کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیمانە لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

17:12 - 1 خەزەڵوەر 2717

مسته‌فا مه‌لوودی: هیندێ لە حیزبەکان ئەگەر و مەرجی نەگونجاویان هەیە کە کۆسپن لەبەردەم دروستبوونی یەکیەتیی بەکردەوەی زیاتردا «کوردکاناڵ» لەو ڕۆژانەدا وتووێژێکی نیزیک یەک سەعاتەی لەگەڵ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. لەو وتووێژەدا کۆمەڵە پرسێکی وەک هەڵسەنگاندنی خەباتی مەدەنی و جەماوەریی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخستن و شێوەی مودیرییەتی ئەو بزووتنەوانە، نەخش و ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان لە چۆنیەتیی خۆدیتنەوەیان لەو بزووتنەوانەدا و هەروەها پرسی پێوەندیی نێوان حیزبەکان و کۆسپەکانی بەردەم یەکیەتیی بەکردەوەیان چەند تەوەرێکی سەرەکیی ئەو وتووێژە بوون. «کوردستان» بەباشی زانی پوختەیەک لەو وتوێژە بڵاو بکاتەوە کاک مسته‌فا با پێش هه‌موو شتێک باسێک له‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ی ئه‌و دواییانه‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ی له‌ بانه‌ و سنه‌ و بۆکان و شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌بۆنه‌ی رێفراندۆمه‌که‌ی باشووری کوردستان کرا، ئه‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ خۆڕسکن یان ڕێکخستنی حیزبه‌کانی له‌ پشت؟ جارێکی دیکه‌ش ده‌سخۆشی له‌ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات و له‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌و‌ حه‌ره‌که‌تانه‌ ڕێک ده‌خه‌ن. ئه‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ حه‌ره‌که‌تێکی تازه‌ نین له‌ خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ له‌لایه‌ن چالاکانی مه‌ده‌نی، خه‌ڵکی ئاگا و وشیار و له‌سه‌ر هه‌ستی ڕۆژهه‌ڵات به‌رنامه‌ی بۆ داده‌نرێ و هیدایه‌ت ده‌کرێ و خه‌ڵکیش به‌ متمانه‌وه‌ ده‌چنه‌ پشتیان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین نه‌خشی حیزبه‌کان به‌ تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ ته‌واوه‌تیی ئه‌و جووڵه‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرێن نادیده‌ بگرین. حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕاپرسییه‌که‌ی باشوری کوردستاندا و ئه‌و ڕۆژه‌ی خه‌ڵک لێره‌ چووه‌‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، داوای له‌ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وانیش به‌ وه‌ڕێخستنی که‌رنه‌ڤاڵی شادی و خۆشی شوێنکاری خۆیان هه‌بێ له‌‌ پرسێکی سیاسیی گرینگدا که‌ پێوه‌ندیی به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌م حه‌ڕه‌که‌تانه‌ به‌شی هه‌موو لایه‌کی پێوه‌یه‌، به‌شی هێزه‌ سیاسییه‌کان و به‌تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستانیش، که‌واته‌ نه‌خش و ده‌وری حیزبه‌کان و چالاکانی مه‌ده‌نی و له‌سه‌ر هه‌ست بوونی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات هه‌مووی پێکه‌وه‌ ئاراسته‌ی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و خه‌باته‌ن. جه‌نابت ئه‌مه‌ به‌ کاری هاوبه‌شی چالاکانی نێوخۆ، خه‌ڵک به‌ گشتی و حیزبه‌کانی ده‌زانی. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ مودیریه‌ت و دوایه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ره‌نجامه‌کان، ئه‌وه‌ی که‌ بکڕێ ئیمتیازێک له‌ حاکمیه‌ت وه‌ربگیرێ یانی دواتر ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ی دیاری هه‌بێ، ئه‌وه‌ کێ ده‌یکا؟ ئه‌من پێموایه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی و بارودۆخی ئه‌منیه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وایکردوه‌ که‌ جیاکارییه‌کی به‌و شێوه‌یه‌ له‌ نێو حه‌ره‌که‌ت و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی ڕۆژهه‌ڵاتدا دابنێین، ده‌نا به‌ گشتی کار و تیكۆشانی هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌ڵسوورانی چالاکانی مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌واوکه‌ری یه‌کترین. چوون له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کاندا ئه‌وه‌ی ده‌کرێ به‌رجه‌سته‌کردنی داوا و مافه‌ سیاسی، مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌. سروشتییه‌ چه‌ندی هه‌ماهه‌نگیی نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ زیاتر و تۆکمه‌تر بێ، ئه‌وه‌نده‌ش ئاکام و ده‌سکه‌وته‌کان به‌رهه‌ستترن. کاک مسته‌فا جه‌نابت نه‌تشارده‌وه‌ که‌ پشکی شیره‌که‌ به‌‌ خه‌ڵک ده‌ده‌ی و ئه‌و چالاکانه‌ی که‌ له‌ نێوخۆن، به‌ڵام حیزب هه‌یه‌ هه‌مووی به‌ ئی خۆی ده‌زانێ و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ هه‌موو ئێمه‌ کردوومانه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ی جه‌نابت زۆر له‌گه‌ڵ بۆچوونی حیزبه‌کانی دیکه‌ نایاته‌وه. ئه‌من قسه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌که‌م. حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ مێژووی 72 ساڵ خه‌بات و به‌ پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌موو هێز و توانای له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌رگرتوه‌. ڕه‌نگبێ زۆر جار غیابی حیزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌ندێ پرسدا ده‌رکه‌وتبێ، به‌ڵام خه‌ڵکه‌که‌ قه‌ت له‌ حه‌ره‌که‌ت نه‌که‌وتووه‌ و هه‌موو ده‌رفه‌تێکی قۆستۆته‌وه‌ تا پیشانی بدا که‌ میلله‌تێکی زیندوو و له‌سه‌ر هه‌سته.‌ بۆیه‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان ناتوانێ و ناکرێ نه‌خشی خه‌ڵک نه‌بینێ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ به‌ غه‌در له مێژووی خۆی و غەدر لە ئامانجه‌کانی خۆی ده‌زانێ. لە هەموو مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ دژی کۆماری ئیسلامی خەڵکی کوردستان لە پشتی ئه‌و حیزبه‌ بوون، به‌ تایبه‌ت له‌ 10 ساڵی ڕابردوودا. بۆیه‌ حیزبی دیموکراتیش گرینگیی زۆر به‌ نه‌خش و ڕۆڵی خەڵک ده‌دا و هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کوردکاناڵ هەر حەرەکەتێکی مەدەنی و ئیعترازیی خەڵک به‌و شێوه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌کا، ئەوە دڵنیایی و قووەتی قەلبێکی زۆرتری داوە بە حەرەکەتەکە. کاک مستەفا ئاماژه‌ت بەتایبەتی به‌ ١٠ ساڵ ڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ١٠ ساڵەی ڕابردوودا زۆر باسی ئەوەی کردووە کە ئێمە دەبێ خه‌بات به‌ دژی کۆماری ئیسلامی به‌ جەماوەری بکه‌ین و زیاتر گرینگی به‌ چالاکییه‌کان له‌ نێوخۆی وڵاتدا بده‌ین. تا چەند لە کاری خۆتان ڕازین و پێتان وایە تا چەند ئه‌و جموجۆڵانه‌ مۆرکی حیزبی دێموکراتیان پێوەیە؟ جارێ با له‌ پێشدا زوڵم لە حیزبی دێموکرات و له‌ مێژووی ٧٢ ساڵەی نەکەین که‌ هەمیشە و به‌رده‌وام گرینگی و بایه‌خی بە حەرەکەت و چالاکی و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات داوە، بۆیه‌ ئەو ١٠ ساڵە زیاتر به‌رچاوه‌ چونکی له‌ جێدا سەردەمەکە و جۆری خەبات و تێکۆشانەکە گۆڕاوە. ئێستا دەرفەتەکە بۆ خەڵک لە زۆر بارەوە چاکتر ڕەخساوە و خەڵکیش باش و دروست ئیستفادەی لێ کردوە. یانی ئەگەر پێش 20_30 ساڵ لەوە پێش بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخ و هەلومەرجی حیزبه‌کان دەرفەتی خۆنواندنیان زۆرتر بوو و زیاتر دیار بوون؛ نەخشەکە زیاتر بە حیزبەکان ده‌درا و ئێستا وەزعەکە بە جۆرێکە خەڵک نه‌خش و ڕۆڵی زیاتر ده‌بینێ. ئێمه‌ ده‌بێ هه‌ر دوو به‌شه‌که‌ ببینین، هەم تێکۆشانی ڕه‌وته‌ سیاسییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و هەم چالاکی و بزووتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتیی خەڵک که‌ ئاماده‌ن تێچووی زۆر و قورسیشی بۆ بده‌ن. ‌کاک مسته‌فا باست له‌وه‌ کرد که‌ هه‌موان ده‌بێ پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین و مودیریه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بکه‌ین. با به‌ سه‌راحه‌ت بیڵێین هه‌ر ئه‌و ده‌ ساڵه‌ خه‌ڵک به‌رده‌وام داوایان له‌ حیزبه‌کان کردووه‌ یه‌کبگرن و یه‌کیش ناگرنه‌وه. به‌و دۆخه‌ چۆن مودیرییه‌تی ئه‌م جموجۆڵانه‌ ده‌کرێ؟ ئه‌و به‌شه‌ له‌ گله‌یی خه‌ڵک که‌ بۆ حیزبه‌کانیان له‌ت بوون و دابه‌ش بوون ڕه‌وایه‌ و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیش حه‌قه‌ ئه‌و گله‌ییه‌ی خه‌ڵک به‌ هێند بگرن و له‌ پڕۆسه‌ی بردنه‌پێشێی کاری خۆیاندا گرینگی و بایه‌خی پێبده‌ن. با له‌و پێوه‌ندییه‌دا قسه‌یه‌ک بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بکه‌ین. حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ هه‌ردووک حاڵه‌تدا باش جووڵاوەتەوە، یەکەم ئەوەی لە دە ساڵی ڕابردوو بە تایبەت پێنج ساڵی ڕابردوودا شێلگیرانە هەوڵی داوە بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات بکەوێتەوە سەر یەک. پڕۆژەمان بووە و مایەشمان لە خۆمان داناوە. دیارە ڕاستە کە هەوڵەکان هێشتا بە ئاکام نەگەیشتوون، بەڵام هەنگاوی باشمان بەرەو پێش ناوە. لە بوارەکەی دیکەشدا، واتە لە ئاستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا لەگەڵ حیزبەکان یەک و دوو، یان بە تێکڕاش هاوکاریی مەوریدیمان بووە کە یارمەتیی کردوە بە پڕۆسەکە، بەڵام پێویستە بیبەینە مەیدانێکی بەربڵاوتر و کاراترەوە. بەڕێز کاک مستەفا بەڵام هەموو لایەنەکان هەر ئەو قسەیە دەکەن و باس لەو زەروورەتە دەکەن، ئەدی کەی ئەوە وەدی دێ؟ هەر ئەوەی کە هەموومان بە بایەخەوە باسی دەکەین و لامان گرینگە، ئەوە خاڵێکی موسبەتە، بەڵام ئه‌من پێمخۆشه‌ ئەوەش بڵێم کە هێندێک له‌ حیزبه‌کان هێندێ مەرج و ئەگەریان هەیە کە گونجاو نین و لە جێی خۆیاندا نین. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو مەرجانەی نین، هەر بۆیە هەنگاوێک لە حیزبەکانی دیکەی لەپێشتر دەزانم. هەر ئەوەی کە ئەو کێشانەی نێوان حیزبەکان بنەبڕ نابن، بۆ ئەو شەرت و شرووتە بێ جێیە دەگەڕێتەوە کە لە نەزەر منەوە بە قازانجی ئەو حیزبانەش نییە و لە تەواوەتیی خۆیدا بە زیانی هەموو لایەکمانە. بەڵام بەو حاڵەش من ناهۆمێد نیم. دەکرێ بفەرمووی ئه‌و شه‌رت و شروته‌ چین‌ که‌ باست کرد؟ مەسەلەن حیزبێک پێیوایه‌ مه‌سه‌له‌ن فڵان حیزب نابێ ئه‌و ناوه‌ی له‌سه‌ر بێ که‌ ئه‌و ناوه‌ به‌ جۆرێک وێکچوویی له‌گەڵ ناوی ئه‌و هه‌یه‌، له‌ حاڵیکدا ئه‌گه‌ر بێین مه‌نتیقی قانوونی چاو لێ بکەین ناوه‌کان ئه‌وه‌نده‌ جیاوازیی دیار و قانوونییان هه‌یه‌ که‌ نه‌توانی كۆسپ بێ. ئەوە نموونەیەکە... بمبووره‌ دێمە نێو قسەکەت، ئه‌وه‌ بۆ ناوە و لە نێوان دوو حیزب دایە. بەڵام مەسەلەن حیزب هه‌یه‌ ڕوانگه‌یه‌کی ئیدۆلۆژییانه‌ی بۆ پرسە سیاسییەکان هه‌یه و پێی وایه‌‌ فڵانه‌ حیزب که‌ مه‌سه‌له‌ن ڕوانگه‌یه‌کی ئیسلامیی هه‌یه‌ نابێ له‌گەڵ ئەو دانیشێ. ئەو کۆبوونەوانەی لەو ماوەیەدا بوومانە مەگەر لە حاڵەتێکدا دەنا کەمتر سێبەری ئیدۆلۆژیی حیزبەکانی بەسەرەوە بووە، ئەوەی زیاتر کۆسپ بووە هاوکارینەکردنی ئەو حیزبانە لەگەڵ یەکترییە کە پێشتر یەک بوون و دوایە لەت بوون. بۆ نموونە لە نێو ئەو حیزبانەی کە پێکەوە کار دەکەین سازمانی خەبات هەیە کە لە ڕابردوودا باکگراندی ڕەوتێکی ئیسلامیی هەبوو، بەڵام دەبینین لە کار و بەرنامەدا نەتەوەیی دەجووڵێتەوە. دیسان خۆ ئەگەر هەموو حیزبەکان لە باری ئامانج و فیکر و ڕێبازەوە هەموو شتێکیان یەک بێ، ئەوە دەبێ بە یەک حیزب. بۆیە من پێم وایە قەت نابێ ئەوە ببێتە کۆسپ، خۆ ئەگەر کۆسپیش بێ هەر حیزبە و بە ئەزموونێکی زۆری سیاسی ئەگەر نەتوانین بەسەریدا زاڵ ببین؛ ئەدی چۆن دەتوانین پڕۆسەیەکی قورسی خەباتی سیاسی بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەمان ڕێبەری بکەین و بیبەینە پێشێ؟ کاک مسته‌فا دەمەوێ شتێکی دیکه‌ باس بکەم، ئەوەی کە پرسیار یا ڕه‌خنه‌ و گله‌یی خه‌ڵک یان چاوه‌دێرانی سیاسی و به‌ تایبه‌تی خەمخۆرەکانی حیزبی دێموکرتە. ئەوەی کە دەڵێن ساڵانێکە هەوڵ دەدرێ لە غرووری خەڵکی ڕۆژهەڵات دەدرێ. ئەوەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێنە پەراوێزەوە. با ڕێوڕەسمی ناشتنی بەڕێز مام جەلال وەک دوانموونە بێنمەوە، وانییە؟ ئێمه‌ وه‌کوو حیزبێکی سیاسیی واقعبین دەرکی هێندێک بابەت و واقعییەتەکان دەکەین. ڕاستییه‌که‌ی وایە کە ئێمە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر مولاحیزاتێکی سیاسی کە حیزبەکانی باشوور هەیانە لەگەڵ ئێران، زۆریان ڕیعایەت دەکەین کە شەرت نییە وابێ و زۆریش دروست نییە وابێ. لام وایە جێگە و پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەو شوێنانە تا ئەو جێیەی کە زیان بە پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دراوسێکەی نەگەیەنێ، دەبێ دیار و بەبایەخ بێ. دیارە ئەو لەتبوونانەی ساڵانی ڕابردووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش کاریگەریی سلبیی خۆی بووە. کەواتە ئەگەر لەلایەک هۆی سەرەکیی ئەو بابەتە ملاحیزەی زیادە لە حەد و پێویستی هەرێمی کوردستانە، لایەکی دیکەشی بۆ ناتەبایی و پڕش و بڵاوی خۆمان دەگەڕێتەوە. باشە خەڵک ئەو کەمایسیە دەبینێ، باشتر نییە ئێوە گرینگیی زیاتر بدەن بەو بەشە؟ ئێمە لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ یەکتریشدا ئەو باسانە دەکەین و ڕەخنە لە خۆمان دەگرین. وردەکێشەکانی نێوانمان بەداخەوە تا ئێستاش ڕێگر بووە لەوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشمان هەبێ و زمانحاڵێکی هاوبەش و یەکگرتوومان هەبێ بۆ ناساندنی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەتا نەگەینە ئەو ئەنجامەش هەر لایەنە و بە جیا کاری خۆی دەکا و بە لایەکدا دەڕوا، بەڵام ئەگەر بگەینە ئەوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشمان هەبێ و لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا بین، ئەوکات ئەم خوێندنەوانە جۆرێکیتر دەبن. هەڵبەت سیاسەتی پەراوێزخستنی ڕۆژهەڵات ناگاتە هیچ کوێ. هەر لە جەنگەی پێشوازی لە ڕیفراندۆمەکەی باشوور دیمان کە بە سەدان هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دا «قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە». ئەوە لە جێی خۆی، بەڵام پێت وانییە کە ئەگەر ئەو کەلەبەرەی نێوان حیزبەکان زیاتر بێ مەجال بۆ دەستێوەردان و تەماح بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دیکەوە دروست دەبێ؟ پێت وانییە دەبێ جارێکی دیکەش دەست بە دانیشتنەکانتان بکەنەوە؟ لام وایە ملاحیزاتی سیاسیی ناوچە پێمان دەڵێ هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەموو بەشەکان بە دەستێوەردانی نامەسئولانە وانەکەن زیان بە بزووتنەوەی سیاسیی بەشەکەی دیکە بگەیەنن. جیا لەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ خاوەن و بێ مێژوو و بێ کەسایەتیی خۆی نییە تا ئەگەر لایەنێکی سیاسیی دەرەکی نیازی ئەوەی هەبێ بە ئاسانی بتوانێ خۆی تاقی بکاتەوە. دیارە دەبێ بۆ خۆشمان ئاگامان لەوە بێ و بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌ڵگرتنی ئه‌و مێژوو و ئیعتبار و که‌سایه‌تییه‌ بین، هیچ کاممان به‌ ته‌نیا ناتوانین مه‌یداندا‌ری بکەین، کەواتە دەبێ به‌ هه‌موومان کاره‌که‌ بکه‌ین. دیارە باسمان کرد کە دانیشتنو گەیشتن بە ئاکامێکی دڵخواز وه‌زیفه‌یەکی سیاسییە له‌پێش ده‌می حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه‌ و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش که‌متر له‌ هیچیان بۆ ئه‌و مەبەستە‌ ماندوو نه‌بووه. هەڵبەت دیسان دەڵێم کە دەبێ بە سەر کۆسپەکانی بەردەمماندا زاڵ بین. کاک مستەفا جەنابت وەک کەسی یەکەمی حیزبی دێموکرات لەو قۆناعەی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بە خەڵک دەڵێی کە خۆت فەرمووت بە پێشەنگیان دەزانی. چی بەو حیزبانە دەڵێی کە ڕەخنەت لێ گرتن و چاوەڕوانیت لێیان هەبوو؟ ئەگەرچی ئەوەی دەیڵێم چەند پاتەیە، بەڵام دیسانەکەش سپاسی خەڵکی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، بە تایبەت پێشەنگەکانی خەباتی جەماوەری و مەدەنی. حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرمایەی مەعنەویی ئەو خەڵکەیە و میللەتیش بە سەخاوەتەوە ڕۆڵەکانی بەو حیزبە بەخشیوە. بزووتنەوەی سیاسی و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئۆمێد و پشتبەستن بە خەڵکی خۆی دەستی پێ کردوە و جێێ خۆشحاڵییە کە دەبینین خەڵکیش قەت حیزبەکەی بێ هیوا نەکردوە و سەنگەرەکانی حیزبی دێموکرات لە هیچ ئاستێکدا و قەت لە کوڕان و کچانی وڵات خاڵی نەبووە و ئەوە جێگای قەدرە. دوایە پێویستە بڵێم ئەو تێکۆشانە مەدەنی و کلتووری و فەرهەنگییەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە، لە بەتنی خۆیدا سیاسییه و رەهەندێکی دیکەی خەباتە و خەڵکی ئێمە چاکی دەست پێ کردووە. هیوادارم بە وردبینیی زیاتر و بە مودیرییەتی باشتر و ئازایەتیی و بوێریی پترەوە درێژەی هەبێ و لەو ئیدامەدانە دەتوانێ بزووتنەوەی سیاسیی ئێمە زۆر بەرێتە پێشێ. نەخش و جێگەی حیزبەکانیش لەو جموجۆڵانەدا دیارن و حیزبەکان لەسەریانە کە یارمەتیدەری ئەو بزووتنەوانە بن بۆ ئەوەی لە فۆڕم و هەروەها ئامانجدا کارەکانی بەباشی بباتە پێشێ. خەڵک نابێ ماندوو بێ لەو ڕەوتەی دەستی پێ کردوە و یەکیەتی و کاری بە کردەوەی حیزبەکانیش یارمەتی دەدا دەسکەوتەکان زیاتر بن. ئەوە ڕوو بە خەڵک بوو، با پرسیارەکەم تیکراری بێ، بەڵام ئەدی ڕوو بە حیزبەکان؟ وەک باسمان کرد ئێمە ساڵێک پێش ئێستا ڕاستەوخۆ سەردانی هەموو ئەو حیزبانەمان کردووە کە لامان وایە بەیەکەوە دەتوانین پڕۆسەیەک بەرینە پێشێ و داوامان لێ کردوون با بێین لە دەوری پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ کار و هاوکاریی هەمەلایەنە لە ئەموو ئاستەکاندا کۆ بینەوە، چ لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا واقعی حاڵ وایە و ئێمە مەرکەزیەتەکەمان لە هەرێمی کوردستانە، چ بۆ کۆمەک کردن و هیدایەتکردنی بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی ببین بە زمانحاڵی میللەتەکەمان لە تاراوگە و لە هەموو زەرفییەتەکان بۆ بردنە پێشێی پرسی کورد کەلک وەرگرین. بۆیە داوایان لێدەکەم ئەو شتە ورد و چووکانە کە لە خۆڕا وەختی خۆمانی پێوە دەگرین و خۆمانی پێوە ماندوو دەکەین و تەنانەت دەبێ لەوە نیگەران بین کە نائومێدیشی پێ دروست دەکەین، با لەوانە واز بێنین. لە سبەینێ زووتر نییە. با لە دەوری یەک کۆبینەوە و ئەمن پێم وایە هەموومان ئەو ئیستعدادەمان تێدا درووست بووە و هەموومان ئەو نیازە دەرک دەکەین کە بە یەکەوە دەتوانین کاری گەورە بکەین. ئەوە ڕاستییەکە کە هیچ کاممان بە تەنیا ناتوانین ئەو نەخشەمان هەبێ کە خۆمان ئارەزووی دەکەین، کەوایە دەبێ بێینە سەر واقعییەتەکان و دەبێ بە یەکەوە کار بکەین. بۆ ئەوەش ئێمە ئامادەین و درێژە بە هەوڵەکانیشمان دەدەین و هیوادارم هاوڕێیانمان لە حیزبەکانی دیکەش هەر بەو نەفەسە و هەر بەو ئیحساسی مەسئولییەتەوە بێینە پێشێ، بەڵکوو بتوانین لانیکەم هەر ئەمساڵ ئاکامی باشی لێ وەرگرین. زۆر سپاس کاک مستەفا بۆ ئەوەی کاتت بۆ ئەم دیمانەیە دانا. سپاس بۆ ئێوەش. ( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)