کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڵەکردنەوەیەکی ترسەنۆکانە

03:56 - 20 رەزبەر 2717

کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرکە باسی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، بەجێی ڕێزگرتن لە ئیرادەی نەتەوەیەکی دراوسێ کە وەک خۆیان ئیدیعای دەکەن، پێوەندییەکی کلتووری و مێژوویی هەزاران ساڵەیان پێکەوە هەیە، دەستبەجێ کەوتنە هەڕەشە و گوڕەشە. ئەوان بە ناردنی هەیئەتێک بە سەرۆکایەتی قاسمی سلێمانی بۆ باشووری کوردستان، ویستیان بە زمانێکی نەرمی تێکەڵاو بە هەڕەشە، سەرکردایەتی کورد لەم بڕیارە مێژووییە پاشگەز بکەنەوە. بەڵام وەک دیتمان ئیرادەی ئەم میللەتە و بڕیاری سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان زۆر لەوە گەورەتر بوو کە، نێردراوی رێژیمی تاران بیهەوێ پێش بە راگرتن و بەجێگەیاندنی ئەمرێکی ئاوەها گرینگ بگرێ. ئەوەبوو کە بە خۆشییەوە لە ٢٥ی مانگی سێپتامبری ئەمساڵ‌دا، پرسی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و خەڵکی هوشیار و خاوەن هەست و شعووری بەرزی نەتەوەیی ئەم بەشە لە خاکی نیشتمان بە رێژەیەکی گەورە بڕیارێکی مێژوویی گرینگی تۆمارکرد. لە بەرانبەردا دیسان کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای بێ‌ڕیزی بە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان، هەر لە هەمان ئێوارەی رۆژی ٢٥ی مانگ‌دا وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڕەشەو گوڕەشەکانی خۆیان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە وەڕێخستنی شەپۆلێک لە گرتن و ڕاوەدوونانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ خۆشیی دەربڕین بۆ رێفراندۆمەکەی باشوور ڕژابوونە سەر شەقامەکان، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە، دەستی پێکرد. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک چەند رۆژ پێشتر خۆیان بۆ ئامادە کردبوو، لە ئێوارەی رۆژی بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان بە شێوازێکی مەدەنی و بە دوور لە توندوتیژی هاتنە سەر شەقامەکان و بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتری شایی و خۆشحاڵییان دەربڕی. کاربەدەستانی رێژیم تووڕە لەوەیکە گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان بێ‌گوێدان بە هەڕەشەو گوڕەشە پووچ و بەتاڵەکانی ئەوان، بڕیاری مێژوویی خۆیان‌دا، زۆر ترسەنۆکانە کەوتنە تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێوەندییەدا بە سەدان کەس لە خەڵکی بەشدار لە رێوڕەسمەکانی خۆشحاڵی‌دەربڕین بۆ رێفراندۆمەکەی باشووریان دەستبەسەرو ڕاپێچی چاڵەڕەشەکان کرد. کاربەدەستانی رێژیم کە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانیان و بەهۆی دەستێوەردانە نابەجێ و نامەسئولانەکانیان لە رووداوەکانی ناوچەکە، بەتەواوەتی جێگەو پێگەیان لە لێواری مەترسی‌ دایەو کەس گوێ ناداتە هەڕەشەو گوڕەشە بەتاڵەکانیان، رقی خۆیان لە سەر رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕشت. بەپێی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی چەند رۆژی دوای خۆشحالی‌دەربڕینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، بە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، بانە، سەقز، بۆکان، مهاباد و پیرانشار گیراون و تەنیا تاوانیان بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی خۆشحاڵی دەربڕین بۆ رێفراندۆمی براو خوشکەکانیان لە بەشێکی دیکە لە نیشتمانە دابەشکراوەکەیان بووە. ئەوەی ڕاستی بێت ئەم گرتن و دەستبەسەرکردنانەی چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە، نەتەنیا ناتوانێ زەڕەیەک لە هەستی هاوپێوەندیی نەتەوەیی ئەم میللەتە دابەزێنێت، بەڵکوو بەڵگەیەکی بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە کە نیشان دەدات رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر ئیرادەی ئەم میللەتەدا چەندە دەستەوەستان و ترسەنۆکە. مێژووی بەرەنگاریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە رێژیمە سەرکوتکەرەکانی تاران نیشانی داوە کە گرتن و ترساندن نەتەنیا کار لە سەر ئیرادەی لێبڕاوانەی ئەم میللەتە ناکات، بەڵکوو رۆژ لەگەڵ رۆژ باوەڕمەندتریان دەکات بەوەیکە رێگایەک کە گرتوویانەتە بەر ڕەوایەو ئەوەی لە کۆتایی‌دا شەرمەزاری و ریسوایی تووش دەبێ، هەمان ئەو سیستم و دەسەڵاتانەن کە کۆڵەکە لەرزۆکەکانیان لە سەر سەرکوت و داپڵۆسین دامەزراوە. لەم قۆناغەیش‌دا گیراوانی رووداوەکانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم زیندانیانی رێگای ئازادیی و سەربەستیی گەل و نیشتمان، سەربەرزانە بەرانبەر بە دەزگای سەرکوتکاریی رێژیم دەوەستنەوەو نیشانی دەدەن کە ئەم رێژیمە تەنانەت لە تۆڵە سەندنەوەیش‌دا چەندە ترسەنۆک و بێ‌ناوەرۆکە.