کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕیفراندۆم

16:16 - 1 خەزەڵوەر 2717

ڕۆژی ٢٥ی سێپتەمبر لە باشووری کوردستان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە هەمان کاتدا بەشێوەیەکی مەدەنیانە شارەکانی ئەو پارچەی کوردستانیان بەبوونیان و داواکردنی خواستە نەتەوەییەکەیان پتر ڕازاندەوە. خۆپیشاندانی بەرینی خەڵک و دەنگدانەوەی لە میدیاکانیی جیهاندا بووە هۆی نیگەرانیی دەسەڵاتی داگیرکەر و لە هەمان کاتیشدا ئەم پرسە هاتەئاراوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە گەلێ شێوازی خەباتی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی تاقی کردووەتەوە و لە پێناویشیدا هەموو جۆرە گیانفیداییەکی کردووە؛ ئایا دەکرێ داوای «ڕیفراندۆم» بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆی بکا؟ لە حەوت ئەسڵی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، باسی ڕیفراندۆم کراوە. ئەسڵەکانی ٦،٥٩،٩٩،١١٠،١٢٣،١٣٢،١٧٧؛ بەڵام پاش هاتنەسەرکاری ئەم دەسەڵاتە تەنیا سێ جار ڕیفراندۆم کراوە کە ئەویش هەر لە پێناو دەسەڵات و قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا بووە. لە ڕێکەوتەکانی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ (بەڵێ یان نا بە کۆماری ئیسلامی)، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٥٨ (پەسندکردنی دەستوور)، ٦ی گەلاوێژی ١٣٦٨ (پەسندکردنی چاکسازییەکان لە قانوونی ئەساسیدا). یەکەم کەس لە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کە داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی کرد سەرکۆماری ئەوکات، د.ئەبولحەسەن بەنیسەدر بوو کە بۆ چارەی کێشەکانی نێوان خۆی و سەرۆک وەزیرانەکەی ئەم بابەتەی ورووژاند، بەڵام یەکێک لە موخالفینی توندی ئەو محەمەد خاتەمی بوو کە ئەویش نەیدەزانی سەردەمانێکی دی لە سەرکۆماریی خۆیدا وەکو هەڕەشەیەک بەکاری دێنێ و دیارە بەقسەی نەکرا. هەروەها ئەحمەدینەژادیش لە سەردەمی سەرکۆمارییەکەیدا لە باسی دانی «یارانە»دا بابەتی ڕیفراندۆمی وەکو هەڕەشەیەک هێنایە ئاراوە کە دواتر بەناردنی نامەیەک بۆ مەجلیس کێشەکەی کۆتایی پێ هات. بێگومان کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەیان چینێکی مامناوەندن کە هەندێ لە پێداویستییەکانیی سەرەتایی ژیانیان، بەهەوڵ و ماندووبوونی خۆیانەوە دابین کردووە و «تاران» وا چنگی خستووەتە نێو چڵ و پۆی ژیانیانەوە کە جێ پەنجەی ستەم لە هەموو بەشەکانی ژیانیان بەدی دەکرێ. بۆیە حیزبێکی سیاسیی بەرهەڵستکار لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە بیرۆکەی ئەوەی هەبێ کە چۆن ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی گرفتی تێ نەکەوێ و بۆ گەیشتن بەمافەکانیان بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕەوتی مەدەنی پشتگیریی زیاتری لێ دەکرێ، هەنگاوی ژیرانە و پێویست بنێ. لە ڕوانگەی توێژەر و مامۆستایەکی زانکۆوە کە تایبەت بۆ ئەم بابەتە قسەم لەگەڵیدا کرد لە پێناسەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گوتی: «کۆمەڵگەیەکی ئێحساسییە و ناسیۆنالیزمی کلاسیک زاڵە بەسەریدا و لە بواری جووڵەی شۆڕشگێڕانەشەوە چاوەڕێی کرداری نەرمیان لێ بکەن». کاتێک ئۆپۆزسیۆنێک نەتوانێ لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە کێشەکەی خۆی چارەسەر بکا و داگیرکەر زاڵ بێ بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا؛ ناچارە کەڵک وەربگرێ لە یەکێک لەو «سۆفت پاوێر»انەی کە حیزبێکی سیاسی بەرهەڵستکار دەتوانێ بە دژی دەسەڵاتێکی داگیرکەر بەکاری بێنێ. ئەویش کەڵکوەرگرتنە لە یاساگەلی نێودەوڵەتی و پەنابردنەبەر دامودەزگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان. لەم دۆخەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕیفراندۆم دەکرێ؟ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و هەروەها پارادۆکسەکانی نێوان ئەسڵەکانی مافی مرۆڤ و یاساگەلی نێودەوڵەتی تەوەری ئەم ڕاپۆرتەیە کە هیوادارم بتوانرێ ڕۆچنەیەکی نوێمان بۆ بکاتەوە. سەرەتا سەرنج دەخەمە سەر ڕیفراندۆم و «گشتپرسی Plebiscite» کە لە میدیاکاندا ئەم دوو چەمکە سیاسییە خراونەتە پاڵ یەک. دکتۆر یاسین ئاشوور، مامۆستای زانکۆ و دوکتۆرای زانستی سیاسەت لە وەڵامی پرسیاری جیاوازیی ڕیفراندۆم و Plebiscite چییە، دەڵێ: «ڕیفراندۆم بە یەکێک لە ڕووکارە گرنگەکانی دیموکراسی ناڕاستەوخۆ دادەنرێ کە تێکەڵەیەکە لە نێوان سیستەمی نوێنەرایەتیی دیموکراسی ڕاستەوخۆ. ئەمەش واتە گەڕانەوە بۆ گەل بەو پێیەی کە ئەوان سەرچاوەی دەسەڵاتن بۆ وەرگرتنی زانینی ڕاوبۆچوونیان دەربارەی ئەو بابەتەی کە دەخرێتە بەردەمیان کە بە ‹بەڵێ› یان ‹نەخێر› دەنگی لەسەر بدەن. ڕیفراندۆم تەنها فۆرمێک نییە بەڵکوو لە چەندین فۆرمی جیاواز پێک هاتووە». لەوانە: لە ڕووی بابەتەوە، ڕیفراندۆم بەپێی ئەو بابەتانەی کە چارەسەری دەکا، جیاواز دەبێ. وەک ڕیفراندۆمی (دەستووری_ سیاسی_ تەشریعی). هەریەک لەمانە بەپێی مەبەستەکانیان جیاوازە و ڕێوشوێنی خۆی هەیە بۆ کردنی. لە ڕووی هێزی پابەندبوون بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم یان ئەوەتا کە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی وڵات پابەند دەبن بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکەوە؛ واتە ئەگەر زۆرینە، دەنگی بە ‹بەڵێ› دا، ئەوکات ئەو بابەتەی خراوەتەوە ڕیفراندۆمەوە دەبێ ئەنجامەکانی جێبەجێ بکرێ. بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا واتە لە ڕاپرسیی راوێژکاریدا (Plebiscite) زۆر جار تەنها بۆ زانینی ڕای گەلە. حکوومەت یان پارلەمانیش دەتوانن پابەندی ئەنجامەکەی نەبن. واتە ئەگەر ئەنجامی (Plebiscite) ‹بەڵێ› سەرکەوتنی بەدەست هێنا مەرج نییە لەسەر حکوومەت یان پارلەمان کار بە ئەنجامەکەی بکەن. واتە زیاتر بۆ زانینی ئارەزووی خەڵکە بەڵام لە ڕیفراندۆمدا دەبێ حکوومەت و پارلەمانیش ناچار بکرێن کار بە دەرەنجامەکەی بکەن». لە وەڵامی پرسیاری نەتەوەیەکی ژێردەست لە حکوومەتێکی دیکتاتۆریدا کە بڕیارەکانی نێودەوڵەتی قبووڵ ناکا، چۆن گەلە ژێردەستەکەی دەتوانێ داوای ڕیفراندۆم یان Plebiscite بکات؟ دکتۆر یاسین ئاشوور دەڵێ: «وەک لە پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێداوە و چەمکی (نەتەوەی ژێردەست)ت بەکارهێناوە، ئەوە دەرئەکەوێ ئەم وڵاتە جارێ بڕوای بەئازادیی گەلان و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان نییە. چونکە لەم جۆرە وڵاتانەدا هەمیشە نەتەوەی ژمارە زۆر ، بە کۆمەڵێک پاساوی ئایدیۆلۆژی، جا چی سیاسی بێ یان ئایینی، دەیەوێ ئیرادەی خۆی بەسەر گەلانی نێو وڵاتەکەدا بسەپێنێ و هەمیشە ئەوان بکەری سەرەکیی هەموو کایەکانی دەوڵەت بن. کەواتە هەر لە بنەڕەتدا ئەو جۆرە وڵاتانە کە تۆ ناوت بە دیکتاتۆری بردوون کەمترین بڕوایان بەژیانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئازادانە و ئارەزوومەندانەی نێوان پێکهاتەکانی نێو وڵاتەکە نییە؛ بۆیە زۆر ئاساییە لەلایەن دەسەڵاتی ئەم وڵاتانەوە پەرچەکردار و رەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ئازادی بدرێ. بێگومان لە نێو ئەم جۆرە سیستەمە سیاسییانەدا نەتەوەی دووەم یان ‹ژێردەستە› ناتوانن نە ڕیفراندۆم نە (Plebiscite) ئەنجام بدەن. چونکە ئەم دوو پرۆسەیە خۆی مەغزای سەرەکیی نێوەڕۆکی دیموکراسییە. بەو پێیەش کە لە نێو سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا، دیموکراسی ئەستەمە بۆیە ئەم دوو پرۆسەیەش گەلێک ئەستەم دەبێ. تاکە ڕێگەیەک کە ڕیفراندۆمی تیادا ئەنجام بدرێ ئەوەیە کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەروەها لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە فشاری جددی و زۆر بخرێتە سەر دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە دیکتاتۆریانە و ملکەچی ئەوە بکرێن کە ڕێز لە ئیرادەی گەلان بگرن. بێگومان ئەمەش دەکەوێتە سەر بەهێزی و لاوازیی وڵاتەکە». دکتۆر یاسین ئاشوور لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆ ئەوەی دۆسیەی نەتەوەیەکی ژێردەستە بڕواتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ چی بکرێ؟ گوتی: «باشترین میکانیزمێک بۆ ئەوەی دۆسیەی نەتەوە بەشخوارەکان بچێتە نێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە تا چەند دەستەبژێری سیاسی، یاسایی، فەرهەنگی، رۆشنبیران و ئەوانی دیکەی نەتەوە بەشخوراوەکان لە بەرامبەر پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی نەتەوەکەیان دڵسۆزن و هەتا چەند خاوەن توانا و لێهاتووییەکی ئەوتۆن کە بتوانن ڕای گشتیی وڵاتان بەلای دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی خۆیاندا ڕابکێشن و ڕووی راستەقینەی نەتەوەکەیان پیشانی جیهان بدەن. بەم ڕێگەیە دەتوانرێ دۆستایەتی و سۆزی دەرەوە بۆ دۆسیەی نەتەوەکەت ڕابکێشی و لە چوارچێوەی لۆکاڵی بیهێنییە دەرێ و بیکەیتە پرسێکی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە زۆرجار وڵاتانی دیکە دەبنە ڕێگر لە بەردەم ئەم کارەدا». لە یاسا و زانستی سیاسەتدا بەسەرنجدان بەوەی کە ڕیفراندۆم بۆ شێوازەکانی سیاسیی دەوڵەتە بەڵام Plebiscite بۆ کاروباری زۆر گرنگ کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی حکوومەتەوە هەیە، کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هەروەها ڕیفراندۆمیش بۆ کاروباری ئاسایی نەک کاروباری گرنگی دەوڵەتی، کەڵکی لێوەردەگیرێ. بەواتایەکی دی ڕیفراندۆم لە Plebiscite دەچێ و جۆرێکە لەو کە ناتوانێ خۆ لە کاروباری گرنگ و دەسەڵاتی حکوومەتەکان و گۆڕینی ڕژێم و دەستوور بدا. بۆیە Plebiscite لە یاسا و زانستی سیاسەتدا پێی دەوترێ Representative Democracy واتە دیموکراسی نمادین. ئەم باسە تیۆرییانە و واقعی سیاسی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێن کە لەم دۆخەی ئێستەدا، بۆ وەرگرتنی ئازادانە و ڕاستەوخۆی دەنگی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان پێشتر دەبێ هەوڵی تۆکمەی دیپلۆماسی لە ئاستێکی بەرین لە دادگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان درابێ. یەکێک لەو خاڵانەی کە لەم پێوەندییەدا دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ دۆزی ڕەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدژی داگیرکەر ئەو بڕیارانەن کە وڵاتانی زلهێز بەپێی بەرژەوەندیی و سیاسەتی دەرەکی خۆیان بەرامبەر ئێران دەیدەن کە دەتوانین لە نوێترینیاندا ئاماژە بە سیاسەتەکانی سەرکۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژی ١٣/١٠/٢٠١٧ دەربارەی سپای پاسداران بکەین. ترامپ ئەو هێزەی بە هێزێکی تیرۆریست کە لە دەست ڕێبەریی ئێران دایە ناو برد و هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش پاش ئەم قسانەی سەرۆکی وڵاتەکەیان، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەمارۆی بەسەر تەواوێتیی ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداراندا ڕاگەیاند. کورد لە ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ژینۆساید کراوە و لە دادگەی میکۆنۆسیش تیرۆریستبوونی دەوڵەتی ئێران سەلمێنرا و سەدان ئەندامی حزبی دیموکراتیش بەدەست سپای پاسداران تیرۆر و شەهید کراون. یاسای نێودەوڵەتی و ڕیفراندۆم پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ، مامۆستا سیروان حەمەشەریف لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە کورد چی بکا دەنگی بگاتە کۆمەڵگە و مەحکەمەی نێودەوڵەتی و باسی دۆسیەکانی خۆی بکا، گوتی: «زۆر گرینگە کورد کە نەتەوەیەکە دەیەوێ باسی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی بکا لە بواری نێودەوڵەتییەوە وا هەڵسوکەوت بکا کە بینوێنێ نەتەوەیەکی پێشێلکار نییە. لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لە یاسای نێودەوڵەتی دەگیرێت ئەوەیە کە تەنیا بۆ دەوڵەتە نەک بۆ نەتەوە. تەنانەت نەتەوەیەکیش کە ژینۆساید کراوە ئەگەر خۆی دەوڵەتی نەبێت هەر ناچارە لە ڕێی ئەو وڵاتەوە کە لێی دەژیت، دەوڵەتەکەی ئەم سکاڵایە بەرز بکاتەوە. بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەتی عێراق لە دادگەی نێودەوڵەتی لاهە ئەندام بێت ئەوکات کوردی باشوور دەتوانن سکاڵا لەسەر دەوڵەتەکەیان تۆمار بکەن و بێگومان ئەمە گرفت و کۆسپێکە لە بواری نێودەوڵەتییەوە کە لەبەردەم کوردی زیاتر لە چل ملیۆنیی بێدەوڵەتدا هەیە. باشترین چارسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتە بۆ ئەوەی کە لە بواری نێودەوڵەتییەوە باسی ژینۆساید و ئەو تیرۆرانە بکەی کە بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە». لە وەڵامی ئەوەی کە کورد لە ڕۆژهەڵات چۆن دەتوانێ هەوڵ بۆ ڕیفراندۆم بدا لە کاتێکدا ژێردەستەی وڵاتێک و حکوومەتێکی دیکتاتۆرە کە گوێ بە یاساکانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ نادا، سیروان حەمەشەریف دەڵێ: «دەسەڵاتی ئێران بەهۆی هەڵسوکەوتەکانییەوە کارێکی وەهای کردووە کە دەرگەکانی نێودەوڵەتی بەسەر خۆیدا داخستووە و بەچاوی هەموو جیهانەوە سەرۆک ترامپ باسی تیرۆریستبوونی سپای پاسدارانی کرد. باشترین ڕیگەچارە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات کە بتوانێ ئەویش ڕۆژێک ڕیفراندۆم بەڕێوە ببا ئەوەیە کە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو خواستەکانی پلانێکی تۆکمە دابنێ. بۆ نموونە ئەم هەلەی کە دەربارەی سپای پاسداران ئاماژەم پێدا، بیقۆزێتەوە. واتە بەیەکگرتوویی خۆیان لە دەرەوەی وڵات دیپلۆماسییەکی بەرین وەڕێ بخەن و لەم دەرفەتەدا دەنگی خۆیان بە میدیاکانیی جیهان و ڕای گشتیی خەڵک بگەیەنن و لۆبی بکەن کە باسی ژینۆساید و تیرۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵدا بکەن». ئەو پسپۆڕەی یاسای نێودەوڵەتیدا لە درێژەی قسەکانیدا ئەو گلەییەشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە ڕاستیدا بەهۆی یاساکانی نێودەوڵەتییەوە «نەتەوە یەکگرتووەکان نییە بەڵکوو دەوڵەتە یەکگرتووەکانە». مامۆستا سیروان حەمەشەریف بۆ گەیشتن بە ڕیفراندۆم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی: «دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەوری سەرەکی دەبینێ و لۆبیکردن زۆر پێویستە بۆ ئەوەی دۆسیەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە، ئاشکرا بکرێن. میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژینۆساید و تیرۆرەکان و پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران دژی کورد بەتەواوی و بەوردی باس بکەن و هەروەها حزبەکانیش لە ڕێی ئەو میدیایانەی کە لەبەردەستیان دایە، ئینتیمای نەتەوەیی لە تاکی کورد دروست بکەن و هەمیشە ئامادە بن لە هەر دەرفەتێکدا کەڵکی خۆیان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان وەربگرن. ڕۆژهەڵات دەبێ بەهەر شێوازێکی گونجاوی نێودەوڵەتی باسی مەزڵوومییەتی خۆی بۆ جیهانیان بکات و سەرنجیان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بیسەلمێنێ کە دەوڵەت جیاکاریی دەکا و لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا دووچاوگی بەرچاو هەیە». ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)