کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە سیاسییەکانی پاش ڕێفراندۆم

04:58 - 16 رەزبەر 2717

دوای چاوەڕوانییەکی درێژماوە و پڕ کێشە و، بێ ئاکام مانەوەی هەوڵی نوێنەرانی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە کێشەکانی عێراق و ناوچەدا، بە مەبەستی ڕازیکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ پەکخستن یا وەدواخستنی کاتی ڕێفراندۆم و، بە هۆی نەبوونی جێگرەوەیەکی باش و جێی متمانە بۆ ڕێفراندۆم؛ لەسەر بڕیاری دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێفراندۆم و پشتگیری سەرۆکایەتیی هەرێم، لە ٢٥ی سێپتەمبر پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی دەنگی خەڵکی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو. بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە زۆر لە شارە گەورەکانی کوردستان لە میتینگەکانی پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بە تایبەت بە بوونی بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، دەنگی چاوەڕوانکراوی زیاتر لە ٩٢ لەسەدی «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی» بەشداربووانی دەنگدان، پشتیوانی بەهێزی خەڵکی لە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم نیشان دا. ئەم بەشداربوون و پشتیوانییە لەگەڵ بوونی هەموو کەموکوڕییەکانی کە باسی دەکرا، دەریخست کە ڕێفراندۆم تەنیا داوای چەند کەس و هێندێک لایەن نیە، بەڵکوو خواستی نەتەوەیەکە. نەتەویەک کە لەم بەشەی کوردستاندا سەت ساڵە بە هۆی سیاسەتی مەسڵەحەت خوازانەی زلهێزەکانی دوورەدەست بە هەموو شێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەوە هەوڵی لەنێوبردنی دراوە و هیچ گۆڕانێکی سیاسی نەبووەتە هۆی پێکهاتنی گۆڕانی فکری لە نێو تاقمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی عێراق لە دەورە جیاجیاکاندا. لە عێراقدا کە پێشتر ناوەندە دەسەڵاتبەدەستەکان نەیانتوانیبوو لە ئاست چارەسەرێکی بنەڕەتیدا خوێندنەوەی دروست بۆ بابەتەکە بکەن، پێش هەڵبژاردن داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕێفراندۆمیان دەکرد. لە گەڵ ئەو هەموو دژایەتییەش کە بەرامبەری کرا بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ سەربەخۆیی پەیامێکی گەورەی گەیاندە هەموو جیهان کە هەتا ئیستاش بە زۆر هۆکار سەردێڕی هەواڵی ڕاگەیه‌نەکان و باسی دیدار و کۆبوونەوەکانی دەوڵەتانی جۆراوجۆر لە ئاستی هەرە بەرزدایە. ئەم ڕووداوە مێژووییە نە تەنیا لە عێراق بەڵكوو لە زۆر لە وڵاتانی ناوچە و جیهان کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. دیارە دەوڵەت و پارلمان و ناوەندە حیزبی و ئایینییەکانی عێراق بە دوای ئاشکرابوونی سەرکەوتوانەی دەنگەکانی ڕێفراندۆم، هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد وەها توند بوو کە پاشخانی فکری فاشیستیانەی دژی کوردی لە دەسەڵاتی نوێی عێراقدا ئاشکراتر کرد و لە جیاتی وەڵامدانەوە بە ویستی ڕەوای زۆربەی دانیشتوانی کوردستان لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و بیرکردنەوە لە تەفاهوم و لێکحاڵیبوون، ڕێگەی گەمارۆدانی ئابووری و سیاسی و هەڕەشەی هێرشی چەکدارییان گرتەبەر. بەڵام لە دەرەوەی عێراق ئەو جۆرەی نەیارانی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باسیان دەکرد کاردانەوەکان کەمتر ڕەنگی دوژمنکارانەیان پێوە دیار بوو. ئێران و تورکیە دوو وڵاتی هاوسێی عێراق، بە زۆر هۆ و یەک لەوان بوونی خاک و ملیۆنان کورد لەو بەشانەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتیاندا، هەڵوێستەکانی پێش ڕێفراندۆمیان کە پڕبوو لە هەڕەشە و ڕەدکردنەوەی هەرجۆرە قبووڵکردنێکی ئەو پرۆسەیە، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی ڕێفراندۆم، لانیکەم ئەگەر بە شێوەی کاتیش بێ و هۆکاری خۆیشیان هەبێ، بە شێوەی کرداری لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوویان نەڕۆیشتنە