کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەتەر و قارەمانەتییەکی کەم وێنە

15:47 - 1 خەزەڵوەر 2717

ئاسمانی خەباتی پڕشنگداری حیزبی دێموکرات و مێژووی فیداکاری و لەخۆبوردوویی حیزبی دێموکرات پڕ ئەستێرەیە، هەر ئەستێرەیەک کە دڕی بە شەوەزەنگی بێدادی داوە و بۆتە ڕووگە بۆ ئەوەی نوێژی ئیخلاسی لەبەر دەم دابەستی. کەم نین ئەو سوارچاکانەی ئەگەرچی لە مەیدانی نەبەرد و بەرەنگاری دژی دوژمنانی گەلدا گلان، بەڵام کاروان کاروانیان لە دووی خۆیان هێناوە و بوونە ڕەمزی هەرمان و مانەوە و، ئەو مێژوویەی ئەوان خوڵقاندیان بوونە وانە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ. لە «هەگبەی شاخ و شۆڕش»ی ئەمجارەدا سەرێک دەدەین لە مێژووی پڕ سەرەوەریی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە شومالی کوردستان. پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات له هێزەکانی شەهید سەرگورد عەباسی، حاتەم، نەحۆ و دەستەی زەربەتی هێزی شەهید ئاوارە بۆ مەئموورییەت لە ناوچەی شومالی کوردستان خەریکی گەشتی سیاسی و نیزامی بوون. لە درێژەی گەرانی سیاسی نیزامیی لە ناوچه شەوی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٣ بۆ ئهوهی زەبرێک لە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بدەن و بڵێن که کوردستان جێگهی ئێوه نیه، چوونە نێو شاری سهڵماس. دەستەیەک لە هەڵۆ تیژباڵەکانی حیزبی دێموکڕات لە نزیک موڵگهی سپای پاسداران چوونه سهنگهرهوه و دەستەیەکی دیکەش بۆ پشتیوانیی ئهوان لە حاڵی ئامادەباشدا مانەوە. لکێکی دیکهش کۆنترۆڵی جادەی ورمێ_ تارانیان بە درێژای ٥ کیلۆمیتر خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەستەیەکی دیکەش بۆ شیرکەتی ڕێگاوبانی حکومەت دامەزران. بە بەبڕیاری فەرماندەری عەمەلیات و لە کاتێکدا رێژیم قەت چاوەڕوانی ئەو هێرشەی نەدەکرد، هێرش بۆ سەر بنکەی سپای پاسداران دەستی پێکرد و لە هەموو لایەکەوە ئاگر لە سەر پشتی هێزەکانی ڕێژیم کرایەوە. لە ماوەیەکی کهمدا بنکهی سپای پاسداران لە نیو شار لەبەر یەک هەڵتەکا و هێزەکانی پێشمەرگە دوای مانۆڕێک بە نێو شاردا بێ ئەوەی کەسیان خوێنی لە لووت هاتبێ، لە نێو شار هاتنە دەر. ئهو پێشمهرگانهش کە لهسهر جادهی ورمێ_ تاران بوون، دەستیان بە ڕاگرتنی ماشێنەکان و کۆکردنەوەی خەڵک کرد و کۆبوونەوەیان بۆ گرتن. لەو کاتەدا ماشێنێکی هێزەکانی ڕێژیم گەیشتە شوێنەکە و گوێی بە فەرمانی بوەستەی پێشمەرگەکان نەدا. پێشمەرگەکان بەر ڕەگباریان دا و پاش ئاگردانی ماشێنەکە و تەواوبوونی ئەو بڕگەیەش لە عەمەلیاتە، ئەو بەشەش لە پێشمەرگەکان ماڵاواییان لە خەڵک و جەماوەری کۆوەبوو کرد و شوێنەکەیان بەجێهیشت. ڕێژیم کە زەبرێکی کاریگەر و گورچکبڕی وێ کەوتبوو، بۆ بهیانیی ڕۆژی دواتر هێزێکی زۆری پێوشوێنی پێشمەرگەکان خست، بەڵام فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە کە پێشبینیی ئەوەشیان کردبوو، لە گوندی «بەردییان» بەرەنگاری هێزی زۆر بەڵام بێ ورەی دوژمن بوونەوە. شێرە کوڕان و کچانی دێموکرات لە مەڵبەندی شومال کە دەیان جار حەماسەی لەو چەشنەیان خوڵقاندبوو، لەو عەمەلیاتەشدا زەبرێکی وەها گورچکبڕیان لە ڕێژیم دا کە دەبێ بە دەیان چیرۆک بنووسرێنەوە. ڕێژیم کە لە سێ قۆناغدا زەبری قورسی وێکەوتبوو، بە پیشەی جارانی چەکی قورس و تۆپخانەی خستەکار، بەڵام تەیرەکانی دێموکرات بە ورەی بەرز و سەربەرزییەوە شەڕگەیان بەجێهێشت