کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (خەوێکی هەتاهەتایی)

15:50 - 16 خەزەڵوەر 2717

پاییزێکی ز‌وو دەستی پێکردبوو، دارەکان دەریان بەردابۆوە و لارەمل و بێ خەزەڵ لە ژێر زەختی ڕەشەبای پاییز‌دا بە هاش ‌و هوش دەیان ناڵاند، دەتگوت بۆ لەسێدارەدان چاوەرێن‌ و بۆ دەرباز بوون ڕادەپسێن. باڵندەکانی نێو ئاوایی تەڕ و سیس، پۆل پۆل لێک هاڵابوون، لەهەر کەلێن‌ و قوژبنێک چەند دانەیەکیان پێکەوە سەریان بەیەکەوە نابوو، بەبێ شوێنی حاوانەوە داخوا کەی چنگی ڕەشی باشووی مەرگ سینگی یەکیان هەڵدرێ. خەفەتی پاییزی سارد لە سەر دڵی خەماوی خەڵک قورسایی کردبوو، خەلکیک کە بە هەموو ناخۆشی‌ و دەرد و رەنجی کۆیلەتی لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران ‌و کەوتنە بەر گرمەی تۆپ ‌و ئاور و ئاسنی کوردکوژان ‌و لەژێر قورسایی ئەو زوڵمە زۆرە لە مێژە لە وەرزیکی پاییز‌دا دەژین کە نە ژیانێکی سەرەتایی ئینسانی، بەڵکوو لە کوشتن‌ و بڕین ڕا بگرە هەتا  مووشەک‌ و فرۆکەکانی وێرانکەر و بارینی هەموو جۆرە گوللەیەک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر کوردی زۆڵملێکراودا دەباری، بۆیە ڕۆژی ژیانی بەئاسوودەیی لە ژێر پەڵەهەوری ڕەشی دیکتاتۆڕیدا شاردراوەتەوە و تۆزی مەرگ لەجەمارانەوە بەسەر خەڵكی کورددا دەپڕژێ. لەو پاییزە‌دا باران دەباری، بارانێکی بە خوڕ. لەگەڵ لە کەمیدانی باران جموجۆڵ لە کوچەکۆڵان و نێو ئاواییدا دەستی پێ کردەوە. زرمەزرمی منداڵان ‌و غارغارێنیان لەو ماڵ بۆ ئەوماڵ و نەرمە بارانی ئێسک سووک تۆزی خەمیان لە گوندەکە دەشۆردەوە. لەو دەم و ساتەدا پێشمەرگە هاتنە نێو ئاوایی، هەموویان دەتگوت لە چۆمییان داوە، خوساو لەبەر باران و دڵی پڕ لە ئەوین‌ و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئێستاش کە خۆیان خستبووە باوەشی خەڵکەکەیان. بە هاتنی پێشمەرگەکان دڵی سیسی خەڵکی گەشابۆوە، خەلك باوەشیان بە رۆڵەکانیاندا دەکرد و بزەی شادی کەوتبووە سەر لێو هەمووان. ماوەیەکی زۆر بوو پیشمەرگە ڕووی نەکردبووە ئەو ناوچە و بەتایبەت لەو گوندە وەژوور نەکەوتبوون، بۆیە ئەو پاییزە بۆ ئەوان بوو بە بەهارێکی سەرسەوز و خەڵک هەستی بەدەسەڵات کرد کە ئەگەر ماوەیەکی کەمیش بێ سەربەخۆیە و بۆخۆی بڕیار بۆ خۆی دەدا. پێشمەرگە بە سەر ماڵاندا بەش بەش ببوون و لە هەموو شوێنێک تریقەی پێکەنین و شادی و خۆشی بوو. ژیانیک، ڕووناکاییەک، دەسەڵاتێکی خۆیی، ژیانێکی بەسەربەستی ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێ سیبەری خستە سەر ئاوایی کە دروونیان دەکوڵی. هاتووچۆی خەڵک لەنێو ئاوایی گەرم بوو، هەموو دەم بەبزە و پێکەنین تەنانەت هەواڵی هاتنی پێشمەرگە بۆ ئەو گوندە گەیشتە چەند گوندی دەورووبەریش. پێشمەرگە هەر تیمە پێوشوێنی ئەرکی پێسێردراوی کەوت و، پاش راپەڕاندنی هەموو ئەرکێکی حیزبی کە بە تیمەکان سپێردرابوون، لە شوێنی لە پێشدا دیاریکراو کۆ بوونەوە و لە لایەن بەرپرسانەوە بەرەوشوێنی کاری سبەی دەستبەکار بوون. لە ئاوایی گامێشگۆلێ کە لە نزیک شاری میاندواو هەڵکەوتوە، پێشمەرگە لە نێو دوعای بەخێر و نزای خەڵکیدا و لە تاریکەشەوی ئەنگوستەچاودا لە ئاوایی وەدەرکەوتن. دەرەنگانی شەو بوو. هەور بە ئاسمانەوە نەمابوو، کاتژمێر یەکی نیوەشەو لەسەر جادەی بۆکان_ میاندواو ئەو دەستە