کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران

16:13 - 1 خەزەڵوەر 2717

لە ئامریکا باس و خواسەکان لەبارەی ئێران لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆرتر لەبارەی بەرجام، ڕێککەوتننامەکەی ناوەکیی سەردەمی ئۆباما، بووە. لە خۆرهەڵاتی ناوین، شتەکان جیاوازن. هۆیەکەی ئەوەیە لە کاتێکدا کە ئێمە مشتومڕمان بووە، ئێران چالاک بووە و ئیسڕائیل بەرپەرچی داوەتەوە. ئیسڕائیل لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر بنکەی جۆراجۆر لە سورییە و، کاتێک کە زانیویەتی ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ حیزبوڵڵا لە لوبنان بنێرن بۆمبارانی کردوون. مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل ناوەندی بەناو توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیی لە مەسیاف، شارێک لە ناوەندی سورییە، کە بنکەیەکی سەربازیی بوو و دەگوترا لەوێ چەکی شیمیایی و بۆمبی دەقیق بەرهەم دەهێندرا بۆمباران کرد. ئێستا ڕاپۆرتەکان (وەک ئەوەی کە ئالێکس فیشمەن لە رۆژنامەی یێدیوت ئاخرۆنۆت دا بڵاوی کردەوە) باس لەوە دەکەن کە ئێران بەتەمای دروستکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی لە نزیکی دیمەشقە، شوێنێک بۆ سۆپای پاسداران کە بتوانێ لەوێ جێگیر و چالاک بێ. هەروەها باس لەوە دەکرێ کە ئێران و ڕێژیمی ئەسەد خەریکی دانوستان لە بارەی دابینکردنی بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ڕۆخی تارتوسن و ئەوەی کە ئێران لەوانەیە لەشکرێک سەرباز لە سورییە جێگیر بکا. ئیسڕائیل ناتوانێ ئەو شتانە قبووڵ بکا و ئەو پەیامە دەگەیەنێتە ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان. وەزیری بەرگریی ڕوسیە بەمزووانە سەردانی ئیسڕائیل دەکا، دوای ئەو وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی واشینگتۆن دەکا. هەوڵەکانی پێشووی ئیسڕائیل بۆ ئەوەی کە لە ڕێگای پوتین پێش بە ئێران بگرێ (لە ماوەی چوار سەردانی ناتانیاهو بۆ موسکۆ لە ساڵی ڕابردوو) شکستیان هێناوە، ئەوە نیشانی دەدا کە پێویستە ئیسڕائیل بۆخۆی ئەوکارە بە تەنیا بکا، مەگەر سیاسەتی نوێ بەرامبەر ئێران کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ باسی لێوە دەکرێ پێش بە بڵاوبوونەوەی حزووری سەربازیی و نفوزی ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بگرێ. جارێ ماویەتی تا ئاکامەکەی ببینین. دەنگۆیەکان باس لەوە دەکەن کە بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ لەوانەیە سوپای پاسداران وەک گروپێکی تێرۆریستی پێناسە بکا، ئەوە دەتوانێ ڕێگا بۆ دامودەزگاکانی دژی تێرۆریزم خۆش بکا کە پێش بە پەرەئەستاندنی بگرێ. دانوستانەکان لەسەر بەرجام بە هەر کوێیەک بگەن، وێدەچێ لێک تێگەیشتنێکی بەربڵاوتری لە نێو بەڕێوەبەرایەتی لەبارەی بەربەرەکانی لەگەڵ دەوری سەربازیی پەرەئەستێنی ئێران لە عێراق، سورییە، لوبنان و شوێنی دیکە لە ناوچە هەبێ. بڕیاری ئامریکا هەرچی بێ، ئەگەر ئێران بەکردەوە حزووری سەربازیی گەورە و هەمیشەیی لە سووریە هەبێ، کە بە بنکەی هەمیشەیی هێزی دەریایی و پێگەی هێزی ئاسمانیی و هێزێکی بەرچاوی وشکانیی تەکمیل بکرێ، ئیسڕائیل دەبێ بڕیاری چارەنوسساز بدا. حزوورێکی ئەوتۆی ئێران لە مەدیتەرانە و لە سەر سنووری ئیسڕائیل هاوسەنگیی سەربازیی لە ناوچە دەگۆڕێ و دۆخی ئاسایشی ئیسڕائیل لە بنەڕەتدا دەگۆڕێ. دەبێ لەبیرمان بێ کە بە پێی رێککەتننامەی بەرجام کە ئۆباما ڕەزامەندیی لەسەر دا، بەربەستەکانی سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ٨ ساڵی دیکە کۆتاییان پێ دێ و ئێران لەوانەیە ئێستا بەرنامەی موشەکیی بالیستیکی خۆی تەکمیل بکا و هیچ پشکنینێک لە بنکە سەربازییەکان ناکرێ کە لەوانەیە توێژینەوە لەسەر چەکیی ئەتۆمی لە ئارا دابێ. هەر وەک لەو دواییانەدا سێناتۆر تام کاتن باسی کرد، «ئەگەر ئێران ئەمڕۆ بەرنامەیەکی نهێنیی ئەتۆمیی نەبێ، ئەوە یەکەم جارە لە ماوەی جیلێک دا.» ئیسڕائیل لەوانەیە ١٠ ساڵ لە دۆخێک دوور بێ کە لەودا ئێران چەکی ناوەکی و بنکەی سەربازیی لە سووریە هەبێ و دەتوانێ تەنانەت چەکی ئەتۆمیی لە سووریە، تەنیا چەند مایل دوور لە سنووری ئیسڕائیل جێگیر بکا. فیشمەن، سەرتۆپی هەواڵنێرانی سەربازیی ئیسڕائیل دەنووسێ «ئەگەر هەوڵە سیاسییەکانی ئیسڕائیل بێ بەر بێ، ئێمە بەرەو ناکۆکیی زیاتر لەگەڵ ئێران دەڕۆین. ئەو ئاکامە و هەوڵەکانی ئێران بۆ وەڕاست گێڕانی، دەبێ لە بیری کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، لە کاتی فکر کردنەوە لە سیاسەتی تازە بەرامبەر بە هەوڵە بێ کۆتاییەکانی ئێران بۆ دەسەڵات لە خۆرهەڵاتی ناوین، بێ. * سەرچاوە: کاونسڵ ئان فارین ریلەیشنس ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)