کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە شێخ عیزەدین حوسێنی

04:53 - 16 رەزبەر 2717

ڕۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٠١ی هه‌تاوی، له بنه‌ماڵەی شێخێکی خوێنده‌وار و ڕووناکبیردا منداڵێک چاوی به‌ژیان هه‌ڵێنا. «شێخ ساڵح حوسه‌ینی»، باوکی ئه‌و منداڵه که که‌سێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و دادوه‌ری شاری بانه بوو و به نهێنی و ئاشکرا، له چه‌ند شۆڕشێکدا به‌شداریی کردبوو، ناوی «عیزەدین»ی لە منداڵه‌که‌ی نا عیزه‌دین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنەماڵه‌یه‌کی ئه‌هلی خوێندنه‌وه و نووسین و په‌رتووکدا له دایک ببوو، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیا و شه‌یدای زانست و فێربوون بوو. خێزان یه‌که‌م قوتابخانه‌ و حوجره‌ زانکۆی عیزه‌ددین بۆ فێربوونی زانسته‌کانی سه‌رده‌می خۆی بوو. شێخ عیزه‌دین وه‌کوو هه‌ر فه‌قێیه‌کی کوردستان  حوجره‌کانی زۆر گوند و شار گه‌ڕاوه و ده‌رسی لێ خوێندوون، وه‌ک حوجرەی گوندی سیسێر، شاری بانه، گوندی نه‌مه‌شیر، مزگه‌وتی سوور له مهاباد له خزمه‌ت مه‌لا حوسێی مه‌جدی، وه‌زیری دادی کۆماری کوردستان و هه‌روه‌ها لە گوندی بالک و له خزمه‌ت بلیمه‌تی ناوداری کورد مامۆستا مه‌لا باقر له ناوچه‌ی مه‌ریوان خوێندوویه‌تی و له‌ 26 ساڵیدا له خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا عه‌لی وه‌ڵزی له گوندی «حه‌مامیان»ی بۆکان ئیزنی مه‌لایه‌تی وه‌رگرت و بووه‌ مامۆستای گوندی «کانیه‌ڕه‌ش». زۆر گوندی دیکه‌ی کوردستان بوونه‌ خانه‌خوێی مامۆستا شێخ عیزه‌دین تا دواجار له‌ مزگه‌وتی سوور له‌ شاری مه‌هاباد گیرسایه‌وه‌ و ده‌یان قوتابی له‌ حوجره‌کانیدا پێ گه‌یاند. مامۆستا که‌سێکی به‌ هه‌ڵویست و خاوه‌ن ڕه‌ئی خۆی بوو. هه‌ڵویستی توند و وریاکه‌ره‌وانه‌ی له‌ دژی دیارده‌ ناباو و ناشیرینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌و کاتی کۆمه‌لگای کورده‌واری هه‌بوو و له‌ دژی ئه‌و مه‌لا و شێخانه‌ ده‌وه‌ستاوه‌ که‌ خه‌ڵکیان به‌ره‌و کۆنه‌په‌رستی و پاشکه‌وتن هان ده‌دا، بۆیه‌ هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ناو و ناتۆره‌ی بۆ هه‌ڵده‌به‌سترا و پێیان ده‌گوت مه‌لای سوور، واته‌ کۆمونیست و دژی ئایین. مامۆستا شێخ عیزه‌دین ساڵێک پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان بووه‌ته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی (ژ_ک) و ساڵی ١٣٢٤ له‌ رێوڕه‌سمی هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ شاری بۆکان به‌شدار بووه‌. دوای نسکۆی کۆمار و پاشان بووژانه‌وه‌ی خه‌بات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌ک له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ به‌ هه‌موو هزر و تواناوه‌ پشتیوانیی جووڵانه‌وه‌ی کردوه‌ و له‌ ڕێگای پێوه‌ندیگرتن به‌ خوێندکاران و ڕووناکبیره‌ شۆڕشگێره‌کانه‌وه‌ لاوانی بۆ خه‌بات هان داوه‌. مامۆستا شێخ عیزه‌دین له‌ 15ی جۆزه‌ردانی 1357دا سه‌رپه‌رستیی هێنانه‌وه‌ و به‌خاکسپاردنی «عه‌زیز یوسفی»ی له‌ مه‌هاباد کرد، ڕێوره‌سمێک که ‌به‌هۆی ئه‌و وتاره‌ سیاسییانه‌ی تێیدا پێشکێش کران و ئه‌و شێعره‌ حه‌ماسییانه‌ی له‌وێدا خوێندرانه‌وه و ئه‌و وتاره‌ ئاگرینه‌ی مامۆستا شێخ عیزه‌دین‌ به‌بیانووی ته‌ڵقین پێشکێشی کرد، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو و کاردانه‌وه‌ی ڕێژیمی پاشایه‌تیی لێکه‌وته‌وه‌. ده‌یان که‌س له‌ مه‌هاباد گیران و ئه‌وه‌ ده‌سپێکی  ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌ دژی رێژیمی پاشایه‌تی له‌ کوردستان بوو. مامۆستا شێخ عیزه‌دین