کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتژیی نوێی کۆشکی سپی دەتوانێ قەرەبووی ناکامییەکان بکاتەوە؟

16:22 - 1 خەزەڵوەر 2717

سەرەنجام ستراتژیی سەرکۆماری نوێی ئەمریکا و کۆشکی سپی سەبارەت بە حکومەتی ئێران راگەیەنرا. دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە وتارێکی تایبەتدا لەم پێوەندییەدا پابەندبوونی ئێرانی بە «بەرجام» پشتڕاست نەکردوە. بەم چەشنە ئەو مانەوە یان نەمانەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتننامەیەی بە کۆنگرێسی ئەم وڵاتە سپارد. وا دیارە سەرکۆمار و دەوڵەتی نوێی ئەمریکا گەیشتونەتە ئەم بڕوایە کە «بەرجام» نەیتوانیوە چوارچێوەیەک بۆ مەزنیخوازی و سەرەڕۆییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دابنێ. بۆیە ترامپ بە ڕوونی ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە ئەم رێککەوتننامەیە ڕێگەی لە تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکان لەلایەن ئێرانەوە ناگرێ، توانای پشکێنەرەکان بۆ چاوەدێری بەسەر دامەزراوەکانی ئێران دا سنووردارە. لە ستراتژیی نوێی کۆشکی سپی بەرانبەر بە ئێران رێگەگرتن لە درێژەی مەزنیخوازی و دەوری تێکدەرانەی کاربەدەستانی تاران لە سیاستی دەرەکیدا پێداگریی لەسەر کراوەتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا بەڕوونی ئاماژە بەم دەورە تێکدەرانە و تیرۆریستییە کراوە کە ئەم ڕێژیمە لە ڕێگای سوپای قودسی سوپای پاسدارانەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بگرە دوورتریش دەیگێڕێ. هەر بۆیە ترامپ وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکای راسپاردوە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی گەمارۆکانییەوە. ئەوە کە سیاسەتی گشتیی کۆشکی سپی سەبارەت بە «بەرجام» چ دەبێ، بەستراوەتەوە بە بڕیاری کۆنگرێسی ئەم وڵاتە. بەڵام ئەوەی ڕوونە درێژەی پابەندبوونی کۆشکی سپی بە بەرجام نیشانەی پرسیاری گەورەی لەبەردەم دایە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ترامپ و دەوڵەتی نوێی ئەمریکا بەکردەوە لەم ڕاستییە گەیشتوون کە ملدانی ئێران بە رێکەوتننامەی ئەتۆمی نەک دەستی ئەم رێژیمەی لە درێژەپێدان بە بەرنامەی پەرەپێدان بە مووشەکە بالستیکەکان، کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییشیان هەیە، کورت نەکردۆتەوە، بەڵکوو لە ئاکامی ئەم رێککەوتنەدا تواناو سەرچاوە داراییەکانی رێژیمی تاران هەم لەم بوارەدا و هەم لە بواری پەرەپێدان بە سیاسەتی مەزنیخوازانە و دەستیوەردەران لە ناوچەدا زیادی کردوە. لەم نێوەدا بەڵام وڵاتانی ئورووپایی هاوپەیمانی ئەمریکا لە پرسی ناوکیی ئێراندا ڕوانگەیەکی جیاوازیان هەیە. ئەوان (ئاڵمان، بریتانیاو فەرانسە) وێڕای پێداگری لەسەر نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی ئاژاوەگێرانە و مەزنیخوازانەی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرنامەی مووشەکیی ئێراندا، پێیان وایە ناکرێ ئەم پرسانە لەگەڵ «بەرجام» کە دوای ساڵانێک وتووێژ وەدەست هاتوە، تێکەڵ بکرێ. ئەوەش ڕەنگە ئەو گومانە لەلای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دروست بکا کە بە پشتیوانیی ئورووپاییەکان بەر بە کارتێکەریی گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا بگرن یان دەرەنجامە نەرێنییەکانی هەڵوەشانەوەی «بەرجام» کەم بکەنەوە. بەڵام ئەوە ناتوانێ لە گومانێک زیاتر بێ، چونکە باڵادەستی ئابووریی ئەمریکا ڕێگە لەوە دەگرێ کۆمپانیە ئورووپاییەکان لەگەڵ ئێران بکەونە مامەڵە یان لەم وڵاتە سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن. بۆ وێنە هەر لە ئێستاوە لە ترسی توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران پلەی ریسکهەڵگریی ئاڵووێری ئابووری لەگەڵ ئێران بە خێرایی هەڵکشاوە. گەمارۆ ئابوورییە سەپێنراوەکانی ئەمریکا بۆ سەر سوپای پاسداران کە بەشێکی بەرچاو لە ئابووریی ئێرانی لە ژێر دەست دایە و لە راستیدا وەک دەوڵەتی سێبەر دەور دەگێڕێ، دەتوانێ لە کردەوەدا کاردانەوەی جیددیی لەسەر ئابووریی ئێران هەبێ. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەم گەمارۆیانە دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوونی سیاسەتی مەزنیخوازانە، دەستێوەردەرانە و تیرۆریستیی ئێران لە وڵاتانی ناوچە؟ ئەزموونی گەمارۆ جوۆراوجۆرە ئابوورییەکان لەوانە گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا یان گەمارۆ سەپێندراوەکانی ئەنجومەنی تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریان خستوە کە رێبەر و کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامی لە ژێر هیچ کام لەم فشارانەدا دەستیان لەم سیاسەتەیان هەڵنەگرتوە. تەنانەت ئەوان هەوڵیان داوە بە وەمەترسی خستنی بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەدا، ئەوان ناچار بکەن لە بەستێنەکانی دیکەدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. لەم پێوەندییەدا وتەبێژی پینتاگۆن ئاماژەی بە خاڵێکی سەرەکی کردوە کە دەرخەری ئەم ڕاستییەی سەرەوەن. وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دوابەداوی ڕاگەیەنرانی ستراتژیی ترامپ بەرانبەر بە ئێران گوتی: «خەریکی تاوتوێکردنی هێندێک بیاڤی نوێین بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ هاوپەیمانانمان گوشار بخەینە سەر ئێران، بۆ ئەوەی باڵادەستیی ناجێگیرکەرانەی ئێران پووچەڵ بکەینەوە و توانای پەلاماردەرانەی ئێران بە تایبەت لە بواری پشتگری لە گرووپە تیرۆریستی و میلیشاییەکان سنووردار بکەن.» راستییەک کە واشینگتۆن تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ، گرنگیی پێویستی پێ نەداوە یان لە بەرژەوەندییدا نەبوە لە کردەوەدا هەنگاوی بۆ هەڵێنێتەوە. کورد و ستراتژیی تا ئێستای ئەمریکا بەرانبەر بە تاران کورد لە کوێی سیاسەتی ئەمریکادا خۆی دەبینێتەوە؟ وڵامی ئەم پرسیارە پێوەندیی بە جۆری بەرژەوەندییەکانی واشینگتۆن لە ناوچەدا هەیە. بۆ وێنە لەگەڵ ئەوەدا لە باشووری کوردستان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تا ئەو جێگایە لەگەڵ بەرژەوەندیی کورد دێتەوە کە کورد یەکپارچەیی خاکی یەکەی سیاسیی عێراق بپارێزێ. کێشەکانی ئەم دواییانەی نێوان هەرێم و دەوڵەتی عێراق بە ڕوونی چوارچێوەی سیاسەتی کۆشکی سپیی بەرانبەر بە باشووری کوردستان دەرخست. تا ئەو جێگایەی کە دیتمان تەنانەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرانبەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تاران لە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدادا نەک پشتگریی کوردی نەکرد، بەڵکوو بە پێرەوەکردنی جۆرێک سیاسەتی خۆپارێزانە، بەکردەوە یارمەتیی بە بەرژەوەندییەکانی تاران و دەوڵەتی ژێر نفووزی ئێران لە بەغداش کرد. ئەوە ڕاستییەکە کە هەر ڕۆژی دوای ئەم ڕووداوانە لە میدیاکانی ئەمریکادا بە شکستی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەدا لەقەڵەم درا. لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆشکی سپی لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، سەرەڕای هەموو ناتەباییەکانی لەگەڵ ئەم رێژیمە، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی خۆیدا نەدیوە پشتگریی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و دیمۆکراتیکی کورد بکا. تەنانەت پرسی پێشێلکرانی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش نەبۆتە هۆی ئەوە واشینگتۆن هان بدا، رێژیمی تاران بخاتە ژێر گوشارێکی جیدییەوە. کەواتە دەکرێ بڵێین ئەوەی کە تا ئێستا لە پێوەندیی لەگەڵ سیاسەتی کۆشکی سپی بەرانبەر بە تاران لە ناوچەدا بینراوە دەرخەری ئەم راستییەن کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا ناکرێ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کورد و بەرژەوەندییەکانی هەبێ. ئەوەی سەلماوە بریتییە لەوە کە لەوانەیە یەکترگرتنەوەی بەرژەوەندی لە هێندێک ئاستی دیاریکراو و سنوورداردا لە پێوەندیی لەگەڵ پارچەیەک یان چەند پارچەی کوردستاندا بەدی بکرێ. بۆیە زۆر گرنگە کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستاندا لە پێشدا بە فاکتۆرکردنی هێز و پێگەی خۆی کەلک لە ململانێیەکانی نێوان واشینگتۆن و تاران وەربگرێ. دوا قسە ستراتژیی دەوڵەتی ترامپ بەرانبەر ڕێژیمی تاران کە لەودا بە ڕوونی دەست لەسەر خاڵە لاوازەکانی «بەرجام» و بەگشتی ناکامیی واشینگتۆن لە بەرانبەر سیاسەتی دەستێوەردەرانەوە و تیرۆرپەروەریی ڕێژیمی تاران و سوپای پاسداران لە ناوچەدا نراوە، بە ناکامییەکی دیکە و دەستەوەستانییەکی دیکەی کۆشکی سپی دەستی پێکرد. ئەویش بریتی بوو لە چاونووقاندن و ڕاگەیاندنی بێلایەنی بەرانبەر هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی دەستپەروەردەی سوپای پاسداران و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی قاسم سلێمانی لە باشووری کوردستان. پیلانێک کە لانیکەم لە کورت ماوەدا باڵانسی هێزی بەتەواوی بە قازانجی هێزەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەدا گۆڕی. ئەوەش ئەم پرسیارە دەخوڵقێنێ ستراتژیی نوێی واشینگتۆن بەرانبەر بە تاران چ جیاوازییەکی لەگەڵ ستراتژیی پێشووی ئەم وڵاتە بەرانبەر بە تاران هەیە؟ رووداوەکانی داهاتوو زیاتر وڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە. ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)