کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتالۆنیا، هیوایەک بۆ سەربەخۆیی

01:59 - 15 رەزبەر 2717

کاتالۆنیا ڕاپرسیی سەربەخۆیی ئەنجام دا و هەروەک چاوەڕوان دەکرا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئیسپانیا هێرشیان کردە سەر دەنگدەران و زیاتر لە ٩٠٠ کەس لە خەڵکی کاتالۆنیا بریندار بوون. ئەوەی یەکشەممی ڕابردوو لە کاتالۆنیا رووی‌دا، ڕووداوێکی جیاواز لە وڵاتانی دیکەیەی وەک وڵاتانی ئاسیایی و ئامریکای لاتینە و لە ڕاستی‌ددا ئیسپانیا لە ئورووپادا هەڵکەوتووە و دەبێ پابەندی ڕێوشوێن و پرەنسیپەکانی پەسندکراوی یەکێیەتیی ئورووپا بێ. لە ڕاستی ‌دا وڵاتی ئیسپانیا بە هێرش و زەبرو زەنگەی پۆلیسی ئە وڵاتە دژی خەڵکی کاتالۆنیا بەئر\ەنجامی گەیاند نەک هەر هەموو پرەنسیپەکانی وڵاتانی ئورووپایی لەمەر ڕێز بۆ ویست و داخازییەکانی گەلئ کاتالونیا لەژێر پێ ناوە، بەڵکوو یەکێیەتیی ئورووپاش ئەگەر چاوپۆشیی لەو زەبرو زەنگ و سەرکوتە ئاشکرایە بکات، ئەوا ڕاستەو خۆ بۆخوی دەچێتە خانەی پێشیڵکارییەکانەوە. دیارە  ئەو لێدان و کوتانە نەک هەر ناتوانێ هەستی سەربەخۆیی‌خوازیی لە ناخی خەڵکی کاتالۆنیا‌دا دامرکێنێ، بەڵکوو بە لەبەرچاوگرتنی توندووتیژی پۆلیسی ئیسپانیا، لەلایەک نەیارانی سەربەخۆییش لەو ئەیالەتە بۆ لای زۆرینەی خەڵکی کاتالۆنیا کە سەربەخۆیی‌خوازن ڕادەکێشێ و لەلایەکی دیکەش لە ئاستی دەرەوە و لە نێو ئورووپادا وەها کردەوەیەکی ناشیاو و ناتەبا لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی ئیسپانیا تووشی شەرمەساری و داشکان دەکات و نیشان دەدات، ئیسپانیای ٢٠١٧ی زایینی لەگەڵ ئیسپانیای سەردەمی فرانکۆ‌دا جیاوازییەکی ئەوتۆی لە هەڵسووکەوت لەگەڵ نەتەوەکان‌دا نەکردووە و نییە. جگەلەوەش وەک چاوەڕوان دەکرێ و دەوڵەتی خۆجێی کاتالۆنیا ڕایگەیاندووە، لەم ماوەیەکی نەک زۆر دوور، بەڵکو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، کاتالۆنیا بە پشت بەستن بە ڕاپرسیی ڕۆژی یەکشەممۆ و بریاری پارلەمانی ئەو ئەیالەتە، سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەێینێ. ئەوەش ئورووپا و بەگشتی، جیهانی پێشکەوتوو تووشی هەلبژاردنێک دەکات لەنێوان پڕەنسیپە دێمۆکراتیکەکانی کە ولاتانی وەک فەرانسە و باقی وڵاتانی ڕۆژاوایی و نەتەوەیەکگرتوەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و سەرئەنجام مل‌ڕاکێشان بو ویستی ڕەوای خەڵکی کاتالۆنیا و قەبووڵی سەربەخۆیی ئەو بەشەی کە بە بێ ویستی خۆی بە وڵاتی ئیسپانیاوە لکێندراوە؛ یان چاوپۆشین لە مافی نەتەوەیەک کە لە "حەوشە"ی خۆیان و لە جیرانییەتی لانکەی دێمۆکراسی، واتە فەرانسە، داوای مافی خۆی دەکات. چاوپۆشی کردنێک کە دەتوانێ هەموو ئیدعا و بڕواکانی یەکێتیی ئورووپا لەمەر مافی مرۆڤ و دابین  دەستەبەرکردنی مافی نەتەە چەوساوە و ژێردەستەکان "کاڵ" بکاتەوە. دیارە شک لەوەدا نییە لە هەردووک حاڵەت دا هەم ئیسپانیا و هەم ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی، دەبێ هەزینە و تێچووی خۆیان بدەن ڕەنگە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کاتالۆنیا، وڵاتی ئیسپانیا هەڵتەکێنێ و نەتەوەی  "باسک" و هەروەها دەوڵەتی خۆجێی "گالیسیا"ش بەرەوە هەنگاو نان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا ڕاکێشێ و لەلایەکی دیکەش کێ چووزانێ! ئەگەری ئەوە هەیە بە قەبووڵ‌کردنی ڕاپرسیی سەربەخۆیی کاتالۆنیا لە داهاتووی نیزیک‌دا لەلایەن ئیسپانیا و ولاتانی ئورووپاییەوە، دەرەتانێکی باش و بەستێنێکی لەبار بۆ نەتەوەکانی دیکە و یەک لەوان نەتەوەی کورد و بەتایبەت باشووری کوردستان خۆش بکات بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و قورسایی بەربەرەکانی دەرەکیی لەسەریان کەم بکاتەوە، یان هەر نەهێڵێ. شک لەوەدا نییە، کاتالۆنیا لە بڕیارەکەی پاشگەز نابێتەوە و ئەگەر تەنانەت لە ماوەیەکی کورت‌دا ئیسپانیا دان بە سەربەخۆیی ئەو ولاتە دانەنێ، ناچار دەبێ بە ڕێککەوتن لەگەل کاتالۆنیا و بە ناوبژیوانی وڵاتانی ئورووپایی، هەتا زەمینەکانی لیکجیابوونەوەیەکی ئاشتیانە فەراهم دەبێ، سیستەمی شێوە فێدڕالی هەتاکوو ئێستای وەلا بنێ و ڕوو لە کۆنفێدراڵییەک بکات لە چەشنی بریتانیای مەزن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بێ گومان جووغرافیای سیاسی دەگۆڕی و "نەتەوە دەوڵەت"ی ڕاستەقینە لەسەر بەستێنی ئەتنیکی هاوبەش و قازانج و بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمەڵانی خەڵکی  پێک دێن و وادیارە باشووری کوردستان سەر قافڵەی ئەو ڕەوتە دەبێ.