کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکان و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیە و ئامریکا

22:22 - 30 رەزبەر 2717

کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغاندا گوتی کە پێوەندی نێوان تورکیە و ویڵایەتە یەکگرتووەکان لە هەموو کات دۆستانەترە و لە هەموو کاتەکان لێک نێزیکترە! سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کاتیش ئەو دوو وڵاتەی ئەندام لە ناتۆدا بێ کێشە نەبوون، بەڵام پێوەندی نێوان تورکیە و ئامریکا لە دوای کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ژووییەی ٢٠١٦دا، رۆژ لە گەڵ رۆژ ئاڵۆزتر بووە. ئامریکای کاتی سەرۆک کۆماریی ئۆباما پێی وا بوو کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکی (میانە رەو)ی موسولمانە و دەتوانێ ڕۆڵی پردێک بگێرێ لە نێوان دونیای رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا. سیاسەتە نەرمەکانی ئیدارەی ئۆباما هانی تورکییەی دا کە دەستتێوەردانی سەربازی بکا لە سووریە و هەروەها ڕەخنەش لە سیاسەتەکانی ئامریکا بگرێ لە مەڕپشتیوانی ئامریکا لە کوردەکانی رۆژئاوا. لە ئێستادا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان پێوەندیەکانی ئامریکا و تورکیەدا هەیە، یەک لەوان قەیرانی سووریە. ناکۆکییەکانی نێوان ئامریکا و تورکیە لە سەر ئامانج وستراتێژی لە سوورییە زۆر زەق و بەر چاوە. لە کاتی دەستپێکردنی قەیرانی سوورییە، تورکیە لە بەرەی دژ بە بەشار ئەسەد خۆی دەر دەخست. لابردنی بەشار ئەسەد بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیە ببوو بە بابەتێکی حەیسیەتی، ئەم ئامانجە بۆ تورکیە ببو بە گرینگترین ئیستراتێژی لەو کاتدا، تورکیە پێداگری دەکرد لە سەر دامەزراندنی هەرێمێکی ئاسمانی (ئەمن) لە نیزیک سنوورەکانی خۆی، کە هەر زۆر زوو ئامریکا دژایەتیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەم بابەتە. دژایەتی ئامریکا بۆ دامەزراندنی ئەم هەرێمە ئاسمانییە هۆکارێکی سەرەکیی هەبوو. ئەوەی بۆ ئامریکا گرینگ بوو لەنێوبەردنی داعش بوو لە عێراق و سووریە، بەڵام ستراتێژیی تورکیە لە نێوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو نەک داعش. ئەم جیاوازیی ستراتێژییە و ئامانجە هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریەڕا خۆی نیشان دا. وەک گوتمان ئامریکا لە سووریە ئامانجەکەی لە نێوبردنی داعش بە هاوکاریی سەرەکیترین هێز لە سووریە بوو کە هێزەکانی سوورییەر دێموکرات( کە زۆربەیان کوردن) بوو، کە بە پێچەوانەی ئەم ئامانجە ستراتێژی تورکییە لە نێوبردنی هێزەکانی پاراستنی گەل(YPG) بوو، تەنانەت بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگە و دێکۆمێنت کە لە میدیاکاندآ بڵاو بوونەوە، ئەگەر نەڵێن تورکیە بۆ زەبر وەشاندن لە کوردەکان هاوکاری داعشی کردوە، ئەوە دەتوانین بڵێن کە بۆ ئەم مەبەستە زۆری کارئاسانی بۆ کردوون. لەم نێوەدا دەستێوەردانەکانی ڕووسیە و ئێران لە قەیرانی سووریەدا بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کرد، تەنانەت دوای تێکشکانی فرۆکە رووسیەکە و تیرۆرکرانی باڵوێزی رووسیە (ئاندرئی کارلۆف) لە ئانکارا بە دەستی پۆلیسێکی تورک لە پێشانگاێکدا، هەر سات ئەگەری داگیرسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا لە ئارا دا بوو لە نێوان هاوپەیمانانی ئەسەد و دژبەرانیدا. لە دوای تیرۆرکرانی باڵوێزی رووسیە لە ئانکارای پایتەخت و ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیە کە تێیدا باس کرابوو کە تورکییە ئیزن نادا ئەم رووداوە ببێ بە هۆکارێک بۆ لە نێوچوونی دۆستایەتیی ئەم دوو وڵاتە؛ ئەمە سەرەتای گۆرینی سیاسەتەکانی تورکیە بوو لە بەرامبەر رووسیە و ئێراندا، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە تورکیە بە درێژایی مێژووی خۆی لەگەڵ ئێران و رووسیە ناکۆکیی هەبووە. هاوڕابوونی توورکیە لە سەر ئیسرائیل و قەتەر و دژایەتیی عەرەبستانی سعودی و دژایەتیی بەرێوەچوونی رێفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە باشوور، چوونە نێو هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیندراو بوو لە گەڵ ئێران، و هۆکارێک بوو بۆ نێزیکبوونەوەی تورکیە لە ئێران و رووسیە و دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئامریکا و رۆژئاوا. بەڵام ئایا تورکیە لەم هاوپەیمانییە تازەیەی خۆیدا براوەیە؟ تێروانین و سیاسەتی رووسیە بەرامبەر بە کوردەکانی باشوور و رۆژئاوا ڕوون و ئاشکرایە، بەرامبەر بە کوردەکانی باکووریش ئەگەر نەڵێن ئاشکرایە دەتوانیین بڵێن کە زۆرێش نهێنی نییە. لە هەمان کاتدا پێوەندییەکانی تورکیە و رووسیەش جێگای گومانە، هەر وەک چۆن جەلال گوزەل، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی تورکیەی نوێ کە سەر بە حکومەتی تورکیەیە لە دوایین لێدوانی خۆیدا دەڵت، هاوپەیمانی لە گەڵ رووسیە لە ڕووی ناچارییە و کاتییە. هاوپەیمانی لەگەڵ ئێرانیش سەرەڕای ئەوەی کە خاڵی ناکۆکییان یەکجار زۆرە و هەروەها پێوەندیی ئێران لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ تورکیە خێرێکی وا ناداتەوە و زەرەرمەندی سەرەکی هەر تورکیەیە؛ وەک چۆن بینیمان لە سەردانەکەی ئەم دواییانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئێران، حکومەتی ئێرانی بە پێشێلکردنی ئەتەکێت و پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی، وەزیری پیشەسازیی خۆی نارد بۆ پێشوازی لە ئەردۆغان. بەپێی هەموو ئەو لێکەوتانە سیاستی ئێستای تورکیە تەریکخستنەوەی زیاتری ئەم وڵاتەی لێ دەکەوێتەوە لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا.