کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ "ئێعدام"

13:50 - 18 رەزبەر 2717

ئەمڕۆ سێ‌شەممە ١٠ی ئۆکتۆبر بەرانبەر بە ١٨ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ "ئێعدام"ـە. ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئەمنێستی ئینتێڕناشناڵ و رێکخراوی یەکێتیی جیهانیی دژ بە سزای ئێعدام، پاش بەربەرەکانی زۆری جووڵانەوەی ئازادیخوازی و دژایەتی لەگەڵ ئەو دیاردەیە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەملاوە، ئەو ڕۆژەیان وەک ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ سزای ئێعدام دیاری کرد. هەر چەند لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و پەرەسەندنی جووڵانەوەی ئۆمانیزم و رێز گرتن لە "وجوود"ی مرۆڤ و بەها دێمۆکڕاتیکەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو‌دا دیاردەی ئێعدام لە بەشێک لەو وڵاتانەدا وەلانراوە، بەڵام سزای ئێعدامی تاوانباران ئێستاش لە جیهان‌دا هەر بوونی هەیە. سەرەڕای ئەوەی  هەر ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، سزای ئێعدام بە هەموو شێوەکانییەوە خاشەبڕ کراوە و ئیدی تاوانباران، سەرەڕای ئەوەی تاوانەکەیان چ بووە و بە چ هۆیەکەوە تاوانیان ئەنجام داوە و تاوانەکەیان چەندە قورس و گرانە، ئێعدام ناکرێن و سزای دیکەیان بۆ دیاری دەکرێ، بەڵام لە ٥٥ وڵاتی جیهان سزای ئێعدام هەر ماوە. ڕەنگە دیارترین وڵاتی پێشکەوتووی جیهان کە دیاردەی ئێعدامی تێدامابێ ئەمریکا بێ. ئێستاش ئێعدام لە زۆربەی ئیالەتەکانی ئەمریکا ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سوور دەبێ و کەسانێک بێ‌گیان دەکەن کە هیچ سووچ و تاوانێکیان نییە، بەردەوامە. ئێعدام، واتە "عەدەم" کردن و لەنێو بردن، وشەیەکی عەرەبییە کە کەوتووەتە نێو زمانی فارسی و کوردی و لە ئەدەبیاتی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی کوردستان‌دا زۆرتر لە دەستەواژەی "لەسێدارەدان" بە جێگای ئێعدام کەڵکی لێوەردەگیرێ. بەوحاڵەش زۆر دیار و ڕوونە لەسێدارەدان ناتوانێ مانای پڕ بە پێستی وشەی "ئێعدام" بێ. چونکە ئێعدام تەنیا لەسێدارەدان و بە دارەوە هەڵاوەسین نییە و دەکرێ شێوەکانی دیکەش لەخۆ بگرێ. بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوی یەکێتیی جیهانیی دژ بە سزای ئێعدام هەموو شێوەکانی وەک خنکاندن، مل پەڕاندن، لە برسان کوشتن، تێرۆر کردن، سزای کوشتن بە کورسی کارەبایی و دەرزی‌لێدان و تەنانەت کوشتنی بەکۆمەڵیش دەچێتە خانەی ئێعدام. لە ڕاستی‌دا لە قامووسی "ئێعدام‌کەران"دا گرینگ لەنێوچوونی تاوانبارانە و باش بەڕێوەبردنی جۆری "ئێعدام"ـە؛ ئەگینا شێوەکانی زۆر گرینگ نین و بە پێی هەلومەرج و چۆنیەتی ڕوودانی تاوانەکان  و ئەوەکە تاوانباران کێن و بەڕێوەبەرانی ئەو سزایە چۆن بەڕێوەی دەبەن، زۆر گرینگ نین. وشەی ئێعدام لەمێژ ساڵە بۆ نەتەوەی ئازادیخوازی کورد بەگشتی و بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشنایە. لاپەڕەکانی مێژووی کۆن و هاوچەرخ نیشان دەدەن کە نەتەوەی کورد هەمیشە بۆتە قوربانی داگیرکەران و چەکی "ئێعدام" بە هەموو شێوەکان، وڵامی داگیرکەرانی کوردستان بووە بۆ ڕاپەڕینی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەمان و دامرکاندنی ئاگری نەکووژاوەی نیشتمانپەروەری ڕۆڵەکانی کوردستان. کێ هەیە نەزانێ باپیرئاغای مەنگووڕ لە شاری مەراغە بە غەدرو خیانەتی ناجوامێرانەی دەسەڵاتدارانی ئەوکات لەگەڵ نزیکەی هەزار شۆڕەسواری کورد بە پیلانی "موقەددەم مەراغە"یی، چۆن کووژرا؟ زۆر دوور نەڕۆین، پیلانی تێرۆری سمکۆی شکاک و لەسێدارە درانی شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزای دێرسیم و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و لە سێدارەدرانی دەیان پێشمەرگەی شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ بەڵگەی سەلماندنی ئەو ڕاستییەن کە "ئێعدام" بە واتای لەنێوبردن بە هەموو شێوەکانی لەسەر کورد تاقی کراوەتەوە. ئێمەی کورد لە سەدەی ڕابردوو لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌دا قەڵاچۆ کراوین و گەورەترین قوربانیی سزای ئێعدام بووین. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکۆمەڵ کوشتنی لاوانی کورد هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەدەستی جەللاد خەڵخاڵی و هەروەها لەسێدارەدان، یان باشترە بڵێین ڕەشەکوژی و تیرباران کردنی سەدان و بگرە هەزاران لاوی کورد نیشاندەری ئەو شێوە لە "پاکتاوە"یە کە ناوی ئێعدامی لەسەر دانراوە. ئەگەر لە وڵاتانی وەک چین و ئامریکا و چەند وڵاتێکی پێشکەوتووی دیکەی جیهان سزای ئێعدام بۆ تاوانبارانی جینایی، وەک کوشتنی خەڵکی بێ‌تاوان و زۆر تاوانی کۆمەڵایەتی دیکە هەروا بڕەوی هەیە و سەرەڕای ناڕەزایەتی کۆڕ و کۆمەڵەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ بەڕێوەدەچێ، لە کوردستان نەک هەر تاوانبارە کۆمەڵایەتییەکان وەک بکوژانی خەڵکی بێ‌تاوان و حوکم‌دراوانی لەو بابەتە، بەرەوڕووی سزای ئێعدام دەبنەوە، بەڵکوو چالاکانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی نەیاری کۆماری ئیسلامیش تووشی سزای ئێعدام دەبن. لەماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی‌دا سەدان چالاکوانی سیاسی و هەڵسووڕاوی مەدەنی و لایەنگرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە دادگا ڕواڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌، بەناو دادگایی کراون  و پاشان بێبەزەیانە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە. کۆمەڵکوژییەکان لە بەندیخانەکان لە دەیەی شێست وەک ئێعدام کرانی ٥٩ لاوی بێ‌تاوانی مەهابادی و هەروەها کوشتاری بێ‌بەزەیانەی زیندانیانی سیاسی کە چڵەپۆپەکەی کوشتاری بەکۆمەڵی هەزاران زیندانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ بوو و تێرۆڕی نەیارانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت قەتڵی ڕێبەرانی شەهید قاسملوو و شەڕەفکەندی بە دەستی کۆماری  پەت و سێدارە لە دەرەوەی وڵات، لەو تاوانانەن کە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئەمنێستی ئینتێڕناشناڵ و رێکخراوی یەکێتیی جیهانیی دژ بە سزای ئێعدام دەکەونە خانەی "ئێعدام" و لە بەین بردن و لەسەر تەوێڵی کۆماری ئیسلامی ئێران نووسراوە و ناشۆرێنەوە.