کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرانییەکان و پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس

16:56 - 1 خەزەڵوەر 2717

دوابەدوای گشتپرسییەکەی هەریمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێڕاق زۆر دەنگی ناڕەزایەتی نەک هەر نێو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بەڵکوو لە نیو خەڵکانی دیکەش لە ئێران سەری هەڵدا کە هەتا ئاستی هەرەشە و چاو سوورکردنەوە لە دەسەڵاتی هەرێم و خەڵکی کوردستان چوون. لە نێوەدا هێندێک بەناو ڕووناکبیر و شارەزای قانوونیش بە ناحەق کەوتوونەتە نێو بازنەی دژایەتیی مافی دیاریکردنی چارەنووس، بێ ئەوەی بۆ چرکەیەک لەگەڵ ویژدانی خۆیان خەڵوەت بکەن و پرسیار لە خۆیان بکەن ئەوی ئەوان بە ناوی پاساوی قانوونی بۆ رەدکردنەوەی گشتپرسییەکەی هەریمی کوردستان دیهێنەوە لە جێی خۆی دایە؟ یان بۆ هەر کاتێک نەتەوەی کورد لە هەر کام لە پارچەکان داوای وەدەستخستنەوەی مافەکانی خۆی کرد بە زمانی هەڕەشە و پاکتاوی ڕەگەزی و سیاسەتی سەرکوت بەرەنگاری دەبن؟ یا لە هەلومەرجی هەریمی کوردستاندا کە توانی لە فەزایەکی تەواو دیموکراتیکدا و لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگەوە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بریار لە سەرچارەنووسی خۆی بدا، پەنا دەبەنە بەر خوێندنەوەی جیاواز لە یاسا و ڕێسای نیودەوڵەتی بۆ ئەوەی بڵێن ئەو گشتپرسییە لەگەڵ پێوەرە جیهانیەکان ناتەبایە. لەو نووسینەدا فۆکوس دەکەمە سەر بەیاننامەی ٢٦٠ پارێزەرەکەی دادگوستەری و نووسینێکی عیمادەدین باقی_ لە ڕوخسارە دیارەکانی ئیسلاح تەڵەبەکان_ کە هەوڵیان داوە بە هێناوەی بەڵگەی زۆر، بەڵام دوور لە زانستی دادپەروەی، بە دەمارگرژی ئیستدلالی ئەوە بکەن کە گشتپرسییەکەی هەریمی کوردستان پێچەوانەی قانوونە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانە و ناشەرعییە. ئاغای عیمادەدین باقی جارێ هەر لە پێشەکیی نوسراوە دورودرێژەکەیدا چاو لە ئاستی مافی کورد وەک نەتەوەیەک دەنووقێنێ و بە پەلە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکا و دەڵێ: «لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ساڵی ١٣٦٠ چەند ڕێکخراوێکی توندئاژووی ناسیونالیستی بە هەلگیرساندنی شەڕ بە تەما بوون ئیران لەت لەت بکەن، بەڵام بە هەوڵ وهیمەتی هەموولایەک کوردانی میانەڕۆ بە سەر ئەو توندڕەوانەدا زال بوون و ئیزن نەدرا پارچەیەک لە خاکی ئیران جیا بێتەوە.» لە بەیاننامەی پارێزەرانیشدا بەو شێوەیە باس لەو بابەتە دەکرێ: «ئاشتی و ئەمنیەت لە گرینگترین بنەماکانی مافی مرۆڤن و لە رێگای حورمەتدانان بۆ ئوسوولی لەمێژینەی قانوونە نێونەتەوەییەکان وەک مافی حاکمییتی میللی، سەربەخۆیی و تەواویەتیی ئەرزیی وڵاتەکان دابین دەکا...» بەڕاستی ئەو دەستە لە پاریزەران و کەسانی وەک عیمادەدین باقی ئاشنا بە مێژووی کورد نین، یا خۆیان لە ئاستی ڕاستییەکان گێل دەکەن و زیاتر لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و دەسەڵات پێ لە ویژدانی خۆیان دەنین کە ئاوا دەڵێن. لانیکەم مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان شاهیدی بۆ ئەوە دەدا کە هیچ کام لە