپاتکردنەوەی وتەی خاتوو تاچێر لە وتارە دۆستانەکەی دوو دەیە لەوەپێشی کۆتایی بە وتارەکەم بهێنم: «چی بکەین؟ من پێموایە ئەوەی کە ئێستا پێویستە دەستپێشخەرییەکی نوێ و ژیرانەی ئاتلانتیکە. ئامانجەکەی دەبێ دووبارە پێناسە کردنەوەی ئاتلانتیسیزم لە ژێر ڕووناکایی ئەو موشکیلانە بێ کە باسم کردن. چرکەساتی دەگمەن هەڵدەکەون کە مێژوو ئاواڵەیە و ڕەوتەکەی بەو ئامرازانە دیاریی دەکرێن کە باسم کردن. وێدەچێ ئێستا ئێمە لە چرکەساتێکی وەها دابین.» وتەکانی خاتوو تاچێر، پێش هەموو شتێک، ڕاسپاردە و پێناسەی ئەرکەکە بوو. ئێمە ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی هەستیارتریشدا دەژین. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)