کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی نویی ئەمریکا و کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی

15:40 - 2 خەزەڵوەر 2717

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی سەددام حوسێن لە ٢٠٠٣ و پاشان لە پاش بەناو بەهاری عەڕەبی و لێکەوتە خوێناوییەکانی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خەریکی پەل هاویشتن لە عێراق و سووریە و یەمەن و لوبنان بووە و، بوونی ئەو ڕێژیمە لەو وڵاتانە و ڕۆڵی سەرەکی لە قەیرانەکان حاشاهەڵنەگرە. دیارە کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لەو وڵاتانە لە هەموو ئامرازە سیاسیی و ئابووریی و سەربازییەکان کەڵک وەردەگرێ. لەو بەینەدا ئەوەی زۆر ڕوون و ئاشکرایە، ڕۆڵی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە کە بە ئاشکرا لە کێشە و شەڕەکان‌دا بوونی هەیە و توانیویەتی پارسەنگی هێزەکان بە لای کۆماری ئیسلامی و دۆستەکانی‌دا بشکێنێتەوە. کێ هەیە نەزانێ سەرەڕای ئەو هەزینە و تێچوویە ماددی و مرۆییە مەزنەی کە ئەمریکا بۆ ڕووخانی ڕێژیمی سەددام حوسێن لە عێڕاق‌دا لە کیسی چوو، ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە بەرهەمەکەی خوراد و ئێستاش دەیچنێتەوە. زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریکایی لە عێراق‌دا و لە جەنگەی شەڕی دژە تێروڕ، بە دژی دەستەو تاقمە تێرۆریستییەکان کە بە ئاشکرا لەلایەن سپای پاسدارانەوە پڕچەک دەکران و بە تەقەمەنی ئێرانی تەیار کرابوون لە کردەوە تێرۆریستییەکان‌دا کوژران. ئەوە جگە لەوەیە کە ئەمریکا بە دەیان میلیارد دۆڵاری بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەری ئەرتەش و سپای ئەو وڵاتە بە چەکە هەرە پێشکەوتووکان تەرخان کرد. بەڵام هەروەک دیتمان ئەو چەک و چۆڵە پێشکەوتووانە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران و دەستەو تاقمەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن سەردار قاسمی سولەیمانی و فەرماندەکانی دیکەی هێزی قودسی سپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەکران، لە دژی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان بەکار هێندران. بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەیان کەڕەت بە بەڵگەوە باسیان لە بوونی بەهێزی سپای پاسداران لە بەرەکانی شەڕ بە دژی پێشمەرگە و لە ڕیزی حەشدی شەعبی و سپای ئەو وڵاتە کردووە. لە سووریەش ئەوە بۆ زیاتر لە شەش ساڵ دەچێ، دەیان هەزار لە هێزە جۆربەجۆرەکانی سپای پاسداران و لەو کۆتاییانەش تیپە کۆماندۆ کڵاو کەسکەکانی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە لە سووریە خەریکی شەڕن و توانیویانە بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات‌دا ڕاگرن. جگە لەوەش بەناو "پارێزەرانی حەڕەم" هەزاران لاوی شێعەی ئەفغان و پاکستانیان لە لەشکرەکانی بەناو زێنەبیوون و فاتمیوون دا سازمان داوە و بەرەو بەرەکانی شەڕ لە وڵاتی کاولکراوی سووریەیان ناردووە. هەرچەند لەسەرەتا دا کۆماری ئیسلامی حاشای لە ڕۆڵی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە دەکرد، بەڵام کوژرانی هەزاران کەس لە پاسدارەکان کە لە نێویان‌دا فەرماندەی پلە بەرزیشیان تێدایە، رێی لە هەر چەشنە حاشا و درۆی ئەو ڕێژیمە گرتووە و ئیدی ناتوانێ بیشارێتەوە کە چ ڕۆڵێکی لە شەڕێکی ماڵوێرانکەردا هەبووە کە زیاتر لە یەک میلیۆن کوژراو و بریندار و ئاوارە بوونی نیوەی حەشیمەتی سوورییەی لێکەوتۆتەوە. لە وڵاتی شەڕلێدراوی یەمەن و لوبنان و ئەفغانستان و کێشمەکێشی وڵاتانی کەنداو و تەنانەت لە وڵاتانی باکووری ئافریقاش شوێن پێی سپای پاسداران دیارە و کۆماری ئیسلامی وەک "ناسۆرێکی بەدخیم" خەریکی ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردان و هەناردەکردنی دەرەوەی بەناو "شۆرشی ئیسلام"یە. هەر ئەوەندە کە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن دۆڵار یارمەتی حیزبوڵلای لوبنان دەدا، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو ڕێژیمە حازرە چ سەرمایە و تێچوویەک بۆ دابین کردنی دەستەو تاقمە تێرۆریستییەکان خەرج بکات. ئەو سیاسەت و کردەوانە، ئەگەر هەتا ئەو ماوەیە لەلایەن ئامریکا و وڵاتانی دەرەوە چاوپۆشیی لێدەکرا، لەدوای قسەکانی سەرۆک‌کۆماری ئامریکا و لە ٢١ ڕەزبەری ڕابردوو و  دارشتنەوەی سیاسەتی درێژخایەنی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا ئیدی جێی قەبووڵ کردن نییە و ئامریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی پەلهاویشتنی لێ قەبووڵ ناکات. هەر لەو سۆنگەیەوە ئامریکا وەزاڕەتی خەزێنەداری ئەو وڵاتای ڕاسپاردووە سزای تووند بخاتە سەر سپای پاسداران و هەموو ئەو کەس و کۆمپانی و شیرکەتانەی تەڕەفی سات و سەودای سپای پاسدارانن، گەمارۆی ئابووری بدات. جگە لەوەش ئامریکا ڕایگەیاندووە تاقی کردنەوە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە، لەژێر پێنانی ڕێککەوتنی ناوکی بەرجامە و جێی قەبوول کردن نییە؛ هەر بۆیەش سزای دیکەوی بەسەر کۆماری ئیسلامی داسەپاندووە و چاوەڕوان دەکرێ لەئەگەری درێژە کێشانی بەرنامە مووشەکییەکانی سپای پاسداران، هەڵوێستی ئامریکا توندتر بێ. دیارە هەر وەک چاوەڕوان دەکرا کۆماری ئیسلامی ئێران لە زمان خامنەیی و سپای پاسداران و حەسەنی ڕووحانی و باقی دەمڕاستەکانی بە زمانێکی ناشیاو و بەدوور لە عورفی دیپلپماتیک، ڕایانگەیاندووە کە لەلایەک درێژە بە نفووز و پەرەسەندنی خۆیان لە وڵاتانی ناوچە دەدەن و لە لایەکی دیکەش لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانیان‌دا بەردەوام دەبن. ئەوەش کێشەی ئەو ڕێژیمە و ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە لایەک قووڵتر کردووەتەوە و لەلایەکی دیکەش بە سەردانی ڕێکس تیلەرسۆن بۆ وڵاتانی ناوچە چاوەڕوان دەکرێ بەرەی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی هەنگاوی بەکردەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی لەداهاتوودا هەڵێننەوە. ئەوەی دیارە داهاتووی ناوچەکە ناڕوونە و هەتا چارەسەری کێشەکان؛ بە بوونی کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و کردەوە ئاژاوە گێرانەکانی، پێشبینی سەقامگیری سیاسی ناکرێ.