کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێڵاوەکانم پیاون

15:39 - 16 خەزەڵوەر 2717

لە نێو پەرداخەکەمدا، بۆرانێک دەستیپێ کردوە. زرێبار لە ڕووبەڕوومەوە شکاوە و چەند درزێکی تێ کەوتووە. چەند شەپۆلێکیش کەوتووەتە تەوێڵم و گەر دڵۆپێک لە مانگیش بتکێتە چاوەکانم، ڕووناکی قەت وسە ناکا.

جانتاکەم پڕە لە شەو. نیگاکانی تۆ لە هیچ جانتایەکدا جێگەی نابێتەوە. لەمبەری هەڵمەتیش، خۆرهەڵات لە بەندە. پێڵاوەکانم لەگەڵمدا نایەن. وابزانم هاوڕێبواریی ئادیداسیان هەڵبژاردووە...

لەگەڵیدا دەدوێم: بهێڵە دووبارە لە دڵتدا لەدایک ببمەوە. دەستێک بهێنە بە دەنگە ماندووەکەمدا و نیگارەکانم بهێنەوە یاد، کە بە هەڵمی هەناسەکانم لەسەر شووشەکان خستوومەتە قاپ.

لەگەڵیدا دەژیم، وێنەکانت دەڵێم. لە «مێمۆری»یەکدا هەڵمگرتووە و کردوومەتە ملم؛ تاکوو لە هەر بێوارەڕێگەیەکدا ون بووم، بزانن ئەم جەستە شیتاڵبووە خەڵکی کام مەڵبەند بووە.

لێم زیزن: نانی کۆڵبەندەکەم دەڵێم. برسییەتی. ئاوی مەتارەکەم دەڵێم. تینوویەتی. چۆن برسییەتیم تێر بکەن و تینوویەتیم بشکێنن؟ قەرزباری نانەڕەقەکەی دەستی تۆم و ئەو کانییانەی قومێکیان پێ بەخشیوم، تاکوو کەلەپچەیان بکەمەوە...

پێڵاوەکانم نایانەوێ بڕۆن! لەوەتی بیستوویانە زەریا شەرم لە گەورەییت دەکا و چیدی «ئێوێرێست»یش ڕاناگەیەنێ کە بەرزتر لەو لووتکەیەک نییە. بیستوویەتی لە «میسر»یشەوە هێرەمەکان هاتوونەتە سەر چنگ و گوتوویانە: سەرسووڕهێنەرتر لە ئێمە، حەماسەکانی چیاکانی کوردستانە.

پێڵاوەکانم نایانەوێ بڕۆن! چونکه دەزانن جامانە بەخەبەرە و پووزەوانە و کۆڵبەندیش گوڕمیچە؛ چونکە دەزانن شاخ و شار ڕاست وەستاون و هەرێمی سەنگەر بوژاوەتەوە.

بۆیە منیش قەت پێڵاوەکانم بەجێ ناهێڵم و پێپەتی و بە جانتای پڕ لە شەو، ڕێگای بێ ئەوی ناگرمە پێش. پێڵاوەکانم پیاون، پیاوتر لەوەی تەنیا و تەنیا پیاسە بکەن...

 ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)