کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەک بۆ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە خرۆشانەکەی ٣ی ڕەزبەردا

01:46 - 16 رەزبەر 2717

هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، نە لە ڕەفتار و نە لە پەیامدا دیاردەیەکی تازە و نامۆ نیە. لانیکەم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو‌دا خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان لە چەند مەوردێکی دیار و موشەخەسی وەک؛ گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، چەسپاندنی نیزامی فیدرالی لە باشووری کوردستان، بوونی جەلال تاڵەبانی بە سەرکۆماری عێراق، کارەساتی یەکی شوبات و ڕزگاربوونی شنگال و کۆبانی لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە دەستی داعش، هەڵوێستی نەتەوەیی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر نیشان داوە. کەوابوو ئەوەندەی ئەم دیاردەیە پێوەندی بە هاوپێوەندیی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ بەشەکانی دیکەی نیشتمانەوە هەبێ، وەک باسمان کرد لە ڕووی ڕەفتار و پەیامەوە، خاوەنی مێژوویەکی زۆر لەوە دوورترە کە ئاماژەی پێ ‌دراوە. هەر لەم پێوەندییەدا پێش ئەوەی بچینە سەر باسی سەرەکیمان، پێویستە بگوترێ کە ئەم ڕەفتارانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی کوردستان، ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی هەستێکی ڕووتی نەتەوەییدا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو کۆی هەموو ئەم ڕەفتار و هەڵوێستانە خاوەنی پاشخانێکی بەرز و پڕنێوەرۆکی مێژوویین کە ڕیشەی بۆ کۆمارە مەزنەکەی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کە ٧٢ ساڵ پێش ئێستا لە سەردەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە سەرکۆماریی پێشەوای مەزن، قازی محەممەدی نەمر دامەزرا. لە ڕووی ئەم پێشەکییەوە دەردەکەوێ کە مەبەستمانە چەند قسەیەک لە سەر خرۆشانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە بە نیسبەت ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستانەوە هاتە ئاراوە. ئەوەی ڕاستی بێ ئامانجی سەرەکیی خەڵک لەم پێوەندییەدا دەربڕینی هەست و خۆشحاڵیی خۆیان بوو بەرانبەر بە پرسی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆی لە باشووری کوردستان؛ بەڵام لە پەراوێزی ئەم مەبەستەدا، کۆمەڵە هەڵوێست و ڕەفتارگەلێکی دیکەی خەڵک هەن و ڕوویان ‌دا کە ناکرێ بەبێ تێڕامان و سەرنجدان بەسەریاندا تێپەڕین و خوێندنەوەیان بۆ نەکەین. ئەزموونە ئاماژەپێدراوەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەر دەرفەتێک کە بۆی ڕەخسابێ، لە پێناو پرسە ئەسڵی و گەورەکەی خۆێدا کە هەمان خەبات دژ بە سەرەڕۆیی بۆ وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەکانیەتی، پەیامی مافخوازانەی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر، بە گوێی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر کوردستاندا داوە و، بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و حاشا لێکردن، ڕق و بێزاریی خۆی دەربڕیوە. بۆیە لە ٣ی رەزبەری ئەمساڵیشدا، دیسان خەڵکی وشیار و خاوەن هەڵوێستی کوردستان لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان، بۆجارێکی دیکە لە دەرفەتی خۆشحاڵی دەربڕینیان بۆ پرسی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان، کەڵکیان وەرگرت و پەیامی خۆیان بە گوێی دەسەڵات لە تاران گەیاند. هەرچەند دەسەڵات بە گرتنە پێشی سیاسەت و پیلانی «لەپەراوێزخستنی پرسی کورد لە ئێران»، لەوانەیە بە جۆرێکی دیکە لە هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە پارچەکانی دیکە بڕوانێ و بیەوێ بە قازانجی خۆی مودیرییەتی بکا، بەڵام ئەم رەفتارەی خەڵک لە پەنا هاوهەڵوێستییان لە گەڵ خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان، تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرپەرچدانەوەی هەمان سیاسەتی لەپەراوێزخستنی پرسی کوردە لە ئێران. هەر بۆیە دەبینین کە هەڵسووکەوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم تا ئەو کاتەی خەڵک قسە لە کێشەکانی تایبەت بە خۆیان ناکەن، زۆر جیاوازە لە گەڵ ئەو کاتانەی کە خەڵک درووشمەکانی تایبەت بە مافەکانی خۆی بەرز دەکاتەوەو ڕەفتارەکانی تەعبیر لە داواکارییەکانی خۆی دەکا. لێرەدایە کە ئەم بەشە لە ڕەفتار و هەڵسووکەتی خەڵک لەم بۆنەو دەرفەتانەدا جێی تێڕامان و شیاوی خوێندنەوەن. ئەگەر هەر تەنیا قەناعەت بەو ڕەفتارانە بکەین کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرفەتی خۆشحاڵی دەربڕینیان بەرانبەر بە ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان لە خۆیان