جووڵانەوەکان دروشم و بەرنامەیان جیابوونەوە لەو وڵاتانە نەبووە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا هێناگۆرێی ئەو باسە و جیابوونەوە لەو وڵاتانە و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی مافی بێ ئەملاولای کوردە. بۆ نموونە ئەوەی ئاغای عیمادەدین باقی لە سەر جوولانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی دەکا ئەسل و ئەساسی نییە، چونکی کورد لە ئێران پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بۆ وەدستخستنی مافەکانی بە گژ دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتیدا چۆتەوە و پاشان بۆ سەرخستنی شۆڕشی دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دامەزراندنی رێژیمیکی دیموکراتێک شانبەشانی نەتەوەکانی دیکەی ئیران چالاک بووە و خوێنی داوە. داوی ڕووخانی رێژیمی پاشایەتی گەلی کورد چاوەڕوانی ئەوە بوو مافەکانی بە ڕەسمی بناسرێ و لە بەڕیوەبردنی وڵاتدا بەشدار بێ، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی تازە پێگەیشتووی کۆماری ئیسلامی وەڵامی نیازپاکی و ئاشتیخوازیی کوردیان بە ئاگر و ئاسن دایەوە و هەر بەو ڕێگایەدا رۆیشتن کە ڕێژیمی پەهلەوی بڕیبووی. حیزبی دیموکراتی کوردستان کە ڕێبەریی جوولانەوەی میللی دیموکراتیکی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کەوتبوو سەر شانی، شوعارەکەی دیموکراسی بۆ ئیران و خودمختاری بۆ کوردستان بوو، هەروەها هەمیشەش لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە ڕێگای چارەسەری کێشەی نیوان دەسەڵات و گەلی کورد تەنیا دانیشتن لە سەر میزی وتوێژ و لێک تێگەیشتنە. بەڵام ئایا ئاغای عیمادەدین باقی نازانێ کە تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد، دوکتور قاسملوویان لە سەر میزی وتووێژ شەهیدکرد، ئەویش وتووێژ لە سەر بنەمای پەیامی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا. لە لایەکی دیکەوە پاراستنی ئاشتی و ئەمنیەت لە ناوچەکەدا هەر وەک گوترا هەمیشە ویستی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە و لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا خەبات و بەرگریی کورد بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و مافی ڕەوای ئینسانی بووە، بەڵام ئەوە هەمیشە دەسەڵاتدارانی حاکم بە سەر کوردستان بوون کە شەڕیان بە سەر کوردستاندا سەپاندووە، و لە جینایەتی جەنگی ڕا بگرە هەتا دەگاتە ژینۆساید، دەستیان لە کورد نەپاراستوە. واباشە ئیمزاکەرانی بەیاننامەی پارێزەران و عیمادەدین باقی و هاوبیرەکانیان بە جێی ئەوە کورد و جووڵانەوەکانی بە شەرئەنگێزی تاوانبار بکەن، یەکەم کاریان ئەوە بێ کە چاو بە نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتی ئێراندا بخشێنن کە لە (الف)ی سەرەتاوە هەتا (ی) کۆتایی پرە لە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان، مەزهەب و ئایین و مافەکانی مرۆڤ؛ چونکە قانوونی ئەساسیی ئێران وا داڕێژراوە کە تەنیا لە بەرژەوەندیی نەتەوە و مەزهەبێکدایە . ئەو بەرێزانە کاتێک باس لە پاراستنی حاکمییەتی میللی دەکەن چاوەڕوانیی شتێکی زۆر سەیریان لە تاکەکانی نەتەوەیەک هەیە کە هیچ هەستێکیان بۆ ئەو حاکمییەتە نییە. ئەو بەڕێزانە کە ئاشنا بە قانوونن دەبێ مانای ئەو دەستەواژەیە باش بزانن کە بە چی دەگوترێ حاکمییەتی میللی و چۆنیش دەبێتە جێگای ڕێز. کاتێک حاکمییەت دەبێتە میللی کە سەرچاوەکەی هەڵقووڵاو لە خەلک بێ و تەعبیر لە ئیرادەی خەلک بکا یان لە وڵاتێکی وەک ئیران کە فرە نەتەوەیە، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات وا دابرێژرێ کە لە ڕووی قانوونی و کردارییەوە هەموو لایەک بەبێ جیاوازی خۆی تێدا ببیننەوە و لەو خۆ دیتنەوەدا تاکی هەر نەتەوەیەک شانازی بە هاووڵاتیبوونی خۆی بکا. بەڵام چ لە ڕابروودا وچ لە ئیستادا تاکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەو هەستەی لا دروست نەبووە کە خۆی بە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە بزانی کە تێیدا دەژی، لەبەر ئەوەی لە ڕووی قانوونییەوە مافی بەشداریی لە جومگەکانی بەرێوەبەری وڵاتدا نییە و ناتوانی کاریگەریی هەبێ لە سەر دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە بواری سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیدا تەنیا لە سەریەتی کە گوێڕایەلی دەسەڵات بێ. هەر بۆیە تاکی کورد بە گشتی مادام خۆی لە چوارچێوەی حاکمییەتی ئەو دەوڵەتانەدا نابینێتەوە بە دوای ڕێگا چارەیکدا دەگەڕێ کە بتوانێ پێناسەی نەتەوەیی و شوناسی خۆی پێ بکا . ئەگەر وایە داوای کورد چ لە باشووری کوردستان لە ڕێگای گشتپرسی و چ لە پارچەکانی دیکە لە ڕێگای خەباتی فرە رەهەندەوە لە چوارچێوەی هەموو ئەو قانوونانەدا جێ دەگرن کە لە بواری پاراستنی مافی نەتەوە ژێر دەستەکان و مافی مرۆڤەوە دەرچوون. هەروەها دەبێ بەو بەڕێزانە بڵێم ئەوە قانوونی ئەساسی ئێران و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لەگەڵ نێوەرۆکی جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ و مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی حقوقی سیاسی _ مەدەنی ناتەبان، نەک داوای کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە ڕێگای گشتپرسییەوە. بە پێی ماددەی (1)ی پەیماننامەی مافە سیاسی _ مەدەنییەکان؛ «هەموو نەتەوەکان مافی ئەوەیان هەیە خودمختار بن و بە پێی ئەو مافە نەتەوەکان ئازادەن هەلومەرجی سیاسیی خۆیان دەستنیشان بکەن و هەلومەرجی پەرەپێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیان ئازادانە دابین بکەن.» بەڵام ئاغای عیمادەدین باقی دەیەوێ بە پشتبەستن بەو مادەیە لە پەیماننامەی مافە مەدەنی _ سیاسییەکان، گشتپرسیی هەریمی کوردستان بە پێچەوانەی قانوونە نێودەوڵەتییەکان دابنێ و دەڵی: «ئەو ماددەیە تایبەت بووە بە ئەو وڵات و نەتەوانەی لەژێر چاوەدێری(تحت قیمومیت)دا بوون و دوای شەری جیهانی دەبوایە چارەنووسیان ڕوون کرابایەوە.» لێرەدا دەبێ ئەو ڕاستییە وەبێر ئەو بەڕێزانە بێنمەوە کە ئەوەی کوردی لە مافی بە دەوڵەتبوون بێبەش کردوە ئەوە نییە کە کوردستان وڵاتێکی «مستعمرە» نەبووە بەڵکوو لەو سەردەمەدا کە نەتەوەکانی ژێردەست ئازاد دەبوون و دەوڵەتی خۆیان پێکدێنا، بە هۆی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی سەرکەوتووی شەڕی جیهانی بێ ئەوە پرس بە گەڵان بکرێ نەخشەی دەوڵەت_نەتەوە