کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی لەڕۆژەڤدابوونی پرسی خوێندن بە زمانی کوردی

00:25 - 2 رەزبەر 2717

بە کرانەوەی قوتابخانەکان و ناوەندەکانی فێربوون ساڵێکی دیکەی خوێندن لە کاتێکدا دەست پێدەکا کە سیاسەتی هەڵاواردن لە دژی نەتەوە نافارسەکان هەروا درێژەی هەیە. هەربۆیە ئەمساڵیش قوتابیان و خوێندکارانی کورد هەروا بێبەش لە مافی بێئەملاوئەملای خوێندن بە زمانی زگماکی، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکەن. ئەوان ناچارن لە پرۆسەیەکدا و لە چوارچێوەی سیستمێکی پەروەردەییدا پەروەردە بکرێن کە بنەماکانی لەسەر تواندنەوەی زمان و کلتوور و بە گشتی لایەنە جۆراوجۆرەکانی شوناسی نەتەوەییان داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، منداڵان و لاوان و بەگشتی بەرەی نوێی کوردستانە. رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ئەم سیاسەتە پان فارسیستییەی لە ڕێژیمی پاشایەتی وەک میرات وەرگرتوە، وێڕای هەوڵدان بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی ئەم سیاسەتە، هەر لە سەرەتای بە دەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵاتەوە بە پێی پلانێکی هەمەلایەنە کاری بۆ ئیدیۆلۆژیزەکردنی سیستمی پەروەردە و فێرکردنیش کردوە. سیاسەتێک کە بە شێوەیەکی هاوشان لە میدیا و ئۆرگانە دەوڵەتیییەکاندا کاری پێ دەکرێ. بەراوردکردنی قورسایی و خەسارەکانی ئەم ستەمەی لە ئاکامی ئەم هەڵاواردنە فرەڕەهەندەی خراوەتە سەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی هێندە دژوار نیە. چونکە ئاکامە  نالەبارەکانی ئەم سیاسەتە زمان، کلتوور و بەگشتی شوناسی نەتەوەیی ئەم نەتەوەیەی گرتۆتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ زماندا بە کورتی دەکرێ بگوترێ ئاکامە کاوڵکارانەکانی ئەم سیاسەتە بریتی بووە لە گۆڕانی زمانی ئاخاوتنی کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەت لاوان بە زمانێکی بەتەواوی ئاوێتە لەگەڵ زمانی فەرمی یان باڵادەست، نامۆکردنی منداڵان و لاوان و بەرە یەک لەدوای یەکەکان لەگەڵ کلتوورو هێما نەتەوەیی و مێژووییەکانی نەتەوەکەیان و ... ئەم بێبەشی و هەڵاواردنە ئاشکرایە لە کاتێک دایە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رێککەوتننامە و پەیماننامەگەلێکی زۆر هەن کە پێداگری  لەسەر قەدەغەبوونی هەڵاواردن لە نێوان هاووڵاتییاندا دەکەن. بۆ وێنە: جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ،  کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی سڕینەەوەی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی رەگەزی، پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ... لە بواری پەروەردەو فێردکرنیشدا دەکرێ ئاماژە بەم پەسەندکراوە نێونەتەوەییانە بکەن کە پێداگری لەسەر قەدەغەبوونی هەڵاواردن لە نێوان دانیشتوانی وڵاتێکدا دەکەنەوە. بۆ وێنە: کۆنڤانسیۆنی سڕینەوەی هەڵاواردن لە پەروەردەو فێرکردندا، جاڕنامەی گەردووونیی مافگەلی پێوەندیدار بە زمان، مەنشووری یونسکۆ تایبەت زمانی دایک و ...تەنانەت لە قانوونی بنەڕەتیی ئێستای ئێرانیشدا (ئەسڵی ١٥) ئاماژە بە مافی وانەگوتنەوە بە زمانی نەتەوە نافارسەکانی نێو چوارچێوەی ئێران کراوە. هەرچەند ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بریتیە لە سڕێنەوەی هەموو لایەنەکانی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی لە ڕێگای پێکهێنانی گۆڕانکاری سیاسییەوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە قۆناخە جۆراوجۆرەکاندا هەوڵی داوە بە پێی توانا شوێنەوارە زیانبارەکانی سیاسەتی تواندنەوەی زمانی و کلتووری پووچەل یان کەم بکاتەوە. لەم پێناوەشدا  لە هەر دەرفەتێکدا کە کۆنترۆڵی بەسەر ناوچەکانی کوردستاندا بووە، پەروەردە و فێرکردنی کوردی پەرە پێ بدا، کتێب و نامیلکە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو بکاتەوە یان لە بوارەکانی دیکەی میدیایی وەک رادیۆ و تلویزیۆن کەلک وەربگرێ. جیا لەمە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان و لەم ساڵانەی داواییشدا چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و خوێندکاری هەوڵی بەرچاویان داوە. لەم نێودا دەتوانین ئاماژە بە هەوڵدان بە پەرەپێدانی نووسین و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی، دانانی دەورەگەلی فێرکردنی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی و هەروەها بەرزکردنەوەی داوای مافخوازانە لەم پێوەندییەدا بکەین. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵە جۆراوجۆرە بەنرخانەش کە دراون و دەدرێن، کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت منداڵان و لاوانی بێبەش لە مافی خوێندن و پەروەردەکران بە زمانی زگماکی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە ژێر کارتێکەریی زیانباری سیاسەتی سیستماتیکی تواندنەوەی زمانی و کلتووری دان. بۆیە زۆر پێویستە بە هەموولایەک بیر لە رێگاگەلی کۆتایی پێهێنان بەم ستەمە مێژووییە بکەینەوە. لەم پێناوەدا پێویستە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی ببێتە ڕۆژەڤی کۆمەڵێک کارو  چالاکیی جۆراوجۆر. لەم بەستێنەدا دەکرێ چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی و سیاسی، نووسەران و مافزانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەک هەوڵی زیاتر لە پێناو زیاتر ناساندنی ئەم مافە زەوتکراوەدا بدەن و لەلایەکی دیکەوە لە هەر دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی جەماوەری لەم داخوازە ڕەوایە کەلک وەرگرن. ئەزموونەکانی ساڵانی دوایی دەریانخستوە کە دەکرێ بۆ وێنە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەم کاری ڕۆشەنگەرانەی گەورە بکرێ و هەم کەمپەین و چالاکیی بەرین وەڕێ بخرێ. ئەوەی لێرەدا گرنگیی زیاتری هەیە، دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و لە ڕۆژەڤدا ڕاگرتنیانە. کردنە ڕۆژەڤی پرسی خوێندن بە زمانی کوردی نەک لە یەک دوو بۆنەی جیاوازدا، بەڵکوو هەر ڕۆژ و لە هەر دەرفەتێکدا دەتوانێ شێوازێکی گرنگ بێ بۆ ماف تەوەر کردنی چالاکییە جەماوەرییەکان و گوشارهێنان بۆ دەسەڵات. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)