پێش و ئەگەر لە دوا دیداری سەرۆک کۆماری هەر دوو وڵاتدا پێداگری لەسەر پاراستنی یەکیەتیی خاکی عێراق دەکەن، هەتا ئیستاش پێوەندییەکانی خۆیان بە تایبەت لە بواری بازرگانی و بە کراوە هێشتنەوەی کونسوولگەرییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پاراستوە. لەگەڵ ئەوەش لە نێو ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارەکانی هەردوو وڵاتدا دەنگێکی زۆر هەیە کە پێیان وایە دەبێ ئەم ڕووداوە وەک خۆی و ئەو جۆرەی کە هەیە قبووڵ بکرێ کە زۆر هۆکار هەن کە ئەم قسانە وەربگیرێن و ببنە سیاسەتی ڕەسمیی ئەو دوو وڵاتە جیرانە. خۆ ئەگەر سەیری هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ناوچە بۆ وێنە عەرەبستانی سعوودی بکەین زۆربەیان ناڕاستەوخۆ پشتگیری ڕێفراندۆمیان کردوە یابێدەنگ بوون و دژایەتییان نەکردوە. دوورتر لە سنوورەکانی عێراق، ڕادەربڕینی بەرپرسانی ڕەسمی وڵاتانێکیی وەک کانادا و فینلەند و بۆچوونی هاوسۆزی زۆر لە ئەندام پارلمانەکانی ئورووپایی لە وڵاتەکانی خۆیان یا لە یەکیەتی ئورووپادا و بە تایبەتی پشتیوانی بە ئاشکرای سەرۆکی دێموکراتەکان لە کۆنگرەی ئەمریکا و پێشنیاری قبووڵکردنی ئاکامی ڕێفراندۆم لە لایەن کۆنگرەی ئەو وڵاتەوە و داوای پشتگیری بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان لە باشوور لە سەرۆک دوناڵد تڕامپ و ڕەخنەی هێندێک لە ئەندامانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە ڕێفراندۆم و زۆر بۆچوونی لایەنگرانەی دیکە بە نیسبەت ڕێفراندۆم و سەربەخۆییەوە، دەکرێ وەک خاڵێکی گرینگ بۆ دروستبوونی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەرەوپێشچوون و وەرگرتنی بیری سەربەخۆیی کوردەکانی باشوور لە کۆمەڵگەی جیهانیدا چاو لێبکەین. جیاواز لە هەمووان کورد و وڵاتانی ناوچە چاویان بڕیوەتە هەڵوێستی وڵاتە گەورە خاوەن بەرژەوەندییەکان کە هەمیشە دەوریان هەبووە لە پێکهینانی گۆڕانکارییەکان لە جیهاندا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ئەگەر بە وردی بڕوانینە قسە و ڕەفتاری سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن و بێگومان دوای کورد بۆ خۆی، کۆتا بڕیار لە لای ئەوان دەبێ، دەبینین کە بە جیاوازییەکی کەمەوە هەڵوێستەکانیان دەتوانێ یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی گەیشتن بە سەربەخۆیی بێ. نەرمی نواندنی بریتانیا لە دەربڕینی هەڵوێستەکانیدا، ڕەدکردنەوەی سیاسەتی تەحریم و پێداگری لەسەر درێژەدانی پێوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ کوردستان لە لایەن ڕووسیەوە، هەوڵدانی فەڕانسە بۆ نێوبژیوانی لە نێوان بەغدا و هەولێر و بانگهێشتی هەردوو سەرۆکی کوردستان و عێراق بۆ پاریس و، لە کۆتاییدا سیاسەتی ئەمریکا کە لەگەڵ قبووڵ نەکردنی ڕێفراندۆم، هەردوولا هان دەدا بۆ چارەسەری کێشەکان ڕێگەی وتووێژ بگرنەبەر و عێراق و وڵاتانی دەورووبەریش ئاگادار دەکاتەوە بیر لە شەڕ و بەکارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی کوردستان نەکەنەوە، هەموو لەسەریەک دەتوانن مژدەبەخشی جێگیربوونی داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بن بۆ دیتنەوەی چارەیەکی گونجاو و گەیشتن بە سەربەخۆیی لە ڕێگەی ئاشتییانەو دیالۆگەوە بۆ جیابوونەوەی بەرەبەرەو یەکجارەکی کوردستان لە عێراق. لە پاڵ هەموو ئەمانەدا بڕیار و ئێرادەی سەرکردایەتیی سیاسی باشووری کوردستان و دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی بەرینی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ڕێگەی وەڕێخستنی کارنەڤاڵی شادی و هاودەنگی هێزە سیاسییەکان دەبێ ئەو پەیامەی بە هەموو لایەک گەیاندبێ کە کورد لە ئاست بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیدا یەکدەنگە و تەنیا ڕێگەی بەردەم، دانپێدانان بە مافی ڕەوای کورد و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتیانەی چارەسەری کێشەکانە. ( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)