نوێیەکان دادەڕێژران و لەو نێوەشدا کوردستان و نەتەوەی کورد لە هەمووان زیاتر زیانی بەرکەوت و بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرا. لە هەمان کاتدا دەبینین کە بەرژەوەندیی زلهێزەکان چەندین دەوڵەتی دیکەیان هێنا سەر ڕووبەری نەخشەی سیاسیی جیهان کە نە «مستعمرە» بوون و نە لە پێشدا بەو شێوەی ئیستا بوونیان هەبووە . هەر وەک لە سەرەوە باسمان کرد مادەی (1)ی پەیماننامەی مافە مەدەنی _ سیاسییەکان باس لەوە دەکا کە هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ خودموختار بێ ولێرەدا خوێندنەوە بۆ وشەی خودمختار ئەوە نییە کە ئاغای عیمادەدین باقی باسی دەکا، بەڵکوو لەو مادەیەدا خودموختار بەو مانایە هاتووە کە هەموو نەتەوەیەک ئازادە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی چونکە هەر لەومادەیەدا هاتووە کە:»نەتەوەکان هەلومەرجی سیاسیی خۆیان ئازادانە دیاری دەکەن ...» لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی پارێزەراندا هاتووە «کە پێکهێنانی دەوڵەتێکی (قومی) لە دەراوسێیەتی ئێران ئەویش بە ناوی یەکیک لە پارێزگاکانی ئێران بە ئاشکرا پێشێلکردنی قانوونە نێونەتەوەیەکانە و هەم دەبێتە هۆی دنەدانی جیاییخوازیی و پێشێلکردنی سەربەخۆیی و حاکمییەتی میللی و تەواویەتیی ئەرزی وڵاتانی دراوسێی هەریمی کوردستانی عیراق و لە هەمان کاتدا هەرەشەیەکی گەورەی ئەمنیەتییە لە سەر جیهان بە تایبەتی لەسەر نیشتمانی خۆشەویستمان ئێران... « کاتیک ئەو خاڵە دەخوێنمەوە باشتر بۆم دەردەکەوێ کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەندە ویرانە. کاتێک پارێزەری قانوون و مافی ئینسانەکان چەندە ناشارەزایانە و ناقانوونیانە ئیستدلال دەکەن کە نابێ دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان پێک بێ، چونکە ناوی یەکیک لە پارێزگاکانی ئێرانە (پارێزگای کوردستان). یانی ئەوان نازانن یان چونکە باسی کوردە خۆیان لە گێلی داوە کە لە دراوسێیەتیی ئێران وڵاتی ئازربایجان هەیە، ئەویش لە کاتێدا دوو پارێزگای ئێران هەر ئیستا بەو ناوە لە سەر ئەرزی واقع هەن و لانیکەم هەتا ئیستا نەزانراوە چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە نارەزایەتییەک بووبێ لەسەر ئەوە. لە لایەکی دیکەوە وادیارە ئەو بەڕێزانە ئاشنا بە جوغرافیای کوردستان نین، سەدان ساڵە ئەو ناوچەیە کوردستانە و هەر بە کوردستانیش دەمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە لانیکەم لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و نووسینەوەی قانوونی بنەڕەتیی نوێ بۆ عێراق، باشووری کوردستان وەک پێکهاتەیەکی سیاسی_ ئیداری بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە هەم لە نێوخوی عێراق و هەم لە کۆمەڵگای جیهانی بە حکومەتی ئێرانیشەوە بە ڕەسمی هەلسوکەوتی لەگەڵ کراوە. لێرەدا پێویستە وەبیر نوسەرانی ئەو بەیاننامەیە بێنمەوە کە ناولێنانی پارێزگای سنە (ئەردەلان) بە ناوی «کوردستان» لە سەردەمی رێژیمی پاشایەتی هۆکاری سیاسیی لە پشت بووە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە کۆمەڵگای ئێران و جیهان بڵێن کورد لە ئیراندا هەیە و دەوڵەتی ئێرانیش مافی دەپارێزێ و تەنانەت ناوی ژێنگەگەشی پاراستوون و بەناوی پارێزگای کوردستان لە سەر ڕووبەری نەخشەی سیاسیی ئیراندا جێ گرتووە؛ کۆماری ئیسلامیش ئەو سیاستەی درێژە پێ داوە لە حاڵێکدا کوردستانی بەشی ئیران چوار پارێزگای (ورمی، سنە، کرماشان و ئیلام) لەخۆ دەگرێ . هەم بەیاننامەکەی «وکلای دادگستری» هەم وتارەکەی ئاغای عیمادەدین باقی باس لە بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەن، بە داخەوە وادیارە ئەو تیورییە ڕاستە کە هەر نەتەوەیەک باڵادەست بوو لە جیاتی نەتەوەکانی دیکەش بیر دەکاتەوە. ئەو بەڕێزانە وادیارە مەسەلەی نێوخۆیی و دەرەکیان لێ تێک چووە و خۆیان لە پێگەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی باشور داناوە و لە جیاتی ئەوان بیر دەکەنەوە و لەجیاتی ئەوان بریار دەدەن. بێ ئەوە هەڵویستەیەک بکەن و بیر بکەنەوە کە ئەو شێوە باسکردن لە مەسەلەکان دەستتێوەردانە لە کاروباری وڵاتێکی دیکەدا کە لە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکاندا رێگەی پێ نەدراوە. ئەم رەخنەیەی ئەو بەڕێزانە لە کاتێک دایە کە نیزیک بە ٩٣لەسەدی ئەو کەسانەی بەشدارییان لەو ڕاپرسییەدا کردوە، بەدەم بانگەوازی سەرۆکی هەرێمەوە چوون و دەنگی «بەڵێ»یان داوەتێ. لە پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانیش لە ئاستی ناوچە و جیهانیشدا بە ئێرانیشەوە هەم لەو پرسە و هەم لە پرسەکانی دیکەدا کە پێوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێ، لەگەڵ سەرۆکی هەریم و دامودەزگای ئیداری و حکومیی ئەو هەرێمە هەڵسوکەوتیان کردووە. لێرەدا پێویستە هەم پارێزەرانی نووسەری ئەو بەیاننامەیە و هەم کەسانی وەک عیمادەدین باقی بۆ چرکەیەکیش بێ لە فەزای پاراستنی ئەرزیی ئیران و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ! بێنە دەرێ و چاوێک بە سیستمی بەرێوەبەریی وڵاتەکەی خۆیاندا بخشێنن کە خۆشیان بەشیکن لەو سیستمە و بزانن لە ماوەی نیزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا چەندە مافی کەمینە نەتەوەیی و دینی و مەزهەبییەکان لەو وڵاتەدا پارێزراوە؟ یان بە جۆرێکی دیکە تێ بفکرن و پرسیار لە خۆیان بکەن کە قانوونی ئەساسیی ئێران بەو هەموو کەموکورییەی کە هەیەتی سەدا چەندی جێبەجێ کراوە و لە خۆیان بپرسن ئایا لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەنگی خەڵک سەنگ و قورسایی هەیە کە وا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانی باشوور بەردی پاراستنی دەنگی خەڵک لە سینگتان دەدەن؟ پرسیار لە خۆیان بکەن چ لە بواری قانوونییەوە و چ لە بواری عورفییەوە سەرکۆمار و مەجلیس کە بە ڕواڵەت هەڵبژێردراوی خەڵکن بەبێ شووڕای نیگابان و پەسندی رێبەری کە هیچ کامیان خەڵک هەڵینەبژاردوون؛ سەنگ و قورساییان لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی ئیراندا چەندە؟ ئەو بەرێزانە کاتێک دەتوانن باس لە کاریگەریی دەنگی خەڵک بکەن کە خۆیان و سیستمە سیاسیەکەیان باوەریان بە دەنگی خەڵک هەبێ. بەیاننامەکەی «وکلای دادگستری» و نووسینەکەی عیمادەدین باقی و هەموو ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا لە ڕاستای ئەو دوو بۆ چوونەدا نەزەر و ڕوانگەی خۆیان لە سەر گشتپرسیی هەریمی کوردستان نووسیوە، بە دوای یەک ئامانجدا دەگەڕێن، ئەویش ترسیان لە بە دەوڵەتبوونی باشووری کوردستانە کە ببێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە. لە راستیدا ئەو هات و هاوار و لە خۆدانەیان بۆ پارچەبوونی عێراق نییە بەڵکوو ترسی دواڕۆژی خۆیان هەیە و بۆیە بۆ ڕێگری لە سەرکەوتنی کورد لە هەر پارچەیەک لە کوردستان هەموو ڕێگایک دەگرنەبەر. لە کۆتاییدا پێم باشە ڕوو بە کەسانە بڵێم: 1) ئەو سنوورانەی کە لای ئەوان پیرۆزە، بە هیچ جۆر لای کورد و هەموو ئەو نەتەوانەی بە زۆر بە وڵاتێکی دیکەوە لکێندەراوەن پیرۆز نییە، ئەوەش خەتای کورد نییە بەڵکوو دەسەڵاتداران و سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتانە خەتابارەن؛ چونکە هەتا ئێستاش حاشا لە مافەکانی کورد دەکەن و ئیزنیان نەداوە وەک هاووڵاتییەک بەشداربن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ئەو هەستەی لا دروست بێ کە ئەویش شەریکە لە دروستکردن وگەشە پێدانی وڵات. بە داخەوە ئەو ڕاستییە تاڵە بە قانوون کراوە و لە قانوونی بنەڕەتی ئەو چوار وڵاتەی کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە هیچ مافێک بۆ کورد دەست نیشان نەکراوە، لە بەرامبەردا ئەرکدار کراوەن کە دەبی پێبەندی ئەو قانوونەش بن! 2) بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان و تەنانەت ئایینە ئاسمانییەکانیش هەموو نەتەوەیەک و هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە سەرچارەنووسی خۆی بدا، هەر بۆیە نەتەوەی کوردیش لەو بنەمایە بەدەر نییە و دەتوانی هەر کاتێک هەلی بۆ ڕەخسا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا. 3) ئەگەر دەتانەوێ ئێران یا هەر کام لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە تووشی ئەو حاڵەتە نەبن کە لێی دەترسن پێویستە بەیاننامە و نووسینەکانتان ڕووی لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێ و باس لەوە بکەن کە چارەسەری مەسەلەی کورد وەک دەرفەت ببینن نەک هەڕەشە. 4) کورد هیچ کات هۆکاری شەڕ و نائەمنی نەبووە، بەڵکوو هەموو کات فاکتەری بەهێز بووە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و بە جێگای ئەوەی دژایەتیی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان لە حالی ئیستادا بە تایبەتی بکەن، هەوڵ بدەن لە دەردی کورد وەک نەتەوەیەکی لە ماف بێبەش کراو تێبگەن و هاوکاری بن بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسە، نەک بە دژایەتیکردنی هاندەری بن بۆ شەڕ و نائارامیی زیاتر لە ناوچەکەدا. چونکە تا ئیستا دەبێ بۆتان دەرکەوتبێ نەتەوەی کورد کە لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا بەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەرتان هێناوە، چۆکی دانەداوە، ئێستا کە هەلومەرجەکەش گۆڕاوە ملکەچ نابێ. ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە هەتا تێڕوانینی ئیوە ئەوە بێ کە لە گوتار و ڕەفتارتان دژ بە کورد دەری دەخەن و بە چاوی ئەمنیەتیەوە بروانە مەسەلەی کورد، بە خاترجەمی ئەو خەبات و مافخوازییە نەک کپ نابێ، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)