نیشانیان‌ دا، بۆمان دەردەکەوێ کە؛ ١- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستا‌دا سەرەڕای هەوڵێکی سیستماتیکی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بۆ ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی لە سەر خاک و خەڵکی ئەم نیشتمانە، دیسانیش ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ و ساڵ لە گەڵ ساڵ ئاستی هەست و شعوری نەتەوەیی ئەم خەڵکە لە گەشەسەندن و پەرەسەندان دایە. بە سەرنجدان و وردبوونەوە لە پێکهاتەی ئەو کەسانەی لە خرۆشانە جەماوەرییەدا ڕژانە سەر شەقامەکان و پێشەوایەتیی حەرەکەت و رەفتارەکانیان دەکرد، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم هەست و شعوورە ئینسانی و نەتەوەییە زیاتر لە هەمیشە شۆڕبۆتەوە بۆ نێو ناخ و دەروون و بیری بەرەی نوێی کۆمەڵگا کە ئەوە لە جێدا دەسکەوتێکی مەزنی خەباتی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە. ٢- نەهادینەبوونی ڕەهەندی مەدەنیی خەبات لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا کە لە جۆری خۆیدا دەسکەوتێکی مەزنی کۆمەڵایەتییە و پێویستە هەوڵ بدرێ هاوکات لە گەڵ پەرەپێدانی، گەشەی پێ بدرێ. بە پێچەوانەی ئەوەی کە رێژیم بەردەوام هەوڵ دەدا لە رێگای دەست و پێوەندەکانی خۆیەوە ئەو جۆرە حەرەکەتانە بەرەو توندوتیژی - بە مەبەستی دەسخستنی بیانوو بۆ سەرکوت و داپلۆسینی - پاڵ پێوەنێ، نڕرەزایەتییەکانی ئەمجارەی خەڵک، تەواو هێمنانە و مەدەنی بەڕێوەچوون و مەجالی بۆ دەستوەشاندنی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم نەهێشتەوە. ٣- جۆر و نێوەرۆکی درووشمەکان و شێوازی دەرکەوتنی خۆپێشاندەران و کەڵکوەرگرتن لە سەمبوولەکان، دەریانخست کە بیری ڕێبەرانی شەهید قازی محەممەدی سەرکۆماری کوردستان و پێشەوای حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملووی ڕێبەری بیر و گوتاری میللی _ دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان و سکرتێری شەهیدی حیزبی دێموکرات هەروا بە زیندوویی لە بیر و ڕەفتاری خەڵکدا ماوەتەوە. ئەمە پەیامێکی تایبەت بوو هەم بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و نەیارانی ڕەنگاوڕەنگی دیکەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، هەم بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات. خەڵک بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی «قازی موبارەکەت بێ» ، «دێموکرات، دێموکرات» و «قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە»، بە دەسەڵاتی سیاسییان لە تاران گوت کە؛ ڕاستە کە ئێوە توانیتان ئەم ڕێبەرانەمان لێ بستێنن و شەهیدیان بکەن، بەڵام ئەوان لە بیرو باوەڕ‌دا هەروا زیندوون و میللەتێکیان لە پشت ڕاوەستاوە و «دێموکرات» هەروا رێبەر و ڕێنیشاندەری بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە. هەروەها خەڵک بە بەرزکردنەوەی ئەم درووشمانە، بە گوێی تێکۆشەرانی دێموکراتیاندا دایەوە کە؛ ئەوان (خەڵک) ئامادەن وەک هەمیشە ڕێبواری بیر و ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدی خۆیان بن و لە ژێر بیر و ئەندێشە و ڕێبازی «دێموکرات»دا وەفادارانە لە مەیداندا بن. بۆیە جێی خۆیەتی تێکۆشەرانی دێموکراتیش بە پێزانین و دەروەستانە لەم داوایەی خەڵک بڕوانن و متمانەی خەڵک بە خۆیان _ بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی_ بپارێزن. ٤- بەربڵاویی گرتن و ڕاوەدوونانی خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە، دەریخست کە دەسەڵات لە هێزی خەڵک و پەیامە مانادارەکانیان حاڵی بووە. هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد، حەڕەکەتە جەماوەرییەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣ی رەزبەری ئەمسا‌دا بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنیانە بەڕێوەچوو. بەڵام وەک لە ڕاپۆرتەکاندا بڵاو بۆتەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیراون و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون، کە دەکرێ ڕاست بە نیشانەی تووڕەیی رێژیم لە پەیامی خەڵک لێک بدرێتەوە. ئەوەی لە کۆتاییدا پێویستە وەک تایبەتمەندییەکی بەرز و پڕبایەخی ئەم حەڕەکەتە جەماوەرییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەیری بکرێ و ببیندرێ و لە هەمان کاتدا هەوڵ بۆ پەرەسەندن و بەهێزکردنی بدرێ، بوونی یەکگرتوویی و لەپاڵ یەكدابوونی کۆمەڵانی خەڵک بوو. ئەمە دیاردەیەکی دڵخۆشکەر و شیاوی پەرەپێدانە. بە تایبەت بەرانبەر بە دەسەڵات و نیزامێک کە بە ئەنواعی شێوە و پیلان، بەدەیان ساڵە کار لە سەر نانەوەی تۆوی دووبەرەکی و پەرتەوازەیی لە نێو ئەم کۆمەڵگایەدا دەکا. ( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)