کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی هەڕەشەکان، نوێبوونەوەی پیلانەکان

15:41 - 15 رەزبەر 2717

ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورکیە بە سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسەنی ڕووحانی سەرۆک کۆمار و علی خامنەیی رێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆبۆوە. جگە لە پرسی سووریە و داهاتووی ئەو وڵاتە شەڕلێدراوە و چۆنیەتی ڕێکخستن و لێک ‌نیزیک‌ کردنەوەی سیاسەت و بۆچوونە جیاوازەکانیان، ئەردۆغان و ڕێبەرانی رێژیم پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هاوهەڵوێستی لە چۆنیەتی بەرنگاربوونەوەی ئەو ڕووداوەیان خستەبەر باس و گفت‌وگۆ و بۆ جارێکی دیکەش پێداگریان لەسەر یەکپارچەیی وڵاتی عێراق و دژایەتی لەگەڵ هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک لە سنوورە سیاسییەکانی ناوچە و سازبوونی هەر قەوارەیەکی سیاسی دیکە دەربڕی و لەو سۆنگەیەوە، هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆریشیان لە دەسەڵات و  حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. هەر لەو پێوەندییەدا خامنەیی رێبەری ڕێژیم، گشتپرسیی باشووری کوردستانی بە "خیانەت" بە ناوچە تاوانبار کرد و دیسان و وەک هەمیشە بە بێ گوێدان بە ویست و داخوازەککانی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخویی، گەڵاڵەی دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆی بە قسەی خۆیان بە پیلانی "ئیسرائیل" و بە نێو "ئیستیکبار"ی جیهانی شوبهاند. جگە لەوەش تورکیە و کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە بەگرتنەبەری سیاسەت و کردەوەیەکی هاوبەش، ڕێگە بە هەناردەکردن و فڕۆشتنی نەوت بە باشووری کوردستان نادەن و ئابڵووقەی دیکەش لەئارادا دەبێ. دیداری ئەردۆغان لە تاران لە حالێک‌دایە کە لەو ماوەیە و لە بەرەبەری ڕاپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان‌دا باقی کاربەدەستانی پلەبەرزی سیاسی و نیزامیی هەر دوو لایەن سەردانی یەکتریان کردووە و هەموو جارێ‌کیش بەڕژدی و پێداگرییەکی زۆرەوە، دژایەتیان لەگەڵ بونیاتنانی کوردستانی سەربەخۆ لەو بەشە لە وڵاتەکەمان‌دا دەربڕیوە و هەڕەشەی ئابڵووقەی ئابووری و بەستنی سنوورەکان و سزادانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. کۆماری ئیسلامی و تورکیە هەریەکە و بە شێوەیەک زۆریان هەوڵ‌دا بە گوشارە سیاسی و دیپڵۆماسییەکان، داخستنی نووسینگەکانی حیزب و لایەنە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان لە وڵاتەکانیان و هەروەها هەوڵ‌دان بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی و چاندنی تۆویی "ناکۆکی" لە نێو ڕیزەکانی کورد لە باشووردا، پرۆژەی ڕاپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئەگەری لەدایک بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لەو بەشە لە کوردستان‌دا لەبار بەرن. جگە لەوەش حکومەتی تورکیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆخۆیان هەر یەکەو ڕووبەرێکی بەرفراوان و بەشێکی خاکی کوردستانی گەورەیان لەژێر کۆنترۆڵ‌دایە، چ لە ماوەی کەمتر لە سەد ساڵی ڕابردوو و دامەزرانی دەوڵەتی "مۆدێڕن" لەو دوو وڵاتە و چ لە پاش شەڕی جیهانی یەکەم‌دا و چ لە سەردەمی پێشووتر، دژی هەر چەشنە ماف و ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد بوون و بە درێژایی ئەو ماوەیە لاپەڕەکانی مێژووی سەرکوت و کوشت و بڕ و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کوردیان  بۆ خۆیان تۆمار کردووە و ئێستاش هەر لەسەر ئەو ڕێگە و ڕێچکەیە دەڕۆن. هەر لەو ماوەیەدا ئەو دوو رێژیمە