کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕێک، تەنیا بۆ مانۆڕ

19:36 - 11 رەزبەر 2717

قەرارە هەر دوو سپای ئێران و عێراق لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازی بەڕێوە بەرن. ئەم بڕیارە هاوبەشە دوای بەرێوەچوونی رێفراندۆمەکەی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی هاتە ئاراوە. هەرچەند چەند حەوتوو پێش لە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشوور، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر لە سپا، بەسیج و جاشەکان لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانۆڕێکی سەربازی بەڕێوە برد، بەڵام ئەمەیان وەک خۆیان باسی دەکەن جیاواز و هاوبەشە. کۆماری ئیسلامی ئێران مانۆڕی خۆی بە دوو مەبەستی ئاشکرا لەو کات و ساتەدا بەڕێوە برد؛ یەکەمیان خۆ ئامادەکردن بوو بۆ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ ئەوەی کە خۆیان بە "مەترسیی رێفراندۆم"ی باشووری باسیان لێوە دەکرد. ئەوان پێیان وابوو بە کۆکردنەوەی هێز لە سەر سنوورەکان بە جۆرێک سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە باشوور بترسینن و لە بەڕێوەبردنی رێفراندۆم پاشگەزیان بکەنەوە کە وەک دیتمان پلانە پیلاناوییەکەیان سەری نەگرت و خەڵکی باشووری کوردستان و سەرکردایەتییەکەی لێبڕاوانە بە رێژەییەکی بەرچاو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ سەربەخۆیی ئەم بەشە لە نیشتمان وتیان "بەلێ". مەبەستی دووهەمیان ڕاست پێوەندیی بە ترسێکی زاتییەوە هەبوو کە پێوەندی بە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. ئەوان دەیانزانی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین‌جار نیشانی داوە کە بە نیسبەت ئاڵوگۆڕ و دەسکەوتی پارچەکانی دیکەوە هەڵوێستی هەبووە، بۆیە دیسان دەیانزانی کە خەڵکی رۆژهەڵات بە بۆنەی پرسی رێفراندۆم لە باشووریش دیسان هەڵوێستی دەبێ. بۆیە ویستیان بە بەڕێوەبردنی مانۆر و کۆکردنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە کوردستان و بڵاوەپێکردنیان لە نێو شارەکان‌دا ترس بخەنە دڵی خەڵک و بە خەیاڵی خۆیان پێش بە هەر جۆرە هەڵوێست‌نواندێنی خەڵکی خاوەن هەڵوێستی رۆژهەڵات بگرن. بەڵام وەک دیتمان ڕێژیم لەم پیلانەیشی‌دا سەرنەکەوت و خەڵکی شارەکانی کوردستان لە ئێوارەی رۆژی بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشوور، رژانە سەر شەقامەکان و هاوکات لە گەل دەربڕینی شایی و خۆشحاڵی خۆیان، رق و بێزاریی خۆیشیان بۆ جارێکی دیکە بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران دەربڕی. ئێستایس کە قسە لە بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، دیسان بە خەیاڵی خۆیان بۆ پێکانی هەمان مەبەستی وەدینەهاتوویان  دەیانهەوێ لەم رێگایەوە، ئێقتدارە سەرکوتکەرانەکەی خۆیان بە دەورووبەر نیشان بدەن و دیسان بە خەیاڵی خۆیان پەیامێک بە خەڵکی باشووری کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی لەم بەشە لە کوردستان بگەیەنن کە لە بڕیاری خۆیان بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان پاشگەز ببنەوە! ئەوەی ڕاستی بێت هەم ئێران و هەم تورکیە زۆریان هەوڵ‌دا بە هەڕەشەو گوڕەشە، پێش بە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان بگرن و زۆریان درووشم‌دا کە وا دەکەین  و ئەگەر کوردەکان رێفراندۆم بکەن ئەوە دەکەین، بەڵام وەک دەرکەوت خەڵک بە بێ‌گوێدان بە هەموو ئەم هەڕەشەو گوڕەشانە ئیرادەی خۆی نیشان‌دا و پرۆسەکەی بە باشی بەڕێوە برد. بۆیە بەتایبەت ئەم دوو وڵاتە دەبوا شتێک هەر بکەن؛ ئەوە بوو کە تورکیە بە بەشداریی کۆمەڵێک تانک و تۆپی عێراقی لە ناوچەی سلۆپیی باکووری کوردستان کەچە مانۆڕێکی بەڕێوەبرد و تەواو. ئێستا مانۆرە هاوبەشەکەی ئێرانیش لە گەڵ عێراق، ڕاست هەمان سناریۆیە و جیا لە "مانۆرێک" هیچی دیکە نابێ.