کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مام جەلال، مەرجەعێک بۆ سازان و چارەسەری

21:32 - 15 رەزبەر 2717

قسەکردن لە سەر کەسایەتییەکی وەک مام جەلال تاڵەبانی کە زیاتر لە نیو سەدەیە شوێنپەنجە و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و عەمەلیی بە سەر بەشێکی ئەساسیی بزووتنەوەی میللەتێکەوە هەبوە و لە چەندین رەهەندی تێکۆشانی سیاسی، پێشمەرگانە، نووسین و رۆژنامەوانی‌دا، کارەکتەرێکی مەیدانیی ئەم گۆڕەپانانە بووە، کارێکی هەروا ئاسان نیە. بۆیە لانیکەم ناگونجێ لەم دەفەتەدا بپەرژێینە سەر سەرجەم لایەنەکانی ژیانی مام جەلال و، لێرەدا تەنیا قسە لە سووچێکی تایبەتمەندییەکانی ئەم کەسایەتییە دەکەین کە ئەوەیش بریتییە لە باوەڕمەندبوونی بە یەکلایی‌کردنەوەی کێشەکان بە ئامرازی "چارەسەری". هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە جەلال تاڵەبانییان ناسیوە و ئەوانەی ئاگاداری رۆڵی ئەم رێبەرە هەڵکەوتووەن بە سەر چۆنیەتی حەللی کێشەکان، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی بزووتنەوەی کورد و چ لە سەر ئاستی ناکۆکییەناوخۆییەکانی حیزبەکەی و، تەنانەت لە سەر ئاستی چۆنیەتی چارەسەری کێشەی میللەتەکەی لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، دەزانن کە مام جەلال هەمیشە لە دەروازەی چارەسەرییەوە وەژوور کێشە و ناکۆکییەکان کەوتووە و هەمیشە قسەی لە چارەسەرییەکان کردوە. بۆ ئەمەیش هەمیشە هەوڵی داوە، لە خۆی مایە دابنێ و وەک هەمیشە دووپاتی کردۆتەوە، بۆ ئەو "تەنازول"کردن لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە ئاراستەی قازانجی گشتی و نەتەوەیی‌دا، بەشێک لە شانازییەکانی ژیانی سیاسیی بووە. مەشرەف‌خۆشیی مام جەلال و قسەخۆشەکانی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان‌دا، ئامیان و چاشنییەکی بەهێزو ئامانجداری بووە بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیەتێکی پاک و بێ‌گەردەوە بە مەبەستی بیرکردنەوە لە پێکەوەبوون و قسەکردن لە چارەسەرییەکان کار لە سەر رۆح و دەروونی تاکەکان بکات. مام جەلال بە نوکتە و قسەخۆشەکانی هەمیشە هەوڵی‌داوە جێی خۆی لە دڵ و دەروونی بەردەنگ و بەرانبەرەکانی‌دا بکاتەوە و، ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی بە هەموو دژبەیەکەکان داوە کە ئینسانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ، دەبێ دڵ و دەروونی لە ئاست کێشە و ناکۆکییەکان‌دا زۆر لەوە گەورەتر بێت کە نەتوانێ لە پێناو پێکەوەبوون بیر لە چارەسەری بکاتەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانی و سیاسییە، مام جەلالی کردبووە کەسایەتییەکی جێی باوەڕ و متمانەی نێو بزووتنەوەی کورد نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لە پرۆسەی دانووستانی بزووتنەوەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە، بە بێ شک و گومان، جەلال تاڵەبانی عونسورێکی کارا، متمانە پێکراو و خەلاق بووە بۆ چارەسەریی کێشەکان. هەر ئەم رۆڵ و پێگەیە، مام جەلال و حیزبەکەی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی کردبووە دۆست و پشتیوانی راستەقینەی بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. دۆستایەتی و پشتیوانیی جەلال تاڵەبانی لە گەڵ بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر تەنیا پشتیوانییەکی رووتی سیاسی نەبوو، بەڵکوو ئەو بەکردەوە لە پشتیوانیکردن‌دا دڵئاوەڵا و لە هەمانکات‌دا ئازا و نەتەوەیی بوو. کاتێک کە لە لایەن سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە داوا لە حیزبەکەی دەکرێ کە لە بەرانبەر هێرشی هێزە سەکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر کوردستان، پێشمەرگانە پشتیوانیان لێ بکرێ، مام جەلال وەک سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازایانە بڕیار لە سەر ناردنی هێزی پشتیوان دەدات و لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "بۆ ئێمە پێشمەرگەکانی سەر بە هێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مایەی شانازی و سەروەرییەکی مێژوویی گەورەیە کە لەم رۆژەدا ئەرکی نەتەوایەتی و نیشتمانیی خۆمان بە سەربەرزی و سەروەرییە جێبەجێ بکەین". مام جەلال لە هەموو قۆناغەکان‌دا چ بە ناردنی هێزی پشتیوانی حیزبەکەی بۆ هاوکاری کردنی هێزی پێشمەگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و، چ بە دەستپێشخەریکردنی لە پرسی مزاکرەی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات لە گەڵ رێژیمی تاران، هەمیشە وەک دۆست و پشتیوانێکی راستەقینە دەرکەوتووە. بۆیە هەر وەک بەڕێز مامۆستا عەبدولڵا حەسەن‌زادە، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامەکەی‌دا بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم رێبەرە هەڵکەوتووەوە وتوویەتی، "مام جەلال وەک تێکۆشەرێکی بەناوبانگ، لەوە گەورەترە کە هەر مڵکی بنەماڵەکەی یان حیزبەکەی خۆی بێ. لەدەستچوونی ڕێبەرێکی وا لێوەشاوە و دڵسۆز، کۆستی گەورەی هەموو ئازادیخوازانی کوردە. پێوەندیی خەباتگێرانە و برایانەی نێوان یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە زۆر لاپەڕەی زێڕینی لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورددا تۆمار کردوە بە پلەی یەکەم بەرهەمی هەوڵ‌وتەقەلای بەڕێز مام جەلال و ڕێبەری نەمر دوکتۆر قاسملوو بوو. لە کۆتایی‌دا هەر وەک لە پەیامی هاوخەمیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز مستەفا مەولوودی بە بۆنەی کۆچی‌دوایی ئەم کەسایەتییە بەرزەی میللەتەکەمانە‌دا هاتووە، "بە مەرگی مام جەلال، کورد یەکێک لە ڕێبەرانی کاریزمای خۆی و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دۆست و پاڵپشتێکی بەوەجی لە دەست دا. بەبۆنەی ئەو پێشهاتە تاڵ و ناخۆشەوە جارێکی دی لە قووڵایی دڵەوە هاوخەمیی خۆمان و هاوڕێیانمان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بنەماڵەی بەڕێزیان و هەڤاڵانی بەڕێزمان لە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و هەموو هاونیشتمانان ڕادەگەیەنین."