لەلایەک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دامرکاندنی هەستی سەربەخۆیی‌خوازیان و لەلایەکی دیکەش بۆ ترساندن و تۆقاندنیان و لەرزۆک‌کردنی ئیڕادە و ورەی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان و سەرکردەکانیان و هەروەها بۆ پارێزگاری لە "مان و مەوجوودییەت"ی وڵاتی دەسکردی عێڕاق، هەر یەکەو بە جیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو دیوی سەرسنوورەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وێڕای هێزە عێراقییەکان، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان بەڕێوەبردووە. هەروەها دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش لە ئاست بەڕێوەچوونی ڕاپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەستی داوەتە چەند دژکردەوەیەک کە داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڕەشە و گوڕەشەی سیاسیی دیکە لەو کردەوانەن و چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا هەنگاوەکان لەو پێوەندییەدا چڕتر بکرێنەوە. تەنانەت رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریەش کە بە هێزی سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسەکان لەسەر پێی خوی ڕاوەستاوە و دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە سوورە و بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسیی دەسەڵات بە میلیۆن خەڵکی ئەو وڵاتەی ناچار بە ئاوارەیی و کۆچ و کۆچ‌بار کردن کردووە، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە کەمتر لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دژی ماف و ویستە ڕەواکانی نەتەوەی کورد نییە، زۆر بە جیددی و بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە. زۆر ڕووداوی مێژوویی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و ڕەنگدانەوەیان لە پاش دەیان سال هەبووە و لە داهاتوودا بێ‌گومان بە شێوەیەک لە شێوەکان دووپات دەبنەوە. ڕەنگە یەکێک لەو ڕووداوانە مۆرکرانی پەیمانی "سەعدئاباد" لە ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۱۶ (۸ ژووئییەی ۱۹۳۷) بێ کە بۆ دژایەتی نەتەوەی کورد لە نێوان تورکیە و ئێران و عێراق و دیارە دەوڵەتی ئەفغانستانیش ڕاگەیەندرا. دواتریش واتە لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی و ١٩٥٥ی زایینی پەیمانی "سێنتۆ" بۆ هەمان مەبەست و بە ڕواڵەت بەرگری کردن لە تەشەنەسەندنی نفووزی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دامەزرا. ئەو گەلەکۆمەگییەی ئێستای وڵاتانی تورکیە و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێڕاق و بە شێوەیەکی سیاسیی سووریە، سەرەڕای هەموو بەربەرەکانی و کێشە سیاسیی و ناوچەییەکانیان بۆ کپ کردنی ویست و داوا ڕەواکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێڕاق دەیکەن، ڕێک ڕەنگدانەوە و بەکردەوەکردنی ئەو پەیمانە شوومانەیە کە لەسەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ کورد و کوردستان دامەزرابوون. لە کۆتایی‌دا جێی خۆیەتی خۆزگە بخوازین و هیوادار بین کە ئەگەر پەیمانەکانی "سەعدئاباد" و "سێنتۆ" بە دژی کورد لە لایەن  داگیرکەرانی کوردستانەوە ئێستا بەکردەوە دەکرێن؛ نەتەوەی کورد بەگشتی و گەلەکەمان و دەسەڵاتەکەی لە باشووری کوردستان  بەتایبەتی، خۆڕاگر بن و بیر لەوە بکەنەوە کە کورد و ئەو بەشە لە کوردستان، لەلایەک بۆتە چقڵی چاوی دوژمنانی کورد و لەلایەکی دیکەش بە بوونی هێزی کۆک و پوشتەی پێشمەرگە و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی، پشتیوانی کۆر و کۆمەڵە نەتەوەییەکان، ئەوەندە بەهێزە کە دوژمنان ناتوانن لە ئاست ویستی سەربەخۆیی‌خوازی، پاشەکشەی پێبکەن.