پێشمەرگەیە کە پێکهاتبوو لە ٢٢ کەس ملی جادەیان گرتبوو و بەرەو گوندی حاجیابادی «ئەحمەدی‌کۆر» هەنگاویان دەنا. پێشمەرگەکان کە لە قووڵاییترین ناوچەی کوردستان و لەنێو خەلکێكدا بوون کە بەو بایەوە دەژیان لەلای پێشمەرگەوە دەهات، بۆیە پێشمەرگەکانیش شاییان لە دڵ دەگەڕا کە ئەو خەڵکە چۆن پیشوازییان لێ دەکەن و لە فیکری ئەوەدا بوون کە لە نێو کۆڕی گەرمی ئەواندا بڵێن چی و باسی چییان بۆ بکەن. کاتژمیری ٣ی شەوی ١٣ی رەزبەری ساڵی ١٣٦٥ بوو. بەرپرسانی ئەو دەستە پێشمەرگە خەریکی تاوتوێی ئەوە بوون کە لە کوێ پشوو بدەن و بگیرسێنەوە. دواجار بڕیاریان لە شوێنێکدا دا کە ئەو شوێنە لە نێو ٥ پایەگای دوژمن و ٥٠٠ میتریی جادەی بۆکان_میاندواو هەڵکەوتبوو. وەک هەموو ڕۆژەکانی دیکە کاری نیگابانیی شەو ڕاپەڕی و پێشمەرگە کیسەخەویان لی بڵاو کردەوە و تا نیزیک نیوەڕۆی سبەی ڕۆژ، کەوتنە خەوێکی ٧ شەو و ڕۆژی. ئەوەی نەدەبوو رووی دابا رووی دا. ئەو پێشمەرگانەی لە دەیان ستوون و هێرش و کەمیندا وەسەردوژمن گەڕابوون و شکاندبوویانن، ئەوانەی هیچکات لە گوللە نەدەترسان و گاڵتەیان بە مەرگ دەکرد، کەوتنە داوێک و گەمارۆیەک کە تەنانەت هێندێکیان بەر لەوەی لە خەو هەستن چوونە خەوێکی هەمیشەیی و هەتاهەتایی. دیسان جەنجەری خیانەت بوو کە لە کالان دەرهاتبوو و کەوتبووە گیانی ئەو پێشمەرگانەی تا ئەو کات قەت هێزی دوژمن خۆی لەبەر نەگرتبوون، بەڵام لەلایەک خیانەت و لەلایەک کەمتەرخەمیی پێشمەرگەکان بۆ خۆیان بووە هۆی ئەوەی هەتا هێزی دوژمن نەگەنە سەریان پێ نەزانن. پێشمەرگەکان کەوتبوونە گەمارۆیەکی زۆر توند و سەختەوە و لەگەڵ یەکەم دەستڕێژەکان هەشت پێشمەرگەی بە وەج  کە هەر کامیان توانا و لێوەشاوەیی و ئازایەتیی تێکشکاندنی دەیان کەسی دوژمنیان هەبوو، بێ ئەوەی دەرفەتی دەستدانە تفەنگیان هەبێ، وەک گەڵای پاییز کەوتنە سەر عەرزی. پێشمەرگەکانی دیکە دەسبەجێ وەدەنگ هاتن و لە دوژمن ڕاسان و بەرەنگاریان بوونەوە، بەڵام تیری چڵکنی دوژمن تازە کاری خۆی کردبوو و هەشت شۆڕەسواری مەیدانی خەبات گلابوون. چیای تەرەغە هاواری لێ بەرز بۆوە و بانگی کرد لە ناوچەی ئەحمەدی‌کۆر کە بەئاگا بە، پۆلێک لە لاوچاکانی شەڕەفپارێز بە گوللەی دوژمنان تەرمیان کەوتۆتە سەر خاکی نیشتمان وهۆشت لە لەشی جوان وشیرینیان بێ. لەرزە و ناڵەیان هاوڕێی ئاهی بە سۆز و شین ‌و گریانی ناوچەی ئەحمەدی‌کۆڕ، هەوری ڕەشی خستە ناوچەی بۆکان‌ و هەورەتریشقەی ئەو هەورە دڵی هەموو دایکانی هەڵقرچاند. ئەوی چاوی بە بەژن و باڵایان کەوتبوو، ئەوەی ئازایەتی ئەوانی بیستبوو، ئەوەی فیداکارییەکانی دیتبوون کە چۆن دوژمنیان بەچۆک دادێنا، رەشی پۆشی‌ و فرمێسکی هەڵوەراند... ئەو برینە ئەوە نەبوو کە بکرێ ئاوا سووک و سانا ساڕێژ ببێ، بۆیە هەر چەند رۆژ دوای شەهیدبوونی ئەو قارەمانانە، هاوسەنگەرانیان زەبرێکی وەها گورچکبڕیان لە پەیکەری هیزی داگیرکەر دا کە ئیستاش تاڵەواری ئەو زەبرە لە گەروویان داماوەتەوە. باسی ئەو حەماسەیە با بمێنێ بۆ لاپەڕەیەکی دی، لە هەگبەی شاخ ‌و شۆڕش.   * ئەو هەشت پێشمەرگە شەهیدە ناویان سمایل خورشیدی، سولیمان ئارامش، ڕەحمان چواردیواری، محەممەد حاجیابادی، سەرهەنگ ئەحمەدی، قاسم فەیزی، مەحموود قۆچاغی و هەمزە ئیفتخاری بوو ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)