و بەرەو گوندی «جەتەر» داگەڕان. دوژمن لەگەڵ شکستە یەک لە دوای یەکەکانی بەڵام دیسان دەسهەڵگر نەبوو. ئەو برینە قورسەی هەڵیگرتبوو، لە ڕوانگەی خۆیەوە پێویستیی بە ساڕێژکردنەوەیەکی خێرا و دەمودەست هەبوو. بۆیە دیسان بە هێزێکی زیاترە شوێنی پێشمەرگەکان کەوت و ڕۆژی دواتر_ نیوەڕۆی ١٥ی بەفرانبار_ لەژێر ئاگری توندی تۆپخانەدا هێرشی کردە سەر سەنگەری پێشمەرگەکان. پڵینگە چنگ بە خوێنەکانی چیای ئاگری و دەستەی زەربەتی هێزی قەندیلی حیزبی دێموکرات ئەگەرچی دوو ڕۆژ بوو لەسەر بە بەردەوامی لەبەرەی شەڕدا بوون، بەڵام بێ ئەوەی تۆزی ماندوویەتییان لێ نیشتبێ و تۆزێ دوودڵ بن، بەڵێنیان دا بەو ساردە زستانە ئاگرێکی وەها لەسەر پشتی دوژمنی داگیرکەر بکەنەوە بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا بنووسرێتەوە. هێزی دوژمن کە ورەی هاتنەپێشێی نەبوو، سەرەتا دەستی بە ئاوربارانی گوندی جەتەر و سەنگەری پێشمەرگەکان کرد و لەژێر ئاگری تۆپخانەدا گەیشتە نیزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە. ئا لێرەدا بوو کە عیشق بە نیشتمان و بڕوا بە ڕەوایی خەبات وەها ئاگرێکی خستبووە دڵی پێشمەرگەکانەوە کە بێ ترس لە دانانی گیان بەرەنگاری دوژمن ببنەوە. پاش چەند سەعات شەڕی سەنگەر بە سەنگەر ئەوەی لە شەڕگەدا دەبیندرا کەلاکی زۆر و زەوەندی هێزەکانی دوژمن بو کە ئەمجارەیشان بە قورسی تێک شکابوون. هێزەکانی ڕێژیم ناچار بە پاشکەشە کران، بەڵام نیو کاتژمێری پێ نەچوو کە هێزی پشتیوان و تازەنەفەسی ڕێژیم لە شاری سەڵماس گەیشتنە جێ. شەڕی سەنگەر بە سەنگەر دەستی پێ کردەوە و هەتا ئێوارێی ئەو ڕۆژە بەردەوام بوو. ئەوەی لەو شەڕە بەجێ ما، حەماسە و سەروەرییەکی دیکە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو کە بە بەخشینی گیانی 13 ڕۆڵەی کورد وەدەست هاتبوو، ئەوەش کە لە شەڕگەدا بەجێ ما، سەرشۆڕی و کەلاکی زیاتر لە 400 کەس لە هێزەکانی دوژمن بوو کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا و لە چەند بڕگەی عەمەلیاتیدا کەوتبوونە سەر عەرزی. هێزهکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڕێژی ئەو برینە قورسەی هەڵیانگرتبوو، ڕۆژی دوایی قینی ڕەشی خۆیان بە سەر دوو گوندی دیکەی ناوچەکە «بۆتک» و «دێمە» ڕشت کە بە دەیان کیلومیتر لەو شوێنە دوور بوون. ئەو دوو گوندە لەلایەن هێزەکانی دوژمنەوە هیرشیان کرایە سەر و دوای دەرکردنی خەڵکەکە ئاگریان دان و سووتاندیانن. ئەوەی لە سەر شەڕی جەتەر پێویستە بیزانین چەند خاڵی گرینگە: یەکەم ئەوەی ماوەی شەڕەکە سێ ڕۆژ بوو، هێزەکانی پێشمەرگە هەم لە نێو شار و هەم لە سەر جادە و هەم لە ناوچە و لە ماوەی سێ ڕۆژدا زەبری گورچکبڕیان لە دوژمن دابوو. دووهەم ئەوەی دزەکردنە نێو شار، ئەویش شارێک وەک سەڵماس و لێدان لە بنکەی سپای پاسداران وەک هێمای دەسەڵاتی سەرکوتی ڕێژیم دیسان لە کاتێکدا لە دەبوا دەبێ بە نێو دەیان گوندی ئازەری نشیندا بۆی بچی و بگەڕێیەوە، حەماسەیەکە کە تەنیا پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕات دەتوانن بیخوڵقێنن. دواجار ئەوەی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرت سەلماندی کە زۆری و زەوەندی و کۆک و پۆشتەبوونی هیزی دوژمن قەت ناتوانێ چۆک بە ئیرادە و باوەڕی پێشمەرگە دابدا، هەر ئەوەش بۆتە ڕەمزی مانەوەی پێشمەرگە و خەباتی گەل و نیشتمان بۆ ڕزگاری. ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)