کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و هەڵوێستی ئێران

19:47 - 8 رەزبەر 2717

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە نەتەنیا موافقی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکوو بە دەربڕینی توند و تا ئاستی هەڕەشە لێکردنیش، دژایەتی خۆی نیشان ‌دا و بە کردوەیش چ لە ڕووی دیپلۆماسی و چ لە ڕووی ئەمنیەتییە کۆمەڵە هەنگاویکی هەڵگرتن. بەڵام لە کۆتاییدا رێفراندم بە سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە سەرکەوت و خەڵک لە باشووری کوردستان ئیرادەی خۆی بۆ سەربەخۆیی ئەم بەشە لە نیشتمان دەربڕی. دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم هەڵوێستەکانی ئێران وەک هێندێک لایەن چاوەڕوانییان دەکرد، تا رادەیەک گۆڕانی بەسەردا هات و ئێستا لە گەڵ  دەربڕینی مخالفەت، دەبینین کە ئاستی هەڕەشەکان کەم بۆتەوە. پارلمانی ئێران بە ئامادەبوونی سکرتێری شوڕای ئەمنیەتی میللیی ئەم وڵاتە کۆبوویەوە و دیسان مخالفەتی خۆی دەربڕی. بەڵام چ خودی عەلی شەمخانی، سکرتێری شوورای ئەمنیەتی میللی و چ بەرپرسانی پارلمان، ئەو هەڕەشانەی پێش لە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم بە لێدوانەکانیانەوە دەبینرا، دیار نەبوو. ئەوەیکە هەڵوێستەکانی ئێران تابعی ج هۆکار گەلێکن لە جێی خۆیدا سەرنجڕاکیش و گرینگن و دەکرێ لەم ڕووەوە خوێندنەوە بۆ هەڵوێستەکانی ئەم وڵاتە بکەین. خودی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران قەزیەی رێفراندۆم  و سەربەخۆیی لە دوو خانەی هەڕەشەکان و دەرفەتەکاندا لێک دەداتەوەو هەڵوێستەیان لە سەر دەکا. بۆیە زۆر گرینگە بزانین لە سۆنگەیەوە هەڕەشەکان و دەرفەتەکان بۆ ئیران کامانەن!! لە رووی سیاسییەوە ئیرانییەکان زۆر باش دەزانن کە باشووری کوردستان لە ئەگەری بە دەوڵەتبوونی‌دا، وڵاتێک دەبێ لە بەرەی دێموکراتیک و سەربە بلۆکی رۆژاوا  کە ئەمە بۆ ئێران زۆر دڵخۆشکەر نیە. لە لایەکی دیکیشەوە لەم وڵاتەدا بەشێک لە میللەتێک بە سەروەری سیاسی دەگا کە بەشێکی لە ژێر سایەی ئەم وڵاتەدا، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێ‌بەشن  و لە هەمانکاتدا خاوەنی بزووتنەوەیەکی لێبڕاوی مافخوازانەی دیموکراتیکن. کە دیسان ئەمەیش بۆ تاران دڵخواز نیە و دەسەڵاتدارانی تاران زۆر باش لە کاریگەرییەکانی ئەم دەسکەوتە نەتەوەییە لە سەر کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەم میللەتە لەم بەشە لە کوردستان چیە. بۆیە ناتوانن لێی بێ‌خەم بن و زەرەرو زیانەکانی لێک نەدەنەوە. لە رووی ئابووری و ئاڵوێری بازرگانییەوە تاران زۆر باش ئاگاداری رۆلی هەرێمی کوردستان و کێبەرکێی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکانە لەم ناوچەیەدا، بۆیە ناتوانێ چاوپۆشی لە قازانجە ئابوورییەکانی خۆی بکا و هەروا بە ئاسانی سیاسەتی دژایەتی‌کردن دریژە پێ بدا، لە کاتیکدا بە سەدان کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لە گەڵ هەرێمدا هەیە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج کە بێ‌گومان ریژیمی تاران لێی غافڵ نیەو ناتوانی لە بیری خۆی بباتەوە، مەوقعیەتی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە باشووری کورستان کە چەند سالێکە بە عەمەلی پیشمەرگەیان لە سەر سنوورەکان جێگیر کردوە. بۆیە لێرەدا وێدەچێ کە بە قازانجی ئێران بێ کە ڕێگای ئەقڵانی و بەدوور لە هەڕەشەو  گوڕەشە بگرێتە بەر و هەموو ئەم نیگەرانیانە بە گرتنە پێشی سیاسەتی مەدارا لە گەڵ هەر ئاڵوگۆڕیک لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانی و هەڕەشەکان لە سەر خۆی بکاتە دەفەتێک بۆ خۆی. بە پێی ئەزموونی  سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتیی ئەم ٢٦ ساڵەی دەسەڵاتی کورد لە هەریمی کوردستان بێ، سەربەخۆیی لەم بەشە لە کوردستان نەتەنیا هەڕەشە نابێ بۆ سەر تاران، بەڵکوو ئەگەر ئێرانییەکان بتوانن سیاسەتێکی ئەقڵانی لە سەر بنەمای رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان بگرنە پێش، دەتوانن  هەموو ئەو هەڕەشانەی کە خۆیان بیری لێ دەکەنەوە، بیکەنە دەرفەتێک و قازانجیشی لێ ببینن. بەڵام ئەگەر وا نەکەن، گومانی تێدا نیە کە لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی‌یەوە زیانی گەورە دەبینن و لانیکەم تووشی کێشەیەکی گەورەی ئەمنیەتی دەبنەوە کە قوڵاییەکەی دەکێشرێتە ئەوپەڕی شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و، ئەو کاتەیە کە ئەوەی ئێرانییەکان لێی نیگەرانن کە هەمان چوارچیوەی ئەرزی ئێرانە، دەکەوێتە مەرترسییەوە.