کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام چەکی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی

15:28 - 1 خەزەڵوەر 2717

18ی ڕەزبەر (10ی ئۆکتۆبر)ی هەموو ساڵێک ڕۆژی نەهێشتن و بەربەرەکانی لەگەڵ سزای ئێعدامە. ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە حاڵێکدا یادی کرایەوە کە ڕاگەیەندرا دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵی زایینینەوە تا ئێستا 435 کەسی لەدار داوە و تەنیا هەواڵی ئێعدامکرانی 83 کەسیان لە میدیا رەسمییەکاندا بڵاو کراوەتەوە. چاوخشاندنێک بە ئامارەکانی ئێعدام لە ئێران لە سێ ساڵی رابردوودا پێمان دەڵێ چ کارەساتێک لەو وڵاتە ڕوو دەدا. کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2014دا 1634 کەسی لە دار داوە. ساڵی 2015 ژمارەی ئێعدامکراوەکان لە ئێران 977 کەس بووە و، ساڵی ڕابردووش 567 زیندانی لە ئێران لە دار دران، بەو پێیەش کە لە 9مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 400 کەس ئێعدام کراون، وێدەچێ ژمارەی ئێعدامکراوەکان لە ئێران لەمساڵدا زیاتر لە ساڵی ڕابردوو دەبێ. چەکی ئێعدام لە تەنیشت چەکی تێرۆر هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی خرایە خزمەتی دەسەڵاتبەدەستانی ئەو ڕێژیمە. ئیعدامەکان لەو ڕێژیمەدا لە سەربانی قوتابخانەی ریفاهـ لە تاران بە کوشتنی ئەفسەر و کاربەدەستانی ڕێژیمی پاشایەتیی ڕووخاو دەستی پێکرد و کەس هاواری ئەو بێ تاوان یان تاوانبارانەی نەبیست کە داوای دادگاییکردنێکی عادڵانەیان دەکرد. ئێعدامەکان دوایە گەیشتنە کوردستان و تورکەمەن سەحرا و دوایەش کە ئێعدامەکانی دەیەی شەستی زیندانیانی سیاسیی لێکەوتەوە. ئامانج لە هەموو ئەو ئێعدامانە لێدانی فیزیکی لە دژبەرانی نیزام و سەقامگیرکردنی ڕێژیم بوو و تێرۆر و ئێعدام ئامرازی باش بۆ ئەو مەبەستە لای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بوو. بەڵام ئەوە کۆتایی بەسەرهاتەکە نییە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای سەقامگیریش بە پاساوی ئایینی ئێعدامی کردە چەکێک بۆ ڕاگرتنی نەزمی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگا ئیسلامییەدا! بە ڕەچاوکرانی ڕێوشوێنە ئاینییەکان ڕەگ و ڕیشەی تاوان و لادانەکان ویشک بکا. ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتە وایکردوە ئێران لە ڕووی ئاماری ئێعدامەکان دوای چین لە ڕیزی دووهەمدا جێ بگرێ و بەپێی ڕێژەی حەشیمەت و ژمارەی ئێعدامکراوەکانیش یەکەم وڵات بێ لە دنیادا. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە. مەسەلە ئەوەش نییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی حاشا لە ئێعدامەکان _ چ ئێعدامە سیاسی یان نا سیاسییەکان_ بکەن، بەڵکوو بە دەگمەن نەبێ هەر هەموویان بەرگریی لێ دەکەن و ئەو جینایەتانەیان بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەیان بە پێویست زانیوە. وەک گوترا بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئامانج لەبەڕێوەبردنی حوكمی ئێعدام بۆ بنەبڕكردنی تاوان لە كۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی بایەخ و بەها كۆمەڵایەتی و ئایینییە بزربوو و کاڵبووه‌کان دەگەڕێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتە لە رووی جێبەجێكردنی حوكمی ئیعدامەوە به‌ پێی حه‌شیمه‌ته‌که‌ی پلەی یه‌که‌می لە دنیادا هەیە، بەڵام ئەو شاڵاوە لە ئیعدامكردنانە نه‌ک نەیتوانیوە رێژەی تاوان و جینایەت لەو كۆمەڵگایەدا كەم بكاتەوە، به‌ڵکوو به‌ پێی ئیعترافی کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی رێژیم و به‌ پێی ئامار و زانیارییه‌کان، بڕی تاوان و تاوانکاری له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی کۆماری ئیسلامیدا به‌ تایبه‌ت له‌ دوو ده‌یه‌ی رابردوودا چه‌ند قات له‌ چاو پێشوو زیادی کردوه‌. کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ساڵ نییە لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤەوە مەحکوم نەکرێ و داوای لێ نەکرێ کە بەهۆی ناکارامەیی سزای ئێعدام، ئەو سزا نامرۆڤانەیە لە یاساکانی سزادان بسڕێتەوە، بەڵام ئەو بەربەرەکانی و هەموو ئەو هەوڵ و هەڵوێستە جیهانییە تا ئێستا شوێنی لەسەر بڕیاری کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا دانەناوە، بۆیە چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن وڵاتانی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی لە ئێران پێویستە لە دانوستان و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا فشار بخەنە سەر ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر نەهیشتنی سزای ئێعدام بدا و بۆ ئەوە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئەو وڵاتە. بەڵام بابەتی ئیعدامكردن وەك سزایەك لە نیزامی كۆماری ئیسلامیدا پتر لەوەی بنەمای حقووقی هەبێ، بڕیارێكی سیاسییە و دەسەڵات بۆ زاڵکردنی کەشی ترس و سەرکوت بەکاری دێنێ، بێ ئەوەی وڵامی پێوستی لێ ورگرتبێتەوە. هەر لەبارەی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەبەردەوامی درێژەی بووە، ئەو پرسیارە هەیە کە ئاخۆ ئێعدامە سیاسییەکان چۆکیان بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد داداوە؟ بێ گومان نا. چونکی ئه‌گه‌ر ئیعدام‌ و له سێداره‌دان ‌و زیندان و سەرکوت کاریگه‌ریی له سه‌ر ڕاوه‌ستانی خه‌بات بۆ ئازادی ‌و ڕزگاری هه‌بوایه، هه‌ر له دوای له سێداره‌دانی پێشه‌وا و ڕووخانی کۆماری کوردستان ده‌بوایه‌ ڕ‌ه‌وڕه‌وی خه‌بات ‌و تێکۆشان له جووڵه که‌وتبا و هیچ تاکێکی کورد باسی له ماف ‌و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد نه‌کردبایه، کە دەبینین وانییە. بەشی هەرە زۆری ئێعدامە ناسیاسییەکانیش لە ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بووە، بەڵام زۆر لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نایشارنەوە کە سەرەڕای ٤٠ ساڵ بەردەوامی لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدام، بازرگانیی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتە ساڵ بە ساڵ زیادی کردوە. لە ئێستاشدا دەوڵەت لایحەیەکی بۆ لابردنی سزای ئێعدام لەسەر کۆمەڵێک تاوانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر داوەتە مەجلیس کە ئەگەر پەسند بکرێ، زیاتر لە 5 هەزار زیندانی لە مردن ڕزگاریان دەبێ، کەچی بەهۆی دژایەتیی دەزگای قەزایی و چەت تێخستنی ئەو ناوەندی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا وەڵامی پێویستی وەرنەگرتۆتەوە. هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی سزای ئێعدام لە ئێران چ لەلایەن مافناسان، کۆمەڵناسان و چالاکانی مەدەنی حاشای لێ ناکرێ، بەڵام بێگومان ئەو هەوڵانە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا بڕ ناکەن، مەگەر ئەوەی تۆکمەتر و زۆر بەربڵاوتر لەوە بن کە ئێستا هەیە. تەنیا لە ئەگەری دروستبوونی فشارێکی نێوخۆیی و دەرەکییە کە دەکرێ هیوادار بە پاشەکشە پێکردن بە کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا بین. ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)