کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئەگەری سەرکەوتنی عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو‌دا

14:32 - 14 خەزەڵوەر 2717

زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی ناوچەکە بە جۆرێک بارودۆخی ئێستای عێراق و گەمە سیاسییەکانی نێو ئەم وڵاتە دەبەستنەوە بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق. یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە کە گوایا ئامریکاییەکان کار بۆ سەرخستنەوەی حەیدەر عەبادی دەکەن. ناوبراویش کە هەر دوای هاتنە سەر کاری وەک سەرۆک‌وەزیرانی وڵات، شەری داعشی بەسەردا هات، کارنامەیەکی باشی لە خۆی نیشان نەدا و ئەرتەشەکەی بێ‌بەربەرەکانێ، زۆرێک لە شار و ناوچەکانی عێڕاقی بۆ نموونە شارێکی وەک موسڵی تەسلیم بە داعش کرد، بۆیە عەبادی لەوپەڕی لاوازی خۆی‌دا بوو کە مەوقعییەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تەواو لە ژێر پرسیار و مەترسی‌دا بوو. لە نێو پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق‌دا تەیرێکی مەعقولتر لە عەبادی بە نیسبەت ئامریکاوە بەدی ناکرێ. ئەوەندەی پێوەندی بە سوونییەکانەوە هەیە، ئامریکا بە وڵاتێکی داگیرکەری وڵاتەکەیان دەزانن و لە نێو تەیاری شیعەیش‌دا بەرەی مالكی و سەدر و ئەوانەیش تا ڕادەیەک ئیمتحانی خۆیان دابوو. بۆیە ئامریکاییەکان بە ناچار پێویست بوو دیسان کار لە سەر سەرخستنی عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو‌دا بکەن. سەرخستنی عەبادیش بێ‌گوومان بە بێ پشتیوانی ئێران و شیعەکانی وڵاتی خۆی تا ڕادەیەک ئیمکانی نیە. بۆ ئەم پشتیوانیەی ئێران و هاندانی شیعەکان لە داهاتوودا بۆ دەنگدان بە عەبادی، پێش هەموو شتێک پێویستی بە دانی پوان و ئیمتیاز بە ئێران بوو. بۆیە بە بۆچوونی هێندێک لە چاودێرانی سیاسی هەم ئامریکاو هەمیش عەبادی ناچار بە چاپۆشی کردن لە پێشڕەوییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نێو خاکی عێراق کرا. هەرچەند بە پێی ئێعترافی زۆرێک لە نزیکانی عەبادی، ناوبراو لە سەرەتادا زۆر رازی بە درووسبوونی حەشدی شەعبی نەبوو، بەڵام بۆ ڕاکێشانی زۆرێک لە تایفەکانی شیعەو بەتایبەت ئێران لە کۆتایی‌دا کاری بۆ دەنگهێنانەوەی ئەم پرۆژەیە لە پارلمانی وڵاتەکەی‌دا کرد. حەیدەر عەبادی کە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی لە لایەن داعشەوە وێران ببوو، خەڵکەکەی ئاوارەو دەربەدەر بببوون، پێویستی بە هەستانەوەیەکی نەتەوەیی هەبوو، بۆیە دوای کۆتایی هێنان بە شەڕی داعش بە هاوکاریی پێشمەرگەو هاوپەیمانان و گرتنەوەی ئەم شار و ناوچانەی لە لایەن داعشەوە داگیر و وێران کرابوون، پێی وابوو بە هێرش کردنە سەر کوردستان دەتوانێ بەشێک لە حەیسییەتی لە دەستچووەی خۆی بگێڕێتەوەو سەرنجی خەڵکی وڵاتەکەی بەتایبەت شیعەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ. لەم پێوەندییەدا ئێران بە پشتیوانی کردن لە حەشدی شەعبی و هیدایەتکردنی لە رووی سەربازی و لوجستیکییەوە بە هانای عەبادییەوە هات و توانی لە بەشێک لە شارو ناوچەکانی کوردستان، ئاڵای کوردستان بێنێتە خوارێ و بەم شێوە ئێحساساتی عەرەبی شیعە بۆلای خۆی رابکێشێ. خودی بێ‌دەنگبوونی ئامریکاییەکانیش لەم پێوەندییەدا ڕاست دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشتیوانییەی کە ویستیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لە عەبادی بکەن. لە هاتنە سەرکاری عەبادی لە رابردوودا، کوردەکان دەنگیان بە عەبادی‌دا. بەڵام بێگومان ئەمجارەیان عەبادی دەنگی کوردەکانی نابێ، هەر بۆیە ئامریکاییەکان خەریکن کار لە سەر کۆتلە سوونییەکان دەکەن و، بۆ ئەم مەبەستەیش وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ماوەی ڕابردوودا دەستی عەبادی گرت و پێکەوە سەردانێکی عەرەبستانی سعوودییان کرد. سعوودییە دەتوانێ لە هاندانی کوتلە سونییەکانی عێراق‌دا بۆ پشتیوانیکردن لە عەبادی رۆڵ بگێڕێ. لە لایەکی دیکەیشەوە دەوڵەتی تورکیە کە ئێستا پێوەندییەکی باشی لە گەڵ عەبادی هەیەو پرۆژەی دژایەتی کوردیان پێکەوە ئەزموون کردوە، بێگومان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەم لە هاندانی سونییەکان و هەم لە هاندانی تورکمەنەکان بۆ دەنگدان بە عەبادی، رۆڵی کاریگەری خۆی دەگێڕێ. کەوابوو سێ لایەن لە پشتیوانانی عەبادی، واتە ئامریکاییەکان، عەرەبستانی سعوودی و تورکیە و بە خودی عەبادیشەوە زۆر بە حزووری ئێران لە عێراق و ناوچەکە دڵخۆش نین. بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دوای سەرکەوتنی عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئێران هەروا بە ئاسانی بۆی ناچێتە سەر و ئەو کاتەیە کە گەلەکۆمەکییەکی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئێران ئەنجام دەدرێ. بۆیە ئەوەی ئێستا لە مەیدانداریی ئێران لە ناوچەکەو عێراق‌دا دەیبینین تا دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کارێکی ئەوتۆی لە گەڵ ناکرێ. بەڵام هەوڵی پاشەکشەکردن بە ئێران و کورتکردنەوەی دەستی لەم وڵاتە دوای هەڵبژێرانەوەی عەبادی بە سەرۆک‌وەزیران، بە هاوکاریی هەر سێ وڵاتی ئامریکا، عەرەبستانی سعوودی و تورکیە دەست پێ دەکات.