له‌وه‌ به‌دوا چالاکتر پێ نایه‌‌ مه‌یدانی خه‌بات و وه‌ک ڕێبه‌رێکی سیاسی ده‌رکه‌وت. مامۆستا به‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ خه‌ڵکی بۆ ته‌بایی و یه‌کڕیزی و شێلگیری له‌ خه‌بات دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی هان ده‌دا. دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و بوونی کوردستان به‌ سه‌نگه‌ری مافخوازی، مامۆستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێ درا وه‌ک سه‌رپه‌رستی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رانی کورد بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکا و له‌ دوای نه‌ورۆزی خوێناویی٥٨ و هاتنی شاندێکی حکومه‌ت له‌ تاران بۆ دانوستان، مامۆستا شێخ عیزه‌دین سه‌رۆکایه‌تیی لایه‌نی کورد له‌و دانیشتنانه‌ی ده‌کرد. مامۆستا شێخ عیزه‌دین له‌ سه‌فه‌رێکی بۆ تاران و قومدا له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی سه‌رووی کۆماری ئیسلامی، وه‌ک خومه‌ینی، تاڵه‌قانی و شه‌ریعه‌تمه‌داری دیدار و دانیشتنی هه‌بوو. وه‌ک بۆ خۆی باس ده‌کا له‌ کاتی ماڵاواییدا خومه‌ینی داوێنی عه‌باکه‌ی مامۆستا ده‌گرێ و ده‌ڵێ: «هێمنایه‌تیی کوردستانم لێت ده‌وێ»، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌فه‌رموێ: «ئه‌منیش خودموختاری و مافی کوردانم لێت ده‌وێ.» دوای سه‌پاندنی شه‌ڕ به‌ سه‌ر کوردستان مامۆستا شێخ عیزه‌دین شێلگیرانه‌تر له‌ جاران له‌ خه‌بات به‌ دژی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام بوو. مامۆستا له‌ هه‌موو زه‌رفییه‌ت و تواناکانی دیپلۆماسی و پێوه‌ندیگرتنی له‌گه‌ڵ لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌ بیانییه‌کان که‌لکی وه‌رده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ لای پرسی کورد و خه‌باته‌ ڕه‌واکه‌ی ڕاکێشێ. ساڵی 1363 شوێنی نیشته‌جێبوونی مامۆستا له‌ ناوچه‌یه‌کی سنووریی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌وته‌ به‌ر په‌لاماری فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی رێژیمی به‌عس. له‌و هێرشه‌دا دوو پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و مامۆستا و ٩ پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ش بریندار بوون. چه‌ند ساڵ دواتر مامۆستا ڕووی کرده‌ وڵاتی سۆئێد و له‌وێ نیشته‌جێ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای وه‌رزێکی دیکه‌ له‌ چالاکییه‌کانی مامۆستا بۆ بردنه‌پێشێی دۆزی کورد بوو. گرتنی کۆمه‌ڵێک کۆنفرانس و کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی پرسی کورد و ئه‌رکوه‌رگرتنی مامۆستا وه‌ک سه‌رۆکی به‌شی ئاشتی له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌وڵه‌کانی بۆ نیزیککردنه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان قۆناغێکی دی له‌ ژیانین سیاسیی مامۆستا شێخ عیزه‌دین بوو. «ئه‌نجومه‌نی توێژه‌رانی ئێران» له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی١٣٨٣ دا له‌ ستۆکهۆلم، پێته‌ختی سۆئێد کۆنفڕانسیکی بۆ به‌رزنرخاندنی که‌سایه‌تیی مامۆستا شێخ عیزه‌دین و ڕێزلێنان له‌ ته‌مه‌نێک تێکۆشانی سیاسی و خزمه‌ته‌کانی به‌ ئامانجی ئینسانی و مافی نه‌ته‌وه‌که‌ی پێک هێنا. مامۆستا شێخ عیزه‌دین حوسێنی ٢١ی رێبه‌ندانی ساڵی١٣٨٩ی هه‌تاوی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی شاری ئۆپسالای سۆئێد کۆچی دوایی کرد و ته‌رمه‌که‌ی دوای هێنانه‌وه‌ی بۆ کوردستان له‌ گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی به‌ خاک سپێردرا. ( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)